موحسین کەریم
هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق( بێجگە لە هەرێم) کۆتایی پێهات. رێژەی بەشداری هاوڵاتیان بەڕادەیەکی بەرچاو کەم بووە. بەپێی ڕاگەیاندنی کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکان، رێژەی بەشداربوون لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق نزیکەی ٢٠ ٪ بووە. بەڵام رێژەی بەشداربوون لە کەرکوک نزیکەی ٦٦٪ بووە!.
گومان لەوەدا نیە کە هاوڵاتیانی عێراق ئەزمونی نزیکەی ٢٠ ساڵیان لە دەنگدان و هەڵبژاردنیان هەیە، کە بەدوای روخاندنی رژێمی بەعس، وەکو سیستەمێکی سیاسی و حوکمڕانی لە عێراقدا جێگیرکرا. لەو ماوەیەدا، بەکردەوە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی عێراق ئەوەیان بۆ دەرکەوتوە کە هەمیشە لە سندوقەکانی دەنگدانەوە کۆمەڵێك مافیای چەکدارو تاڵانچی سەردەهێننەدەرەوەو دەبنەوە بە حاکمی خەڵک. سامان بۆخۆیان کۆدەکەنەوەو و خەڵکیش لە سەرەتاییترین ماف و ئازادیەکانی بێبەش کراوەو دەکرێ. رۆژ دوای رۆژ و هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن، گیرفانی کۆمەڵێك دزو تاڵانچی تفەنگ بەدەست پڕتر دەبێت و سفرەی خەڵکی زەحمەتکێشیش خاڵیتر و بێرەونەقتر دەبێت! بۆیە بەردەوام رێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بەرەو داشکان و کەمبوونەوە دەچێت. ئەم راستیە تەنانەت لەلایەن خودی دەسەڵاتداران و حزبە دەسەڵاتبەدەستەکانیشەوە نکولی لێ ناکرێ و وەکو نیگەرانیەکی جدی تەماشای دەکەن.
بەڵام بۆچی لە کەرکوك، رێژەی بەشداربوون و دەنگدان بەورادەیە، بەبەراورد بە شارەکانی دیکەی عێراق، بەرزبووە!؟
بۆچوونێك هەیە باس لەوە دەکات کە لەبەرئەوەی یەکەمجارە لە کەرکوك هەڵبژاردنی پارێزگا دەکرێ، بۆیە خەڵكی کەرکوك وەکو ئەزمونیكی نوێ لێی دەڕوانن و بەپەرۆشەوە بەشدارییان تێداکردوە بۆئەوەی گۆڕانکاری سیاسی دروست بکەن. بەڵام ئەم لێکدانەوەیە هیچ ڕاستیەکی تێدا نیە. خەڵکی کەرکوك، لەلایەکەوە، وەکو باقی خەڵکی کوردستان و عێراق، ئەزمونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیان هەیە، کە هیچ ئاڵوگۆڕێکی لە دۆخی ژیان و گوزەرانی ئەوان بەرەو باشتر بەدی نەهێناوە. لەلایەکی دیکەشەوە ئاگاداری دۆخی سیاسی و ژیان و گوزەرانی خەڵكن لە هەرێم و عێراق، لەژێر سایەی دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی و ئیسلامی سیاسی شێعەو باقی هێزو گروپە میلیشاییە ئیسلامی و عروبیەکاندا. خەڵکی کەرکوك پێویستیان بەوە نەبوەو نیە تا هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوک بکرێ بۆئەوەی ماهیەتی ئەو حزبانە و دەسەڵاتەکەیان بۆدەربکەوێ. هەر ئەو هوشیاریە سیاسیە گشتی و هاوبەشەی خەڵکی کەرکوك بوو لەگەڵ خەڵکی شارەکانی دیکەی عێراق شارەکانی هەرێم، کە وایکرد بەشێکی بەرچاو، سەرباری بەگەڕخستنی ماشێنی پڕوپاگەندەی ژەهراوی نەتەوە پەرستی، لەلایەن هێزو تاقمە قەومی و ئیسلامیە کوردی و عەرەبی و تورکمانەکانەوە، بەشداری ئەو گاڵتەجاڕیە نەکەن! بەشداری نەکردنی نزیکەی ٣٥٪ ی خەڵکی کەرکوك، ئەویش بەپێی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، نیشانەی هوشیاریەکی باڵای سیاسی خەڵکی ئەو شارە و تیپەڕاندنی پڕوپاگەندەی کینەتۆزی و دوژمنکارانەی نەتەوەپەرستی و تائیفیی گروپ و لایەنە سیاسیە میلیشیاییە جۆراوجۆرەکانە!
بەڵام حەقیقەتی ئەوەی کە ئەو رێژەیە لە خەڵك لە هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوكدا بەشدارییان کردوە، ئاکام و بەرهەمی ئەو پڕوپاگەندە قێزەونە نەتەوەپەرستی و تائیفیەیە کە لایەن و تاقمە ئیسلامی و ناسیۆنالیستە عەرەبی- کوردی- تورکمانیەکان بەپاڵپشت و هاوکاری دەوڵەتانی ئێران و تورکیا، بەڕێیانخستبوو. هەریەکە لەو هێزو لایەنە نەتەوە پەرست و تائیفیانە، بە بڵاوکردنەوەی رق و کینەی نەتەوەیی و ئاینی و بە چاندنی دوبەرەکی و ترساندنی هاوڵاتیان لەیەکتر، بەوەی ئەگەر رێژەی دەنگدانی فڵانە “پێکهاتە” زیاتر بێت ئەوا “پێناسەی شارەکە بەرەنگی ئەو پێکهاتەیە دەگۆڕێت”، کارێکیان کرد کە بەشێك لەو خەڵکەی لە کارنامەی سیاسی و دەسەڵاتیان ناڕازی بوون، بکەونە ناو داوی پڕوپاگەندە کۆنەپەرست و فاشیستیەکانیانەوەو دەنگیان پێبدەن. ئەوان وایان لەخەڵک گەیاند کە ئەگەر دەنگ بدەن بەو هێزانە، ئەوا لەڕاستیدا دەنگ دەدەن بە پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبیەکەی خۆیان. بۆنمونە، ناسیۆنالیستە کوردەکان وایان لە خەڵکی کورد زمانی کەرکوك دەگەیان کە دەنگدان بە حزبەناسیۆنالسیتە کوردەکانی وەکو یەکێتی و پارتی و…تاد. واتە “دەنگدان بە کورد و بە کوردستانیبوونی کەرکوك”. هەروەکو چۆن لایەن و گروپە عەرەبی و تورکمانەکان وایان لە هاوڵاتیانی عەرەب و تورکمانی شارەکە گەیاندبوو، کە دەنگدان بەوان دەنگدانە بەرێگاگرتن لەوەی کەرکوك وەکو شارێکی کوردی بناسرێ! و … تاد.
بەوجۆرە ئەوەی وایکرد کە سەرەڕای ئەزمونی هاوڵاتیانی کەرکوك لەگەڵ ئەو حزبە رەنگاو رەنگە ئیسلامی و قەومی و تائیفیانەدا، بەڵام بەشێكی زیاتریان بەشداری هەڵبژاردنی ئەم دواییانەیان کرد، خێروبەرەکەتی کینەتۆزی و جیاکاری قەومی و ترساندنی هاوڵاتیان بوو لەیەکتر لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئاینی، کە نزیکەی دوو دەیەیە، لەسایەی فیدراڵیزمی قەومیدا رەواجی پێدەدرێت و دەمەزەرد دەکرێتەوە! دەنگدان و هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوك، دەنگدان و هەڵبژاردنی هاوڵاتیان نەبوو بۆ نوێنەرانی خۆیان، بەڵکو کۆکردنەوەی دەنگ بوو بۆ کۆمەڵێك مافیای چەکدار لەسەر بنەمای ترساندن و بڵاوکردنەوەی رق و کینەو دوژمنایەتی دانیشتوانی شارێك!