عوسمانی حاجی مارف
ڕۆژی ١٨ی کانونی یەکەم، بۆ یەکەم جار لە ماوەی دە ساڵدا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ڕێژەیەکی کەم لە دەنگدەرانی عێراقی چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام ئەتوانین بڵێین ئەم دەنگدانە یاریەکی سیاسی و ڕێگەیەک بو، تا لایەنەکانی دەسەڵات و کوتلەکانی هاوپەیمانی شیعەو لەگەڵیاندا کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ زیاتر چەسپاندن و بەهێزکردنی باڵادەستیانە بەسەر حکومەتی عێراقدا.
ئامارەکان لە ئەنجامە بەراییەکاندا دەریخستووە کە لایەنەکانی هاوپەیمانی شیعەی دەسەڵاتدار لە عێراق، پێکەوە گەورەترین بلۆکی دەنگەکانیان لە بەغدا و زۆربەی پارێزگاکانی باشووری ووڵات لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەدەستهێناوە.
ئەو ئەنجامانەی تا ئێستا لە کۆمسیۆنی باڵای سەڕبەخۆی هەڵبژاردنەکان دەرچووه، که تەنها دەنگه سەرەتایەکانی له خۆگرتووە، دەریدەخات ئەو کاندیدانەی که لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەوه پاڵپشتی دەکرێن، له زۆربەی پارێزگاکان زۆرترین کورسیان بەدەست هێناوە، بەمانایەک ئێران لەبەرامبەر تورکیا و ئەمریکادا براوەی ئەم هەڵبژاردنەیە.
هەروەها لە پارێزگاى کەرکوک کە دانیشتوانى کوردزمان و عەرەب زمان و تورک زمان و تێکەڵاوى تری تێدایە، ناوچەیەکە کە لەمێژە ناکۆکی لەسەرە لەنێوان حکومەتە ناوەندەکانى بەغدا و حکومەتی هەرێمدا، بە حساب ئەمجارە بەرزترین ڕێژەی بەشداریکردنى بەخۆیەوە بینی، گوایە گەشتۆتە (%٦٦)!، هەروەها ئەوەی بەر چاوە کاندیدەکانی یەکێتی نیشتمانی، زۆرترین کورسیان هەیە، بەمانایەک لە کەرکوکیشدا بەپێی نەخشەیەک کە چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکێتی نیشتمانی و ئێران نەخشەیان بۆ کێشاوە، ئەتوانین بڵێین بەرەی سەر بەئێران لە کەرکوکیش سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.
تورکیا هەوڵیدا پڕۆژەکەی لە کەرکوک بە بیانوی پشتگیریکردنی پێکهاتەی تورکمان تێپەڕێنێت، ئەم بابەتەش ئاشکرایە کە جۆرێک ئیستفزازیە بۆ حکومەتی عێراق، بەڵام نەیتوانی نیشانەی خۆی بپێکێت، هەروەها تورکیا هەوڵیدا پاڵپشتی هەندێک لایەن بکات، بە ئامانجی ئەوەی ڕۆڵی سەرەکی هەبێت لە پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا.
عەلی ڕەزا گوینای باڵیۆزی تورکیا لە عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو کە شاری کەرکوکی عێراق شاری تورکمانەکانە و جەختی لەسەر بەرژەوەندی وڵاتەکەی بۆ ئەو شارە و نیازی بەردەوام بونی لە پشتیوانیکردنی ئەو تورکمانانەی کە لەوێ نیشتەجێن، وەها وەسفکرد گەلی خۆیانن.
هەرەوها ئەوەی شایانی باسە چڕکردنەوەی دەستێوەردانی تورکیاش لە کەرکوک و ململانێی لە بەرامبەر ئێراندا، مەترسیدارە بۆ سەقامگیری لەسەر شارەکە، هەرچەندە تورکیاش وەک لایەنەکانی تر بەشدارە لە درێژەدان بە دۆخی بارگرژی لە نێوان پێکهاتەی کوردزمان و تورکمانزمان و عەرەبزمان و ململانێی تائفیدا، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا لە کەرکوک، بەرەی سەر بەئێران توانیان پاشەکشە بە بەرەی تورکیا و پارتی دموکراتی کوردستان بکەن.
هاوسەنگی هێز لە عێراقدا ماوەیەکی زۆرە وەها سەیر دەکرێت کە گروپە نزیکەکان لە ئێران بە شێوەیەکی بەردەوام کاریگەریان زیاترە لە پێکهێنانی حکومەت لە عێراقدا، چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاستیدا گەورەترین بلۆکی پەرلەمان پێکدەهێنێت کە لایەنگری سەرەکی حکومەتی ئێستای محەمەد شیعە سودانییە.
لایەنی شیعەی دەسەڵاتداری سەربە ئێران بە گشتی توانی لەم هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا هەنگاوێکی تر بۆ چەسپاندنی باڵادەستی نفوزی سیاسی بەسەر لایەنەکانی تردا بەرێتە پێشەوەو پێگەی لە دەسەڵاتدا زیاتر بەرجەستەکاتەوە، بەمەش ئاسانکاری زیاتر بۆ دەورو دەخالەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دابین دەکات.