نارەزایەتیەکان؛ خولانەوە بەدەوری ئەڵقەیەکی بێکۆتایدا!

موحسین کەریم

کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان وەکو ئەڵقەیەکی داخراوی لێهاتوە کە رێگای دەربازبوونی نیە! چ رێگایەك بگیرێتەبەر تا کرێکاران و فەرمانبەرانی کوردستان، بەوانەیان لەسەرکارن و ئەوانەشیان کە خانەنشینن، لەکاتی خۆیدا مانگانەکانیان وەربگرن!؟ مەسەلەی مووچە زەوتکراوەکانی ساڵانی ڕابردوو، وەکو دەوترێ چوەتە گەدەی نەهەنگەوە، بەڵام هیچ زەمانەتێکیش نیە کە بەرامبەر بەو کارەی ئێستا دەیکەن، مووچەیان پێبدرێ!

حکومەتێکی بێدەربەست کە ئامادەیە فەرمانڕەوایی بەسەرخەڵك بکات و باج و سەرانەیان لێ بستێنێ بەناوی جۆراوجۆرەوە، بەڵام ئامادە نیە نەك ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە خەڵك جێبەجێ بکات، بەڵکو سادەترین ئەرك کە دانی مووچەیە بەرامبەر بەو کارەی فەرمانبەرەکانی دەیکەن، جێبەجێ ناکات! دەبێ چی بکرێ لەگەڵ ئەم حکومەتەدا!؟ ئایا وەکو ئەوەی خۆی بانگەشە دەکات، ئەرکی دانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم لەسەر شانی بەغدایە! ئەگەر وایە ئەی کاری ئەم حکومەتە چیە؟ بۆچی بەخۆی دەڵێ حکومەت! بۆچی ڕاستەوڕاست ڕایناگەیەنێت کە هیچ پێگەیەکی سیاسی و ئیداری و فەرمانڕەوایی نیەو تەنها کڵێشەیەکی بێبەهایەو دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە بەغدایەو ئەمان هیچکارە نین! ئەگەریش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە حکومەتن، بۆچی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان نیشان نادەن!؟ گومان لەوەدا نیە کە دەتوانن و ئەوەندە پارەو داهاتی کوردستان و خەڵکیان تاڵانکردوە، دەتوانن مووچەی چەند ساڵ نەك چەند مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدەن بەبێ دواکەوتن! بەڵام ئەوان ئەوکارە ناکەن، چونکە وەکو کۆمەڵیك مافیای چەکدار کە ژیانی خەڵکیان بە بارمتەگرتوە، لەسەر حسابی ئەوان تاڵان و بڕۆی خۆیان درێژەپێدەدەن، ئەوان کاریان تاڵانکردن و ڕووتکردنەوەی خەڵکە نەك دابینکردنی ژیانی خەڵك!

ئەوان بەکردەوە ڕایانگەیاندوە کە ئامادە نین یەك دینار لە گیرفانی خۆیان بدەن بە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حکومی. بە سەد زمانیش ڕایانگەیاندوە کە ئەو مافەی خەڵك لای حکومەتی ناوەندیە نەك لای ئەوان، بەڵام بۆچی خەڵك دەسەڵاتدارێتیان لێ قبوڵ دەکات!؟ بۆچی ڕێگا دەدەن کە حکومەت بکەن بەسەریانەوە؟ گومان لەوەدا نیە کە ئەو مەسەلەیە کێشەیەکی سەرەکی و جدیە و هۆکاری سەرەکی مانەوەی ئەوانە وەکو فەرمانڕەوا بەسەرسەری خەڵکەوە.

مامۆستایان چەندین ساڵە و دەیان جاریش بایکۆتی دەوامیان کرد. دەیانجار خۆپیشاندانیان کرد. ناوبەناو فەرمانبەران و خانەنشینان و توێژە کەمدەرامەتەکانی کوردستانیش لەگەڵ ئەواندا رژانە سەر شەقامەکان و نارەزایەتیان دەربڕی، بەڵام هێشتاش وادەردەکەوێ کە سەرەتای کار بێت! بۆچی وایە؟ ئایا ڕیگایەکی کارساز هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی نارەزایەتیەکان!؟

بەبڕوای من هەیە  ئەگەربێتو جەماوەری مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی کەمدەرامەت و ناڕازی لەو ئەڵقە داخراوەی کە تێیدا دەسوڕێنەوە، دەربچن. ئەویش لەو ڕێگایەوە کە:

١/ کۆتایی بە پەرشوبڵاویی و ناڕێکخراوی خۆیان بهێنن. دەبێ مامۆستایان، فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەت و خانەنشینان و جەماوەری زەحمەتکێش و ناڕازی خۆیان لە رێکخراوەی جەماوەری خۆیاندا رێك بخەن و پێکەوە کاربکەن و تۆڕی رێکخراوەی جەماوەری خەباتکاری خۆیان پێك بهێنن.

٢/ دەبێ هەوڵ بدەن ناڕەزایەتیەکان پێکەوە گرێبدەنەوە. بەرنامەی کار و خوستەکانیان و میکانیزمەکانی خەبات و فشارخستنە سەر دەسەڵاتداران یەك بخەن. یەکدەست و یەكدەنگ بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم بوەستنەوە.

٣/ هەرجۆرە وەهمێك بە هێزەکانی ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوازی لە ئیسلام و ناسیۆنالیست و پۆپۆلیستەکان و بە پڕوپاگەندەکانیان بۆ پشتیوانی لە نارەزایەتی و خواستەکانی جەماوەر، تەنها لەچوارچێوەی دۆخی ئێستادا ڕایاندەگرێ و لەناو ئەڵقەیەکی داخراوی خولانەوە بەدەوری خۆدا قەتیسیان دەکات.

٤/ کەوتنەژێر کاریگەری بەشێکی خودی دەسەڵاتدارانی کوردستان، بەوەی کە ئاراستەی ناڕەزایەتیەکان لەسەر حکومەتی هەرێمەوە ئاڕاستەی بەغدا دەکەن، کوشندەیە. یەکێتی نیشتمانی کە خۆی بەشێکە لە حکومەتی هەرێم و بەرپرسیارە لە هەموو ئەو بێمافیانەی کە روبەروی خەڵکی کوردستان و مووچەخۆران بۆتەوە، لەچوارچێوەی ململانێی خۆیدا لەگەڵ پارتی کە خاوەنی سەرەکی حکومەتی هەرێمە، ئەیەوێ ناڕەزایەتی خەڵك وەکو کارتی فشار بەکاربهێنێ و رێگای بەغدا دەخاتەبەردەم خەڵکی نارازی و مووچەخۆران!

٥/ تائێستا، سەرباری توڕەیی خەڵک لە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و هاوئاوازەکانیان، سەرباری ئەوەی کە خواستی خۆیان بۆ لەناوچوونی ئەو دەسەڵاتە بە ئاشکرا ڕاگەیاندوە، بەڵام بەکردەوە هیچ هەنگاوێکی عەمەلی و کارسازیان لەڕووی رێکخراوەیی- سیاسیەوە بۆ ئەو مەسەلەیە نەهاویشتوە. ئایا خەڵکی ناڕازی ئەو پرسیارەیان لەخۆیان کردوە کە ئەگەر ئەم دەسەڵاتە بەوجۆرە بێدەربەست بێت و گوێ بە خواست و ژیانی خەڵک نەداتەوە، ئایا هەنگاوی داهاتویان چی دەبێت بەرامبەر بەو دەسەڵاتە!؟ بەداخەوە لەو دۆخەی نارەزایەتیەکانی تائێستا کە ئاماژەمان پێکردوە، ئەم پرسیارە وونە. بۆیە بەبێ چاسەرکردنی ئەو کەموکوڕیانەو سەرەنجام بەبێ دانانی ئەو پرسیارەو وەڵامەکەشی لەسەر مێزی خەڵکی ناڕازی و زەحمەتکێشی کوردستان، ئیمکانی دەرچوونی نارەزایەتیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵک بەگشتی لەو ئەڵقە داخراوە نیە!

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …