پەیامێک بۆ چینی کرێکار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: سێیه‌مین بەیاننامەی هاوبەشی سێ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ناوچەکە:

چینی کرێکار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵکوژی لە فه‌ڵه‌ستین

کرێکاران!

بێگومان بۆ ئێمە و زۆرینەی بەشەریەتی گۆی زه‌وی، کە لە ڕوانگەی پڕوپاگەندەی ڕەگەزپەرستی و دژە ئینسانی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە سەیری جیهان ناکەن، ئەوەی ماوەی چل ڕۆژە لە غەززە دەگوزەرێت، شەڕ نییە، بەڵکو کۆمەڵکوژییەکی بێ شەرمانە و پاکتاوکردنێکی ڕەگەزییە، کە جیناهی هه‌ژاندووه‌. هیچ کەسێک بیانووی “شەڕ لەدژی حەماس”ی بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەم کۆمەڵکوژییە کوێرانەیە و تۆڵەسەندنەوەی بێ سنوور و سزادانی بەکۆمەڵی ملیۆنان خەڵکی فه‌ڵه‌ستینی قبوڵ نەکردووە. خەڵکی جیهان ئەمە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناوزه‌د ده‌كات و ڕۆژانە و هەموو ساتێك چاویان له‌ کۆتایی هێنانی دەستبەجێ بە یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژی و تاوانە جەنگییەکانی سەدە بڕیوه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش ته‌نها له‌ڕێی هەوڵ و توانای خۆیانه‌وه‌ مه‌یسه‌ر ده‌بێ‌.

دیمەنەکە بۆ ئێمه‌ ئاشناتره‌‌، بەتایبەت بۆ ئێمەیه‌ك کە چەندین دەیەیە لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەلایەک لە ململانێ و خه‌باتێكی ڕۆژانەداین دژ به‌ حکومەتە گەندەڵ و ستەمکارەکانی خۆمان بۆ دەستەبەرکردنی لانی کەمی بژێوی ژیان و ڕێز و شكۆی ئینسانی خۆمان و خێزانەکانمان. لە لایەکی دیکەوە، هەستمان بە مەترسی پەرەسەندنی میلیتاریزمی ناتۆ و جەنگە به‌ وه‌كاله‌ته‌كانیان، و هه‌روه‌ها‌ سه‌رئه‌نجام مەیلی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بۆ ئاگرخستنه‌وه‌ی ده‌سئه‌نقه‌ست هەست پێکردووە و هه‌ستی پێئه‌كه‌ین. بێگومان تۆڵەسەندنەوەی فاشیزم لە ئیسرائیل کە بە فەرمی پشتی بە پشتیوانییە سیاسی و دارایی و سەربازییە بێدرێغه‌كانی ئەمریکا و ئەوروپا بەستوە، نەک هەر تەنها بچوکترین پەیوەندی بە “ئەمنیەت” و “بەرگری لە خۆكردن”ەوە نییە، بەڵکو نائارامکردن و نائارام هێشتنەوەی چەندین دەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرچاوەیەکە بووە بۆ بەرژەوەندی گه‌وره‌ی سیاسی، سەربازی و ئابووری بۆ بۆرژوازی جیهانی.

ماوەی چل ڕۆژە سەراسەری کەرتی غەززە لە ئاگردا دەسووتێت. لەم ماوەیەدا سوپای ئیسرائیل لە زەوی و ئاسمانەوە خەڵکی فه‌ڵه‌ستینی بۆردومان كردووه‌ و خۆراک و ئاو و سووتەمەنی و دەرمان و هەموو ئامرازەکانی ژیانی لە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس بڕیوە. نەخۆشخانە و کارمەندەکانی، ئامبولانس و فریاگوزاران، قوتابخانە و باخچەی ساوایان، کەمپی پەنابەران، کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژنامەنوسان و هتد.. ، هیچ شتێک سەلامەت نییە. هەموو ئەمانە کە لەسەر خاکێکی داگیرکراو ئەنجام دراون، ناویان ناوە”مافی” ئیسرائیل بۆ بەرگری لە خۆكردن و حکومەته‌كانی ڕۆژئاوا و میدیای فەرمی زوڕنای بۆ ئه‌ژه‌نن و تەنانەت لەدژی یاسا نێودەوڵەتییەکانی خۆشیانە، بێشەرمیەکی ئاشکرایە. له‌ كاتێكدا فەرماندە و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە فەرمی ڕایانگەیاندوە کە هاڕینی ئێسك و پروسكی خه‌ڵك لە بەشی باکوری غەززە تا لەناوبردن و پارچە پارچەکردنی لاشە و جەستەی خەڵک لە بەشی خواروی غەزەش و وێرانکردنی یەکجاری درێژەدەکێشێ.

له‌ كاتێكدا مرۆڤایه‌تی له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا له‌ كه‌نار خەڵکی غەززە و فه‌ڵه‌ستیندا، له‌ میدیا نافه‌رمی و ملیاره‌ها كه‌سییه‌كانی خۆیانه‌وه‌، له‌ هه‌وڵی بڵاوکردنەوەی ڕاستیەکانی ئەو کارەساته‌دان کە لەئارادایە، ئه‌مه‌ هەوڵێکه‌ کە تا ئێستا دەزگای پڕوپاگەندە ڕەسمیەکانی مێشک شۆردنەوەی  ئیفلیج و بێ تواناکردووە.

تا ئەو جێگایه‌ی كه‌ به‌ پەیوەندیەکانی نێوان هێزه‌ دەسەڵاتداره‌كان و دامەزراوەکانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ کە بەناوی جیهان و خەڵکی جیهانەوە کاردەکەن، هیچ یاسایەک حوکم نەکات! هیچ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی ڕێگری لە هیچ تاوانێک ناکات. نەتەوە یەکگرتووەکان و سكرتێره‌ گشتیەکەی و لق و پۆپەکانی بێ کەڵکن. دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەمنستی و سەرجەم کۆمسیۆنەکانی لێکۆلینەوە لە تاوانەکانی جەنگ و بڕیارنامە دەرکراوەکانیان هیچ کارێکیان لەدەست نایه‌ت.

لێدوانە هەلپەرستانه‌ و دووڕووییەکانی چین و ڕووسیا و بلۆکی پشتیوانی له‌وان تەنیا پڕوپاگەندەیە و لەڕاستیدا هەوڵێکە بۆ بەدەستهینانی ئیمتیازی سیاسی-و سەربازی و ئابووری لە “سبەینێی” پاش کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنی نەتەوەیی فه‌ڵه‌ستینییەکان. دەوڵەتانی ناوچەکە، لە سعودیە و میسرەوە تا ئێران، تورکیا و هتد…، دۆستانی درۆیینه‌ی فه‌ڵه‌ستین، کە بە دووڕووییەوە بەرگری لە فەڵەستین دەکەن، هەرخۆیان بەربەستی سەرەکی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەن و دوژمنی سوێندخواردووی ئێمە و خەڵکی فه‌ڵه‌ستینن. ئەم دەوڵەتانە لەپێنج دەیەی ڕابردوودا لە کێشەو مەینەتیەکانی خەڵکی فه‌ڵه‌ستین، بۆ مامەڵەکردن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان و سازان و ئیمتیاز به‌ده‌ستهێنان لە دەوڵەتانی تر کەڵکیان وەرگرتوە. تەنانەت هوشیارانە بەرگی ئاینی و ئیسلامییان کردووە بە بەر بزووتنەوەی كێشه‌ ئینسانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی فه‌ڵه‌ستینیه‌کاندا، کە لە مێژوودا بزووتنەوەیەک بووە لەلایەن جیهانەوە پشتیوانی لێکراوە و هه‌رگیز ملی بۆ داگیرکاری ئیسرائیل كه‌چ نه‌كردووه‌! گۆڕیویانە بە شەڕی ئایینی، شەڕی ئیسلامگەرایی و جولەکە گەرایی. ئەم دەوڵەتانە هاوڕێ لەگەڵ فاشیزمی نەتەوەپەرست و ئایینی لە ئیسرائیل بە کردەوە ڕێگاچارەی ئاشتیانەیان بۆ کۆتایی هێنان بە موسیبەتەکانی خەڵکی فه‌ڵه‌ستین بە بنبەست گەیاندووە!

کۆبوونەوەی ئەم دەوڵەتانە لە ١١ی ئەم مانگەدا کە لە شاری ڕیاز، لە ژێر ناوی “کۆبوونەوەی سەرانی عەرەبی و ئیسلامی” دا بەرپاکرا، کۆمەڵێک بانگەشەی پوچ و پڕوپاگەندەی درۆیینە بوو بە ناوی “بەرگری” لە فه‌ڵه‌ستین. ئەمەش بۆ شانخاڵیکردنەوە و خۆدەربازکردن بوو لە فشارەکانی بەشی خوارەوەی کۆمەڵگا! تەنانەت ئەم دەوڵەتانە ئامادە نەبوون پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان بۆ یەک ڕۆژ لەگەڵ ئیسرائیلدا بپچڕێنن. ئەم حکومەتانە کە ڕۆژانە دەست لە هیچ تاوانێک لە دژی ئێمە ناپارێزن،‌ لە ژێر ناوی “بەرگری” لە فه‌ڵه‌ستیندا، بەردەوام هەوڵ ئەدەن مۆری “لایەنگریی ئیسرائیل” بدەن لە هەر جۆرە  داخوازی و مافێكی ئێمە و بەمجۆرە و خەبات و ناڕەزایەتیەکانمان بێدەنگ بکەن و درێژە بە سەرکوتگەری و تەمەنی پڕ لە تاوانكاریی خۆیان بدەن.

هاوڕێیان!

ئێمە دەتوانین کۆتایی بەم کارەساتە بهێنین. دەتوانین ئەو کارە تەواو بکەین کە مرۆڤایەتی بۆ ڕاگرتنی ئه‌م مه‌كینه‌ی كۆمه‌ڵكوژیه‌ دەستی پێكردووه‌! جه‌ماوه‌ری ملیۆنی خەڵکی مرۆڤدۆست و ئاشتیخواز، کە ڕۆژانە و هه‌مووسەعاتێك لە شەقام و میدیای نافەرمی خۆیان و لە کۆبوونەوەکانیاندا لە شوێنی کار و ژیاندا هاتونەتە مەیدان، چاوەڕوانی دەورونەخش و فشاری ئێمەن. چاوەڕوانی ڕۆڵ و گۆشاری چینی کرێکاری جیهانی و بەتایبەتی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەکه‌ن! ئێمە و چینی ئێمە تاکە هێزین کە  توانای نه‌ك ته‌نها ”ناكارامه‌ كردن” و ”خاوكردنه‌وه‌”، بگره‌ به‌ ته‌واوه‌تی ئیفلیجكردنی ماشێنی جەنگی ئەوانمان هەیە. بەسەرنجدان لەو نموونانەی کە ئەمڕۆ لە ئارادایە، هێزی ئێمە و ڕێگاکەمان نیشان دەدات.

بە ڕۆشنی دەبینین کە: کرێکاران لە سەراسەری جیهاندا نەک هەر لەم بزووتنەوە ئینسانییەدا، بەڵکو بە کردەوه‌ی ڕاستەوخۆی خۆیان له‌ هەوڵی ئه‌وه‌دان مه‌كینه‌ی کوشتن و تاوانکاری ئیسرائیل له‌كار بخه‌ن. ژمارەیەکی زۆر لە یه‌كێتیه‌ کرێکارییەکان پشتیوانییان لە بانگەوازی سەندیکا کرێکارییەکانی فه‌ڵه‌ستین بۆ پاراستنی خەڵکی بێبەش کردووە. کرێکارانی کارگـەی چـەک (L3  Harris)  لە ئەمریکا مانیان گرت و ڕێگەیانگرت لە ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل و بەرهەمهێنانیان ڕاگرت. سەندیکا کرێکارییەکانی گواستنەوەی یۆنان، تورکیا و ئیتالیا لە بانگەوازێکی هاوبەشدا جگە لە دەربڕینی بێزاری خۆیان بەرامبەر بە کوشتنی خەڵکی بێتاوانی فه‌ڵه‌ستین، جەختیان لەوە کردەوە کە: “تەحەمول ناکەین بەندەر و فڕۆکەخانە و کەشتی و شەمەندەفەرەکانی ئەوروپا ببنە ناوەندێک بۆ ئاڵوگۆڕپێكردنی کەرەستەی مەرگ”. ئه‌وان بانگه‌وازی سەندیکاکانی کرێکارانی به‌نده‌ره‌كان، کرێکارانی کەشتی، فڕۆکەخانەکان، ڕێگای ئاسن و هەموو کرێکارانی گواستنەوەیان لە ئەوروپا کرد بۆ گرتنەبەری هەنگاوی هاوبەش. فیدراسیۆنی جیهانی سەندیکا کرێکارییەکانی (دەبلیو. ئیف. تی. یو) بە ١٠٥ ملیۆن ئەندامەوە لە ٣٣ وڵاتدا، لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا، هەڵمەتێکی هاوپشتی نێودەوڵەتییان بۆ داكۆكی لە خەڵکی فه‌ڵه‌ستین ڕاگەیاند. کرێکارانی بەندەر لە شاری جێنەوای ئیتاڵیا بە دروشمی “جەنگ لێرەوە دەستپێدەکات” ڕێگرییان لە ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل کرد.

لە بەیاننامەیەکدا سەندیکاکانی کرێکارانی گواستنەوە لە بەلجیکا داوایان لەو ئەندامانەیان کرد کە لە بەندەر و فڕۆکەخانەکان کار دەکەن، ڕێگری لە بارکردنی چەکی بەرهەمهاتوی ئەو وڵاتە بکەن  کە دەینێرێت بۆ ئیسرائیل. ڕۆژی دووشەممە ٦ی تشرینی دووەم، کرێکارانی بەندەر لە بەندەری بەرشەلۆنە لە ئیسپانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە خۆیان لە بارکردنی کەرەستەی سەربازی بۆ ئیسرائیل و دەوڵەتانی لایەنگری بەدوور دەگرن. داواشیان لە سەرجەم کرێکارانی بەندەر لە ئیسپانیا کرد کە  بە ریزی ئەوانه‌وه‌ پەیوەستبن بۆ به‌ڕێخستنی بزووتنەوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ ناچارکردنی حکومەتی ئیسرائیل و وڵاتانی پشتیوان تا ئەو کۆمەڵکوژیە و ئەوجەنگەی لەفه‌ڵه‌ستین و بەتایبەتی لە غەززە هەیە ڕابگرن. کرێکاران لە یۆنان بە دروشمی “کۆمەڵکوژی ڕابگرن” و “نابینە هاوبەشی تاوان” هەروەها داوایان لە حکومەتی یۆنان و یەکێتی ئەوروپا کرد کە لە کاتی هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە هەموو جۆرە پشتیوانییەک لە حکومەتی ئیسرائیل ڕابگرن. لە زۆرێک لە وڵاتان، لەوانە ئەمەریکا و دانیمارک، کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز لە بەردەم کارگەکانی دروستکردنی چەک کۆبوونەوە و ڕێگایان لە ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل گرت. لە ئێران بە لەبەرچاوگرتنی هەستیارییەکی گەورە لە مەڕ چەواشەکاری مێژوویی و سیاسی و سەربازی و ئایدیۆلۆژی حكومه‌تی ئێران لە کارەساتەکەی غەززە و ڕۆڵی ئەو حکومەتەی کە لەلایەن چینەکەمانەوە بەرەو لێواری داڕمان ڕاپێچكراوە، شاهیدی دەرکردنی چەندین بەیاننامەی جوراوجۆرین لەلایەن ڕێکخراوە کرێکاری و مەدەنییەکان و چالاکوانانەوە. ئەمانە تەنها بەشێکن لەو هەنگاوە بەکردەوانەی چینی کرێکار لە دژی ئەم جینۆسایده‌ و پشتیوانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لێی.

هاوڕێیان!

ئەمڕۆ ئێمە دەتوانین لە لوتکەی بزووتنەوەیەکی ئینسانی گەورەدا بۆ کۆتایی هێنان بە دڕندەیی میلیتاریزمی ڕۆژئاوا و بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ و تاوانکاری و بۆ ئاشتی و ئاشتەوایی و ژیانێکی شایستەی ئینسانیدا، راوەستین. ئێمەی کرێکارانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە پێکەوە بووین. ئێمە لە ناڕەزایەتییەکانی بەهاری عەرەبیدا دەورونەخشی سەرەکیمان هەبوو، و بۆ ڕزگاری لەدەست هەژاری و نەداری تێکۆشاین. ئێمەی کرێکاران لەکەنار ژنانی شۆڕشگێڕی ئەفغانستان، ناڕەزایەتییە ئازادیخوازەکانی خەڵکی لوبنان، ناڕەزایەتییەکانی دژی هەژاری و ستەمکاری لە عێراق و کوردستانی عێراقدا، ڕاوەستاین. ئێمە لە ماوەی ساڵ و نیوی ڕابردوودا، پشتیوانی سەرەکی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و لاوان و خەڵکی یەکسانیخوازی ئێران بووین. ئێمە دژ بە تاوان و شەڕ، دژ بە چەوسانەوە و بێ مافی و هەژاری، سەرکوت وکۆمەڵکوژی ولایه‌نگری سەرسەختی ئاشتی وعەدالەت و ئارامین بۆ هەموان.

هاوڕێیان!

ئێمە، حیزبەکانی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی) لە ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، بانگەوازتان دەکەین بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی دەستبەجێ و بەهێز و کاریگەر لە دژی کۆمەڵکوژیەکانی حکومەتی ئیسرائیل و دەوڵەتانی لایەنگرانی لە ڕۆژئاوا، لەدژی چەواشەکاری حکومەتەکانی ناوچەکە و بۆ کۆتایی هاتنی دەستبەجێی بۆردومانەکان و کوشتار لە فه‌ڵه‌ستین. ئێمە داواتان لێ دەکەین لەکەنار کرێکارانی بەندەرەکانی بەرشەلۆنە و کرێکارانی گواستنەوەی یۆنان و تورکیا و ئیتاڵیادا، لەکەنار کرێکارانی فه‌ڵه‌ستینیدا ڕابوەستن و داوای کۆتاییهێنانی دەستبەجێی بۆردومانەکان، گەمارۆ و بڕینی ئاو و کارەبا و سووتەمەنی و خۆراک و دەرمان بۆ غەززە و کۆتاییهێنان بە داگیرکردنی فه‌ڵه‌ستین سه‌رئه‌نجام مافی خەڵکی فه‌ڵه‌ستین بۆ پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ ڕاوەستن. ئێمە خوازیاری ئەوەین ئه‌و هێز و توانایه‌ی لە بەرهەمهێنان و لە کۆمەڵگادا هه‌تانه‌ بەکاربهێنن بۆ ده‌خاڵه‌تكردن لەم بزووتنەوەیه‌دا.

بێگومان دەبێ تاوانبارانی جەنگ لە سه‌رانی ئیسرائیلەوە تا دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە دادگای ئاشکرادا، بە تاوانی ئه‌نجامدانی تاوانكاری لە دژی مرۆڤایه‌تی دادگایی بکرێن، ئەوەی کە ئەمڕۆ سەدان پارێزەری بەناوبانگ لە خودی ڕۆژئاوادا داوای دەکه‌ن. داواتان لێدەکەین، وەک بەشێک لە چینی کرێکاری جیهانی، یەکگرتوانە لە دژی ئەم دڕنده‌یەتیە هەنگاوی كاریگه‌ر هەڵبگرن.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق      حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان            حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران-حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)

١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …