موحسین کەریم
تائیستا کرێکاران و کارمەندانی حکومی و مامۆستایان و خانەنشینان و سەرجەم ئەو توێژانەی کە بژیوی ژیانیان لەسەر ئەو مووچەو هاوکاریانەیە کە لەلایەن حکومەتەوە پێیان دەدرێ، مووچەو هاوکاریە داراییەکانی مانگی (٨)یان وەرنەگرتوە! واتە ئەو مووچەو هاوکاریەی کە بڕیاربوو بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان و کرێ خانوو و کرێی کارەباو خزمەتگوزاریەکانی مانگەکانی ٨ و ٩ و ١٠یان پێ دابین بکردایە، لەناو گێژاوی ململانێی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدادا گیری خواردوە. حکومەتی هەرێمیش، کە ماوەی(٣١) ساڵی رەبەقە داهاتی کوردستان لوش دەدات و بەرپرسانی حزبە سەرەکیەکانی پێکهێنەری حکومەت و هاوئاوازەکانیان لە خێزانی بۆرژوازی لە گۆڕان و ئیسلامیەکان وئەوانی دیکە، بە دەیان ملیارو ملیۆن دۆلاریان بۆخۆیان کەڵەکە کردوەو ژیانی شاهانەیان بۆخۆیان و مناڵەکان و خێزانەکانیان دەستەبەر کردوە، مێشێك میوانیان نیەو ئامادە دەنین دەست بکەن بە گیرفانی پڕلەتاڵانی خۆیاندا و بڕێك لەوەی لەو ماوەیەدا لە خەڵکیان دزیوە، بۆ مووچەخۆرانی بگێڕنەوە! بەوجۆرە ژیانی سەدان هەزار هاوڵاتی کارمەندی حکومەت و خێزانەکانیان لەلایەن ئەو حکومەتەوە بە نادیار و قەدەر سپێردراوە!
ئەو دۆخەی کە لەلایەن حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارە تاڵانچیەکان و هاوبەشە دزەکانیان لەناو پەرلەمان و دامەزراوەو ئەنجومەنە محەلیەکاندا، بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپێنراوە، بەوەی کە تاکە سەرچاوەی ژیانیان لێ زەوت کردوون، بە کردەوە مانای سەندنەوەی مافی ژیانکردنە لە سەدان هەزار خێزانی کوردستان. ئەوە لەکاتێکدایە کە خۆیان بێشەرمانە و بەبەرچاوی خەڵکەوە ژیانی شاهانە بەسەردەبەن.
خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و موچەخۆران دژ بە دواخستن و نەدانی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە و هەروەها پشتیوانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان کە بەدەست دەسەڵاتی ئەم حزبانەی بۆرژوازی کوردەوە ژیانی ئەوانیش بە فەرامۆشی سپێردراوە، خەبات و هەوڵدانە بۆ بەرگریکردن لە مافی ژیان، بۆ درێژەدان بە ژیان و بۆ مانەوەیە، بۆ مانەوەیەك بە کەرامەتەوە! بۆیە نەك هەرجۆرە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆتکردنێکی دەوامکردن مافێکی سەرەتایی و بێئەملاولاوی ئەوانە، بەڵکو هەرجۆرە رێگری و فشاردانانێکی دەسەڵاتداران بۆ بێبەشکردنیان لە مافی بەرگریکردنیان لەژیانی خۆیان و خێزانەکانیان، تاوانێکی دەست ئەنقەستی دەسەڵاتدارانی کوردایەتیە لەپاڵ تاوانی بڕینی سەرچاوەی ژیانیان بەنەدان و دواخستنی مووچەکانیان. ئەگەر یەکێتی نیشتمانی لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی بەناچاری ملیداوە بە خۆپیشاندان لە سنورێكی دیاریکراوو کۆنترۆڵکراودا، بەوەش دەیەوێ خۆی لە تاوانی بڕینی سەرچاوەی ژیانی مووچەخۆران بێبەری بکات، ئەوا پارتی بە رێگریکردن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵك، هوشیارانە دووجار تاوان بەرامبەر بە ژیان و سەلامەتی مانەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات. پارتی کە لەتاڵانکردنی داهاتی کوردستاندا پشکی شێری بەردەکەوێ، بە بایەخدانەنان بۆ مەسەلەی مووچەو بژێوی موچەخۆران و هاوکات رێگەنەدان بە دەنگهەڵبڕینیان بۆ داواکردنی مافی زەوتکراویان، تاوانێکی نەبەخشراو بەرامبەر بە مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدات.
گومان لەوەدا نیە کە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین و داخستنی دەرگای خوێندنگاو زانکۆ و فەرمانگەکان، فاکتەرێکی گرنگی فشارخستەسەر دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی کوردە بۆ ملدان بە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، بەڵام تەنگەبەربونەوەی بە ناوچەیەکی کوردستانەوە خاڵێکی لاوازی ئەو بزوتنەوەی ناڕەزایەتیەی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆرانی کوردستانە. کاتێك پارتی بەوڕادەیە فشار لەسەر خۆی هەست پێنەکات و یەکێتیش رێگەدان بە خۆپیشاندان وەکو فەزڵیك بە خەڵك بفرۆشیتەوە، ئیتر کاریگەری خۆپیشاندانەکانیش تەنگەبەرتر دەبنەوە. ئەوە بێجگە لەوەی کە خۆپیشاندەران لە کەمترین شێوازی رێکخراوبوون بەهرەمەندن و کەمتر پارێزراون لە کاریگەری سیاسی حزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانی بۆرژوازیش. چەندین ساڵە مامۆستایان و کارمەندان خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام تائێستا ئەو نارەزایەتی و خۆپیشاندان و چالاکیانەیان نەیگەیاندوەتە ئەوەی کە خۆیان رێکخراو بکەن و رێکخراوی جۆراوجۆری خەباتکاری جەماوەری مامۆستایان و فەرمانبەران لەناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگەکاندا پێك بهێنن. ئەوەش وایکردوە کە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان هەمیشە لەلایەن لایەن و گروپی سیاسی بەرژەوەندخوازەوە بەلاڕێدا ببرێن و ساردو خاوبکرێنەوەو کۆتاییان پێ بهێنرێ، یاخود نەهێڵن لە سنورێکی دیاریکراو زیاتر تێپەڕێ. بەوەش هەمیشە هەوڵ و قوربانیەکانی خۆپیشاندەران لەجیاتی ئەوەی ببێتە دەسکەوتێکی جێگیر بۆخۆیان کە لەهەنگاوی داهاتوودا بەدەستیانەوە بێت و سوودی لێوەربگرن، دەبێتە روداوێکی کاتی بۆ ئەوان و دەبێ هەموو جارێك لە هەنگاوی سەرەتاوە دەست پێبکەنەوە!