دەشتی جەمال
هاوڕێ جەبار موحسین سەبارەت بە لێکدانەوە و سیاسەتی حیزب بەرامبەر بەجەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، کە لە بەیاننامەکانی حیزبدا هاتوە، سەرنجێکی نوسیوەو دەڵێ :” حیزب چارەسەرێکی واقعیانەی نەخستۆتە ڕوو، بەڵکو هەموو داوای وەستانی شەڕ دەکەن” هەروەها دەڵێ “چارەسەرەکەی حزب هێشتا کەمترە لەو چارەسەرەی ڕووسیا خستۆتیەڕوو… بۆچی باسی شۆڕشی کرێکاری ناکەن… یان لایەنی کەم پێکهێنانی یەك دەوڵەت دوور لە ئینتیمای قەومی و دینی کە مافی هاوڵاتیان بپارێزێت”؟
بێگومان ئەو سەرنجەی هاورێ جەبار، چەند خاڵێکی گرنگی خستۆتەڕوو، کە رەنگە جێگای سەرنج و تێڕامانی کەسانی دیکەش بێت، لەوروەوە بەپێویستی دەزانم کە روونکردنەوەیەکی کورت لەسەر هەر یەکە لەو مەسەلانە بخەمە بەردەست، بەوهیوایەی کۆمەك بەزیاتر روونکردنەوەی مەسەلەکە بکات.
سەرەتا با لە پرسی وەستانی شەڕەوە دەست پێبکەین:
بەڵی ئەم شەڕە دەبێت ڕاوەستێ. ئەم کوشتارگە و تاوانکارییە دڕندانە بێوێنەیەی کە حکومەتی فاشستی ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمریکا و رۆژئاوا کە هەزاران مناڵ و ژن و پیر و پەککەوتەی کردۆتە قوربانی دەبێت کۆتایی بێت. ئەو پەلامارە هەوسار پچڕاوە کە شەو و ڕۆژ لە دەریا و ئاسمان و زەوییەوە قوتابخانە و نەخۆشخانە و کەمپی پەنابەر و ئاوارە و شوێنی ژیانی بەهەزاران ئینسانی بێتاوانی کردۆتە ئامانج، کارەساتێکی گەورەی ئینسانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهاندا دروست کردوە. ئەم جەنگە بەڵا و کارەساتێکە کە دەبێ بەرلەوەی ئێمە چۆن بیر دەکەینەوە و چ سیاسەتێکمان هەیە، ئەم تارماییە ڕەشە و ئاسەوارەکانی لەسەر خەڵکی فەلەستین و کۆمەڵگای جیهانی هەڵگیرێت.
ئەم جەنگە دەبێ ڕابگیرێت، چونکە نەك تەنیا خەڵکی فەلەستینی لە غەززە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی کردۆتەوە، بەڵکو بۆتە سەرچاوەیەك بۆ سەرهەڵدانی ڕەوتە کۆنەپەرست و دژە ئینسانییەکانی وەك ڕاسیزم و فاشیزم و ئیسلامی سیاسی و بەهانەی درێژەدان بە ئینسانکوژی. ئەم جەنگە دەبێ بوەستێت، چونکە بۆتە هۆکارێکی فراوانبوونەوەی میلیتاریزمی ئەمریکایی و وڵاتانی ئەوروپا و ڕاکێشانی هێزی سەربازییان، هاوکات بۆتە مایەی چالاکبوونەوەی دەوڵەتانی ناوچەکە و حیزبوڵای لوبنانی و هێزە میلیشیاکانی عێراقی و حوسیەکانی یەمەن و هەوڵەکانیان بۆ نائارام کردنی ناوچەکە و سەرەنجام پاشەکشەپێکردن بەڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان کە لەسەر زەمینەی قەیرانی ئابووری و سیاسی بەرۆکی بەچینی دەسەڵاتدار گرتووە.
یەکەم: بەڵام داوای وەستانی جەنگ بەچ مانایەکە لە سیاسەتی ئێمەدا؟
ئەوەی ڕوسیا داوای دەکات، تەنانەت ئەوەی کە وڵاتانی عەرەبی وەك ئەردەن و میسر.. داوای دەکەن وخودی ئەوەی کە وڵاتانی ئەوروپایی لە دواکۆبوونەوەی وەزیرەکانی دەرەوەیاندا لە بڕۆکسل ڕێکیانخستبوو و داوایانکرد، ئەوەیە کە “ئاگربەستی کاتی بۆ فریاکەوتنی لایەنی مرۆیی” لە غەززەدا، خراوەتەسەر زمانی میدیاکان. لەمەش زیاتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جاروبار دێتە سەرخەت و باس لە ئاگربەستی کاتی دەکات.. کە دیارە هەرهەموویان لەژێر زەخت و فشاری ئەو ناڕەزایەتییانەدان کە لە دژی ئیسرائیل و تاوانەکانی هاتۆتە مەیدان و شەقامەکانی داگرتووە و ڕۆژانە یەخەی حکومەتەکانیان دەگرێ، هاوکات ئەم جۆرە داواکردنەی ڕوسیا و هاوشێوەکانی ڕووی لەوەیە کە ئەم دەوڵەتانە، ناتوانن کوشتوکوشتار و کاولکارییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل پاساو و پەردەپۆش بکەن و بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی خۆیان لە جیهانی چەند قوتبیدا، هەڵوێستێك بگرنەبەر و واخۆیان نیشان بدەن کە لەڕیزی خەڵکی کارەساتباری غەززەدان. بەڵام ئەمە ڕاوەستانی جەنگ نیە، ئەوەی ئێمە و خەڵکی ئازادیخواز و بەشەردۆست و ڕاوەستاو بەرامبەر بەتاوانەکانی ئیسرائیل داوای دەکەین وەستانی ماشینی جەنگێکی کاولکارییە، بەواتای کشانەوەی هێزی داگیرکاری ئیسرائیل و ڕاوەستانی بۆردومانەکان و شکاندنی گەمارۆیەکی سەربازییە کەلەسەر خەڵکی مەدەنی غەززە دایناوە و کۆمەڵگایەکی زیاتر لە دووملیۆنی لە گەمارۆی بێ ئاوو کارەبایی وە داودەرمان و سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیاندا ڕاگرتووە ، بەمانای دەستبەجێ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ناوچەکە و ئەو یارییە دیبلۆماسییە کە ڕوسیا و قەتەر و سعودیە و ئێران و… بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەستیان داوەتێ. ڕاوەستانی جەنگ یانی گێڕانەوەی دۆخەکە بۆ بەرلە ٧ی ئۆکتۆبەر، ئەمە دەتوانێ پێشینە و زەمینەی ئەوە پێكبهێنی کە ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەی فەلەستین کەخۆی لەپێکهێنانی دوو دەوڵەتدا دەبینێتەوە بهێنێتە ئاراوە. ڕاوەستانی جەنگ یانی بڕینی دەستی ئیسرائیل و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەتی لە ئەوروپا و ناوچەکەدا، کە لەشکرکێشی و جەنگ و میلیتاریزم لەسەر حیسابی کاولکاری و کوشتاری زیاتر درێژە پێبدەن. تەنانەت بەمانای بڕینی دەستی حەماس و جیهاد و حیزبوللە و هەر هێزێكی فاشیست و کۆنەپەرستە کە بیەوێت دەست بۆ چەك و هەڵدانی موشەك بەرێت. ئێمە بەم مانایە داوای ڕاوەستانی جەنگ دەکەین و ئەمە بەهەنگاوێکی گونجاو و عەمەلی دەزانین تا برینێك کە لە جەستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵکۆڵراوە، کەناوی کێشەی فەلەستینە، ڕێگاچارەیەکی سیاسی بدۆزێتەوە.
دووەم: ئایا جەنگی ئیسرائیل لە غەززە، شۆڕشی کرێکاریی لەبیر بردوینەتەوە!
سەرەتا شۆڕشی کرێکاری وەڵامێکی تەنهای ئێمە، کۆمۆنیزمی کرێکارییە بە نیزامی سەرمایەداری و قەیرانەکانی. بەهەموو جۆرە جیاکاری و ستەم و چەوسانەوەیەك. بە لە ئارادابوونی کۆیلەیەتی بەکرێ و موڵکدارێتی تایبەتی چینی بۆرژوازی. ئەم شۆڕشە ڕێگایەکە بۆ بردنی کۆمەڵگا بەرەو دنیایەکی ئازاد و یەکسان و باشتر… بەڵام ئەم شۆڕشە و ئەم ڕێگایە پێداویستی خۆی هەیە و بە هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتیدا دێتە ئاراوە کە واقعییەتی کۆمەڵایەتی و خەباتی چینی کرێکار بەکردەوە لەگەڵیدا بەرەوڕووە و پێویستی بەوەیە کە ڕەوتی خەباتی چینایەتی کرێکار و بۆرژوازی لەسەر بردنی ئاڵۆگۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەرەو ئاڵوگۆڕی سۆشیالسیتی چەق بەستبێت. بەمانایەکی تر ئەوە ڕاستە کە هەموو کێشە و موسیبەتەکان بەجەنگەکانیشەوە، بەپێی مەنتق ڕیشەیان لە سەرمایەداریدایە و بۆ کۆتاییهێنانی یەكجاری، وەڵامەکەی سۆشیالسیزمە “سۆشیالیزم یان بەربەریەت”. بەڵام مەنتق تا واقعیات دوو بابەتی جیاوازن و ئەگەر مەبەستمان ئەوە نەبێت “شۆڕشی کرێکاری” وەك دروشمێك لەبەرامبەر هەر واقعیاتێکی کۆنکرێتدا دووبارە بکەیەنەوە لەبەرامبەر هەرمەسەلەیەکدا، بەرزی بکەینەوە، ئەوا دەبێت بۆهەر کێشە و مەسەلەیەك وەڵامی کۆنکرێت و واقعی بدەینەوە. ئەگەر وانەکەین، نەك توانای دەخاڵەتگەری سیاسی و عەمەلی لە کۆمۆنیستەکان و کرێکاران دەسێنینەوە، بەڵکو بەکردەوە شۆڕشی کرێکاری لەبەرامبەر ئەو بەربەستانەدا ڕادەگرین کە کۆمەڵگا هێناویەتە پێشەوە. لەم ڕوانگەیەوە لەئێستادا کە جەنگێك لەغەززە بەڕێکەوتووە، شوێنی کار و ژیانی نەك هەرکرێکارانی وێران کردوە، بەڵکو هەموو خەڵك و کۆمەڵگای چ لە ئیسرائیل و چ لە فەلەستین ڕووبەڕوی کارەسات کردۆتەوە. ئێمە ناتوانین لە دوورەوە هەر بڵێین “شۆڕشی کرێکاری”، بەڵکو دەبێ سیاسەتێکی عەمەلی بەرامبەر بە جەنگەکە و گێڕانەوەی کۆمەڵگا بۆ دۆخێك کە سەر ڕاستانە کرێکاران و بۆرژوازی و دەسەڵاتەکەی دەخاتە بەرامبەر بەیەکەوە. بێگومان کۆتاییهێنان بە جەنگ و وەستانی بۆردومان وکاولکاری و کشانەوەی هێز، بەڵایەك و بەربەستێك لەکۆڵ چینی کرێکار دەکاتەوە.
سێهەم: پێکهێنانی یەك دەوڵەت، بەدەر لە ناسنامەی قەومی و دینی.
ئێمە دژی پێشنیارێکی لەو جۆرە نین کە لەدۆخێکی واقعیدا ئیمکانی ئەوە هەبێت کەیەك دەوڵەتی سکولاری ناقەومی و نادینی، لەئیسرائیلدا، وەك ڕێگاچارەیەك لەلایەن بزووتنەوەیەکی واقعی و کۆمەڵایەتیەوە، بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین مەترەح بکرێ. بەتایبەتی کە کۆمۆنیستەکان جووڵانەوەیەکی جیاخوازی گشتی نین لەبەرامبەر هەرمەسەلەیەکی نەتەوایەتیدا. بەڵام بەداخەوە ئەزموون و مێژوویەك کە کێشەی فەلەستین بەهۆی لەسەرکاربوونی دەوڵەتێکی فاشیستی لەلایەك و لاوازی بزووتنەوەی کرێکاری و چەپ چ لەئیسرائیلداو چ لە فەلەستیندا لەلایەکی ترەوە، قەڵشتێکی گەورەی لە هەردوولاوە پێکهێناوە و پێشنیارێکی ئاوای کردۆتە ئارەزوویەکی نامومکین. لە دەیەکانی پێشووتردا و تەنانەت لەسەردەمی سەرهەڵدانی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین ئەم بۆچوون و پێشنیارە لەلایەن بەشێك لە چەپەکانی ئیسرائیلی و فەلەستینیەوە هێنرایەکایەوە و بەداخەوە نەیتوانی ببێتە ڕێگاچارەیەکی عەمەلی بۆ کێشەی فەلەستین و تائێستاش لەحاشیەدا ماوەتەوە، چونکە بزووتنەوەیەکی واقعی و کۆمەڵایەتی کە ئەم تەرحە بکاتە ڕێگاچارەیەکی واقعی لەمەیداندا نیە و بۆ کۆتایی هێنانیش بەو ڕقەبەری و کێشمەکێشە ئاینی و قەومییەی کە جووڵانەوە بۆرژوازییەکانی تر لەنێوان خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستیندا دروستیان کردووە، پێکهێنانی دوو دەوڵەتی هێناوەتە پێشەوە. بۆیە ئێمە لەئێستادا لایەنگری بۆچوون و پێشنیارێکی لەم جۆرە نین. وەك دوا خاڵیش نابێ ئەوە لەبیر بکەین کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ڕاستەوخۆ حزبێکی دەخیل نیە نە لە ئیسرائیل و نە لە فەلەستین و دیاریکردنی نیزامێکی سکولاری ناقەومی و نادینی مافی ئەوانە نەك ئێمە..
٩/١١/٢٠٢٣