نووسینی: عوسمان محەمەد
زیاتر لە دوو سەدەیە بزووتنەوەی کوردایەتی، لە چوار وڵاتی ئەم ناوچەیە شەڕی چەکداری و درووستکردنی ئەحزابی کوردایەتی درێژە پێ ئەدەن، بەڵام تا ئەم قۆناغە مێژووییە نەیانتوانی وەک ئەوەی کە خۆیان بانگەشەی بۆ ئەکەن میللەتی کورد بکەنە خاوەنی کیانێکی سەربەخۆ.
لەم مێژووە دوور و درێژەدا خەڵکی ئازادیخواز و کرێکاران و زەحمەتکێشان قوربانی یەکجار زۆریان داوە، ئەگەر بە وردی سەیری ڕووداوە دڵتەزینەکان بدەین لە ساڵی 1961 بە دواوە بە تەنها لە کوردستانی عێراق تەماشا بکەین ئەبینین کە چی ڕووداوی گرنگ و دڵتەزێن بەسەر خەلکی کوردستاندا هاتووە، ڕەنگە کارەسات نەمابێ کە بەسەر خەڵکدا نەهاتبێ.
بەڵام بە داخەوە ئەم هەموو گیانبازییە نەیتوانی ببێتە دەستکەوتێ بۆ ئاسوودە کردنی خەڵکی کوردستان، ئەگەر حیزب و سەرکردایەتیەکی هەبوایە کە خەبات و ستراتیژی بۆ ڕزگاری میللەتی کورد بکردایە لە چەوسانەوە و پلە دووی ئێستا چەندین ساڵ بوو بە ئامانجەکانی گەیشتبوو.
ئەگەر بە وردی مێژووی ناسیۆنالیزمی کوردی لەم دوو سەد ساڵەدا بدەینە بەر باس و لێکوڵینەوە، ئەبینین کە کاروکردەوەکانیان چەندێ ڕووداوی دژە ئینسانی ڕوویداوە.
1/ خیانەت و ملشکاندنی یەکتری
2/ هیچ کاتێ ئەم حیزبانە سەربەخۆ خەباتیان نەکردووە، هەمیشە پاشکۆ و ئەڵقە لە گوێی یەکێ لە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە یان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بوونە.
3/ ئەوەندە دووژمنایەتی یەکتریان کردووە زۆر دڵڕەقانە دەستیان چووەتە خوێنی چەکدار و کادرەکانی یەکتر، ئەوەندە بەرامبەر دوژمنەکانیان تووند و ڕەق نەبوونە.
4/ بەشێک لە مێژووی ئەمانە دەست ڕاکێشانی سووپای دەوڵەتانی ناوچەکە بوونە بۆ گیانی یەکتری.
5/ ئەم حیزبانەی بزووتنەوەی کوردایەتی ئەوەندەی خەباتیان کردووە بۆ سەرکەوتنی حیزبەکانی خۆیان و پاشقول لێدان لە حیزبەکانی تر، سەد یەکی ئەوە خەباتیان بۆ ڕزگاری کورد نەکردووە.
6/ لە ماوەی ئەم 32 ساڵەی تەمەنی دەسەڵاتیان، هەمیشە بە دواو شوێنی بە دەستهێنانی پلە و پایە و ئیمکاناتی مالیەوە بوون، لەسەر پۆستێ ئامادە بوونە سەدان کەس لە یەکتری بکوژن، بەڵام دەیان مەسەلەی سیاسی چارەنووسساز کە بەرژەوەندی خەڵکی تێدابێ ئەوە بە ئاسانی چاوپۆشیان لێکردووە.
ئەم ململانێی ناو حیزبەکانی کوردایەتی تا ئێستا بە تووندی درێژەی هەیە، هیچ یەکێ لەو ناکۆکیانە لەسەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نەبووە، بۆیە نەفرەت و بێزاری لەم دەسەڵاتە گەیشتۆتە لووتکە، ئەوەندە بێ ئەرزش بوونە بوونەتە گاڵتەجاڕی ئەحزابی سوونە و شیعە، ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراق وەک داشی دامە بە کەیفی خۆیان ئەیان جوڵێنن،
خەریکە پەڕوباڵیان پێوە ناهێڵن، ئەم پرۆسەی ملکەچ کردنە ئەیانگەیەنێ بەوەی کە لە ئاینندەدا دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان بە سەر کوردستانەوە نەمێنێ، ئەمەش ئاشبەتاڵیکی نهێنیە و کارەساتێکی گەورەیە لە مێژووی ئەحزابی ناسیۆنالیستی کوردی.
53 ساڵ بەر لە ئیستا حکومەتی عێراق لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێکەوتننامەیەکیان ئیمزا کرد کە حوکمی زاتی بە کوردستان بدرێ، لە چوارچێوەی ئەو حوکمە زاتییە دهۆک و سلێمانی و هەولێری ئەگرتەوە لەگەڵ دەسەڵاتی هاوبەش لە کەرکوک، پارتی ڕازی نەبوو ئەیزانی خەڵکی کوردستان پێ دائەگرێ لەسەر مافە ڕەواکانی خۆی و بۆیە فشاری خستە سەر بەعس کە کەلار و چەمچەماڵ بکەونە چوارچێوەی حوکمی زاتیەوە، حکومەتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر ئەوەشدا.
کەچی پارتی دوای 4 ساڵ گفتوگۆ و ململانێ ڕێکەوتننامەکەی هەڵوەشاندەوە و قبوڵی نەکرد، چوونکە بڕیار بە دەستی خۆیان نەبوو لە ئەمریکا و وڵاتە کۆنەپەرستەکانی ترەوە بڕیار ئەدرا.
لەسەر ئەم ڕێکەوتننامەیە و ئاشبەتاڵ چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیان لەگەڵ محمود عوسمان کرد، لە وەڵامدا وتی ئینە توانای ئەوەمان هەبوو کە چەند ساڵی تر درێژە بە شەڕی پارتی زانی بدەین، چوونکە هێزێکی پێشمەرگەی پڕ چەکمان لەبەردەستدا بوو لەگەڵ پارەیەکی زۆردا، بەڵام ڕابەرایەتی ئەو سەردەمە ئاشبەتاڵی ڕاگەیاند، هەرچەند شای ئێران لە وەڵامی رابەرایەتی ئەوکاتی پارتی وتی ئێمە هیچ ڕێگریەکتان بۆ درووست ناکەین، بەڵام ناتوانین وەک جاران یارمەتیتان بدەین.
سەرکردایەتی کورد چوونکە هەمیشە پشتی بە دەوڵەتی تر بەستبوو ئیلهامی سیاسی لەوان وەرئەگرت نەیئەزانی سەربەخۆ درێژە بە خەبات بدات.
ئیستا 53 ساڵ بە سەر ئەو مێژووەدا تێپەڕیوە، دوای نیو سەدە لە ماڵوێرانی خەڵکی کوردستان لەم مێژووەدا چی بەسەر هاتووە.
1/ 182 هەزار کەس ئەنفال کران و لە باشووردا کرانە ژێر خۆڵەوە و زیندە بە چاڵکران.
2/ 4 هەزار دێ لەگەڵ زەوی یەکسان کران، خەڵکەکەی دەربەدەر و ماڵوێران کران، چەندین خەڵک کەوتنە سواڵکردن لە شەقامەکان، بەعس و جاشی!! کورد هەرچیان هەبوو بە تاڵان بردیان.
3/ لە هەڵەبجە 5 هەزار ئینسان بە گازی کیمیاوی ژەهر خوراد کران خەڵکەکەی دەربەدەر بوون، سەدەها مناڵ ون بوون، تا ئێستاش نەدۆزاراونەتەوە، پانۆرامایەکی وایان درووستکرد کەم وێنە بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
4/ لەم نیو سەدەیە هەزاران کورد لە زیندانەکان تووند کران و هەزارەهای تر لە سێدارە دران.
5/ ئەوانەی کە خەڵکی کوردستانیان ئەنفالکرد ئێستا لای حیزبەکانی دەسەلات دەسەڵاتیان لە جاران زیاترە و دەوڵەمەنترن.
6/ هەر لەم ماوەیەدا شەڕە ناوخۆیەکانی ئەحزابی کوردایەتی چەندین هەزاریان لە یەکتر کووشت.
دوای ئەم سەدە لە کارەستی گەورە و بچووک کە بە سەر خەلکدا هاتووە، دیسانەوە ئاشبەتاڵیکی تریان ڕاگەیاند.
ئیستا حکومەتی عێراق ئەو پرۆسەیەی گرتوویەتە بەر لە بەرامبەر هەرێمدا، لە ماوەیەکی کورتدا هیچ بڕیاریک بە دەست دەسەڵاتی کوردیەوە نامێنێ، ئیستا خەریکی پەڕوباڵکردنیانن، جگە لە بڕیارەکانی پێشووی دادگای فیدڕاڵی لەسەر نەوت و خاڵە سنوورییەکان لەم ڕۆژانەدا بە بڕیارێک وەزارەتی دارایی کوردستانیان هەڵوەشاندەوە و کردیان بە بەڕێوەبەرایەتی دارایی کوردستان.
ئەم هەلومەرجە سیاسیەش ئەنجامی پشت تێکردنی خەلکی کوردستان و ناکۆکی ناوخۆیی حیزبەکانی کوردایەتیە، حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی لە هیچ قۆناغێکی مێژوویدا خەباتیان بۆ ڕزگاری خەڵکی کوردستان نەکردووە، هەمیشە هەوڵیان ئەوە بووە کە چۆن بتوانن بەشێک لە ئابووری کوردستان بۆ خۆیان قۆرخ بکەن جا لە ژێر ناوی حوکمی زاتی بێت یان فیدڕاڵی یان هەر ناوێکی تر.
یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی ئەم بزووتنەوە لەم رۆژانەدا ئەڵێ ئەم 32 ساڵە خزمەتمان بە داگیرکەر و بێگانە کردووە، ئەوەی ئێمە بە میللەتمان کردووە حیزبی بەعسیش نەیکردووە.
ئێستا سەرانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی خۆیان هاتوونەتە دەنگ لە ناهەمواری ئەم هەلومەرجەی کە درووستیان کردووە، چوونکە ئەزانن خەریکە جڵەوی دەسەڵاتیان لە دەست دەرئەچێ، لەبەر ئەوەی ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی تووندی خەڵک بوونەتەوە، بەشێک لەم خەڵکە ناڕازییە داواکارن حکومەتی عێراق خۆی مووچە دابەش بکات یان خۆی جڵەوی دەسەڵات بگرێتە دەست لە کوردستاندا، ئەمە دەنگێکی نەشازە بە هیچ جۆرێ لەگەڵ خەلکی شۆرشگێڕ و ئازادیخوازانی کوردستان نایەتەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق نە لە دەسەلاتدارانی کوردستان باشترن نە لەوان ئازادیخواز ترن، بەڵکو سەرچاوەی کۆنەپەرستی لای ئەوانەوە بۆ کوردستان پەخش ئەبێ، ئەگەر ئەوان بە ڕێک و پێکی مووچە دابەش ئەکەن، بەڵام لە چەندین لای ترەوە هەزار و یەک کێشەی تریان هەیە، ئەگەر خەڵکی ناوەڕاست و خوار و ژیانێکی باشیان هەیە تا ئەم ساتە وەختەش هێشتا باری ئابووری خەلکی کوردستان لەوان باشترە، جگە لە دابەشکردنی مووچە سەد جۆری تر غەدریان لێ ئەکرێ.
گەڕانەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی شۆڤێنی ئیسلامی بەهیچ جۆرێ داواکاری خەڵکی شۆڕشگێڕی خەڵکی کوردستان نییە.
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان ئەبێ دەستە شۆڕشگێڕەکان درووست بکەن لە هەموو شار و شارۆچکەیەکی کوردستان لە پەیوەست بە ڕێکخراوەیەکی جەماوەری سەرانسەریەوە، ئەمەیە ڕێگاچارەی درووست و شۆڕشگێڕانە، هەر ئەمەش ئەتوانێ فشاری تووند لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم درووست بکات، یان ئەبێ ئەم هەلومەرجە چاک بکەن یان دەسەڵات جێبهێلن بۆ شوراکانی خەڵک.
******