ململانی و جەنگی نیوان ئیسرائیل و فەلەستین ریشەی لە چیدایە؟

عەبدوڵا مەحمود

چارەسەرنەکرانی کێشەی فەلەستین، هیشتنەوەی یەکێک لە کێشە ئاڵۆزەکانی دنیای ئەمڕۆیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، کە راستەوخۆ سایەی کردۆتە سەر بلۆکبەندیەکانی جیهان و لێکەوتەکانی لە ئاستی دنیادا. هاوکات یەکێکە لەو کێشانەی کە رۆژهەڵاتی ناوەراستی لەدۆخێکی هەمیشە نائارامدا راگرتووە. دیارە تا ئەو کێشەیەش چارەسەر نەکرێت، نائارامی و پشێوی سیاسی درێژەی دەبێت و وەکو واقعیەتیكی تاڵ سایەی خۆی بەسەر سەرجەم رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهاندا دەهێڵتەوە.

کێشەی فەلەستین لە بنەرەتدا کێشەی خەڵکێکە کە نزیک بە سەدەیەکە ژیانکردن لەسەر زەمینی خۆی لێ زەوت دەکری، ئەم بێبەشی و ستەمە بەرەو هەڵکشان براوەو خەڵکەکەی زوڵملێکراوتر و دەربەدەرکراون و مافە زۆر سەرەتاییەکانیان  لێزەوتکراوە. لەو جێگایانەش کە فەلەستینیەکان ماونەتەوەو ئاوارەی ناو کەمپەکان و دنیا نەکراون، بەکردەوە بوونەتە هاوڵاتی پلەی سێهەم و چوارەم و دەوڵەتی ئایینی ئیسرائیلی، چ بەوێنەی یەهودی بوون و چ بەوێنەی ئیسرائیلی بوون، مافی ئەم خەڵکە پایماڵ دەکەن.

دیارە لەکۆتایەکانی دەهەی چوارەمی سەدەی بیستەمەوە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی دان پیاناوە، بەڵام بەکردەوە ئەمە نەک جێبەجێنەکراوە، بەڵکو خودی ریکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، کە تاهاتووە پابەندبوونی بە بریار و پەیامەکانی خۆی لەدەستداوە، کەوتۆتە ژێر هەژموونی و باڵادەستی ئەمریکاوە، بەو هۆیەشەوە ئەم بڕیارەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیان بریاری تری لەسەر رەفەکانی دنیای دیموکراسیدا!!، بەتایبەتی بریارەکانی دژ بە سیاسەت و ملهوری دەوڵەتی ئیسرائیل، خۆڵی لێنیشتووە.

هەموو ئەو کێشمەکیشە میژووییەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین کە دەورەیەک بەناوی کێشەی” عەرەب- ئیسرائیل” ناسرا و هەموو ئەو جەنگانەی لەناو دڵی ئەم کیشە و ململانیەدا لە کۆتایی ٤٠ کانی سەدەی رابردووەوە روودەدەن، رەنگدانەوەی چارەسەرنەکردنی ئەو کێشەیەیە، کە بریاری دامەزراندنی دەوڵەتێکە بۆ فەلەستینیەکان.

ملنەدانی ئەمریکا و غەرب بەچارەسەری کێشەی فەلەستین و شکستی ناسیونالیزمی عەرەب لەو ململانێیەدا، جیگای خۆی داوە بە ململانێی نێوان دەوڵەتی ئاینی تیرۆریستی ئیسرائیل لەلایەک و رەوتگەلی ئیسلامی سیاسی تیرۆریست لەچەشنی حەماس و جیهادی ئیسلامی و حزبواللە لەلایەکی ترەوە. دیارە لەپشتی هەردوو لایەنەوە هێزگەلی گەورەتری وەکو ئەمریکا و غەرب و ئیران و روسیاو… وەستاون و ئەوان ماتۆری ئەم جەنگ و ملهورییە نەبڕاوەیەن کە لکێنراوە بەکیشەی سیاسی ترەوە، لەپێناو باڵادەستی و هەژموونی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

راگرتن و لەباربردنی پرۆسەی رێکەوتنی ئاشتی ئیسرائیل و فەلەستین، هێندەی پەیوەندی بەلایەنە دەرەکیەکانی ئیسرائیل و فەلەستینەوە هەیە، نیوئەوەندە وابەستە بەبڕیاری خۆیانەوە نییە. ئەمریکا و تاڕادەیەک غەرب نایانەوێت پرۆسەی ئاشتی بچێتە پێشەوە و بریاری نەتەوە یەکگرتووەکان بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستنی بە جێگایەک بگات، بەڵکو بە ئاشکرا پشتیوانی لە سیاسەتی دەستی راستی دەوڵەتی ئیسرائیلی بۆ یەهودنیشین کردنی ناوچە فەلەستینیەکان و دەرکردنی فەلەستینیەکان دەکەن و نەک هەر چاوپۆشی لە ملهوری دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەن، بەڵکو هاوکاری و پشتیوانی دەکەن. لەلایەنی بەرامبەردا ئیران و رەوتگەلی ئیسلامی وەستاون و لەسەر پایەی دارمان و شکستی ناسیونالیزمی عەرەب لەو پرۆسەیەدا، بوونەتە مەیداندار و خۆیان بە کیشەی خەڵکی فەلەستینەوە هەڵواسیوە تا لەو رێگایەوە لەلایەکەوە ململانێی سیاسی خۆیان لەسەر دۆسییەو ململانێ ناوچەیی نێوانیان پەرەپێ بدەن، لەلایەکی تریشەوە بە هاوکاری و پشتیوانی لە درندەترین هیزی ئیسلامی سیاسی لەچەشنی حەماس، پرسی رەوای خەڵکی فەلەستین لەبار ببەن و ببنە رووی دووەم و تەواو کاری ململانیی تیرۆریستی لەبەرامبەر ئیسرائیلدا.

هێرشی غافڵگیرانەو فراوان و هەمەلایەنەی تیرۆریستی شوکهێنەری حەماس بۆسەر شارە یەهودی نشینەکانی ئیسرائیل لە حەوتی ئەم مانگەدا، هەیمەنەی ئیسرائیلی شکاند و پێگەی و جێگاو ڕیگای حەماسی تیرۆریست بردە سەرەوە، ئەمەش لانی کەم و لە کورتماوەدا وەکو قارەمانی رزگاریبەخشی فەلەستین لەدنیای عەرەبدا جێگا دەگرێت. جیا لەوانە حەماس لەکاتێکدا دەستی بۆ ئەم کردەوە ئینسانکوژییە برد، کە هەژموونی ئەمریکا لەسەراسەری دنیادا روو لە لێژیە و هاوکات وڵاتانی عەرەبی بەهێزتر و سەقامگیر تر لە پێشوون و خۆشیان بوونەتە کاراکتەری راستەوخۆی ناو روداوەکان لە ناوچەکەدا.

کاردانەوەی و هێرشی فراوانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەزە، بەجیا لەوەی دەیەوێت تۆڵەی ئەم هێرشە شکۆ شکاندن و غافلگیرییەی بکاتەوە، لەبنەرەتدا ریشەی لەو ململانێ میژوویی و لەو بەرامبەرکێی تیرۆریستیەدایە کە چەندین دەهەیە دریژەی هەیە و لەهەر برگەیەکدا سەرکەوتنی ئیسرائیل بۆتە مایەی داگیرکاری زۆرتر و ملهوری هەوسارپچراوتر. جەنگی ئەمجارەش بێگومان لێکەوتەی جیاواز جیاواز بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دریژە دەکێشێت، بەڵام ئایا ئەمجارە دەوڵەتی ئیسرائیل لەرێگای کاردانەوەکانیەوە دەتوانێت حەماس تێکبشکێنیت و پێشرەوی بکات، یان دەبێتە سەرەتایەک بۆ شکست و پاشەکشەی ناچاری، ئەوە وابەستەی روداوەکانی داهاتووە.

چ ئیسرائیل و چ حەماس بە هاندان بەپاساوی “مافی بەرگری لەخۆ کردن”، دەیانەوێت هەردوولایان وەکو دوو بەرەی تیرۆریستی خۆیان بەوێنەی زوڵم لێکراو!!، نیشان بدەن. چ ئەمریکا و ناتۆ کە زوو ڕایانگەیاند ئیسرائیل مافی بەرگری لەخۆی هەیە. بەو پەیامە لەلایەکەوە دەیانەوێت هێرش و ملهوری هەموو رۆژەی ئیسرائیل بۆسەر خەڵکی فەلەستین دابپۆشن و لەلایەکی تریشەوە رەوایەتی بەدرێژەدان بە جەنگ و ملهوری تیرۆریستی بدەن. لە بەرەی بەرامبەردا هەر زوو ئیران و هاوئاهەنگەکانی رایانگەیاند کە حەماس و فەلەستینیەکان!! مافی بەرگری لەخۆکردنیان هەیە، بەوەش لەلایەکەوە ویستیان ملهوری هەموو رۆژەی تیرۆریزمی حەماس و سەرکوتگەرییەکەی چ لەبەرامبەر بە خەڵکی ژێر دەسەڵاتیان لە غەزە و چ کردەوە تیرۆریستەکانیان چاوپۆشی لێ بکەن و هاوکاتیش هانیان بدەن بۆ بەردەوامی جەنگی تیرۆریستیان لەدژی ئیسرائیل و خەڵکی بێتاوانی ئیسرائیل.

ئەمریکا و ناتۆ ڕێگرن لە چارەسەری کێشەی فەلەستین و دروستکردنی دەوڵەت بۆ فەلەستینیەکان، چونکە ئەوە بە لاوازبوونی دەوڵەتی گوێ لەمستیان ئیسرائیل لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەزانن و ئەمەش بەپاشەکشە و شکستی خۆیان دەبینن. ئێران و هیزو گروپە تیرۆریستیەکانیش، کە خۆیان بە کێشەی فەلەستینەوە هەڵواسیوە، بەپێکهینانی دەوڵەتی فەلەستین، گەورەترین دۆسیەی پر کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەراست لەدەستیان دەردەچیت و ئەم رەوتە و بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی بەشێوەی گشتی لە ئاستی جیهانیدا کەنار دەخات.

لەناو دڵی ئەم دۆخەدا، هیچ ڕێگایەکی تر لەئێستادا بوونی نییە جگە لەوەی کە بەخێرایی جەنگ رابگیرێت و پرۆسەی ریکەوتنی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیلیەکان و فەلەستینیەکاندا دەست پێبکاتەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دروستکردنی دوو دەوڵەت بۆ فەلەستینیەکان و ئیسرائیلیەکان. کارێکی لەمجۆرەش بەبێ هاتنەمەیدانی جەماوەری زەحمەتکێشی ئیسرائیل و فەلەستین و پشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی دنیا بۆ فشارخستنە سەر دەوڵەتی ئیسرائیل و نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمریکاو دەوڵەتانی رۆژاوا و کەنارخستن و دورخستنەوەی دەستی ئەمریکا و ناتۆ لەلایەک و ئیران و  رەوتە ئیسلامیەکان لەلایەکی تر، لەتوانادا نیە.

تا کێشەی فەلەستینیش چارەسەر نەکرێت، باسی گێرانەوەی ئارامی و ئاسایش لەلایەک و کۆتاییهێنان بەرۆڵی ملهورانەی ئیسلامی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، لەوەهم زیاتر نییە.

 

 

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …