بەپێی هەواڵێک کە لەچەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوکراوەتەوە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر عومەر عەبدوڵاو شکۆ عومەر، دوو شانۆکاری ناسراوی ناوچەی گەرمیان، بەپاساوی ئەوەی کەلەکارێکی شانۆییدا کەسێ ساڵ لەمەوبەر پێشکەشکراوە، سوکایەتی بەئیسلام کراوەو بەم پاساوەش بڕیاری دەست بەسەرکردنی (توقیف) هەریەک لەو دووهونەرمەندە شانۆکارە دەرچوەوئیستا لەزیندانی گواستنەوەی گەرمیاندا دەستبەسەرن.
ئەم هەنگاوەی دەزگا بەرپرسەکانی گەرمیان ویاسا دژە ئازادییەکانیان، لەگەڵ ئەوەدا بەئاشکرا ئاو دەڕژێنێتە ژێر پێی کۆنەپەرستان وبەئاشکرا هەنگاویكی سەرکوتگەرانەو دژ بەئازادییەکانە لەهەرێمی کوردستان، نیشانەی ترسێکی گەورەشە لەدڵی دەسەڵاتداراندا سەبارەت بەئازادی و ئازادی هونەر لەهەرێمی کوردستاندا. دەسەڵاتداران لەم دۆخەی ئێستادا کەتوانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایان نەماوەو بەئاشکراش خۆیان ئەدزنەوە لەوەڵامدانەوە بەخواستەکانی خەڵكی هەژارو برسی، بەزیندانی کردنی شانۆکارانێکی وەک عومەر عەبدولاو شکۆ عومەر، دەیەوێت بۆ دورخستنەوەی مەترسی هەستانی جەماوەری کەسەرتاپای سیستەم بخاتە بەردەم داڕوخاندنەوە، یاسا سەرکوتگەریەکانی لەدژی ئازادیخوازان ونوسەران و ڕەخنەگران و هونەرمەندان تووند دەکاتەوە، گوایە لەم ڕێگایەوە دەتوانێت دەسەڵاتەکەی بپارێزێت.
ئەحزابی دەسەڵاتدار، هەروەکو ئەوەی کەسیستەمێکیان دامەزراندوە کەتێکەڵە بە ئاین، ڕێگەیان داوە ڕۆژانە سوکایەتی بەژنان بکرێت و بکەونە بەرتیغی فەرهەنگی پیاوسالارییەوە وئازادیخوازان بەیاسای سەرکوتگەری ڕاپێچی زیندانەکان بکرێن، هەتا بتوانن دەنگی ئازادیخوازی لەکۆمەڵگادا کپ بکەنەوە. ئەمەش ڕەوشت وناوەڕۆکی هەردەسەڵات و سیستەمێكە کەبۆ قازانجی سەرمایەداران و کۆنەپەرستان ئامادەیە هەر ئینسانێکی ئازادیخواز وشانۆکاران دەستبەسەرو زیندانی بکات. لەکاتێکدا پێوانەی ئازادی لەهەر کۆمەڵگایەکدا، بوونی شانۆی ئازاد وڕەخنەگرتنە لەهەر شتێک کەهەیە.
بێگومان حکومەت و یاساو دەسەڵاتێک کە مامۆستای ناڕازی بۆ خواستی موچە بداتە بەرشەق، بۆ حکومەتێک کەخویندکاران لەپای داواکردنی باشکردنی دۆخی خوێندنیاندا بخاتە زیندانەوە، بۆ حکومەتێک کە نوسەران و ڕۆژنامەنوسانی ئازادیخوازو ڕەخنەگر بخاتە بەردەم هەڕەشەی گرتن و لێدانەوە، بۆ حکومەتێک کەدەستی کۆمپانیاکان وخاوەنکارانی ئاوەڵا کردبێت بۆ ڕەتاندنی کرێکاران و بە هەڕەشەی لەسەر کار دەرکردن مامەڵە لەگەڵ کرێکاراندا بکەن ، بەدڵنیایەوە، ئەم حکومەتە سەرتاپای دژی ئازادی ودژی خەڵکییە ولەئەنجامدا هیج شەرعیەت و مەقبولەیەتێکی لەلای هاوڵاتیان نامێنی و ئەو ڕۆژەش دێت کەدەکەویتە بەردەم سێڵاوی ڕق و توڕەیی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئازادیخوازانەوە.
ئێمە لەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانەوە، بەتەواوی دەستگیرکردنی هەردو شانۆکار، عومەر عەبدوڵاو شکۆ عومەر، سەرکۆنە دەکەین وبەهەنگاوێکی دژی ئازادی دەزانین، داواش لەخەڵكی ناڕازی و ئازادیخوازی کوردستان و بەتایبەتی خەڵکی گەرمیان دەکەین کە ناڕەزایەتی بەرامبەر بەم سەرکوتگەرییە بەشێوەی گونجاوی خۆیان دەرببڕن وداوای دەستبەجێ ئازادکردنی عومەر عەبدوڵاو شکۆ عومەر بکەن. تەنها خەڵکی ناڕازی وئازادیخوازان دەتوانن سنورێک بۆ ئەم دەستدرێژییەی دەسەڵاتداران دابنێن بۆسەر هونەرمەندان وئازادییەکان.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان
ڕێکخستنی گەرمیان
٢٦/٩/٢٠٢٣