موحسین کەریم
ئەمڕۆ ٦ ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کوردستانی عێراقدا تێدەپەڕێ. بۆچوونێك ڕەواجی پەیداکردوە لەناو بەشێك لە خەڵکدا کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وەکو تاوان تەماشا دەکرێ. بەهۆکاری لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان ناوزەد دەکرێ! ئەو کەس و لایەنانەی لەڕوانگەی دژە پارتیبوونەوە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم بوون و پێیانوابوو ریفراندۆم دەبێتە دەسکەوتێکی سیاسی بۆ پارتی، ئێستا هەڵوێستی دژایەتیکردنی ریفراندۆم وەکو شانازی مێژوویی بۆخۆیان تۆماردەکەن! ئێستا دەیانەوێ وانیشان بدەن کە ئەوان لەسەر هەق بوون و هەموو ئەوانەی لایەنگری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان کردوە، وەکو خزمەتکاری پارتی دەوریان گێڕاوەو تاوانێکی مێژووییان ئەنجامداوە! تەنانەت تێگەیشتنێکی وا ڕەواجی پەیداکردوە کە ئەگەر ریفراندۆم نەکرایە دۆخی سیاسی کوردستان بەم رۆژەی ئێستا نەدەگەیشت و “قەوارەی هەرێم”یش بەوجۆرە بەرەو پوکانەوە نەدەڕۆشت! بۆچوونێك لەوە زیاتر دەڕوات و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەکاتە پیلانێکی دەوڵەتی تورکیا بۆ لەباربردنی دەسکەوتەکانی خەڵک و قەوارەی هەرێمی کوردستان!
گومان لەوەدا نیە کە ئەمجۆرە تێگەیشتنانە سەبارەت بە ڕیفراندۆم و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، سەرچاوەی لە تێگەیشتنێکی ڕواڵەتیانەی سیاسی و هەڵوێستێکی دژەپارتی بوونەوە وەرگرتوەو توانای تێگەیشتنێکی دروستی نیە سەبارەت بە ئاڕاستەی روادوە سیاسیەکان. هەموو شتێك بە پیلانگێڕی لێکدەداتەوەو هەرکاریك کە نەیارە سیاسیەکەی بیکات، ئیتر لای ئەو نەفرەتلێکراوەو دەبێ دژایەتی بکرێ.
سەرەتا و بەرلەوەی کە باسی واقعیەتی هەلومەرجی سیاسی و ئاڕاستەی روادوەکانی ئەوکاتەی کوردستانی عێراق بکەم، دەمەوێ لەسەر دوو مەسەلەی گرنگ پەیوەند بە خودی مافی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سەبارەت بە پرسی کورد لە کوردستانی عێراق قسەیەکی کورت بکەم.
یەکەم: پرسی کورد لە کوردستانی عێراق و ناوچەکەدا دەبێت چارەسەرێکی عادیلانەی بۆ بدۆزرێتەوە. نەك تەنها لەڕوانگەی مافی میللەتێکەوە کە ستەمی نەتەوایەتی بەرامبەر دەکرێ، کەئەمە مافێکی سیاسیەو بەتەواوی مایەی پشتیوانی هەر کەس و گروپێکی سیاسی ئینساندۆست و ئازادیخوازو یەکسانیخواز و دژ بەستەم و چەوسانەوەیە، بەڵکو لەو ڕوانگەشەوە کە بوون و مانەوەی ئەم کێشەیە یەکێکە لەو کێشەو گرفتە نەبڕاوانەی بەردەوام کۆسپ دەخاتە بەردەم ڕەوتی گەشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەو کۆمەڵگایانەدا کە کوردیان تێدا دەژی. هەمیشە فاکتەرێك دەبێت بۆ هێشتنەوەی نائارامی و ناجیگیریی سیاسی و شەڕ و نەفرەت و کینەتۆزی نەتەوەیی و زەمینەخۆشکردن بۆ هێشتنەوە و ڕەواجدان بە بیروبۆچوونی فاشیستی و رەگەزپەرستی و کۆنەپەرستانەو خۆشکردنی زەمینەی مانەوەو سەرهەڵدانی ڕەوت و بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی و شۆڤێنیستی…دوکەڵی ئەم ئاگری ستەم و جیاکاریە نەتەوەییە تەنها ناچێتە چاوی خەڵکی کوردزمانی ئەو کۆمەڵگایانەوە، بەڵکو دەچێتە چاوی سەراپای دانیشتوانی ئەو وولاتانەی کوردیان لێیە! ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ بڕیاردانی خەڵکی کوردزمانی دانیشتوی ئەو چوار ووڵاتەی کوردیان لێدەژی، لەسەر دیاریکردنی چارەنوسی سیاسی خۆیان بۆمانەوە لەچوارچێوەی ئەو ووڵاتانەدا یان جیابونەوەو پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ، رێگاچارەیەکی سیاسی عادیلانەیە و لەبەرژەوەندی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی و چینی کرێکارو دانیشتوانی سەرجەم ئەو ووڵاتانەیە.
دووەم: ئەنجامدانی ریفراندۆم و لایەنگری لەمافی ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان، نەبەستراوەتەوە بەوەی چ لایەنێکی سیاسی بانگەشەی بۆدەکات و ئەنجامی دەدات. هەر لایەنێکی سیاسی، کە بیەوێ کێشەیەکی سیاسی بەوجۆرەی کێشەی کورد لە ناوچەکەدا بەرێگای ریفراندۆم چارەسەر بکات، سیاسەتێکی دروستی هەڵبژاردوە. بانگەشەی چارەسەری کێشەی کورد لەڕێگای بەکارهێنانی چەك و خوێنڕشتن و سەوداو مامەڵەی هێزە ناسیۆنالیستەکان و دەوڵەتانی ناوچەکەوە، دەیان ساڵە پڕوپاگەندەی بۆدەکرێ و دەستی بۆبراوە، بەڵام نەك ئەو پرسە چارەسەر نەکراوە، بەڵکو بەردەوام ئاگری شەڕی نەتەوەیی زیاتر خۆشکراوەو کارەساتی ئینسانی روبەرووی هاوڵاتیانی کورد و هاوڵاتیانی دیکەی ناوچەکە بوەتەوە. بەستنەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بە پێگەی چینایەتی و سیاسەتی ئەو هێزەی بەرگری لێدەکات و بانگەشەی بۆدەکات و ئەنجامی دەدات، تێگەتشتنێکی غەیرە سیاسی و مناڵانەیە. بۆیە دژایەتیکردن و دژوەستانەوەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ هەر لەبەرئەوەی پارتی هێزی سەرەکی ئەنجامدانی بووە، هیچ شانازیەكی مێژوویی بۆ ئەوانە تۆمارناکات و بگرە کورتبینی سیاسی ئەوان دەسەلمێنێ.
ئێستا دەچمە سەر وەڵامدانەوەی ئەو تێگەیشتنەی کە دەڵێ ئەگەر ریفراندۆم نەکرایەت، دۆخی سیاسی کوردستانی عێراق بەم رۆژەی ئێستای نەدەگەیشت و نیوەی خاکی کوردستان لەدەست نەدەچوو وە ئایندەی حکومەتی هەرێمیش بەرەو پوکانەوە نەدەچوو!؟
هەڵبەتە من کاتی خۆشی لەوبارەوە لێکدانەوەی خۆم خستۆتەڕوو. ئێستاش ئەوە دوبارە دەکەمەوە کە دۆخی سیاسی کوردستان و گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێزی نێوان هێزە ناسیۆنالیستەکانی کورد و دەسەڵات و حکومەتی هەرێم لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسیە ئیسلامیەکانی عێراق بەتایبەتی رەوتە شێعەگەرا دەسەڵاتدارەکان و دەسەڵات و حکومەتی ناوەند، بەدوای تێکشکاندنی داعشدا، بەزیانی ناسیۆنالیزمی کورد و دەسەڵات و حکومەتەکەی گۆڕابوو. لەکاتی شەڕی داعشدا، بەناچاری حکومەتی ناوەند چاوی لەوە پۆشی کە هەندێ ناوچە کە بەناوچەی کێشە لەسەر یان ناوچەی مادەی ١٤٠ ناودەبران، بکەوێتەژێردەستی حکومەتی هەرێمەوە. ئەوکات داعش هەڕەشەی لە بەغداش دەکرد! بەڵام دوای ئەوەی حکومەتی ناوەند و هێزە شێعە دەسەڵاتدارەکان، بەپشتیوانی ئێران هێزێکی تۆکمەی سەربازیان دروستکرد بەناوی حەشدی شەعبیەوە، کە لەماوەی چوار ساڵی شەڕی داعشدا ئەزمونی شەڕی پەیداکردو بە باشترین چەك و جبەخانەی ئەمریکی تەیاربوو، ئیتر دوای تەواوبوونی شەڕی داعش، حکومەتی ناوەند ناچارنەبوو ئیمیاز بدات بە هێزە ناسیۆنالیستە کوردەکان و پارتی و یەکێتی و حکومەتەکەیان. بێگومان یەکەم داوای ئەوان ئەوە دەبوو کە ئەو ناوچانەی لەکاتی شەڕی داعشدا کەوتۆتە دەستیان، دەبێ ڕادەستی حکومەتی ناوەندی بکەنەوە. بڕیاری حکومەتی ناوەند بۆ گێڕانەوەی ئەو ناوچانە بەر لە بڕیاری ریفراندۆم و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم درابوو. دەبوایە حکومەتی هەرێم دوای تەوابوونی شەڕی داعش ئەو ناوچانەی بۆ حکومەتی ناوەند چۆڵ بکردایە، بەخۆشی بێت یان بە شەڕ!
بێگومان پارتی سەرباری ئەوەی کە دەیویست لەڕێگای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە شانازیەکی نەتەوەیی بۆ خۆی تۆماربکات و پێشڕەویەکی سیاسی لەبەرامبەر نەیارە سیاسیەکانی لەناو بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کورد دا بەدەست بهێنێ، بەڵام هاوکات دەیزانی کە دەبێت دەسەڵاتی حکومەتەکەی خۆی و یەکێتی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی پێش هێرشی داعش؛ واتە چۆڵکردنی کەرکوك و هەموو ئەو ناوچانەی دیکەی دەرەوەی هەرێم کە کەوتبوە ژێردەستی حکومەتی هەرێم، یان راستتر بڵێین یەکێتی و پارتیەوە. پارتی لەجیاتی ڕادەستکردنەوەی ئەو ناوچانە بە حکومەتی ناوەند، کە وەکو سەرشۆڕیەکی سیاسی بۆیان تەواو دەبوو، ڕێگای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەڵبژارد. بێگومان حکومەتێکی کۆنەپەرستی فاشیستی وەکو عێراق کە لەلایەن دەوڵەتانی فاشیست و شۆڤێنیستی ئێران و تورکیاوە پشتیوانی لێکرا، پەنای بۆ هێرشی سەربازی بردو ریفراندۆم و دەنگدان بۆ جیابونەوەو پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی، لەژێر دروشمی شۆڤێنیستانەی “پاراستنی یەکپارچەیی خاكی عێراق”ەوە، کردە بیانوو بۆ ئەنجامدانی هێرشە سەربازیەکەی بۆ سەر کەرکوك و ناوچەکانی دیکە.
ئەگەر دەسەڵاتی ناوەند لە عێراق بەقەدەر سەرە دەرزیەك حسابی بۆ مافی بڕیاردانی سیاسی خەڵکی کوردستان بکردایە، پیویستی بەوە نەبوو کە هێرشی سەربازی بکات، بەڵکو دەبوایە ڕێزی لە رای خەڵکی کوردستان بگرتایەو ئاکامی ریفراندۆمی قبوڵ بکردایە. بەڵام دەوڵەتی ئیسلامی فاشیستی عێراق، رێگای شەڕ و هێرشی سەربازی هەڵبژارد بەرامبەر بە دەنگدانی خەڵکی کوردستان. ئێستا ئەو گروپ و لایەنانەی کە ئەنجامدانی ریفراندۆم بە سەرچاوەی کارەساتەکانی خەڵکی کوردستان دەزانن، بیانەوێ یان نەیانەوێ، تاوانی رژێمی کۆنەپەرست و فاشیستی ئیسلامی عێراق و پیلانی دەوڵەتانی شۆڤێنیست و سەرکوتگەر و دژە ئینسانی ئێران و تورکیا پاکانە دەکەن و لەسەنگەری ئەوانەوە دژی مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستان دەوەستنەوە، هەر لەبەرئەوەی پارتی هەستاوە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.
لە کۆتاییدا، ئەگەر خاڵی لاوازی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئەوەبێت کە پارتی پێی هەستاوە، بەڵام دژایەتیکردنی ریفراندۆم هیچ شانازیەکی سیاسی و مێژوویی بۆ هیچ کەس تۆمار ناکات. داهاتوو ئەم ڕاستیە دەسەلمێنێ. با کەمێك تەحەمول بکەین.