جه‌مال موحسین
٢٣ ی سێپتێمبه‌ری ٢٠٢٣
هێنده‌ی نه‌وه‌ی نوێ، یه‌كێتی و پارتی ته‌نگه‌نه‌فه‌س نه‌بوون بۆ هه‌ڵبژاردن. وا پێئه‌چێ یه‌كێك له دوا هه‌ناسه و په‌له‌قاژه‌كانی ڕزگاركردنی سیستمی په‌رله‌مانی و به‌ناو هه‌ڵبژاردن و ده‌سه‌ڵاتی باو له كوردستاندا به جه‌سته و سنگی نه‌وه‌ی نوێ سپێردرابێ. به‌جیا له‌وه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌ك له چوارچێوه‌ی سیاسه‌ت و هه‌ژمونی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه و زلهێزانی دنیادا چی به‌سه‌ر دێت، ده‌سه‌ڵات و سیستمی تائێستا و یه‌كێتی و پارتی و هاوبه‌شه‌كانیان له‌ڕوانگه‌ی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و بێبه‌شه‌وه ته‌واو بووه. ئه‌وه هه‌ر جۆری ده‌سه‌ڵاتداری و حكومه‌تكردنی ئه‌م دوو هێزه نییه لای خه‌ڵك كه‌وتۆته ژێر پرسیاره‌وه، بگره ئه‌وه ته‌واوی جۆری به‌ڕێوه‌بردنی ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و كه‌لتوری و ئه‌خلاقی و هزری و هه‌رچی بواری ژیان هه‌یه كه ئه‌وان تا ئێستا كۆنترۆڵیان كردووه، لای خه‌ڵك كه‌وتۆته ژێر پرسیاره‌وه. له‌دۆخێكی ئاوهادایه كه مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن و گۆڕانكاری له‌ڕێی هه‌ڵبژاردنه‌وه كراوه‌ته باسێكی سه‌ره‌كی له‌لایه‌ن ئه‌حزاب و لایه‌نێكه‌وه كه هه‌رچۆنێك بێ خۆیان ’’له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات‘‘دا ئه‌بینن. كه‌واته با بپرسین: ئایا هه‌ڵبژاردن ڕێگه‌چاره‌یه؟
هه‌موو هه‌وڵی چه‌ند ڕۆژی پێشووی نه‌وه‌ی نوێ و به‌تایبه‌تیش سه‌رۆكه‌كه‌ی ئه‌وه بوو خه‌ڵك بچن كارتی بایۆمه‌تری ده‌ربكه‌ن تاكو خۆیان وته‌نی بتوانن به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و ده‌نگ بده‌ن به‌وان. گوایه ده‌نگدان به‌وان یانی ده‌نگ نه‌دان و ناكام كردنه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی. ئاستی خۆشباوه‌ڕی به‌خشینه‌وه گه‌یشتووه به‌وه‌ی كه نه‌وه‌ی نوێ یه‌كه‌م ئه‌بێت و ئیتر پارتی و یه‌كێتی ئه‌بێ سه‌ره بگرن بۆ دووه‌می و سێیه‌می، چ جای حیزبه‌كانی تر. هه‌روه‌ها هه‌را ئه‌نێنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر ’’به‌س خه‌ڵك بچێ به‌شداری ده‌نگدان بكات، نه‌وه‌ی نوێ ئه‌بن به هێزی یه‌كه‌م‘‘. سه‌رۆكی نه‌وه‌ی نوێ لافی ئه‌وه لێئه‌دات كه هێزی مه‌ده‌نیه و میلیشیای نییه هه‌ر بۆیه خه‌ڵك په‌سه‌ندی ئه‌كات. له‌كاتێكدا خۆشی زۆر باش ئه‌زانێت كه ئه‌حزابی میلیشیا ده‌سه‌ڵات به ده‌ستن له كوردستان و سه‌د هه‌ڵبژاردن بكرێت، ئه‌وه‌ی زۆرترین و به‌هێزترین میلیشیای هه‌یه و زۆرترین بودجه‌ی بۆ ته‌رخان كراوه، لێناگه‌ڕێت ده‌سه‌ڵات ده‌ستاوده‌ست بكات، خۆیان وته‌نی. مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه كه با خه‌ڵك هه‌وڵ بده‌ن نه‌وه‌ی نوێش تاقی بكه‌نه‌وه خۆ ئه‌گه‌ر باشتر نه‌بن له یه‌كێتی و پارتی، خراپتر نابن. وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی بێبه‌ش خۆیان و ته‌مه‌ن و نه‌وه‌كانی خۆیان دۆزیبێته‌وه له ساڵی ١٩٩١ ه‌وه ئه‌م هێز و ئه‌و هێز تاقی بكه‌نه‌وه. نه‌وه‌یه‌ك كه له ٩١ دا گه‌وره‌ساڵ بووبێ و ئه‌م ٣٠ ساڵه ئه‌وانی تاقی كردبێته‌وه، ئه‌بێ چه‌ند ساڵی بۆ مابێته‌وه تا نه‌وه‌ی نوێش تاقی بكاته‌وه و دیسان وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بلۆف لێ بده‌نه‌وه ؟!
به‌جیا له ناوه‌ڕۆكی نه‌وه‌ی نوێ و سه‌رۆكه‌كه‌ی كه وه‌ك سه‌رمایه‌دارێكی هه‌ڵتۆقیو جارێك وه‌ك فریادڕه‌سی گه‌نجان و جارێك وه‌ك ’’خێرخوازێك‘‘ی دابه‌شكه‌ری ئاو و به‌نزین و نه‌وت و.. هتد ده‌ركه‌وتوون، هه‌موو هاتوهاواری ئه‌مان بۆ ڕزگاركردنی ده‌سه‌ڵات و سیستمی مه‌وجود بووه له نه‌فره‌ت و توڕه‌یی خه‌ڵك. ئه‌مان له هه‌موو ئه‌و كارانه‌شیاندا ئه‌و په‌یامه‌یان له خه‌ڵك گه‌یاندووه كه ئیتر با ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی ده‌موچاوه‌كانی یه‌كێتی و پارتیدا نه‌بێ و بدرێته ده‌ست بۆینباخ له مله‌كانی نه‌وه‌ی نوێ. ئیتر با خه‌ڵك بخافڵێنن له‌وه‌ی سبه‌ینێی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان (كه هه‌رگیز شانسی ئه‌وه‌یان نییه به ته‌نیا بیگرنه ده‌ست) شاره‌كان ئه‌بنه شامی شه‌ریف و ئه‌منیه‌ت و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی له ئارادا ئه‌بێت. له‌وه بترازێت هیچ به‌رنامه‌یه‌كی ئابووری جیاوازیان پێ نییه، بەغه‌یری ئه‌وه‌ی بڵێن حوكمیان به ده‌ست بێ، له یه‌كێتی و پارتی باشتری ئه‌كه‌ن. كه‌سیش نازانێ چۆن!
له‌ڕوانگه‌ی خه‌ڵكی كرێكار و بێبه‌شی كوردستانه‌وه ده‌سه‌ڵات ته‌واو بووه. ئاڵوگۆڕ به‌مجۆره مومكین نییه و گۆڕینی ده‌موچاوه‌كان مه‌سه‌له ئه‌سڵیه‌كه‌ی خه‌ڵك، كه باشبژێوی و ئارامی و ئازادی و یه‌كسانیه، ناگۆڕێ. ئه‌و جه‌نجاڵ و ژاوه‌ژاوه‌ی كه نه‌وه‌ی نوێ سازی داوه، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه كه زۆرترینی خه‌ڵك خۆشخه‌یاڵ بكات و بچن به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن. له‌كاتێكدا خه‌ڵك له ’’جێی سندان، قوزه‌ڵقورت‘‘ هه‌ڵنابژێرن. خه‌ڵك باش ئه‌زانن كه ئه‌گه‌ر بۆنمونه له سه‌دا ٢٠ یش بچن به‌شداری پرۆسه‌ی به‌ناو هه‌ڵبژاردن بکەن، یه‌كێتی و پارتی بەهه‌ر ڕێگه‌یه‌ك بێت، ڕه‌وایه‌تی ئه‌ده‌نه‌وه به ده‌سه‌ڵاتی خۆیان. نه‌وه‌ی نوێش یان ئه‌بێ زیته‌ی چاوی بێ، یان وه‌ك بابی هه‌ژاران له سه‌ری ڕه‌شه‌وه پشكێكی بۆ دابین ئه‌كه‌ن و ته‌واو. له‌م هه‌لومه‌رجه نوێیه‌ی كوردستاندا، به‌غداد ئه‌كرێ جێی سه‌ری ڕه‌ش بگرێته‌وه، به‌ڵام له‌باری مێژوویی و پێكهاته‌ی نه‌وه‌ی نوێوه، كه حیزبی سیاسیش نییه، و شه‌خسیه‌تی یه‌كه‌می كه‌سێكی موزه‌یه‌ف و كاریكاتۆرێكی سیاسی وه‌ك دۆناڵد تره‌مپ (له شێوه‌ی بوكه‌ڵه‌ییه‌كه‌یدا)، هیچ هه‌لی ئه‌وه‌ی نییه له هاوكێشه‌كاندا جێگه‌ی یه‌كێتی و پارتی بگرێته‌وه. ئه‌وانێك كه تازه و تا ئێستا وه‌ك نوێنه‌رانی بۆرژوازی كورد جێگه‌ی خۆیان گرتووه.
ژاوه‌ژاو و جه‌نجاڵی هه‌ڵبژاردنی نه‌وه‌ی نوێ له پێناوی هیچدایه بۆ خه‌ڵك و بۆ به‌ده‌ستهێنانی پله‌وپایه و به‌شدار بوون له ده‌سه‌لات و بردنی پشك له سه‌روه‌ت سامانی كۆمه‌ڵگه‌دایه بۆ نه‌وه‌ی نوێ. وه‌همی به‌شداربوون له هه‌ڵبژاردندا وه‌ك مخۆرتكه‌یه‌كه و له جه‌سته‌ی برینداری كۆمه‌ڵگه ئه‌دات.