لە ڕۆژانی ٨ و ٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣، لە شاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزب و ڕاوێژکاران و بە بەشداری وەفدێک لە هاوڕێیانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق کە لە هاوڕێیان نادیە مەحمود، خەلیل ئیبراهیم، ئەسعەد تاڵب، هومام ئهلهومام، پێکهاتبوو، سازدرا.
سەرەتای پلنیۆم بە سرودی ئەنتەرناسیوناڵ و دەقیقەیەک ڕێزلێنان لە هاوڕێیانی گیان بەختکردوی ڕێگای ئازادی و سۆشیالیزم دەستی پێکرد و پاشان هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزب، بە وتەیەک بەرنامەی کاری پلنیۆمی کردەوە و دواتر بە تێکڕای دەنگی ئامادەبوانی پلنیۆم پهیڕهوی بەڕێوەچوون و دەستوری باسەکانی پەسەند کرد کە بریتی بوون لە:
١/ ڕاپۆرتی ئۆرگانەکان
٢/ بارودۆخی سیاسی کوردستان
٣/ کاری جەماوەری حیزب و هەنگاوەکانمان لەم بوارهدا
٤/ هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی نیشتەجی لە هەرێمی کوردستان
٥/ ههڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق
٦/ کۆنگرەی ٦ی حیزب
٧/ بڕیار و بڕیارنامەکان
٨/ هەڵبژاردنی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی
پلنیۆمی ٢٧ی کۆمیتەی ناوەندی ڕۆژی یەکەمی بۆ هەڵسەنگاندنی کاری ئەم دەورەیەی حیزب و ڕاپۆرتی ئۆرگانەکان تەرخان کرد و پاش قسەوباسێکی چڕوپڕ لەسەریان، کێشەوگرفتەکانی سەر ڕێگای پێشڕەوی و فراوانکردنەوەی چالاکی ئۆرگانەکانی حیزب درانه بهر باس و ڕێگا چارەی دروست پێشنیارکرا. هەرلەم پەیوەندەدا، پلنیۆم جگە لەوەی کە هەڵسوڕانی ئەم دەورەیەی حیزبی بە ئەرێنی هەڵسەنگاند، هاوکات تەئکیدی کردەوە، کە دەبێ حیزب بەرەو حیزبێکی سیاسی و دەخاڵەتگەر لە مەسەلەکانی کۆمەڵگادا دەربکەوێ و وەک ئۆپۆزسیۆنێکی سەرەکی لە کێشمەکێشە سیاسیەکاندا جێگا بگرێ و توانای هەڵخڕاندنی جەماوهر و ناڕەزایەتیەکانیان له خۆی نیشان بدات. لەم پەیوەندەشدا سەرۆکی مەکتەبی سیاسی لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی پلنیۆمی کردبوو، سەرهکیترینی ئەو لایەن و مەیدانانەی خستبوە ڕوو کە حیزب بتوانێ لە داهاتودا بەم ئاڕاستەیە کاریان لەسەر بکا.
لە دەستوری دووەمدا کە تایبەت بوو بە بارودۆخی سیاسی کوردستانەوە، سەرەتا هاوڕێ خەسرەو سایە، باسەکەی کردەوە و تێیدا لەسەر ڕیشە و هۆکارەکانی قهیران و بنبەستی دهسهڵات و ئهوهی كه بهوهۆیهشهوه خهڵكی كرێكار و زهحمهتكێش كهوتوونهته دۆخێكی نالهبار و گێژاوی سیاسیهوه باس لێكرد. هاوكاتیش باسی ئاڵۆگۆڕی شۆڕشگێرانەی كرد کە نەک هەر دەسەڵاتی ئێستا وەلابنێ، بەڵکو چینی کرێکار و جەماوەری ناڕازی لە دەسەڵات نزیک بکاتەوە و ئیدارەی سیاسی و ئابوری کۆمەڵگە بەدەستەوە بگرێ. لە ئەنجامیشدا سەرخەتی سیاسی و ئەو هەنگاوانەی خستەڕوو کە پێداویستییەکانی ئەم گۆڕانکاریە زامن دەکات. بەدوای قسەوباسی هاوڕێیاندا، پلنیۆم هاوڕی خەسرەو سایەی ڕاسپارد کە لەم بارەوە بەیانێک ئامادە بکات بۆ بڵاوکردنەوە.
لە دەستوری سێهەمی پلنیۆمدا هاوڕی ڕێبوار عارف قسەوباسێکی لەسەر کاری جەماوەری حیزب پێشکەش کرد، کە تێیدا لەسەر لایەنەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری ڕاوەستا. ههروهها جهختی له پێویستیی دابینکردنی ڕابەریەکی شۆڕشگێڕی سیاسی کە بتوانێ هەموو بەشەکانی خەڵكی ناڕازی بۆ ئاڵوگۆڕپێدانی شۆڕشگێرانە ئامادە و یەکگرتوبکات، كردهوه. سەرەنجام پلنیۆم لەبەر ڕۆشنایی قسەوباسەکانی هاوڕێ ڕێبوار عارف و بەشداربوانی پلنیۆم بڕیارێکی پەسەندکرد، تا بۆ کاری داهاتوی حیزب لەلایەن ڕابەری و ئۆرگانەکانەوە بەدەستەوە بگیرێت.
دەستوری چوارەمی پلنیۆم کە تایبەت بوو بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان، هاوڕێ خەسرەو سایە لە قسەوباسێکدا، ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم هەڕەشەیە و ڕێکەوتنێک کە لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمدا هاتۆتەکایەوە، باس کرد و لەسەر ئاکامە زیانبارەکانی بۆ سەر ژیانی خەڵكی کوردستان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری لە ئێران ڕاوەستا. دوای بهشداری ئامادهبووان، پلنیۆم چهند ههنگاوێكی عهمهلی دیاری كرد كه حیزب لە دژی ئەم هەڕەشه و پلانه ڕاوەستێ و خەڵكی کوردستانی لەدژ بێنێتە مەیدانەوە. هاوکات حیزب دەبێ بەتەوای تواناوە، بۆ کۆمەک و بەهاناوە چوونی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و خەڵکی ئاوارە و پەنابەرانی ئێرانی بێدرێغ بچێ و ڕێگا لە ڕوودانی هەر کارەساتێکی سیاسی و ئینسانی بگرێت.
لە دەستوری پێنجەمدا، هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف، لە قسەوباسێکدا باسی لە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق کرد و ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش ڕێگا نەدەن بەناو و دەنگی ئەوانەوە، ئەحزابی قەومی و ئاینی و تیرەگەری هەم لە کوردستان و هەم لە عێراق شەرعیەت بەخۆیان بدەنەوە. لەم ڕاستایەشدا هاوڕێ عوسمان تەئکیدی کرد کە سیاسەتی دروست لەم هەڵبژاردنانە، بە تەنها بایکۆت بەس نییە، بەڵکو دەبێ کەمپینی هەڵبژاردنی حیزبەکان بگۆڕدرێت بە دەربڕینی نەفرەت و ناڕەزایەتی لە حیزبەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیدا و ڕیسواکردنی کاندیدەکانیان. لە ئەنجامدا پلنیۆم بڕیاریدا لە بەیاننامەیەکدا سیاسەت و هەڵوێستی ڕۆشنی حیزب لەسەر هەڵبژاردنەکان بخاتەڕوو.
لە دەستوری شەشەمدا، کە تایبەت بوو بە سازدانی کۆنگرەی شەشەمی حیزب هاوڕێ جەمال موحسن لەسەر گرنگی گۆنگرەی داهاتوو، لە ژیانی حیزب و لە پەیوەند بە دۆخی سیاسی کوردستانەوە، قسەوباسێکی کرد. پێشنیاری ئهوهی كه كۆنگرهی شهشهمی حیزب له كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئهنجام بدرێت، لهلایهن پلنیۆمهوه پهسهند كرا.
لە دەستوری حەوتەمدا، پلنیۆم دوو بەڵگەنامە کە تایبەت بوو بە کێشەی کەرکوک و پڕۆتۆکۆڵی پەیوەندی نێوان هەر دوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان، کە لەلایەن مەکتەبی سیاسیەوە ئامادەکرابوو، پەسەندکرد. هاوکات لە ڕاستای ئارایشتدانەوە و وەڵامدانەوە بەگرێوگۆڵەکانی بەردەم هەڵسوڕانی ئۆرگانەکان و بەرین کردنەوەی مەیدانەکانی کاریان ١٤ بڕیاری پەسەندکرد.
لە دوایین دەستوری باسەکانی پلنیۆمدا کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنەوەی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، پلنیۆمی ٢٧ی کۆمیتەی ناوەندی بە تێکڕای دەنگ هاوڕێ عوسمانی حاجی مارفی وەک سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژاردەوە و هەریەک لە هاوڕێیان “ئازاد مەجید، فواد سادق، ئالان مەعروف، عەبدوڵا مەحمود، دەشتی جەمال، وەستا مەهدی، جەمال موحسن، ڕێبوار عارف و خەسرەو سایە”ی وەک ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژارد.
لە یەکەمین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی دوای پلنیۆمیشدا، هاوڕێ خەسرەو سایە وەک سەرۆکی مەکتهبی سیاسی هەڵبژێردرا و دەستەیەکی کارگێڕی لە هاوڕێیانی مەکتەبی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حیزب، لەنێوان دووکۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیدا دیاری کرا.
بەم جۆرەش پلنیۆمی ٢٧ی کۆمیتەی ناوەندی دوای دوو ڕۆژ لە قسەوباسی چڕوپڕی هاوڕێیانە و بە ئینسجامێکی سیاسی باڵاوە و بە دەخاڵەتی بەرجەستەی هاوڕێیانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و بە وتەیەکی هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف و سرودی ئەنتەر ناسیوناڵ، سەرکەوتوانە کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
١٢/٩/٢٠٢٣