ناڕەزایەتی نوێی سوریا و داوای ڕوخانی بەشار ئەسەد!

نوری بەشیر

ناڕەزایەتیەکی جەماوەری فراوان کە دەچێتە سێهەمین هەفتەوە و بەردەوام و بەرەو فراوان بوونەوە دەچێت، لە سوریا دەستی پێکردوە. سەرەتا ئەم خرۆشانە جەماوەریە لەشاری سوەیدا و دێهات و شارۆچکەکانی دەوروبەری بەدژی هەلومەرجی گرانی، هەژاری و گەندەڵی دارودەستەکانی دەسەڵات، دەستیپێکردو لەیەکەمین رۆژەکانەوە بەفراوانی ئەم ناڕەزایەتیانە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تەنیەوە. دروشمەکان بەرەو دروشم و خواستی سیاسی بەدژی بەشار ئەسەدو حزبی بەعس رۆیشت.

ناڕەزایەتیەکانی ئەمجارە هاتنەمەیدانێکی یەکدەنگ و یەک هەڵوێستە بەشێوەیەکی فراوان کە خۆپیشاندەران وێنەی بەشار ئەسەدیان لەناوەندی شاری سوەیدا داگرت و سوتاندیان و بارەگای حزبی بەعس دەستی بەسەردا گیرا و دروشمی ” بڕۆ بڕۆ بەشار ئەسەد”، “بروخێ دەسەڵاتی بەعس” و ” جەماوەر ئەیەوێت رژێم بڕوخێنێت” هەرزوو بەزویی بەرەو شاری دەرعا و دواتر بۆ بەشی باکوری رۆژئاوای سوریا  و دواتر زۆرێک لە شارۆچکەو ناوچەکانی دەوری سوەیدا و هەندێ لە دیهاتەکانی دەوروبەری حەڵەب و دیمەشق و ناوچەکانی ئەدلب و بەرەو رەقەو حەسەکە رۆیشت.

ئەم ناڕەزایەتیانەی سوەیدا بەدوای بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنیدا دێت کە رژێمی بەشار ئەسەد بەشێوەیەکی خەیاڵی بردیە سەرەوە، لەکاتێکدا کۆمەڵگە خۆی سەرتاپای لە گرانی و برسێتی و نەخۆشی و بێ ئاو و کارەبا و بێکاری ڕادەبەدەر نقوم بووە. بەپێی ئامارەکانی رێکخراوە جیهانیەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٩٠٪ی کۆمەڵگە لەژێر هێڵی هەژارەیەوە دەژی. لیرەی سوری بەجۆرێک دابەزیوە کە لە ساڵی ٢٠١١ دا ٤ لیرە بەرامبەر بوو لەگەڵ یەك دۆلار، بەڵام ئێستا یەك دۆلار ١٥٥٠٠ لیرەیە! کە زیاتر لە ١٥ ملیۆن ئینسان کە لەسەدا هەفتای دانیشتوان دەکات پێویستیان بەیارمەتیە و زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەس پێویستیان بە کۆمەکی خۆراکیە. بانگەوازی رێکخراوی یونسێف بۆ بە هاناوەچوونی خێرای نزیکەی شەش ملیۆن و نیو منداڵ پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەیە.

ئەم ناڕەزایەتیانەی سوەیداو ناوچەکانی، لەکاتێکدا ڕوودەدات بەجیا لە هەژاری و برسێتی دەستی ناوەتە گەروی خەڵکی سوریا، دەستی بەشار ئەسەدو رژێمەکەی لەلایەن وڵاتانی کۆمکاری عەرەبیەوە گیراو بردیانەوە ناو یەکێتی وڵاتانی عەرەبی لەچوارچێوەی سیاسەتی قوتبەندی نوێی جیهانی کە سەرێکی ئەمریکا و هاوپەیمانانی و لەوسەری روسیاو چینە، وە رێکەوتنی سعودیە و ئێران سەرمەشقی ئەو کارانەبوون بۆ بەرژوەندی خۆیان رژێمی بەشار ئەسەد سەربەرزانە بهێننەوە  نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە ئاسانی لەو تاوانانەی ئەنجامیداوە ڕزگاری بکەن.

تا دێت ئەم ناڕەزایەتیانە بەشۆڕو شەوقەوە بەردەوامە، ئەمڕۆ هەینی ٨ی سەپتێمبەر لەگەڵ رێگری هێزەکانی رژێمدا لەشارۆچکەو دیهاتەکانی سوەیداوە بەلێشاو خەڵک بەرەو سوەیدا و مەیدانی کەرامە کە بەهەزاران خەڵکی لەخۆ گرتبوو بە یەکریزی و داواو خواست و دروشم و پلاکارت و قسەوباسی سیاسی وەک: “روخانی بەشار ئەسەدو دامەزراندنی دەسەڵاتی مەدەنی لەلایەن خەڵکەوە” و “ئێمە ئازادیمان دەوێت.. بەپێچەوانەی ویستی تۆ بەشار ئازادیمان دەست دەکەوێت”، هەروەها هاتنی ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی ئەم ناڕەزایەتیانە لەشاری دەرعاوە. هاوکات خۆپیشاندەران بینای یەکێتی کرێکاری و بینای یەکێتی جوتیارانی سەر بە رژێمیان داخست و وێنەی بەشار ئەسەدیان لەسەربانەکان داگرت و داوا لەو یەکێتیانە دەکەن  کە بەگری لە مافەکانی کرێکاران و جوتیاران بکەن و بەدژی سیاسەتی دەسەڵات هەڵوێست بنوێنن. هەروەها نوێنەرانی ناڕەزایەتیەکان چەند زیندانی سوپای بەشار ئەسەدیان لابوو ئازادکردو داواوی ئازادکردنی ژمارەیەک کەس لە دەسەڵات دەکەن.

هاتنەمەیدانی خەڵک بەم یەکڕیزی و دروشمە سیاسیانەوە راپەڕینی بەهاری عەرەبی ٢٠١١ دێنێتەوە یادی خەڵكی سوریا و دنیا، ئێستا مەیدانی کەرامە پاش ١٢ ساڵ یادی راپەڕینی میسر کە دەیانوت ئێرە ساحەی تەحریرە دەهێنێتەوە بیری خەڵکی، بەڵام ئێستا خەڵک دەڵێت ئێرە مەیدانی کەرامەیەو داوای روخانی دەسەڵات بەیەکجاری و دامەزراندنی دەسەڵاتی مەدەنی جەماوەری دەکەن.

فراوانبوونەوەی ئەم ناڕەزایەتیانە رژێمی سوریاو هەموو هێزەکانی دەخالەتگەری سوریای ترساندوە، هەربۆیە پرووپاگەندە لەوەی کە سوەیدا ناوەندی دورزیەکانە دەیانەوێ مۆری قەومی لە ناڕەزایەتیەکان بدەن. هەروەک لە ٢٠١١دا ئەوکارانەیان کرد بەدابڕانی خەڵكی سوریا بە دەستەوتاقمی دینی و قەومی و تایفی و دەستگرتنی کۆنەپەرسترین ملیشیای سەر بە رژێم و هەتا دەخالەتی راستەوخۆی تورکیا، ئێران، حزبوڵای لوبنان و روسیا لەولاوە ئەمریکا بەهێزەکانی و دەستگرتنی چەندین جۆر تاقمی قەومی و دینی تا دەگاتە داعش. بەڵام بەوە دەچێت ئەمجارە ئەمە دادی دەسەڵات نەدات و هاوکاتی ئەم ناڕەزایەتیانەی سوریا لە شارەکانی لاذقیە و طرطور کە بە کەناراوەکانی سوریا ناسراوەو دەکەونە سەر دەریای سپی ناوەڕاست و بەحسابی دەسەڵات و هاوپەیمانەکانی بەناوچەکانی عەلەویەکان دەیناسێنن کە هێمایە بۆ بەشار ئەسەد کە عەلەویە، لەسەرەتای خۆپیشاندانی سوەیداوە هاوپشتیان ڕاگەیاندوەو چەند خۆپیشاندانی لێرەو لەوێ لەمانگەکانی پێشودا ئەنجام دراوە.

هەربۆیە ترسی فراوانبوونەوەی زیاترو سەرتاسەری بوونەوەی ئەم ناڕەزایەتیانەی ئەمجارە، ترسی خستۆتە ناو ریزەکانی بەشار ئەسەدو سەرەتا بە هەڕەشەلێکردن لە رێگای لونا شبلی راوێژکاری ئەسەدەوە کە خۆپیشاندەرانی بە بەکرێگیراو ناو بردووە و بەدوایدا بەناچاری پارێزگاری سوەیدا وتویەتی داواکان دەخەینە بەردەم دەسەڵاتی بەشارو دواتر بەناچاری چەند وەفدی رژێم بۆ راوێژ لەگەڵ خۆپیشاندەراندا کۆبونەوە، بەڵام شکستیان خوارد. جارێک لەڕێگای پارێزگاری سوەیدا و جارێکی تر پارێزگاری دیمەشق و جارێکی کە بەڕێوەبەری هەواڵگری گشتی رژێم و دواتر بۆ ناوەندگیری دەسەڵات پەنایبردوە بۆ سەرۆکی پارتی یەکێتی لوبنان وئام وهاب و دوایی لەرێگای حزبی دیموکراتی لوبنانی طلال ئەرسەلانەوە بەڵام ئەمانیش بەدەستی بەتاڵ گەڕاونەتەوە.

بەشار ئەسەد و دەسەڵاتەکەی دەوریەکی ئەزمەی سیاسی و ئابوری گەورە بەسەر دەبات کە بۆ ئەم دەورەیە هیچ توانای وەڵامدانەوەی نیە. هێزەکانی ئێران و حزبوڵای لوبنان بەدەرجەیەک ریسواو لاکەوتە بوون، ئێستا سوپای پاسداران بەناوی فەیلەقی ٤ی سوپای سوریاوە خۆی دەناسێنێت، هەربۆیە بەدوای ئەو هەوڵە جۆراوجۆرانەی حکومەتی بەشار ئەسەدو شکستهێنانی، یەکێک لە ئەفسەرە پلەباڵاکانی رژێمی داناوە بۆ دۆزینەوەی رێگاو خستنەڕووی چارەسەر بۆ ئەم ناڕەزایەتیانەی سوەیدا!

ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە تەجروبەی ١٢ ساڵ بەر لەئێستای هەیە کە ڕاپەڕینەکەیان بەشکست برا. بەپێی بانگەوازەکانیان بەجیا لەوەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بەیەکڕیزی و یەکدەنگی بەشداری دەکەن و داوای دەسەڵاتی جەماوەری خۆجێی بۆ سوەیدا و ناوچەکانی دەوروبەری دەکەن، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەرانی خانەنشین پەیوەست بوون بە خۆپشاندانەکەوە، مەیدانی کەرامە بوتە شوێنی ناڕەزایەتی و کۆکردنەوەی جەماوەری ئەو ناوچەیە و شوێنی قسەوباس و داواکاریەکان و نیشاندانی چالاکی جۆراوجۆرو لەدەوری یەکتر کۆبونەوە و داواکاری یەکریزی سەرتاسەری و روخانی رژێم، خۆرێکخستن لە خوارەوە لە کۆمیتەکانی گەڕەکدا بۆ بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاریەکان و کاروباری ئابوری شاری سوەیدا، شێوەیەک لە هوشیاری لەم خۆپیشاندانە بەدیدەکرێت لە تەجروبەی بەشکست کێشانی راپەرینی پێشویان و هەروەها لە تەجروبەکانی ئێران و سودان، وە تەجروبە شکستخواردوەکانی لوبنان و عێراق وە دەرسێکی گەورە لەبەردەمیاندایە ئەگەر بە شکست نەبرێت.

ئەم بزووتنەوە چینایەتیە ناڕەزایەتیەی خوارەوەی کۆمەڵگە بۆ نان و ئاو و کارو بەدژی برسێتی و دیکتاتۆری و بەدژی گرانی و گەندەڵی کە خواستی زۆرێک خەڵکی خوارەوەی کۆمەڵگەیە لە ناوچەکەو لەجیهاندا بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاو ئاسیادا، دەورەیەکی نوێیە نەک بۆ سەرتاسەری سوریا بەڵکو بۆ ناوچەکە، بۆیە هاوپشتی و لەپاڵدا وەستانی هەموو هێزە مەدەنی و چەپ و کۆمۆنیستەکانی سوریا و ناوچەکە و دنیا دەخوازێت، هەر ئەم هێزە هوشیارو رێکخراوەی خوارەوەی کۆمەڵگایە، کە دەتوانێ رێگا لە هەرجۆرە سیناریۆیەک بگرێت کە دەیانەوێت مۆری قەومی و دینی و ئاژاوەگێڕی لێبدرێت، هەر ئەم هێزەیە دەتوانێت بەشار ئەسەد بروخێنێ و کۆمەڵگایەکی ئازادو خۆشگوزەران دامەزرێنێت و ببێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ ناوچەکە و جیهان.

٨ی سەپتێمبەری ٢٠٢٣

 

 

 

Check Also

ئایا حکومەتی هەرێم پێکدێت؟

عوسمانی حاجی مارف ڕێگای پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، “کابینەی دەیەم”، درێژ و دڕکاوی و …