ئەمڕۆ بە مەبەستی هەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەم گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی بۆ کەرکوک، بە پاساوی داخستنی ڕێگای کەرکوک/هەولێر، پارتی خۆپیشاندانێکی وەڕێخست و هێزەکانی باڵادەست لە کەرکوکیش، لە ڕێگای زەبروزەنگ و تەقەکردنەوە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە و لە ئاکامیشدا کەسێک کوژراوە و چەند کەسیش بریندار بوون و کەشی شارەکەش میلیتاریزە و نائارام کراوه.
بێگومان ململانێی نێوان ئەحزابی ناسیونالیزمی کورد، بە تایبەتی پارتی، لەگەڵ هێزە باڵادەستەکانی کەرکوکدا، سنوردار نابێتەوە بە داخستنی ڕێگای هەولێر و کەرکوک و گێڕانەوەی چەند بارەگایەکەوە، بەڵکو ئەوە تەنها پاساو و بیانوویەکە لە پەیوەند بە ململانێی دەسەڵات لەو شارەدا لەسەر بنەمای قەومی و تایفی لەپێناو دەستگیربوون لە داهات و سامانی ئەو شارەدا. ململانێیەک کە لە ئێستادا بۆ بەدەستهێنانی پێگەی دۆڕاوی حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی و کۆکردنەوەی دەنگی خەڵکی ئەم شارەیه لە هەڵبژاردنەکەی داهاتوودا، ئەویش بە دنەدانی قەومی و نانەوەی ئاژاوە و تێکدانی ئارامی شارەکە. بەدڵنیایەوە چ هێزە ئەمنیەکانی عێراق و حەشدی شەعبی و چ حیزبە ناسیونالیستە کوردەکان لە پێشیانەوە” پارتی و یەکێتی” ئەزموونێکی بێ کۆتایان لە میلیتاریزەکردنی کەرکوک و نائارامی و دزی و تاڵانی و هەوڵدان بۆ دروستکردنی قڵشتی قەومی لەنێوان عەرەب و کورد و تورکماندا هەیە. هەمووشیان بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسیەکانیان و باڵادەستییان بەسەر شاری کەرکوکدا، ئامادەن دەست بۆ کوشتاری قەومی و بەگژداکردنی خەڵکی شارەکە بەرن. ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵکی شاری کەرکوک ئەزمونی تاڵی چەندین ساڵەی دەسەڵاتدارێتی حکومەت و هێزەکانی عێراق و ئەحزابی بزووتنەوەی کوردایەتییان هەیە کە چۆن ژیانیان لە ناهەموارترین دۆخی سیاسی و ئەمنی و دزی و تاڵانی، بێکاری و نەبونی خزمەتگوزاری و وێرانەدا ڕاگیراوە.
هەر بۆیە چ حیزب و لایەنەکانی عێراق و چ حیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی دوور و نزیک ململانێیان لەسەر ماف و ویستی دانیشتوانی هیچ بەشیک لە خەڵکی شارەکە نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە باڵادەستییان لە ڕێگای چەک و میلیشیاکانیانەوە بەسەر ئیرادەی خەڵکی کەرکوکدا بە خۆ هەڵواسین بە ناسنامە قەومیەکانەوە، بەدەستەوە بگرن. بهمجۆره تا لەو ڕێگایەوە خەڵکی کەرکوک لەهەر چەشنە دەخاڵەت و ئیرادە نواندنێک دوور بخەنەوە و بەو جۆرەی دەیانەوێت سەرئەنجام لەسەر بەشە دەسەڵات و تاڵانچیتی خۆیان ڕێک بکەون. خەڵکی کەرکوک بە کورد و عەرەب و تورکمان و ئاسوری و کلدان و باقی پیكهاتەکانیەوە، نەک نابێ هێچ جۆرە خۆشباوەڕییەکیان بە هێزە بۆرژوازییەکانی کورد و عەرەب و تورکمان هەبێت، بەڵکو دەبێ بەدەست لەناو دەستی یەکتری، پیلانگێری ئەو لایەنانە پوچەڵ بکەنەوە و وەکو هەمیشە لە کەنار یەکتریدا ڕابوەستن و خواستی چوونە دەرەوەی سەرجەم بنکە و بارەگا هێزی چەکداری حزبەکان بەدەستەوە بگرن. ئیرادەی سیاسی خۆیان بە کۆبونەوە لە دەوری یەکتری بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە بکەنە سەر مەشقی گێڕانەوەی ئارامی و ئیرادە بۆ خەڵکی شارەکە. هاوکات تاوانبارانی دزی و تاڵانی و کوشتار و دنەدەرانی بەیەکدادانی قەومی بخەنە بەردەم لێپرسینەوەی دادگای عادلانەی جەماوەری و خواستی ئاشکراکردنی سەرکوتگەران و بکوژانی خۆپیشاندەرانیش بەدەستەوە بگرن.
کەرکوک شاری دانیشتوانەکەیەتی بە عەرەب و کورد و تورکمان و سەرجەم پێکهاتەکانیەوە، نەک شاری دابەشکاری قەومی و تایفی. تا کەرکوک و تەواوی ناوچەکە لە دەستی ئەم هێزانە پاک نەکرێتەوە، ئایندەیەکی ئارام و ئازاد و بێ دزی و تاڵانی مەیسەر نابێت. ئەوەی ئەمڕۆش ڕوویدا تەنها گۆشەیەکە لە مێژوویەکی درێژ و نەنگینی هێزە بۆرژوازییەکانی عەرەب و کورد، لەسەر تاڵانی و دزی و بێئیرادەکردنی دانیشتوانەکەی و هەوڵە پوچەکانیان بۆ بەیەکدادانی دانیشتوانی شارەکە.
ئێمە لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا شەڕ و پێکدادانی هێزەکانی عێراق و ناسیونالیزمی کورد و پارتی و مانۆڕەکانیان، ئیدانە دەکەین و دەستبردن بۆ توندوتیژی لەدژی خۆپیشاندەران بە ناسنامەی پڕ شەرمەزاری ئەو هێزانە دەزانین، هاوکات سەرهخۆشی لە كهسوكاری قوربانیانی روداوەکەی ئەمڕۆ دهكهین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. داوای ئاشکراکردن و سزادانی تەقەکەر و بکوژەکان دەکەین. هاوکات داوا لە خەڵکی کەرکوک دەکەین خۆیان نەدەنە دەست درۆ و دەلەسەی قەومی و نەتەوەپەرستی ئەم هێزانەوە و بگرە وەک دوژمنانی خۆیان بیان ناسن و پەنجەی تاوانکارییان بۆ ڕابکێشن. کۆبوونەوەی جەماوەری ناڕازی شاری کەرکوک لە ڕیزێكی سەربەخۆدا بە ئاڵای پێکەوە ژیان و بە ناسنامەیەکی ئینسانیەوە، مەرجێکی سەرەکی خەباتی هاوبەشی خەڵکی ئەم شارهیە بۆ زامنکردنی ئارامی و ئاسایش و باشبژێوی و دەستکۆتاکردنی هەمو ئەو هێزو لایەنە قەومی و میلیشیایانەی کە ژیانی خەڵکیان بەم دۆخە بردووە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢/٩/٢٠٢٣