مستەفا باهر
زیاتر لە ٣٢ ساڵە ئەحزابی ناسیۆنالیستی کوردی و ئیسلامیەکان دەسەڵاتدارن لە کوردستان. چەندینجار هەڵبژاردنیان ئەنجامداوەو دەموچاوی هەندێ لە پەڕەلەمانتارەکانیان گۆڕیوە، بەڵام ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و هەژاری کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و کابینە لەدوای کابینە لە خراپەوە بۆ خراپتر ڕۆشتوە. هەربۆیە خەڵکی کوردستان هیچ باوەڕێکیان نە بەدەسەڵات ماوە نە بەهەڵبژاردن. هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ ئەو راستیەی دەرخست کە بەشی زۆری خەڵکی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد.
ئێستاش وا جارێکی تر سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ ی دیارکردوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن. بەڵام لەکاتێکدا ئەم حزبانە باسی هەلبژاردن دەکەن کە ڕەوشی سیاسی تەواو جیاوازە لەچاو ههڵبژاردنهکانی پێشوودا، چونکە ئهحزابی بۆرژوازی کوردی تووشی کۆمەڵێک کێشەو گرفتی گەورە بون. لەوانە کێشەکانی بەینی هەرێم و بەغداد، نەک چارەسەر نەکراوە، بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵۆزترو قوڵتر دەبنەوە. هەروەها دەسەڵاتدارانی کوردستان بەتەواوی شکستیان له بهڕێوهبردنی کۆمهڵگادا هێناوەو ناتوانن وەڵامی سەرەتایترین خواستەکانی ڕۆژانهی خهڵک بدەنەوە.
بەڵام لەگەڵ ئەو شکستە گەورەیەی کە توشی بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کورد بوە، حزبە دەسەڵاتدارو حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان هەریەکەیان بەجۆریک لە جۆرەکان و بە بەڵێنی درۆ دەیانەوێت خەڵکی کوردستان چەواشەکەن و ڕایانکێشنە سەر سندوقی دەنگدان. حزبە دەسەڵاتدارەکان بێجگە لە بەڵێنی درۆ ، بەپارەی دزراوی خەڵکی کوردستان جۆرەها دیاری دابەشدەکەن بەسەر دەنگدەرەکانیانداو بەڵینی پلەو پۆستیان پێدەدەن و ئامادەن هاوکاری لەگەل کۆنەپەرسترین هێزدا بکەن بەو مەرجەی کۆمەڵێک دەنگیان بۆ دابین بکەن . حزبه ئۆپۆزسیۆنەکانیش، بۆ ئەوەی کە شەریک بن لە دەسەڵاتداو لە سەروەت و سامانی دزراوی کوردستان شتیکیان بەرکەوێت، بە جۆرەها شێوە دەیانەوێت خەڵکی هانبدەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا. لە ساڵی ٢٠١٨ دەیانووت کە ئەم هەڵبژاردنە ڕاستەوخۆ نەتەوە یەکگرتوەکان بەشداری تیادا دەکات. خاتو “هێنیس پلاسخارت ” نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق خۆی سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکات و ڕێگا لە تەزویرکردن دەگرێت.. ئەگەر ئێمە براوەبین ئەوا دەتوانین دەسەڵات لە یەکیتی و پارتی وەرگرینەوە. ئەم پروپاگەندانە بەزۆری لەلایەن نەوەی نوێ بەتایبەتی کەسێکی وەک شاسوار عەبدولواحیدەوە دەکرا. ئێستاش ئاوازەکەی گۆڕیوەو دووبارە دەیەوێت خەڵک چەواشەبکات بەوەی کە ئەم هەڵبژاردنە بێجگە لە نەتەوە یەکگرتوەکان و دەوڵەتانی هاوپەیمانان کە بەشداریەکی کارایان هەیە ، کۆمسیۆنی عێراق ڕاستەوخۆ خۆی سەرپەرشتی ئەم هەڵبژاردنە دەکات و ڕێگای لە هەمو جۆرە تەزویریک گرتوە. ئەگەر خەڵکی بەشداری بکەن لەهەڵبژاردن ئەوە ئێمە دەبین بەهێزی یەکەم و دەسەڵات لە پارتی و یەکێتی وەردەگرین و ژیان و گوزەرانی خەڵکی زۆر باش دەبێت!
خەڵکی کوردستان ٣٢ ساڵە لەم جۆرە بەڵینانەیان پێدراوە ، بەهێزترینیان بزوتنەوەی گۆران بوو کە دەیانووت ئێمە ئەگەر بچینە دەسەڵات مووچە بۆ کابانی ماڵ دەبڕینەوە، بەڵام کاتێک کە چونە دەسەڵات، نەک موچەیان بۆ کابانی ماڵ نەبڕیەوە، بەڵکو کەوتنە بڕینی مووچەی موچە خۆرانیش. بێگومان نەوەی نوێ هیچکات ناتوانێت لە گۆڕان زیاتر بکات بۆ خەڵکی هەژاری کوردستان. نەوەی نوێ ئەوەی دەتوانێت بیکات هەندێک دەموچاوی تازە دەبەنە پەڕلەمان لەباتی بوتڵ هاویشتن، دەستدەکەن بە فیکە لێدان و گرتنی گرتە ڤیدیۆ و هاتوهاواری بێسود، بەرامبەر بەوەش مووچەیەکی خەیاڵی وەردەگرن، پاش چوار ساڵ لەسەر ڕەنج و شانی خەڵکی کریکارو هەژارانی کوردستان بە مووچەیەکی باش خانەنشین دەبن.
گومان لەوەدانیە کە هەمو لایەک “نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمریکا و هاوپەیمانان” . زۆر باش دەزانن کە کوردستان بوە بە دوو زۆنەوە هەر زۆنەی لە لایەن هێزێکی ملیشیایەوە بەڕێوە دەچێت. باشیش دەزانن کە هەڵبژاردن لەسایەی هێزی ملیشیادا بێجگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵکی هیچی تر نیە.. خەڵکی کوردستان تهجروبهی چهندینجارهی هەڵبژاردن و تێپهڕبوونی چهندین خولی پهرلهمانی بەچاوی خۆی بینیوە. ئهوهی بۆ سهلماندوه که ئهم دهسهڵات و سیستەمەی ئێستا، نهک ههر ناتوانرێ لهڕێگای دهنگدانەوە کهمترین گۆڕانکاری و چاکسازی بهقازانجی خهڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان تێدا بکرێت، تهنانهت ناتوانرێ دهسهڵات له دوو حزبی میلیشیایی و بنهماڵهیی یهکیهتی و پارتیهوه بگوازرێتهوه بۆ ئهحزابێکی تر لهههمان خێزانی ئەوان. چەندینجار لە زاری سەرانی ئەم حزبانەوە ئەوە دراوە بەگوێی خەڵکی کوردستاندا، یەکێک لەوانە مەلابەختیار کە گوتی ئیمە ئەگەر یەک کورسیش بهێنی دەسەڵات هەر لای ئێمەیە، چونکە هێزمان هەیە! هەروەها مەلابەختیار بۆ جارێکی تر دووبارەی کردەوە و دەڵێت : “هیچ هەڵبژاردنێک نەک لە عێراق و کوردستان بگرە لە رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا بەبێ تەزویر نەکراوە”. هەروەها دەڵێت: “ئێمە لەبەرئەوەی کە خاوەنی چەکین دوو کورسیش بێنین دەسەڵات هەر لای ئێمەیە”. بێجگە لەمانەش پەرلەمانی کوردستان کارتۆنیبوونی خۆی بەسەد شێوە سەلماندووەو دهنگ و ڕای خهڵکی هیچ ئەرزشێکی نیە ، تابکرێته پێوانە بۆ گۆڕانکاری لهسیستهمی سیاسی ئێستادا. زۆر بەسادەیی دەتوانین بڵێن پەڕلەمان تەنها بوکەڵەیەکە بە دەست دەسەڵاتدارانەوە.
لەئێستادا حزبەکانی کوردایەتی بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەوە باش دەزانن کە خەڵکی کوردستان بەتەواوی بێزارن لەم دەسەڵات و سیستەم و حزبانەو هیچ باوەڕێکیان بە هەڵبژاردن و پرۆژهی چاکسازی و دهستاودهستکردنی دهسهڵاتی لهڕێگای پهرلهمان و ههڵبژاردنهوه نەماوە و کردویانەتە بابهتێکی گاڵتهئامێز. دەزانن کە خەڵکی بەشێوەیەکی تر هەوڵدەدا بۆ ڕزگاربوون لەم دەسەڵاتە. بۆیە لە ئێستادا ترسی تەواویان لەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریە هەیە و دەزانن ئەگەر ئەم بزوتنەوەیە ڕێکخڕاو بێت و ئاسۆیەکی سیاسی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی و ڕابەریەکی شۆڕشگیڕانەی بۆ دابین بکرێت، توانای ئەوەی هەیە کۆتایی بە دەسەڵاتی ستەمکار و گەندەڵی ئێستا بهێنێت و دەسەڵاتێکی شۆڕشگیڕانەی پشتبەستوو بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک لە جێگای دابمەزرێت. لەدۆخێکی ئاوادایه که مهسهلهی فریودان و ڕاکێشانی هاوڵاتیانی کوردستان بۆسهر سندوقهکانی ههڵبژاردن بۆته گرفت و گرێیهکی گەورەی بهردهم حزبهکانی بزوتنەوەی کوردایەتی.
لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم کە تەنها رێگایەك لەبەردەم کرێکاران و هەژارانی کوردستاندا مابێتەوە ئەوەیە کە بەیەکجاری باروبارگەری ئەم دەسەڵاتەو هەڵبژاردنە گاڵتەجاریەکەی بپێچێنەوە، ئەویش لەرێگای بەکارهێنانی چهكی كاریگهری خۆمان کە تەنها یەکگرتن و ڕێکخراوبونمانە لەدەوری یەکتر، تا بتوانین بەخەباتی نەپساوەی خۆمان کۆتایی بەم دەسەڵاتە گەندەڵە بێنین و لە شوێنیدا دهسهڵاتێكی جهماوهری وا دامەزرێنین كه بتوانێت ئازادی و یهكسانی و خۆشگوزهرانی بۆ هەموان مسۆگهر بكات. کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و هاوکارانیان تەنها لە ڕێگای ئاڵۆگۆڕێکی شۆڕشگێڕانەوە بەدەست دێت نەک لە ڕێگای هەڵبژاردن و پەڕلەمانەوە.
٢١/٨/٢٠٢٣