موحسین کەریم
ئەمریکاو ئێران، وەکو دوو یاریکەری سەرەکی جیهانی و ناوچەیی نەیار لە ناوچەی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دوای دەورانێکی دورودرێژ لە ململانێ و دەستشکاندنەوە، سەرەنجام رێکەوتنێکی ناڕاستەوخۆیان ئەنجام دا بۆ هێورکردنەوەی دۆخی بارگژی نێوانیان بەوەی ئێران ڕازی بوە بەرنامە ئەتۆمیەکەی لە ئاستێکدا رابگرێ کە ئەمریکا پێی قایل بێت و هاوکات فەرمان بە هێزو گروپە چەکداریە ئیسلامیەکانی سەربەخۆی بکات لە عێراق و ناوچەکەدا کە کردەوەی چەکداری دژی بەرژەوەندی و پێگەو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئەنجام نەدەن. لە بەرامبەردا ئەمریکا، چەندین ملیار دۆلاری ئێرانی ئازاد کرد کەدەستی بەسەردا گرتبوو، بەوەش خزمەتێکی گەورەی بە رژێمی ئیسلام ئێران کرد لەکاتێکدا کە قەیرانی ئابوری یەخەی گرتوەو هاوکات دۆخی ئابوری خەڵکی ئێران، بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی فراوانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکیشی بەدوای خۆیدا هێناوە و لەپاڵ هەڕەشەی خرۆشانی جەماوەری ئێران بۆ ئازادی لەدوای تیرۆری ژینا ئەمینیەوە کە سەرباری هیوربوونەوەی، بەڵام وەکو ئاگرێکی ژێرخۆڵەمێش خەباتی خەڵکی ئێران بۆ هەڵپێچانی ئەو رژێمە دژی بەشەریە بەگەرمی ڕادەگرێ، مەترسیەکی جدیە لەسەر ئایندەی رژێمی سەرکوتگەری ئیسلامی سەرمایە لەئێران.
ئەمریکا و رژێمی ئیسلامی ئێران، بە درێژایی تەمەنی رژێمی ئیسلامی لە ململانێ و کێشمەکێشدا بوون و ناوبەناو رێکەوتنی ژێربەژێریان بە ناڕاستەوخۆ یان لەرێگای لایەنی سێهەمەوە ئەنجام داوە. بانگەشەی دژە ئەمریکایی رژێمی ئیسلامی ئێران و دەستێوەردانەکانی لە دۆخی سیاسی ناوچەکەو بەرینکردنەوەی دامێنی دەخالەتگەری سیاسی و سەربازی ئەم رژێمە لەناوچەکەداو هاوکات ململانێ لەگەڵ ئەمریکاو هەڕەشە ناوبەناوەکانی لە ئیسرائیل، ناکۆکی و پێکدادانی بەرژەوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکادا، رێگای لەوە نەگرتوە کە ئەم رژێمە لەکاتی پێویستدا لەگەڵ ئەمریکادا لەپشتی پەردەوە بچنەناو کۆبوونەوە و رێکەوتن و هاوکاریکردنی یەکتر! هەروەکو بۆ ئەمریکاش رژێمی ئێران وەکو کاراکتەرێکی گرنگ بۆ سەرکوتی سیاسی و بڵاوکردنەوەو ڕەواجدان بە کۆنەپەرستی سیاسی و فکری و پێشگرتن لەهەر جۆرە بزوتنەوەیەکی پێشکەوتنخوازو سۆشیالیستی و کرێکاری لەناوچەکەدا، تەماشای ئێرانی کردوە. ئەمریکاو ووڵاتانی سەرمایەداری رۆژاوا، وەکو چۆن لەساڵی ١٩٧٩دا لە بەرامبەر شۆڕشی چەپگەرای خەڵکی ئێران دژی شا، جمهوری ئیسلامی و خومەینیان هەڵبژاردو بەسواری فڕۆکە لە پاریسەوە ڕەوانەی تارانیان کردەوە، تە بەناوی شۆڕشەوە سەرکوتی شۆڕش بکات، ئاواش لەم کاتە ناسکەدا، دوای ئەوەی نەیانتوانی خرۆشانی رادیکاڵانەی جەماوەی ئێران کە بە شۆرشی ژیان ناسراوە، دەستەمۆ بکەن و خۆیان لەبەرامبەر بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵی شۆڕشگێڕ و بەناوەڕۆك چەپدا بینیەوە، جارێکی دیکە جمهوری ئیسلامیان هەڵبژاردەوە.
هەڵبەتە ئەم دەسکەوتە سیاسی و ئابوریە بۆ رژێمی ئێران لەئێستادا، بەهایەکی گرنگ و گەورەی هەیە و کۆمەك بە درێژکردنەوەی تەمەنی دەکات، بۆیە ئامادەیە لەبەرامبەر ئەو هەدیە پڕبایەخەی ” شەیتانی گەورە”دا داوا لە جڕوجانەوەرە بەکرێگیراوەکانی بکات لە عێراق و ناوچەکە بۆئەوەی زیان بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا نەگەیەنن!
گومان لەوەدا نیە کە خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران، بێجگە لە کۆمەڵێك حزبی بۆرژوایی کە بەرامبەر بە جمهوری ئیسلامی دەستەوەستان و بێدەسەڵات ماونەتەوە، ئومێدیان بەوە نەبوە کە پڕوپاگەندەکانی ئەمریکا دژی رژێمی ئێران و گوایە پشتیوانیکردنی لە نارەزایەتیەکان و خەباتی خەڵکی ئێران لە جەرگەی شۆڕشی ژینا بۆ ئازادی، خێرێکی بۆ ئەوان تێدابێت، بەپێچەوانەوە ئەوان دژی هەرجۆرە دەستێوەردانێکی ئەمریکاو دەوڵەتانی ئیمپریالیستی بوون لە دۆخی سیاسی ناوخۆی ئێران و بەتایبەتی لە خرۆشانە جەماوەریەکەی خەڵکی ئێران دژی جمهوری ئیسلامی. خەڵکی ئێران ماوەی ٤٠ ساڵە دەستوپەنجە لەگەڵ رژێمی ئیسلامی ئێران نەرم دەکەن و تائێستا چەندین جار بە خۆپیشاندان و خرۆشانی جەماوەری تەمرینی خۆئامادەکردنیان کردوە بۆ روخانی ئەو رژێمە بەهێزی شۆڕشگێڕانەی خۆیان و ساڵ بەساڵ ئەو خەباتەیان هوشیارانەتر و یەکگرتوو تر و ڕادیکاڵ تر دەبێتەوەو سەرەنجام رۆژەکانی تەمەنی ئەو رژێمە سەرکوتگەرە دڕندەیەی بۆرژوازی و سەرمایە بەدەستی خەڵکی ئێران کەمتردەکرێتەوە!