موحسین کەریم
رۆژانی شەممە تا دووشەممە ڕێکەوتی ٢٢تا ٢٤ی تەمووز/ جولای، “کۆنفرانسی لۆزان” لە شاری لۆزانی سویسرا، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ بەسەر پەیماننامەی “لۆزان”دا، بەسەپەرشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەڕێوەچوو. ژمارەیەکی بەرچاو لە نوسەرو رۆشنبیرو هونەرمەند و هەڵسوڕاوی سیاسی و کەسایەتی سیاسی ناسیۆنالیستی کورد بەشدارییان تێداکرد، کە لە بەشەکانی کوردستانی ئێران، تورکیا، عێراق و سوریاوە هاتبوون. ئەوەی جێگای سەرنجە بێجگە لە سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، هیچ کەسایەتیەکی بڕیاردەرو خاوەن دەسەڵات لە یەکێتی و پارتی و پەکەکەو حزبە سەرەکیەکانی دیکەی ناسیۆنالیزمی کورد ئامادە نەبوون. بەڵام ئەو لایەنەی کۆنفرانسەکەی رێكخستبوو، واتە “کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان” لەژێر هەژمونی سیاسی و فکری پەکەکەدایەو لەڕاستیدا وەکو رێکخراوێکی سەر بەپەکەکە هەژمار دەکرێ. ئەوە بێجگە لەوەی کە “ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ڕۆژئاوا’ لە ٦-٧ ی تەمموز کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی سازکرد بە ناونیشانی “لۆزان: ڕاستکردنەوە و پرسەکانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی” و هەروەها لە دیاربەکریش کۆنفرانسیك بۆ هەمان مەبەست رۆژی ١٠ ی تەموز بەڕێوەچوو.
خاڵێک کە جێگای سەرنجە ئەوەیە کە لە پەیامی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، ئاماژە بە هەرێمی کوردستانی عێراق و کوردستانی تورکیاو سوریا دەکرێ، بەڵام بەهیچ جۆرێک باس لە کوردستانی ئێران ناکرێ. ڕاگەیاندنەکە زیاتر وەڵام بە کێشەکانی پەکەکە دەداتەوە چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی بزوتنەوەی کوردایەتی.
هەڵبەتە ئەم کۆنفرانسە وەکو ناسیۆنالیستەکانی کوردو بەشداربووانی دەڵێن، بۆ رەدکردنەوەی ئەو زوڵمە مێژووییە کە لەچوارچێوەی ئەو پەیماننامەیەدا لە کورد کراوە لەلایەن دەوڵەتانی زلهێزی ئەوکاتی دنیاوە. گوایە لەرێگای ئەم جۆرە کۆبونەوەیەوە پەیامێك ئاراستەی دەوڵەتانی زلهێزی ئێستای دنیا دەکەن کە ڕەچاوی بەرژەوەندی “گەلی کورد” بکەن و قەرەبووی ئەو غەدرە مێژووییەیان بۆ بکەنەوە کە ئەوکات لێیان کراوە! وەکو لە هەندێ خاڵ و بڕگەی پەیامی کۆتایی کۆنفرانسەکەشدا هاتوە! ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو لێکدانەوەیە هاتووە کە جیهانی ئێستا لەسەر رێگای گۆڕانکاری و دەرکەوتنەوەی جەمسەرگیری سیاسی-ئابوری- سەربازی تازەیەو ئەگەری دابەشکردنەوەی جیهان و گۆڕینی نەخشەی سیاسی جیهان و لەوانەش گۆڕینی نەخشەی سیاسی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەرێکی مومکینە کە ڕەنگە پێکهاتەی دەوڵەتەکان و وولاتەکانیش بەدوای خۆیدا بگۆڕێت!
ئەگەرچی هێزە سەرەکیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی کە سی ساڵە دەسەڵاتدارێتی کوردستانی عێراقیان بەدەستەوەیە، زۆر ئومێدیان بەوە نیە کە لەنەخشەی سیاسی تازەی دنیاو ناوچەکەدا شتێکی زیاتریان بە نیسب بێت، چونکە ئەوان خۆیان سی ساڵە خیروبەرەکەتی شەڕی کەنداو نیزامی نوێێ جیهانی بەسەرکردایەتی ئەمریکا دەخۆن و دەزانن کە ئیتر دەرفەتێکی دیکەی زێڕینی وایان بۆ هەڵناکەوێتەوەو ئەوەی ئەمریکاش لەکۆتاییەکەیدایەو بەرەو ووشكبوون دەچێت! هەربۆیە بەجدیش بەشداری کۆنفرانسەکەیان نەکرد! ئەوەی دەمێنێتەوە، پەکەیەیە، کە لەئێستادا تووشی بنبەستێکی سیاسی- سەربازی جدی بووە. ئەگەرچی بەشێکی فراوانی ڕۆشنبیرانی ناسیۆنالیستی ناڕازی کورد لە یەکێتی وپارتی و حزبە تەقلیدیەکانی کوردایەتی، خۆیان لەپاڵ پرۆژەکانی پەکەکەدا دەبیننەوە، بەڵام خودی پرۆژەکانی پەکەکە بنبسەت و بێئاسۆن! پەکەکە لە کوردستانی تورکیا شکستێکی گەورەی تووش بووە، بەوەی کە شەڕی چەکداری لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بەبنبەست گەیشتوە و خۆشیان دەزانن هیچ ئاکامێکی نیەو تەنها رۆژ گوزەراندنە! لەناوخۆی تورکیاش ئەو بزوتنەوە شاریەی کە لەژێر هەژموونی فکری-سیاسی پەکەکەدا بوو، بەکردەوە بەجێگایەك نەگەیشت و سەرکوتگەریەکانی دەوڵەتی تورکیاو حکومەتەکەی ئەکەپەو ئۆردوگان، جۆرێك بێتواناو بێکاریگەری کردووە! لە کوردستانی سوریاش، پرۆژەی “خۆسەری دیموکراتیك” لەناو گێژاوێکیدا پەل دەکوتێ و ئایندەکەی دیارنیە. ئیستا ئایندەی ئەو “ئەزمونەی رۆژاوا” دوای ئەوەی کە بوە بەشێك لە جێبەجێکاری سیاسەتی ئەمریکا لەسوریا، لەناو گێژاوی ململانێی نێوان ئەمریکاو ڕوسیادا گیری خواردوەو بەشوێن دەروازەیەکدا دەگەرێ کە لەگەڵ حکومەتی سوریادا رێك بکەوێ و قبوڵ بکرێ!
بەمجۆرە دەتوانین بڵێین کە کۆنفرانسی لۆزان، بێجگە لە هەوڵێکی پەکەکە بۆهەڵخڕاندنی هەستی “نەتەوەیی” لە سەردەمی شکستی ناسیۆنالیزمی کورد و بێبایەخبوونی هەستی نەتەوەیی و کوردایەتی بەتایبەتی دوای ئەزمونی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کورد لە کوردستانی عێراق، شتێکی دیکە نیە. هاوکات دەرفەتێکە بۆ دەربڕینی ئاهوناڵەی شاعیرانەی رۆشنبیرانی ناسیۆنالیستی کورد لەو بنبەستەی کە حزبەکانی کوردایەتی بۆ ناسیۆنالیزم و هیوا رەنگاڵەیەکانی کوردایەتی بەدیارییان هێناوە!
لەکۆتاییدا، ئەگەر پەیماننامەی لۆزانی نێوان دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و دەوڵەتی تورکیا، سەد ساڵ لەمەوبەر غەدرێکی سیاسی لە کورد کرد و وەکو ناسیۆنالیستەکان دەڵێن بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشی کرد، ئەی کە لەدوای ساڵی ١٩٩١دا لە کوردستانی عێراق فرسەت بۆ کورد پەیدا بوو کە چارەنوسی سیاسی خۆی دیاری بکات و دەوڵەتێك لە کوردستان دروست بکات، یان لە ساڵی ٢٠٠٣دا کە هەمان فرسەت دوبارە پەیدابووەوە، بۆچی سەرانی ناسیۆنالیزمی کورد و کوردایەتی لە کوردستانی عێراق نەك کاریان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان نەکرد، بەلکو بوونە خزمەتکاری هەر ئەو دەوڵەتانەی کە وەکو خۆیان دەڵێن کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوەو زوڵم لە “گەلی کورد” دەکەن!؟ خۆیان بوونەتە خزمەتکاری دەوڵەتانی کۆنەپەرست و فاشیستی ئێران و تورکیاو عێراق و لەبەرخاتری بەرژەوەندی سیاسی ئەوان تەنانەت شەڕی یەکتریشیان کرد و سەدان وهەزارانیان لە یەکتر کوشت!
کۆنفرانسی”رەدکردنەوەی لۆزان” لەکاتێکدا دەبەسترێ کە بزوتنەوەی کوردایەتی دەورانی زێڕینی سیاسی بەرەوکۆتایی دەچێت و روبەرووی بنبەستێکی سیاسی- دیپلۆماسی و هەروەها جەماوەری بۆتەوە. ناسیۆنالیزمی کورد، پێگەی سیاسی- دیپلۆماسی چەند ساڵی پێشووی خۆی لەئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا لەدەستداو لەسەر ئاستی متمانەی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانیش، تووشی شکستێکی گەورە هاتوە! ئەزمونی کوردستانی عێراقیش بەروونی ناکۆکی و دژایەتی ناسیۆنالیزم و کوردایەتی لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و بگرە چارەسەری “پرسی کورد”یش نیشانداوە. بۆیە کۆنفرانسی رەدکردنەوەی لۆزان هیچ بەرەنجامێکی لێناکەوێتەوە بێجگە لە دەربڕینی ئاهوناڵەی بەشداربووان لە دۆخێك کە بۆ ناسیۆنالیزمی کورد هاتۆتەپێشەوە و ئایندەیەكی تاریك کە چاوەرێی دەکات!