کۆبونەوەی پیرمام!

موحسین کەریم

کۆبونەوەی دوو رۆژ لەمەوبەری یەکێتی و پارتی بەبێ هیچ ئاکامێك کۆتایی هات! لەکاتی هاتنەدەرەوەیدا لە کۆبونەوەکە، بافڵ تاڵەبانی لەوەڵامی پرسیاری یەکێك لە رۆژنامەنوسەکاندا کە لێی پرسی لەگەڵ پارتیدا لێك نزیکن!؟ بە تەوسەوە وەڵامی دایەوە” لەوە ئەچێ نزیك بین!؟” هەڵبەتە ئەم قسەیەی دوای کۆمەڵێك قسەی دیکە کرد کە نیشانەی نیگەرانی و توڕەیی بافل تاڵەبانی بوو لە کەشوهەوای کۆبونەوەکەو مامەڵەی سەرکردایەتی پارتی لەگەڵ وەفدەکەی یەکێتی و لەگەڵ پێگەی یەکێتیدا! بافل تاڵەبانی ووتی؛” یەکیتی هێزە!”.

بەدەر لە نیگەرانیەکەی بافل تاڵەبانی، هەر ئینسانێکی عاقڵ و کەمێك خاوەن ئەزمونی سیاسی لە کوردستان زۆر بەسادەیی لەوە تێدەگات کە بۆچی بافڵ تاڵەبانی بەوجۆرە نیگەران بووە! فاکتەری سەرەکی نارەحەتی و توڕەیی بافڵ تاڵەبانی ئەوەیە کە پارتی وەکو هێزێکی ‌هاوبەشی دەسەڵات و خاوەن بڕیاری سیاسی، یەکێتی قبوڵ ناکات. ئێمە جاری دیکەش ئەوەمان باسکردوە کە پارتی، وەکو هێزێکی بچووکی پاشکەوتوی بڕیاری سیاسی خۆی، مامەڵە لەگەڵ یەکێتی دەکات. ئەم کۆبونەوەیە ئەو ڕاستیەی بەجۆرێك سەلماند کە خودی بافڵ تاڵەبانی ناچاربوو کاردانەوە بەرامبەری نیشان بدات.

ئەوەی کە بافڵ تاڵەبانی لەدوای کۆبونەوەکەی لەگەڵ پارتیدا دەڵێ یەكێتی هێزە، وەڵامی ئەو بۆچوون و مامەڵەیەی پارتیە کە حسابی ئەو هێزەی جارانیان بۆ ناکات کە وەکو هاوبەشی دەسەڵات و حکومەت و بڕیاری سیاسی قبوڵی کردبوون، ئەگەرچی وەکو هێزی دووەمی سیاسی چەکداری کوردستانیش بووبێت!

هیچ کەس نیە لە کوردستان نەزانێ کە بڕیاری سیاسی ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارەی کوردستان بەدەستی دوو بنەماڵەی خاوەن دەسەڵاتی ناو ئەو دوو حزبەیە، واتە بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی. خودی ئامادەنەبوونی هیچ کام لە مەسعود بارزانی و نێچیر و مەسرور لەو کۆبونەوەیەدا، مانای ئەوەیە کە خودی ناوەندی بڕیاربەدەستی پارتی ئامادەی ئەو کۆبونەوەیە نەبوەو کۆبونەوەکە بایەخێکی سیاسی ئەوتۆی نیە بۆیان. ئەگەر لە دەورانی تاڵەبانی باوکدا، سەرباری ئەوەی کە ریزبەندی دووەمی سیاسی لەبەرامبەر پارتیدا قبوڵکرد، بەڵام کۆبونەوەکانی لەگەڵ پارتیدا هەمیشە بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی ئەنجام داوە. پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئێستا بەو دۆخەی یەکێتیەوە کە تێیکەوتوە، چ لەڕووی دۆخی ناوخۆیی حزبیەوەو چ لەڕووی پێگەی سیاسی- جەماوەریەکەی و چ لەڕووی پێگەی پیپلۆماسی و تواناییە ئابوریەکانیەوە… ئامادە نیە ئەو قورساییە بدات بە یەکێتی و بە میراتگرانی تاڵەبانی باوك! بەڵام گومان لەوەدا نیە کە تا ئەو کاتەی هێشتا یەکێتی، جیاواز لەهێزێكی وەکو گۆڕان یان ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ، خاوەنی هێزی چەکدار و ناوچەی نفوزو ئیمکاناتی دارایی و پشتیوانی سیاسی- دیپلۆماسیە، دەیەوێ لەگەڵیدا کۆبێتەوەو لەسەر ئەو پرسە سیاسیانەی کە پێویستن و پارتی بۆی گرنگە، بەجۆرێك رێکەوتن بکات، بەڵام ئامادە نیە ئەو پێگەو جێگەیەی کە یەکێتی دەیەوێ، وەکو هاوبەشی سەرەکی و خاوەن بڕیاری سیاسی مامەڵەی بکات.

پارتی ئەوە دەزانێ کە بەشێکی هەرێم لەژێر کۆنترۆڵی سیاسی-ئیداری- سەربازی یەکێتیدایە، بەڵام هاوکات خاڵە لاوازەکانیشی دەناسێت و دەزانێ یەکێتی ئەو هێزەی جاران نیە کە بڕیاردەری یەکەم و کۆتایی ئەم ناوچەیە بێت. سەرباری ئەو خاڵای لاوازانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکردن، پارتی لەناوچەی ژێردەسەلاتی یەکێتی چەندین هێزی چەکداری نزیك لە خۆی دروستکردوە! گومان لەوەدا نیە کە ئەم هێزانە هەژمونی رەهای یەکێتییان بەسەر ئەم ناوچەیەدا لەق کردوە و هەرکاتێك دۆخەکە بخوازێ و پارتی بەگونجاوی بزانی و پێویستی پێی بێت، دەتوانێ لەرێگای ئەو هێزانەوە سەریەشە بۆ دەسەڵات و هەژمونی یەکێتی دروست بکات!

ئەوەی کە بافڵ تاڵەبانی ناچارە باسی ڕابردووی یەکێتی بکات، بەوەی کە یەکێتی خوێنی شەهیدانە، یەکێتی مێژووە، ناتوانێ ئەو بارە لارەی یەکێتی و نەوەی یەکەمی بنەماڵەی تاڵەبانی ڕاست بکاتەوە. تاڵەبانی باوك دوای نزیکەی نیوسەدە لەسەر گۆڕی مستەفا بارزانی پەشیمانی خۆی بۆ ڕکابەری لەگەڵ بارزانیدا دەربڕی! ئیتر مێژوویەکی تازە دەستی پێکرد بەتەئیدی خودی تاڵەبانی، کە هێزی یەکەم و خاوەن بڕیار پارتی و بنەماڵەی بارزانین لە کوردستان. دوای ئەو هەموو شکست و کێشەو گرفتانەی بەسەر یەکێتی و پێگەی سیاسی و جەماوەری ئەو هێزەدا هاتووە دوای تاڵەبانی باوك، تازە بافڵ تاڵەبانی دەیەوێ ئەو ئاراستەیەی کە باوکی هەڵیبژارد، پێچەوانە بکاتەوە! بەڵام بەکردەوە نا، بەڵکو بە هاژوهوژی ڕاگەیاندن! هەرئەوەی لەکاتی هەڵچوونەکەی بافڵ تاڵەبانیدا بەشێك لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی کە لەپشتەوە ڕاوەستابوون، زەردەخەنە لەسەر دەموچاویان بوو، نیشانەی ئەوەبوو کە سەرکردایەتی پارتی زۆر حساب بۆ ئەو قسانەو بۆ خاوەنی قسەکانیش ناکات!

سەرەنجام ئەوە دۆخی سیاسی چەقبەستووی کوردستانە کە لە ململانێی نێوان ئەو دوو حزبە میلیشیاییەدا بووەتە تونێلێكی تاریك و ئایندەی خەڵکەکەی لەناویدا لێڵ دەبێت ئەگەر خەڵك فکرێك لەحاڵی خۆیان نەکەنەوەو هەردوو لای ئەو گەمە قێزەونە بە مێژوو نەسپێرن!

 

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …