مستەفا باهیر
٢٣ ساڵ بەر لە ئیستاو لە ڕۆژی ١٤ی تەمموزی ٢٠٠٠دا، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرپەرشتی راستەوخۆی “نەوشیروان مستەفا “، لەناوجەرگەی شاری سلیمانی، بەڕۆژی ڕوناک، لە گەڕەکی شۆڕش، نزیک ئەمنەسورەکە، تفەنگ بەدەستەکانی لە بەرنامەیەکی لەپێشەوە داڕێژراودا، تاوانێکی گەورەی لەبیرنەکراویان ئەنجامدا. ئەویش بەدانانی بۆسەیەک بۆ تیمێک لە هاوڕێیانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق و تیایدا پێنج لاوی دڵ پڕ لە هیوا، کە تەنها تاوانیان ئەوە بوە وەک نەوشیروان و حزبەکەی بیریان نەدەکردەوە، بەر دەستڕێژی گولە دران و هەر لەوێدا ژیانیان لێوەرگیرایەوە و تیرۆر کران. بەم تاوانە لەبیرنەکراوە، یەکێتی نیشتیمانی و خودی نەوشێروان مستەفا تاوانێکی گەورەیان خستە پاڵ تاوانەکانی تریان.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەر لە سەرەتای ساڵی شەست و شەشەوە کە ئەوکاتە بە جەلالی دەناسران و پاشان بوون بەیەکێتی، شان بەشانی حزبە ناسیۆنالیست و ئیسلامیەکان، تاوان لە دوای تاوان دەرهەق بەخەڵکی هەژاری کوردستان ئەنجام دەدەن. تاوانەکان ئەوەندە زۆرن لە بژاردن نایەن. ئەم تاوانانە تەنها نەیارانی ئەو حزبانە ئاماژەی پێنادەن، بەڵکو بەشێک لە سەرانی ئەو حزبانە خۆیان باسی ئەو تاوانانە دەکەن کە حزبەکانیان ئەنجامیان داوە! تەنها یاداشتی هەندێک لە سەرانی ئەم حزبانە بخوێننەوە ئەوکاتە بۆتان دەردەکەوێت کە ئەمانە چ جۆرە تاوانێکیان ئەنجام داوە! چۆن هەر لەسەرەتای دروستبونیانەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و ساڵ لەدوای ساڵ، لاوی ئەم وڵاتەیان بۆ مەبەستە گڵاوەکانی خۆیان بەکوشتداوە! چۆن شاخ بەشاخ و دۆل بەدوڵ بەدوای یەکتردا گەراون و یەکتریان کوشتوە! چۆن لەسەر سفرەی نانخواردن تەڵەیان بۆ یەکتر ناوەتەوە و خوێنی یەکتریان لەسەر سفرەی خەڵکی گوندنشینەکان ڕشتوە! چۆن یەکتر تاوانباردەکەن کە بونەتە هۆکاری کارەساتی کیمباران و ئەنفال! تاوانی ئەمانە ئەوەندە زۆرە بەهەزاران کتێبی لەسەر بنوسرێت هێشتا کەمە. بەڵام زۆرجار پرسیارێک ئاراستەی کۆمۆنیستەکان دەکرێت کە بۆچی یەکیتی هێرشی کردە سەر ئێوە؟ بۆچی یەکێتی دەیویست ئێوە لەناو هاوکێشەی سیاسی کوردستاندا نەهێڵێ؟ پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە با کەمێک بگەڕێنەوە بۆ ئەوکاتەی ڕاپەڕین ڕوویدا.
دوای ئەوەی کە خەڵکی کوردستان ڕاپەڕین و بەعسیەکانیان لە کوردستان وەدەرنا، بۆ بەڕێوەبردنی کوردستان، خەڵکی زۆربەی شاروشارۆچکەکان بەدەوروو نەخشی کۆمۆنیستەکان خۆیان لە شوراکاندا ڕێکخست. بەڵام پاش ئەوەی کە یەکیتی و پارتی لە ئیرانەوە گەڕانەوە بۆ کوردستان، بەهاوکاری دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و ئەمریکا، یەکەمین کارێک کە کردیان بەهۆی ئەو چەکانەی کە لە ئێران و ئەمریکا وەریان گرتبوو، هێرشیان کردە سەر شوراکان و هەوڵی داخستنیان دان. دوای ئاوارەبوون و نەمانی شوراکان، کۆمۆنیستەکان لەسالی١٩٩٣ توانیان یەکبگرن و حزبی خۆیان، “حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق” دامەزرێنن. بەهۆی داکۆکیکردنی بەردەوامی ئەم حزبە لە خەڵکی کرێکار و هەژاری کوردستان و هوشیارکردنەوەیان لەئامانجی ئەم حزبەناسیۆنالیستانە، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی کە چۆن بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن و ژیان و گوزەرانی خەڵك هیچ جیگاورێگایەکی نیە لە سیاسەت و بەرنامەی کاری ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارەدا، بەهۆی نەخشی حزب لە رێکخستنی خەڵکی زەحمەتکێش و بەرگریکردن لە ژنان و مناڵان و لە قوتی خەڵك دژی تاڵاو براۆی حزبەکانی کوردایەتی، بەۆی ئەوەی کە حزبی کۆمۆنیست هەمیشە ئاگاداری خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانیان دەکرد کە لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەم حزبانەدا توشی کارەساتی گەورە دەبن، چونکە پارتی و یەکێتی بێجگە لە نەهامەتی و دەردیسەری هیچ شتێکی تریان پێنیە بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان.
بەرامبەر بەمەش “حزبی کۆمۆنیست” ڕێگاچارەی گونجاوی بۆ کێشەکان دەدۆزیەوە و خەڵکی هان دەدا بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان. بۆیە هەر زۆر زوو بوو بەجێگای باوەڕی کرێکاران و ژنان و لاوان و ئاوارەکان و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان. ڕۆژبەڕۆژ بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کریکاریی و حزبەکەی لە پەرەسەندندا بوون.
هەربۆیە سەرانی حزبە ناسیۆنالیست و ئیسلامیەکان، بەتایبەتی سەرکردایەتی یەکێتی، دەیزانی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەریکە کۆمۆنیزم دەبێت بە دیاردەیەکی کۆمەڵاتی بەهێزو دەچێتە نێو ژیان و خەباتی کرێکاران و ژنان ولاوان و زەحمەتکێشانی کوردستانەوە، هەربۆیە بەهێزبوونی ئەم بزوتنەوەیەش ترس و دڵەڕاوکێیی نەک هەر لەلای حزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان، بەڵکو لەلای دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەش، بەتایبەتی “جمهوری کۆنەپەرستی ئیسلامی ئیران و رژێمی بەعسی فاشیست ” دروست کردبوو. هەروەک نەوشیروان خۆی لەکاتی دانوسانی وەفدێکی هاوڕێیانی حزب لەماڵەکەی خۆی ووتبوی “ڕژێمی بەعس و جمهوری ئیسلامی ئێران ، زۆر ناڕەحەتن بە بوونی ئێوە لەم ناوچەیە، ئێمەش شەڕی ئەو دوو وڵاتەمان پێ ناکرێت “.
بەمشێوەیە یەکێتی لەسەر داوای ئێران لەو رۆژەدا ١٤/٧/٢٠٠٠دا هێڕشی کردە سەر حزبی کۆمۆنیست و ئەو ڕێکخراوانەی کە نزیکایەتیان هەبوو لەگەڵ ئەو حزبەدا. ئەگەر ئێستا وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە لەسەرەوە کردمان، بێجگە لەو هۆکارانەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، بەڕای من یەکێک لە هۆکارەکانی تر کە وایکرد حزبە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیەکان هێرشبکەنە سەر حزبی کۆمۆنیست، بۆئەوەی بتوانن ئەم دۆخەی ئێستا بخوڵقێنن و کۆمەڵگای کوردستان بەم ڕۆژە بگەیەنن و بتوانن سەرکوتیان بکەن، چونکە هیچ دەسەڵاتێک لە هیچ شوێنێکی دونیادا ناتوانێت هەروا بە ئاسانی سەرکوت و کۆنەپەرستی و قانوونی دژی ئینسانی وبێکاری و بێنانی و دزی و فەسادی و تاڵانی ئاشکرا بەسەر کۆمەڵگادا بسەپینێت، ئەگەر هێرش نەکاتە سەر ئەو هێزەی کە هەوڵدەدات کۆمەڵگا هوشیارکاتەوە لە ئامانجی گڵاوی ئەم حزبانە. بۆیە یەکێتی و نەوشیروان مستەفا بریاریاندا یەکەمین کەسانێک کە دەبێت خوێنیان برێژرێت کۆمۆنیستەکان بن. هەر بۆیە رۆژی ١٤ی تەمموزی ٢٠٠٠ ئەم پۆلە کۆمۆنیستە ( محمد مستەفا، ئومێد نگبین، ئیبراهیم محمد، هاوڕێ لەتیف، عبدول باسیت محسین ناسراو بە شێخ عەبدول)یان تیرۆرکرد.
لەدوای تیرۆرکردنی ئەوانیش هەرچەندە خەڵکی ئازادیخواز و هەژارانی کوردستان هەنگاو لەدوای هەنگاو هێڕشیان دەکردو بەرگریان دەکرد، بەڵام هەمیشە لەلایەن ئەو دەسەڵاتەوە خوینیان دەڕژاو ئەو خوێنەش بە ناوچەوانی سەرانی دەسەڵاتداری یەکێتی و پارتیەوە نەخشێنراوە. ئەم دەسەڵاتە سەرکوتگەرە بە خوێنڕشتن توانیان ئەم رۆژە، واتە خۆشگوزەرانی و ژیانی شاهانە بۆ خویان و دەستو پێوەندەکانیان دەستەبەربکەن و کارەسات و مەینەتباری و نەبونی بەدیاری بدەن بەخەڵکی کریکارو هەژاری کوردستان و ژیانیان لێبکەن بە دۆزەخ.
کریکاران و هەژارانی کوردستان دەبێت ئەوە باش بزانن، لەسایەی دەسەڵاتی ئەحزابی ناسیۆنالیستی و ئیسلامیدا هیچ کات ژیانیان ئەگەر خراپتر نەبێت بێگومان لە ئیستا باشتر نابێت. ئەگەر کرێکاران و هەژارانی کوردستان دەیانەوێت ژیانیان باشبێت، دەبێت هەوڵبدەن بۆ لە دەسەڵاتخستنی ئەم حزبانەو لابردنی ئەم سیستەمە حوکمڕانیە. ئەویش تەنها بەڕێکخراوبون یەکگرتنیان دەبێت لە دەوری یەکتر، بەبێ ئەمە چاوەڕوانی ئەوە نەبن کە دەسەڵاتی کوردایەتی ژیانیان باش بکەن.
هەرچەندە دوژمانی کۆمۆنیزم هەمیشە بەدوای ئەوەوەن کە کۆمۆنیزم بەتەواوی لەناوبەرن، بەڵام دەبێت دوژمانی کۆمۆنیزم باش ئەوە بزانن تا چەوسینەرو چەوساوە هەبێت.، تا کرێکارو سەرمایەدار هەبێت، تا هەژارو دەوڵەمەند هەبێت، ئاڵای کۆمۆنیزم گەشاوەیە و ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو ڕێگایەی کە هاوڕێیانمان ژیانیان لە پیناودا بەخشی.
بەرزوو بەرێزبیت یادی هاوڕێیانی تاوانە تیرۆریستیەکەی ١٤ تەموز٢٠٠٠
نەفرەت لە تیرۆرو تیرۆریستان.