تورکیاو کارتی نەوتی هەرێم.. سەرنجێک لەسەر سەردانەکەی مەسرور بەرزانی

خەسرەوسایە

بەدوای کۆبوونەوە هاوبەشەکەی هەردو وەفدی تورکیاو عێراق لەبەغدا و نەگەیشتنە ئەنجامێک لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، ڕۆژێک داوتر مەسرور بەرزانی، بەپەلە سەردانی تورکیای کردو لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئۆردوگان، کۆبوەوە. ئەم سەردانە لەنێو میدیا عەرەبی و عێراقیەکاندا لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆکرا، لەناوخۆی کوردستانیشدا هەندێك کەس قسەیان لەسەرکرد: سەرەتا ئاژانسی “موتەڵع”ی عێراقی وای بڵاوکردەوە کە “دۆسێی نەوت مایەی نیگەرانیەکی گەورەیەی پارتی و بەرزانیە، چونکە ترسیان لەبڕگەکانی ئەو ڕێکەوتنە نەوتیە تاک لایەنەیە کەپێشتر لەسالێ ٢٠١٤ دا بەبێ ئاگاداری حکومەتی فیدراڵ واژۆیان لەسەرکردوە”، گوایە بەرزانی لەوە دەترسێت کە لەگەڵ ڕیکەوتنی بەغداو تورکیادا ئەو گەندەڵیە گەورەیە ئاشکرا بێت کەپارتی لەپشت ڕێکەوتینی ٥٠ ساڵەی هەناردەکردنی نەوتەوە لەگەڵ تورکیادا بەستویەتی. هەرلەم پەیوەندەدا ڕۆژنامەی “ئەلعەرەبی لەندەن”یش لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردوە کە”گومانی گەندەڵی گەورە هەیە لەو ڕێككەوتنەكەدا كە لەلایەن سەرۆكی ئەوكاتەی حكومەتی هەرێم “نێچیرڤان بارزانی”یەوە واژۆكراوە، ئەمڕۆش ترسی گەورە هەیە ئەو بابەتانە ئاشكراببن”. لەسەرێکی ترەوە کاربەدەستانی ئەمنی تورکیا، لەوانەش “گولەر” بۆ میدیا ناوخۆیەکان قسەی کردوە و گوایە سەردانەکەی مەسرور بەرزانی پەیوەندی بەتیرۆرو هاوکاری هەردوو لاوە هەیە بۆ ڕووبەڕوبونەوەی تیرۆر لەناوچەکەدا، کەدیارە مەبەست لەپەکەکاو هێزە لایەنگرەکانیەتی لەعیراق و سوریادا.

ئەگەرچی ئەوە مەعلوم نیە کەسەردانەکەی مەسرور بەرزانی لەسەر خواستی پارتی بووە یان تورکیا، بەلام ئامانج لێی هەر ئەو ترسە نیە کە پارتی کەوتۆتە گەندەلیەوە و لەمکاتەدا کەمقۆمقوی هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خراوەتە سەر زارەوە، تەنانەت هەر ئەوە نیە کە بەرپرسانی ئەمنی تورکیا دەیانەوێت لەچوارچێوەی شەری ئۆردوگان لەدژی پەکەکادا بەڕای گشتی بناسێنن.

بەدڵنیایەوە لەهەر سەردان و کۆبوونەوەیەکی دەولەتاندا ئامانجی لاوەکی و لێکەوتەی تریش هەیە، واتە پیدەچیت پارتی لەو گەندەڵی و تاڵانچیتیەی کە لەڕیکەوتنی ٥٠سالەدا، تێی کەوتوە ترسی ئاشکرابونی هەبێت. تەنانەت هیچ دوور نیە بەرپرسانی ئەمنی کەیسی پەکەکا لەسەرمیزی هەر کۆبوونەوەیەکی نیوان تورکیاو سەرانی پارتی و هەرێمی کوردستان دابنین و بیانەوێت بەکاری بهێنن بۆ توندکردنەوەی فشارە سیاسی و سەربازیەکانیان لەسەر پەکەکا، بەلام ئەمانە لەدۆخی جیهانی و ناوچەیی ئەمڕۆدا و بەسەرنجدان لەپێگەی تورکیا، هێشتا ناتوانێ مەبەست و ئامانجەکانی تورکیا و پارتی لەگفتوگۆکانیاندا بەتەواوی بخاتەبەرچاو. کەوایە مەغزای ئەم سەردانە لەچیدایە؟

بەدڵنیایەوە سەردانەکەی مەسروربەرزانی پەیوەندی بەنەوتی کوردستانەوەیە، بەڵام کاتێک کە لەو مەرجانە ورددەبینەوە کەوەفدی تورکیا لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ هاوتا عێراقیەکەی داوایکردوە، ئەوەمان پێدەڵیت کە دەسەڵاتدارانی تورکیا جگە لەوەی کە داوای بەدەستهێنانی کۆمەلێک ئیمتیازاتی کردوە، لەوانە پێدانی بڕیک پارە بۆ ئەو ماوەیەی نەوتی هەریمی تێدا ڕاگیراوە و هەروەها لێخۆشبوون لەو قەرزەی کە دادگای فەرەنسا بۆ عیراقی جێگیرکردەوە، هاوکات تورکیا داوایکردوە کەتەرەفێک بێت لەهەر ڕیکەوتنێکی نەوتی نیوان هەولێرو بەغدادا. خودی ئەم مەرجەش کۆبونەوەی نێوان هەردوو وەفدی عیراق تورکیای بەبێ ئەنجام گەیاند. بەلام مەغزای سیاسی ئەم داواو مەرجەی تورکیا بۆچی دەگەڕیتەوە؟

جەنگ لەئۆکرانیا و توندبوونەوەی ململانێی جەمسەرە ئیمپریالیستیەکان و ئەو گێژاوەی کە لەدونیادا سەری هەڵداوە و ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕۆژهەلاتی ناوەراست، دۆخێکی ناجێگیری وای پێکهیناوە کە ململانیی دەولەتانی ناوچەکەو ڕۆڵی ئەمریکاو ئەوروپا لەسەر سازدانەوەی سیستەمی ئەمنی لەکەنداوی عەرەبیدا و پێگەی ولاتانیکی وەک سعودیە، ئیران و ئیسرائیل، قەتەر و تورکیای خستۆتە ڕکەبەریەکی بەردەوامەوە. بێگومان لەم نێوەدا عیراق سەنتەرە و هەموو ئەو ولاتانە چاویان تێبڕیوە بەتایبەتی کە کۆمەلگایەکی دوای چەندین جەنگەو پیویستی بەسازدانەوەی ژێربینای ئابوری و ئیستقراری سیاسیە لەبەردەم سەرمایەکان و کۆمپانیاکاندا، تا لەم بازاڕەدا سەرمایەگوزاری بکەن.

بەپێی راپۆرتە جیهانیەکان وا باسدەکرێت عیراق لەهەنگاوی یەکەمدا پیویستی بە٩٠٠ ملیار دۆلارە و سندوقی دراوی نێودەولەتی ئامادەیە هەنگاو بەهەنگاو ئەم سەرمایەیەی وەک قەرز پێبدا، تالە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەو سازدانەوەی ژێربینای ئابوری عیراقدا خەرج بکرێ، بەمەرجی ئەوەی بتوانی ئاستی ڕۆژانەی هەناردەکردنی نەوت لە٦ ملیۆن بەرمیل نەوت نزیک بکاتەوە. لەم نێوەدا تورکیا چاوی لەبازاڕی عیراق و ئەو سەرمایەیە بڕیوە تا بۆ خۆدەربازکردن لەو ڕکودە ئابوریەی تێیکەوتوە، سودی لیوەربگرێ. لەسەرێکیترەوە پێگەی تورکیا لەناوچەکە بەگشتی و لەعیراقدا بەتایبەتی ڕکەبەرێکی سەرەکی ئێرانە، بەتایبەتی کەئیران لەعێراقدا ڕۆڵی کاریگەری هەیە. بونی ئێران لەیەمەن، سوریا، ئەفغانستان، فەلەستین، ولوبنان ونفوزی لەئاسیای میانە، تورکیای ناچاکردوە بە بەچرکردنەوەی هەولەکانی بۆ بەرینکردنەوەی ڕۆڵی دەخاڵەتگەرانەی لەگەلێک لەو ناوچانەدا کەنفوزی ئێرانی تێدایە، تا هاوسەنگیەکی دڵخوازی لەبەرامبەر ئێراندا جێگیر بکات، بەتایبەتی لە ئەگەری دابەشکردنەوەی ناوچەکەو جێگیرکردنی هەر سیستەمێکی ئەمنیدا، پێگەیەک بەدەست بهێنێ کەوەلامدەرەوەی سەرمایەگوزاری بێت بۆ کۆمپانیا تورکیەکان. بۆ ئەمەش پیویستی بەکارتی سیاسی، سەربازی و ئابوری هەیە تا دەخالەتی خۆی زامن بکات. بۆنمونە لەسوریا و کوردستانی عێراقدا کارتی ڕاکێشانی هێز، لە لیبیا کارتی دروستکردنی گروپە چەکدارەکانی سەربەخۆی، لەفەلەستین کارتی “ئیخوانی”،  لەئاسیای میانە کارتی دیبلۆماسی وبەستنی پڕۆتۆکۆڵ.. ئەوەی وەک بۆشاییەک ماوەتەوە، ڕوڵی تورکیایە لەعیراقدا. ئەگەر بۆ ئێران ئەحزابی شیعەگەرا و میلیشیاکانی سەر بەحەشدی شەعبی کەناڵی دەخاڵەتگەری بێت، ئەوا بۆ تورکیا بۆشاییەکی گەورە هەیە. بەواتایەکی تر تورکیا سەردەمانێک هەولیدا کەرکوک و موسڵ وەک کارتێک بۆ دەخاڵەتکردن بەدەستەوە بگرێ، بەلام سەرکەوتوونەبوو، لێرەوەیە نەوتی هەرێم وەک کارتێکی دەخالەتگەری بۆ تورکیا خۆی بەرجەستەکردۆتەوە، بەتایبەتی کەخاکی تورکیا تەنها کەنالیکی ئامادەیە بۆ ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم لەڕیگای تورکیاوە. داوای تورکیا بەوەی کەتەرەفێک بێت لەهەرجۆرە ڕیکەوتنێکی نەوتی نیوان هەرێم و بەغدادا، خۆی تەعبیرە لە ئامانجێکی ستراتیژی تری تورکیا بۆ بەدەستهێنانی پیگەیەک کەبتوانی دەخالەت لەشکڵپێدان بەو هەلومەرجە بدات کەهەم هیزە ناوخۆیەکانی عیراق وهەم ئەمریکاو دەولەتانی تر حسابی بۆبکەن.

لەیەک وتەدا، دۆخی ئیستای عیراق و ناوچەکەو ئەو ڕکەبەریەی کە دەولەتانی ناوچەکە لەسەر داهاوتوی عیراق وبازاڕی سەرمایە هەیانە تورکیای وادار کردوە کە ستراتیژی تر لەنەوتی هەرێم بڕوانێ و لەڕیگەیەوە ئەو ڕۆڵە تێپەڕێنی کەوەکە بازرگانێکی نەوت و ناردنەدەرەوەی لەڕیگای بەندەری جیهانەوە تائێستا گێراویەتی. خودی ئەوەی کە تورکیا ئامادەیە تەحەمولی ئەو زەرەرە بکات کە لە درێژەدان بە راگرتنی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمدا بەری کەوتووە، ئەوەمان پێدەڵێت کەکارتی نەوتی هەرێمی بەدوای بڕیارەکانی دادگای فەرەنسادا، بۆ دەخاڵەتکردن لەدۆخی عێراقدا بەدەستەوەگرتوە، دیارە لەسەردانەکەی ئەم دوایەی مەسرور بەرزانیدا، ئەم بابەتە باسکراوە و زەمانەتی ئەوەش بەپارتی و حکومەتەکەی دراوە، کەتورکیا وەک پشتیوانیەکی ستراتیژی پارتی و هەرێم و هەموو ئەو ڕیکەوتنانەی پێکەوە کردویانە وەک خۆی دەمێنتەوە. بەومەرجەی پارتی وەلامدەرەوەی سیاسەت و هەنگاوەکانی تورکیابێت لەئاست ناوچەکەو عێراقدا.

تائەوجێگەیەی کەبە مەبەست و ئامانجی پارتی لەم سەردانەدا دەگەریتەوە، ڕۆشنە کەپیویستی بەدەخالەتگەری تورکیا لەعێراقدا هەیە و ئەویش بەحزوری تورکیا لە ڕیکەوتنە نەوتیەکانیدا لەگەڵ بەغدادا، لەپشتیوانەیەکی ناوچەیی بەهێزی وەک تورکیا بەهرەمەند دەبێت بۆ ڕاگرتنی هیزهاوسەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و لایەنە شێعیەکاندا. بەتایبەتی لەدۆخێکدا کە حکومەتی عێراق ڕۆژ بەڕۆژ بەشیوازی جیاجیا، لەهەولدایە دەسەلاتی بەسەر هەرێمدا مەرکەزی بکاتەوە و هەموو ئەو ئیمتیازاتانە لەحزبە دەسەلاتدارەکان وەربگرێتەوە کە لە سەردەمی دانانی دەستوردا پێیان درابوو، بەرادەی ئەوەی کە گشت قەوارەی هەرێم لاواز و لاوەکی بکاتەوە بۆ سەر ئاستی باقی پارێزگاکانی تری عێراق.. ئەمەیە مەغزای سیاسی سەردانەکەی ئەم دواییانەی مەسرور بەرزانی بۆ تورکیا.

٢٣/٦/٢٠٢٣

 

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …