لە یاریگای مەدینە لە بەغدا دروشم دژی ئێران و ئەمریکا وترایەوە

مستەفا باهیر

رۆژی ٢٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ، لە یاریگای مەدینە لە شاری بەغدادی پایتەخت، کۆتا یاری ” جامی رۆژ ئاوای ئاسیا”  بەئامادەبوونی زیاتر لە ٣٢ هەزار هاندەر ئەنجام درا ‌. یاریەکە له‌نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ “عێراق و ئێران ” دا بوو. دوای‌ یارییه‌كی‌ به‌هێز و سه‌رنجڕاكێش، دواجار هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق توانی‌ بەلێدانی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ( په‌نالتی‌ ) یاریەکە بەرێتەوە و نازناوی‌ ئەو پاڵه‌وانێتیه‌ بەرێت بۆخۆی‌ .

ئەوەی کە جێگای  سەرنج بوو، لەکاتی بەرزکردنەوەی ئاڵای ئێران و ووتنی  سرودی  نیشتمانی لەلایەن  تیمی ئێرانەوە، هاندەرانی بەشداربووی یاریگاکە، هەموو پێکەوە و  لەیەک کاتدا و  بەدەنگێکی  یەکجار بەرز،  دەستیانکرد بە فیکەلێدان. ئەمەش بوەهۆی ئەوەی هیچ کەس گوێبیستی سرودەکە نەبێت! دوای تەواوبونی سرودەکە لەلایەن هاندەرانەوە دەستکرا بە ووتنی دروشم دژی  دەوڵەتی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران و ئەمریکا. بەڵام دروشمەکان زیاتر ڕوو بەدەوڵەتی ئیسلامی ئێران بوو. سەرەتا دەزگا راگەیاندنەکان خۆیان لادا لەباسکردنی ئەم هەواڵە، بەڵام بەهۆی بڵاوبونەوەی چەند گرتەیەکی ڤیدۆیی لە سۆشیال میدیادا،  دەسەڵاتی ئیسلامی  شیعە لەعیراق  ناچاربوون بێدەنگی بشکێنن!

سەرەتا دەزگا ئەمنیەکان ڕایانگەیاند کە ئەوانە کۆمەڵێک کەسی گێرە شێوێن بوون و ئامانجیان نانەوەی پشێوی لەناو یاریگاکەدا بەمەبەستی دزیکردن و چەند  کەسمان لەوانە دەستگیرکردوە کە دزیان کردوە! هەروەها عەمامە بەسەرەکانی شیعە ناچاربوون بێنە سەر شاشەی تیڤیەکان و ڕابگەیەنن کە ئەوەی ئەوکارەیان کردوە ژمارەیەکی کەم بوون لە بەعسیەکان، چونکە ئەم کردەوانە کردەوەی خەڵکی ڕەسەنی  میواندۆستی عێراق نیە و یاری و سیاسەت نابێت تێکەڵ بکرێت!

بەڵام لەراستیدا ئەمە پەیامێک بوو کە لەلایەن هاندەرانی یاریگاکەوە درا  بە پارتە ئیسلامیە شیعەکانی عێراق و دەوڵەتی ئێران و ئەمریکا، چوونکە هەموو خەڵکی عێراق باش ئەوە دەزانن کە کۆنترۆڵی ئەم حزبە دەسەڵاتدارانەی عێراق بەدەست ئەم دوو  ووڵاتەوەیە. ئەم حزبانە زیاتر لە بیست ساڵە دەسەڵاتدارن لە عێراق، بێجگە لە نەبونی و کوێرەوەری هیچ شتێکیان بۆ خەڵکی هەژاری عێراق نەهێناوە. ئەم حزبانە سەروەتێکی زۆری عێراقیان لەبەردەستەو هەموی فەرهود دەکەن بۆ خۆیان و ئاغاکانیان لە ئێران. خەڵکی هەژاری عێراقیش بەدەست نەبونی خزمەتگوزاری وەک “تەندروستی ، ئاو، کارەبا ، پەروەردە و بیکاری.. هتد “ەوە دەناڵێنن. هەروەها سەرەڕای بونی ئەو سەروەتە زۆرەی کە لە عێراقدا هەیە ، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی هەژاری لە تەواوی ووڵاتدا بەرەو زیادبون دەڕوات. بۆیە ئەو جەماوەرەی لەو یاریگایە ئامادەبوون بەشداری تیمی ئێرانیان بەفرسەت وەرگرتوە تا لەو ڕێگایەوە پەیامی ناڕەزایەتی و نەفرەتی خۆیان بگەینە دەسەڵاتداران لە ئیران و ئەمریکا! چونکە  ئەم دوو دەوڵەتە  بەهۆکاری  سەرەکی ئەو هەموو کارەساتە دەزانن کە بەسەر خەڵکی هەژاری عێراقدا هاتوە و لەهەر کاتێکدا دەرفەتیان هەبێت باڵا دەستی ئەو دوو دەولەتە و حزبە بەکرێگیراوەکانیان لە عێراق وەدەر دەنێنن.

 

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …