تەنها بەرەی ئازادیخوازان دەتوانێت ڕێگا لەم تیرۆریزم و ئینسانکوژیە بگرێت

ئێوارەی پێنج شەممەی ٢٢ حوزەیران، لەشارۆچکەی چەمچەماڵ گەنجێک بەناوی “خواناس وریا” دەدرێتە بەردەستڕێژی گولە و تیرۆردەکرێت. بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، ڕایگەیاندوەکە کەئەم کردەوە تیرۆریستیە بەهۆی بیروڕای جاوازەوە بووە. بەم جۆرەش تاوانی “خواناس وریا” وەک کەسێکی هونەرمەندو ئازادیخواز و ئینساندۆست، سوربونی بووە لەسەر باوەڕەکانی و بەم هۆیەشەوە  فتوای تیرۆری بەسەردا دەدرێت.

بێگومان خەڵکی کوردستان بەدرێژایی چەند دەیەی ڕابرودو کارنامەی ڕەش و ئینسانکوژی ئەم ڕەوتانەی لەبەرچاوە کەچۆن کوشتنی ژنان و تیرۆری کەسانی سکولار وئازادیخوازیان، لەپاڵ بانگەشەکردن بۆ کۆنەپەرستی و هەوڵەکانیان بۆ حجابکردنی کچانی منداڵ و هەڕەشەکردن لەنوسەرو هونەرمەندان و ڕێکخراوەکانی ژنان و هەرکەس و لایەنێک کەهەڵگری بیروڕای ئازادیخوازی و یەکسانیخۆازی بێت، کردۆتە گۆشە سەرەکیەکانی ئەم کارنامە ڕەشەیان، کە بێگومان ئامانج لێی سەرکوتی کۆمەڵگا و لە قاڵبدانی ژیانی مەدەنیانەی هاوڵاتیانی کوردستانە، بەپێی یاساو شەریعەتێک کەنەک هەر جێگایەک بۆ بیروڕای جیاواز و چاولێکردنی ژنان وەک ئینسانێک ناهێڵێتەوە، بەڵكو تیرۆرو سەرکوت و کۆنەپەرستی و ڕەشەکوژی پەرەپێدەدات. خەڵکی کوردستان تاوانەکانی داعشیان لەبەرچاوە کەچۆن بەحوکم و باوەڕی ئیسلامی دیلەکانیان بەبەرچاوی کۆمەڵگاوە سەردەبڕێ و لەقەفەزدا ئاگریان تێبەردەدا. بەمجۆرەش بکوژی خواناس و ماریاکان و هەموو ئەوانەی کەدەستی ئینسانکوژی ئیسلامی سیاسیان پێگەیشتوە، هەر بەتەنها خودی ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستیەکە نیە، بەڵکو کارەکتەرەکانی پشتی ئەو ژینگەیەیە کەمەلاو سەلەفی و بانگخواز و ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی، دەمی فتوایان تێدا کراوەتەوە و جاڕ بۆ تیرۆرو ئینسانکوژی دەدەن.

بەڵام ئەگەر کارنامەی ئیسلامی سیاسی و ڕەوتەکانی بۆ خەڵک ئاشکرابێت، ئەوە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانن کە ئەم ئینسانکوژانەیان بەرداوەتە گیانی کۆمەڵگاوە و ئەوە ئەوانن کەفرسەتیان داوە لەمینبەری مزکەوتەکانەوە فتوا دەربکەن و هەڕەشە لەژنان و نوسەران و هونەرمەندان و هەڵگرانی بیروباوەری ئازادیخوازی و سیکولار بکەن، ئەوە ئەوانن کە پارەوپول و دەزگاکانی میدیایان خستۆتە ئیختیاریانەوە و وەزارەتی ئەوقاف و یەکیەتی زانایانی ئاینیان بەسەرسەری کۆمەڵگاوە ڕاگرتوە و شەریعەتی ئیسلامییان لەیاساکانی هەرێمدا جێگیر کردوەو لەپەرلەمان و حکومەتدا جێگای بۆ کردونەتەوە. تەنانەت ئەوە ئەوانن کە بۆ ڕاگرتنی هاوکێشەی سیاسیان لەبەرامبەر بەیەکدا، مەلا و بانگخواز و سەلەفیەکان بگرنە باوەش و لای سەروخۆیانەوە دایان بنێن. لەکاتێکدا کەئەوە هەر مەلاو بانگخواز و زانایانی ئاینی و ڕەوتە ئیسلامیەکانن کەدەستی فتوادانیان لەدژی بیروڕای جیاواز و نوسەران و هونەرمەندان و ڕێکخراوەکانی ژنان درێژکردوە. داخستنی ڕێکخراوی ڕاسان لەلایەن فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکانەوە، تا داخستنی کەیسی جێندەر و ڕێگەنەدان بە کوڕو سمیناری ڕوشنبیرانێک لە کەلارو سلێمانی.. هەموو ئەمانە بەڵگەن بۆئەوەی کە لەپشت هەر تیرۆرو ئینساکوژیەکەوە، لەپشت هەر فتوادەرو مەلاو بانگخواز و هەر سەلەفیەکەوە ئەوە حزبە دەسەڵاتدارەکانن کە بۆ هێشتنەوەی پایەکانی دەسەڵاتیان و بردنەپێشەوەی سیاسەتەکانیان وەک کارتێک ئیسلام و ئیسلامی سیاسی بەدەستەوە دەگرن، ئەمەشیان لەسەر حسابی زاڵکردنی سەرکوتی بیروڕای ئازادو پەرەدان بەکۆنەپەرستی و تیرۆرو ترس و تۆقاندن، تابتوانن جەماوەری ناڕازی بێدەنگ ڕابکرن و بازاڕی کۆمپانیاکانیان بچەرخێنن.

کۆتاییهێنان بەم تیرۆرو ئیسنان کوژیە و بەستنی دەمی فتوادەرانی ئیسلامی کاری بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگای کوردستانە. هاتنەمەیدانی یەکگرتوانەی بەرەی ئازادیخوازی، لەدژی تێرۆری”خواناس وریا” و دانانی سنورێک بۆ مەلاو بانگخوازو سەلەفیەکان و هەمو ئەوانەی لەپشتی ئەم تاوانەوەن، کارێکی دەستبەجیەو نابێ ڕێگە بدرێت بەوەی کەهیچ کەسێک لەسەر رەخنەگرتن یان دەربڕینی بۆچوون و بیروڕا، ڕووبەرووی هەڕەشەو کوشتن بکرێتەوە، دەبێت ئەوانەی لەپشت ئەم تیرۆرەوەن ئاشکرا بکرێن و ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە. هاوکات دەبێ دەسەڵاتداران ناچار بکرێن بەوەی کە ئازادی بێمەرجی سیاسی، ئازادی بیروڕاو ڕەخنە لەهەر باوەڕێک، بەڕەسمی بناسێنی و سەرپێچیکەرانیان وەک تاوانبار بناسرێن. بێگومان دەستکۆتاکردنی یەکجارەکی کۆنەپەرستی و دورخستنەوەی دەستی ئیسلامیەکان لەسەر کۆمەڵگە، بە خەبات بۆ وەلانانی دەسەڵاتی ئێستا و کۆتاییهێنان بەهەژمونی ئەحزابەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەسەر ژیانی خەڵک و جێگرتنەوەیەتی بە دەسەڵاتێکی سکولار و جەماوەری ڕێکخراو لە شوراکاندا گرێیخواردوە. دەسەڵاتێک کە ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزانی بۆ هەموان دابین بکات.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٣/٦/٢٠٢٣

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …