عوسمانی حاجی مارف
ئەو دادگایەی دەسەڵاتی بەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزی میلیشیادا نەبێت، ناتوانرێت بڕیارەکانی بەهەند وەربگیرێن و جێگای متمانەبن. یان ئەتوانین بڵێین ئەو دادگایە بەناچاری دەبێتە پاشکۆ بۆ بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئەو حزب و لایەنانە کە خاوەنی دەسەڵاتن لە پێگەو توانایی هێزی میلیشیاکەیانەوە. ئەمەش لۆژیکی ئەو جۆرە دەسەڵاتانەیە کە بە هیچ جۆرێک ڕێگا نادەن دادگاو هەردامودەزگایەکی تری حکومی سەربەخۆبێت. بۆیە هەر ڕۆژە یاسا و بڕیار و ڕێسایەک بەڕێوە دەبەن. لەلایەکی تریشەوە هاوکێشەکە تەواو پێچەوانەیە. لەبری ئەوەی ئەو دادگایە بڕیاری هەڵوەشانەوەی هێزی میلیشیا بدات، بەڵکو ئەوە هێزی میلیشیایە هەرکات زانی ئەو دادگایە پێچەوانەی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی بڕیار دەردەکات، نەک ئەو دادگایە هەڵدەوەشێنێتەوە، دادوەرەکانیشی سزا دەدات.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق نمونەیەکی بەرجەستەی ئەو جۆرە دادگایانەیە کە لە خزمەت بەرژەوەندی سیاسی هێزە میلیشیا شیعە دەسەڵاتدارەکانی عێراقدا پێکهێنراوە. حزبە میلیشیاکانی هەرێمی کوردستانیش لەسەر بنەمای رێکەوتن لەگەڵ ئەو هێزانەداو بەشدارییان لە نوسینی دەستوردا ئەم دادگایەیان قەبول کردووە.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕۆژی سێشەممە٣٠ی مانگی پێنجی ساڵی٢٠٢٣بڕیاریداو ڕایگەیاند کە درێژکردنەوەی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نادەستورییە. ئەوە ئاشکرایە بەگوێرەی دەستور و ڕێکەوتنی نێوان هێزە میلیشیاکان لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا، دەبێت ئەم بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام گرفتەکە لەسەر تایبەتمەندی ئەو بڕیارەو جێبەجێکردنی نیە، هەروەها لەسەر دروستی و نادروستی بڕیارەکەش نیە، بەڵکو کێشەکە لەسەر خودی پێکهاتەی ئەو هێزە ناسیۆنالست و ئیسلامیە میلیشیاییانەیە کە پێکهێنەری حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمن. ئەم هێزانە باندی مافیایی و جەردەی دوای جەنگی داگیرکاری ئەمریکان، کە تاڵانچی و کۆکراوەی پاشماوەکانی دوای کۆتایی جەنگن، لەسەر بنەمای داگیرکاری و بێئیرادەکردنی خەڵک، بەزۆرەملێ و گوندەیی هێزی میلیشیا، عێراق و کوردستانیان لەسەر بنەمای نفوزو پێگەی سیاسیان دابەشکردووەو ناویان ناوە حکومەتی فیدراڵی عێراق. هەربۆیە پێش هەر دەستورو یاساو بڕیارێک، ناکرێ خودی پەرلەمانەکەیان شەرعی و فەرمی و موعتەبەر بێت. پەرلەمان ئەو دەزگا بێبایەخەیە لە ئاستی دەسەڵاتی میلیشیادا کە شایستەی هیچ جێگاو ڕێگایەک نیە. بێئۆتۆریتەترین و ناموعتەبەرترین و ڕیسواترین دەزگایە لە پێکهاتەی دەسەڵات و حکومەتی عێراق و هەرێمدا.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیار لەسەر نایاسایی درێژکردنەوەی پەرلەمانێک ئەدات کە ئەو پەرلەمانە بۆخۆی هەر لە بنەڕەتدا لە ئاست بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، جێگاوڕێگایەکی نیە تا پۆشاکی شەرعی بون بکرێت بە بەریدا. بەجیا لە ناشەرعی بوونی پەرلەمان، لەهەمانکاتدا، جێگای مامەڵەی هەرزان بازاڕی نێوان پارتی و یەکێتی و هەر لایەنێکی ترە کە کورسیان لە ناو پەرلەماندا بە کرێ گرتووەو کرێشی لێوەردەگرن. لەلایەکی ترەوە هەر بەو هەرزان بازاڕیە، دەورێکی چەواشەگەرانەیان لە دروستکردنی وەهم و ئومێد بە ئاڵوگۆڕ لەو دەسەڵاتەدا لە ڕێگەی هەڵبژاردن و پەرلەمانەوە، پەخشکردۆتەوە.
ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی، پرۆسەی هەڵبژاردنی کوردستان و چارەنوسی پەرلەمان بەهەر کوێیەک دەگەیەنێت، نابێت مەسەلەیەکی جدی و قابیلی هەر جۆرە ئومێدو چاوەڕوانیەک بێت لای خەڵکی ناڕازیەوە.
ئەم جۆرە بڕیارانەی دادگای فیدراڵی کە گوایە لایەن و کەسانێک بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە پۆزو دەورو دەخالەتی خۆیانی تیا بەرجەستە دەکەنەوە، جگە لە چەواشە کاری و پاشەکشە بە ناڕەزایەتی خەڵك، هیچ ڕۆڵێکی ئەرێنی نەدیوەو نابینێت. پێویستە لە ئەزمونی چەندین ساڵەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و هاوکارەکانیان لە هەرێم، دەسەڵاتی حزبە ناسیۆنالست و تائفیەکانیش لە عێراق، ئەوەندەی حاڵی کردبین، کە هەر هێنانوبردن و کەیس دروست کردنێک و سکاڵانامەو پەنا بردن بۆ هەر دادگایەک، کارێکی گەوجانەی ساختەبازیانەیە کە هەندێ لایەن و کەسانێک بەدوای دەکەون و وەها نیشان ئەدەن هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بە قازانجی خەڵکە. لەهەمانکاتدا وانیشان ئەدەن پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی ڕێگای فشارێکی جدیە بۆسەر پارتی و یەکێتی لە پرۆسەی گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی و ئاڵوگۆر لە دەسەڵاتی سیاسیدا. ئەوەی ئێستا دادگای فیدراڵی بوێری هەیە بڕیارێکی لەو چەشنە دەربکات، ئەوە پێگەی دادگای فیدراڵی نیە، بەڵکو پێگەو هاوسەنگی هێزە شیعەکانە لە حکومەتی عێراقدا لەبەرامبەر حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمدا کە پێویستیان بەوەیە دادگای فیدراڵی بەکاربهێنێت بۆ پاشەکشەی زیاتر بە پێگەی پارتی و یەکێتی و ریسواکردنی حکومەتەکەیان. جوڵاندنی ئەم کەیسەش لەلایەن چەند ئەندام پەرلەمانێکی کوردەوە لە بەغداد، تەنها کارێکی گەوجانەی خزمەتکردنە بە هێزە شیعەکانی حکومەتی عێراق.
دواتریش ئەو لایەن و کەسانە کە دەبنە بەر لەشکری جێبەجێکردنی هەڵبژاردن، بەلیستێکی دروستکراوی تازەوەو خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئایندە ئامادە دەکەن کە لە چوارچێوەو فەلەکی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارازنی و بنەماڵەی تاڵەبانیدایە، بەدروشمی گاڵتەجاریانەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردەوە، بەڵام هەرئەوەندەیان پێ دەبڕێت کە چەند کورسیەک بۆ لیستەکەیان زیاد بکەن و هیچی تر! ناتوانرێ هیچ ئاڵوگۆڕێک بە قازانجی خەڵک بەدەست بهێنرێت، چونکە لە دواجاردا ئەوە ئاشکرایە کە دروستکردنی قاڵبی کورسیەکانی پەرلەمان تەنها بۆ مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی دەنگی ئەندام پەرلەمانەکانە لەبازاڕی پارتی و یەکێتیدا.
پەرلەمان لە کوردستان و عێراقدا بەهیچ جۆرە کردارو مانایەک، نەیتوانیوەو ناتوانێ پێگەی سیاسی هێزەکان و توانای پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی یەکلابکاتەوە، بەڵکو دەسەڵاتی سیاسی بنەماڵەیی میلیشیا و هێزی تائفی میلیشیا، پێشوەخت هەموو کەینوبەین و مامەڵەیەکیان بڕیوەتەوە! پەرلەمان دەکەنە کاریکاتورێکی گاڵتەجاری دەستکەلای نەخشە سیاسیەکانیان. وەک چەواشەکاری لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، ئەم هاوکێشەیە لە عێراقدا وەها ڕیزبەندی دەکرێت، کە”دەسەڵات دواتر پەرلەمان، نەک پەرلەمان دواتر دەسەڵات”! ئەو کەس و لایەنانەش کە تەنها ئومێد بە پەرلەمان دەکەنە بنەمای هەڵسورانی سیاسیان، ئاشکرایە جگە لە ئارایشدانی جوانکاری لە پێکهاتەی دامودەزگاکانی دەسەڵاتی ئێستای گەندەڵ و تاڵانچیدا، شتێکی تریان بۆ ناکرێت. ئەتوانین بەسادەیی بەو کەسانەی ئومێدیان لەسەر ئەم دادگای فیدراڵیە هەڵچنیوەو خۆیان بە دڵسۆزی خەڵک دەناسێنن، بڵێین؛ فەرمون سکاڵایەک لەو دادگایە تۆمار بکەن با لە عێراق و کوردستان کۆتایی بە هێزی میلیشیا بهێنرێت! ئایا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەتوانێ سکاڵایەکی لەو چەشنە بخاتە ناو جەلسەکانیەوە؟