ئایار، بانگەوازێک بۆ ڕزگاریەکی سۆسیالیستی!

ئیبراهیم حسین

مێژووی هەموو کۆمەڵگەکانی تائێستا  مێژووی خەبات و ململانێی چینایەتیە. خەبات و کێشمەکێش و ململانێیەک کە تاوێک ئاشکراو تاوێک بەنهێنی بەڵام بەردەوام و بێپسانەوە لە ئارادایە و مۆتۆڕی مێژوو و هۆکاری هەر  ئاڵۆگۆڕێکە لەمێژوودا. ئەنگڵس لە پێشەکی بۆ چاپی ئینگلیزی مانیفێست ساڵی ١٨٨٨ دا دەنوسێ هەرچەندە مانیفێست کاری من و مارکسە، بە ئەرکی خۆمی دەزانم ڕابگەیەنم کە ئەم حوکمە بنەڕەتیەی کە ئەم کتێبەی لەسەر بەندە هی مارکسە. ئەم حوکمەش ئەوەیە کە شێوەی زاڵی بەرهەمهێنان و گۆڕینەوە(ئاڵوێر) ی ئابوری و پێکهاتەی کۆمەڵگە کە ئاکامی ناچاری ئەم بەرهەمهێنانەن، لە هەر سەردەمێکی مێژوودا، بناغەی مێژووی سیاسی و فیکری ئەو سەردەمە پێکدێنێ و چۆنیەتی ئەم مێژووە تەنیا بەسەرنجدان لەو بنیادە سەرەکیە  دەکرێ ڕوون بکرێتەوە و سەرەنجام ‌‌تەواوی مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، مێژووی ئەم خەباتە چینایەتیە، خەبات و کێمشەکێشی چینەچەوساوە وچەوسێنەرەکان، چینەدەسەڵاتدار و ژێردەستەکان بووە و مێژووی ئەم خەبات و ململانێ چینایەتیە لەڕەوتی گەشەی خۆیدا ئێستا گەیشتۆتە قۆناغێک کە چینی چەساوە واتە پڕۆلیتاریا ناتوانێ لە زنجیری چینی چەوسێنەر واتە بۆرژوازی ڕزگاری بێت بەبێ ئەوەی هەموو کۆمەڵگە بۆ هەمیشە لە چەوسانەوە، لە ستەم و دابەشبوونی چینایەتی و خەباتی چینایەتی ڕزگار نەکات.)

ئەمە قسەی مارکس و ئەنگڵس و  مانیفێستە لە نزیکەی سەدو پەنجا ساڵ پێش ئێستا کە هێشتا سەرمایە و سەرمایەداری لەسەرەتای ڕێگەی خۆیدابوو، هێشتا پیشەسازی گەورە نەیتوانیبوو ئەو موعجیزانەی ئەمڕۆ لەتوانای بەرهەمهێنەری کاری کۆمەڵایەتیدا  پێکیهێناوە، بخوڵقێنێ. هێشتا پڕۆلیتاریا، چینی کرێکاری کرێگرتە کە خۆی ڕسکاوی هەناوی ئەم پیشەسازیە گەورەیەیە، تازە و گەنج بوو. هێشتا بۆرژوازی دەیتوانی بڵێ مرۆڤ لە قەیدوبەندەکانی ئەرباب -ڕەعیەتی نەجات دەدا و دەتوانێ ژیان لیبڕالیزە بکا و مەدەنیەت گەشە پێبدا و هەرکەس لەبەرامبەر یاسادا یەکسانە،  چەوسێنەر و چەوساوە هەردوکیان لە بەرامبەر یاسادا و لە یاسادا یەکسانن و ئەمە مانای ئازادایە. نەک هەر ئەوە بەڵکو بەشێک لە چینی دارا دەیتوانی بڵێ سۆسیالیستە و کۆمەڵگەیەکی دەوێ کە هەرچەند چینایەتی بێت، هەرچەند لەسەر چەوسانەوەی هێزی کار ڕاوەستابێ، بەڵام بەویژدانتر بێت و عەدالەتێگی زۆرتری تێدابێت لە دابەشکردنی سەروەتدا بۆ چینی کرێکار و چینەنەدارەکان بەجۆرێک ئەگەر نەخۆشکەوتن جۆرە بیمەیەکیان هەبێ. ئەگەر بێکار کەوتن لە برسا نەمرن و دەیتوانی بڵێ ئەمە یانی عەدالەت و ئەمە یەعنی ئازادی.

بەڵام ئازادی و ڕزگاری مرۆڤ دوای سەدوپەنجا ساڵ زیاتر  لەهەمان جێگەدایە کە مانیفێست دەستی پێکرد. تەواوی هەلومەرجی ئەمڕۆ تەنیا گەواهی ئەوە دەدەن کەنەک هەر  ئازادی و خۆشبەختی مرۆڤ، بەڵکو هەر پێشڕەویەکی زۆرتری ئازادی و مەدەنیەتی مرۆڤ، بەبێ ڕزگاربوون لەو شێوە چەوساندنەوەیەی ئەمڕۆ، لە کاری کرێگرتەو لەو پەیوەندە چینایەتیانە و لەشێوەی چینایەتی ژیان، خەیاڵە. گەواهی ئەوە دەدەن کە هیچ ڕزگاریەک جگە لە ڕزگاریەکی سۆسیالسیتی و بنەڕەتی لەو پەیوەندیانە، مانای نیە. بەبێ لە ئاسۆدابوونی ڕزگاریەکی سۆسیالیستی، نەک ژیان و ئازادی و توانستی مرۆڤ بۆ ئەزمونکردنی ژیانێکی خۆشبەخت لە جەنگی هەموو ڕۆژەی چینایەتیدا، لەو کێشمەکێش و ململانێ بێئەمان و بێووەستانە بەهەدەردەچێ، بەڵکو تەنیا دەبێتە قوربانیەکی بێدەسەڵات و پەرپوتی ئەم سیستەم و شێوە ژیانە و ئەم پەیوەندە چینایەتیانە. دەبێتە قوربانی ڕاکەڕاکی هەموو تەمەن لەپێناو بەرگرتن لە دابەزینی کرێ و لە باشترین حاڵەتدا بەرزکردنەوەی چەند سەنتێک لەکرێ، دەبێتە دڵەڕاوکێ بۆئەوەی بێکار وبێسەرپەنا نەبی، بۆئەوەی بەر بە جەنگێکی خوێناوی ئەوان بگری، بۆئەوەی ڕێ لە فاشیستەکەیان بگرێ و یەکێکی کەمێک نەرمتر بخاتە جێگەی،  بۆئەوەی ئەوەندە سەرکزو داماوت نەکەن. بە کورتیەکەی دەبێتە فیدای هەمان ئەو دەستوپێکوتانە و ئەو خەباتە چینایەتیە هەر ڕۆژەیە لەسەر هەموو شتێک.

ئیتر سەرمایە و پەیوەندیەکانی کاری کرێگرتە گەیشتونەتە جێگایەک کە وایکردوە تەواوی ئەو دەریای سەروەت و ئەو موعجیزانەی کە لە توانای بەرهەمهێنەری کاری مرۆداڤدا ڕویداوە بەپێچەوانەی خۆی هەڵگەڕێتەوە. لەجیاتی ئەوەی ببێتە مایەی گەشەپێدانی خەللاقیەتی ماددی و مەعنەوی مرۆڤ، گۆڕیونی بەهێزی وێرانکەر. لەجیاتی ئەوەی ببنە هۆی فراوانبوونی ڕووبەری کاتی ئازادی مرۆڤ بۆ ئەزمونکردنی ژیان بە هەموو جۆراوجۆری خۆیەوە و ژیانی ئازادی خۆی گەشە پێبدا و مرۆڤ لە ئیجباری کار لە پێناو مانەوەدا ڕزگار بکا، خۆیان گۆڕاون بە هێزێکی نامۆ و زاڵ بەسەر مرۆڤ خۆیەوە. بوونەتە هۆی بێ ئیختیاری و بێدەسەڵاتی مرۆڤ لە بڕیاردان لەسەر چارەنوسی ژیانی خۆی. هەرچەندە ئەمە تایبەتمەندی و خەسڵەتێکی زاتی و جەوهەری سەرمایەو سیستەمی کاری کرێگرتەیە، هەر لە ڕۆژی لە دایک بوون و سەرهەڵدانیەوە، بەڵام هەرگیز وەک ئێستا واقیعی و بەرهەست نەبووە. ئێستا ئەمە گەیشتۆتە چڵەپۆپەی خۆی.

ئەگەر هێشتا لە دڵی ئەم سەروەت و سەرباری ئەوتوانا سەرسوڕهێنەرەی بەرهەمهێنەرەی کاری کۆمەڵایەتی، مرۆڤ هێشتا ئازاد ناژی، هێشتا ناچارە ژیان و تەمەن و ئازادی خۆی لەپێناو مانەوەدا فیدا بکا، ڕیشەی لە مەنتیقی ئەم پەیوەندیەدایە، ڕیشەی لە سیستەمی کاری کرێگرتەدایە. ئەگەر سیستەمی کاری کرێگرتە نەبایە، ئەگەر مرۆڤ لەم پەیوەندیانەدا نەژیابا و ئازادبا و چارەنوسی کۆمەڵگە و ئەم توانا و هێزە بەرهەمهێنەرە مەزنە لەدەستی بەرهەمهێنەرانی ڕاستەوخۆدا بوایە، بێکاری مانایەکی نەدەبوو، کارکردن دستوپێکوتانێکی ناچاری نەدەبوو لەپێناو مانەوەدا، بەڵکو دەگۆڕا بە هەڵسوڕانێکی داهێنەرانەی مرۆڤی ئازاد. سەرکزی فەرهەنگی و مەعنەوی مانایەکی نەدەبوو، بەڵام ئەمە لەگەڵ مەنتیقی سەرمایە و سود و چەوسانەوە و کۆمەڵگەی چینایەتی لە ناکۆکیدایە.

جیهانێک کە بناغەکەی لەسەر چەوسانەوە، لەسەر هێزی کار فرۆشی و کاری کرێگرتە، لەسەر قازانج و سود و داماڵینی زۆرینە لە هۆکانی پیادەکردنی ئازادی و خۆشبەختی ڕاوەستاوە، ناتوانێ ئازاد بێت. ئەم دنیایە بەناچار پێویستی بە دەوڵەتە، پێویستی بە دیکتاتۆریەتە، پێویستی بە سەرکوت و زیندانە. پێویستی بە جەنگ و وێرانیە، پیویستی بە دین و خورافە  و بەنجی ئایدیۆلۆژیایە، پێویستی بە سەرکزی فەرهەنگی و مەعنەوی هەیە. بەو پێیە ئەوە دیکتاتۆرەکان و زیندانەکان و  خەسڵەتی شەڕەنگێزی و ئەخلاقیات و نیەتی کەسەکان نیە کە چەوساندنەوەیان خوڵقاندوە، بەڵکو ئەوە ئەو شێوە دیاریکراوەی  چەوسانەوە و ئەو پەیوەندانەن کە چینەکان و بەرژەوەندی چینایەتی و   کێشمەکێش و ململانێی چینایەتی دەخوڵقێنێ و زیندانەکان، سوپاکان و دادگاکان و یاساکان و بە کورتی دەوڵەت وەک دیکتاتۆریەتی چینایەتی، پێویست دەکا.

لێرەوە ئەگەر مەنتیقی پشتی ئەم ئازادنەژیان و خۆشبەخت نەژیانەی ئەمڕۆ ئەم پەیوەندیانە و ئەم شێوەیەی چەوسانەوە بێت، ئەوا ڕزگاری واقیعی لەمڕۆدا تەنیا دەتوانێ بە مانای هەڵوەشندنەوەی ئەم پەیوەندیانە و ئەم شێوەیەی چەوسانەوە بێت. ئەمە ناوەڕۆکی واقیعی ڕزگاریە لەمڕۆدا و بەم مانایەش ئەمە تەنهاشێوەی ڕزگاری واقیعیە، ڕزگاریەکی سۆسیالیستی.

بەڵام ئەم ڕزگاریە کاری هەرکەس و هەر چینێکی کۆمەڵایەتی و هەر بزوتنەوەیەک نیە، کاری چینی کرێکار و سۆسیالیزمی پڕۆلیتاریە. کاری چینێکە کە بۆ ڕزگاری خۆی دەبێ ئەو پەیوەندە چینایەتیانە هەڵبوەشێنیتەوە کە سەرچاوەی دابەشبوونی کۆمەڵگەیە بە چینەکان و دابەشبوونی چینایەتی. ئەگەر هێشتا سەرباری ئەم توانا ئەفسانەییە بەرهەمهێنەرەی کاری کۆمەڵایەتیەی ئەمڕۆ و پڕۆلیتاریەکی چەند ملیاردی کە شاڕەگی بەرهەمهێنانی سەروەت و ئیمکاناتە و سەرباری پەرپوتی کۆمەڵگەی چینایەتی ئەمڕۆ، هێشتا مرۆڤ ئازاد نیە و هێشتا ژیان بریتیە لە درێژەپێدان و ڕاکێشانی ئەوەی کە هەیە، تەنیا بەهۆی لاوازی و لە ئاسۆدانەبوونی هەمان ئاسۆی ڕزگاری سۆسیالیستیە کە سەدو پەنجا ساڵ و زیاتریش، مانیفێستی کۆمۆنیست گوزارشتی لێکرد. بۆیە ئەم ئاسۆیە لەهەر کات زیاتر لە مێژووی خەباتی چینایەتیدا بابەتی سەرەکی جەدەلی چینایەتیە لەپێناو ڕزگاری، لەهەرکات زیاتر ئەمڕۆیی و زیندووە.

 

۲۳.٤.۲۰۲۲

 

 

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …