مستەفا باهیر
هەموو ساڵێک لە یەکی ئایاردا بە سەدان ملیۆن کرێکار، جەژنی هاوپشتی چینیایەتی خۆیان دەگێڕن و لەم ڕۆژەدا شەقامی شارەکان ناسنامه‌ی ئینسانی دەگرنەخۆ. لەو ڕۆژەدا کرێکاران دەبن بە یەک ڕەنگ و بە یەک دەنگ پێکەوە، یەک سرود ده‌خوێنن. پڕوپوچی وەک نەتەوەچێتی و ڕاسیزم و هەڵاواردنی دینی و ڕه‌گه‌زیی و ڕەنگی پێست، لە بەردەم یەکگرتوویی ڕیزەکانی چینی کرێکاردا، لەسەرتاسەری جیهاندا چۆک دادەدەن و تەسلیم دەبن. کرێکاران لەم ڕۆژەدا بڕیاری ڕاوەستانی بەرهەمهێنان دەدەن. لەم ڕۆژەدا دونیا بۆ ماوەیەك خامۆش دەبێت. بۆ هەموان دەردەکەوێت کە چ هێزیکە و ئەوانە کێن کە شارستانیەتی ئەمرۆ دەخولقینن. هیچ کەس ناتوانێت حاشا لەم راستیە بکات کە ئەوە کرێکارانن ئەم دونیایه بە پێوە ڕاده‌گرن.
هەرچەندە لەئێستادا بەرهەم و کار‌و توانای ئینسان بەشیوەیەکی بێوێنە لەچاو رابردودا چوەتەسەر. ڕۆژ بە ڕۆژ داهێنانی تازە دێتە ئاراوە، به‌ڵام هێشتا هەژاری و برسێتی و بێ ئیشی و نەخۆشی باڵی بە سەر خەڵکی دونیادا کێشاوە. بە ملیۆنەها ئینسان لە برساندا دەناڵێنن، ملیۆنەها منداڵ دەمرن به‌هۆی ئه‌وه‌ی کە دایک‌و باوکیان ناتوانن بژێوییان دابین بکەن. ملیۆنەها ژن ناچار دەکرێن وەکو کۆیلەی سێکس ببنە سەرچاوەی داهاتی کۆمپانیاکانی لەشفرۆشی. بە ملیۆنەها مرۆڤ دەمرن بەهۆی هه‌ندێ نەخۆشیەوە کە بە ئیمکاناتێکی کەم چارەسەردەکرێت. کەم نین ئەوانەی بەهۆی شەڕی دینی و تایفی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه دەکوژرێن و ئاوارە دەبن و شار‌و گوندەکانیان وێران دەکرێن. هەرئێستا دەبینین کە دەوڵەتانی بۆرژوازی و نەتەوەپەرست، پێشبڕکێی نێوان “ئەمەرێکا و ڕوسیا” لەپێناو دووبارە دابەشکردنەوەی دونیا بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، چ کارەساتێکیان بەسەر خەڵکی هەژاری ئۆکرانیاو ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێناوە. بەدەیان هەزار کەس کوژراوەو ملیۆنەها مرۆڤ ئاوارە کراون. شار‌و گوندەکانیان کاولکراون.. ئه‌مانه هه‌موویان نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن که بۆرژوازی و ده‌وڵه‌ته‌کانی، نه‌ک هه‌ر فرسه‌تی ژیان و ئاسایشیان له دانیشتوانی سەر گۆی زەوی سه‌ندۆته‌وه، بەڵکو ئایندەی مرۆڤایەتیشیان لەسەر لێواری کارەسات و تیاچوون راگرتوە. ئەم جیهانەیان بۆ چینی کریکاران و هەژاران کردوە بە دۆزەخ .
جه‌نگی ئۆكرانیا كه به‌شێكه له كێبڕكێی نێوان ” ناتۆ و ڕوسی”، هه‌لێكی زیاتری داوه‌ته ده‌ست وڵاتە ئیمپریالیستەکان تا به‌ڵای زیاتر به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا بهێنن. ئەم جەنگە کۆنەپەرستە سه‌رەڕای کوشتارێکی زۆر‌و ئاواره‌بوونی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له ئۆكرانیا، بوەتە هۆی بوژاندنه‌وه‌ی ده‌سته‌وتاقمی نازی و فاشی له جیهاندا بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی. ئەم جەنگە سەرەڕای ئەوەی بووتە هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و جیاكاری و میلیتاریزم و زیادكردنی بودجه‌ی سه‌ربازی، بوەتە هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خۆراك و سوته‌مه‌نی و كاره‌با و هەمو پێداویستیەکانی ڕۆژانەی مرۆڤ. بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژه‌ی بێكاری و هێرش کردن بۆ سه‌ر مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی كرێكاران.
ئەم بارودۆخه خراپه لە ئاسمانەوە نەباریوە بۆکرێکاران و هەژاران، بەڵکو سەرچاوەکەی نیزامی سەرمایەداریە. سەرمایەداران له‌پێناو کەڵەکەبونی سەرمایەکانیان ئەم هەموو کاره‌ساته بەسەر ئینساندا دێنن. لە ڕاستیدا ئەم دونیایە کە تیایدا دەژین، دونیایەکی پێچەوانەیە. بەچاوی خۆمان دەبینین ئەوانەی کە رەنج دەکیشن و بەرهەم دەهێنن خاوەنی هیچ نین، بەلام کۆمەڵێک گەندەڵخۆری تەمەڵ، خاوەنی هەموو شتێکن و ده‌وڵه‌ت و حکومەتیشیان دروست کردوە تا سەرو ماڵیان بپارێزن.
لەکاتیکدا کە هێزی ئه‌سڵی بزوێنه‌ری كۆمه‌ڵگه له ده‌ستی پرۆلیتاریا و چینی كرێكاردایه، هه‌ربۆیه ئه‌بێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش له ده‌ستی ئه‌واندا بێت. ئه‌مه‌ش ته‌نها و ته‌نها به یه‌كگرتوویی نێونه‌ته‌وه‌یی چینی كرێكار مه‌یسه‌ر ئه‌بێت. پرۆلیتاریا پێویسته له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و وڵاتیشدا یه‌كگرتوو بێت. ئه‌و هه‌لومه‌رجه کارەساتبارەی ئێستا جیهانی پیادا تێدەپەڕێت، ته‌نها به چینی كرێكار کۆتایی پێدەهێنرێت. نه كرێكارانی ڕوسیا و نه کرێکارانی ئۆكرانی هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كیان له‌م جه‌نگه‌دا نییه و ئه‌وان به‌شێكن له چینی نێونه‌ته‌وه‌ییمان. چینی كرێكاری كوردستانش به‌شێكه له‌و خه‌باته نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ی کە تێئهكۆشێ بۆ كۆتاییهێنان به جه‌نگ و ئه‌و میحنه‌ته‌ی کە جیهانی گرتۆته‌وه، تەنها کرێکارانن کە دەتوانن ژیانێکی باشتر بۆ مرۆڤایەتی بەدیبهێنن، ئەویش تەنهاو تەنها بەیەکگرتوی خۆیان و کۆبونەوەیان لە دەوری حزبە کۆمۆنیستەکان دەبێت. بەوشێوەیە دەتوانن کۆمەڵگای مرۆڤایەتی له‌م زه‌لكاوه ده‌ركێشن و دونیایەکی باشتر بۆ مرۆڤایەتی فەراهەم بکەن!
مستەفا باهر
٢٠ نیسانی ٢٠٢٣