بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەبۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی کرێکارانەوە
هاورێیانی کرێکار!
بۆرژوازی و دەوڵەتەکانیان، کە لەناو قەیرانێکی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیدا دەست وپێدەکوتن، سەرجەم ڕەوت و بزوتنەوە و بیرمەندو سیاسەتمەدارو دەوڵەتمەدارەکانیان لە وەڵامدانەوە وخۆدەربازکردن لەو قەیرانەی تێیدا چەقیون نەک هەر بێچارە و دەستەوەستان ماون، بگرە جڵەوی کۆنەپەرستترین و ڕاسترەوترین بزوتنەوەی خۆی بەرەڵاکردوەو بەریانداوەتە گیانی کۆمەڵگا تا هێرشێکی بەرفراوان بۆسەر ژیان و گوزەرانی ئێمەو سەرجەم جەماوەری زەحمەتکیش بەڕێبخەن، لەم ڕێگایەشەوە هەرچی زیاترە باری قەیرانەکەیان بدەنەوە بەسەر شانی ئێمەداو لەهێزی کارو ڕەنجی ئێمە قازانجی زۆررو زەبەند کەڵەکە بکەن. تەنانەت هەربەمەشەوە نەوەستاون و لەڕێگای بەڕێخستنی جەنگێکی ماوڵوێرانکەر لە ئۆکرانیاو چەندین ناوچەی تری جیهان، فەزایەکی میلیتارستی و جەنگییان لەئاستی جیهانیدا، داسەپاندوەو بەمەشیان هەڕەشە لەسەر مانەوەی فیزیکی سەدان ملیۆن مرۆڤ دەکەن و بونەتە مەترسی بۆسەر ئایندەی مرۆڤایەتی. سەرمایەداری و دەوڵەتانی ئیمپریالیستی، بەئاشکرا ئەوەیان ڕاگەیاندوە کە ئەگەر دنیا بۆئەوان ناوچەیەکی سوودو قازانج و کەڵەکەی سەرمایەکانیان نەبێ، ئامادەن گۆی زەوی بە کاولکاری و وێرانکردن و لەناوبردن گیرۆدە بکەن.
ئەمڕۆ کرێکارانی جیهان لەدۆخێکدا یەکی ئایار بەرز رادەگرن کە سەرمایەداری دەوڵەتەکانیان لە ئەوروپاوە تا ئەمریکاو تا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبیانوی جەنگەوە، سەرباری زاڵكردنی کەشوهەوای جەنگی و بڵاوکردنەوەی ترس و نائارامی و تێكدانی ئاسایشی خەڵکی دنیا، دەستیان بردوە بۆ هێرشێکی فراوان بۆسەر ئاستی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و خەڵکی هەژارو کەمدەرامەت، هەر لە هەوڵدانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بیمە کۆمەلایەتیەکان و لێسەندنەوەی هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە بەخەباتی چەندین دەیەی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەدەستهاتووە، دەستیانبردوە بۆ سیاسەتی سکهەڵگوشین و باجگیری و داسەپاندنی گرانیەکی لەرادەبەدەر بەسەر کۆمەڵگادا. هەر لە گرانکردنی نرخی خۆراک و سوتەمەنی و بەرتەسكکردنەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکانی وەک تەندروستی و فێرکردن تا لەسەرکار دەرکردن و پەرەدان بەبێکاری وسەپاندنی هەلومەرجی سەختی کار و سەندنەوەی مافەکانی کرێکاران و هێرشکردنە سەر رێکخراوەکانیان وە بەیاساکردنی تەنگەبەرکردنەوەی مافی خۆپیشاندان و مانگرتن لە ووڵاتانی پێشکەوتوودا کە بانگەشە بۆ ئازادی ودیموکراسی دەکەن. لەوەها دۆخێکدا ئەوە چینی بۆرژوازی و دەولەتەکانیەتی کە لەجەرگەی ململانێی نیوان خۆیاندا لەسەر دابەشکردنەوەی بازاری کارو کاڵادا، نەك هەر خەریکن مرۆڤایەتی بۆناو شەڕ و کاولکاری رادەکێشن، بەڵکو هاوکات شەڕێکی سەروماڵیشیان لەگەڵ چینی کرێکارو جەماوەری مەحرومی دنیادا ڕاگەیاندوە. نەبەردەکانی ئەم جەنگە چینایەتیە هەرئێستا لەسەر شەقامەکانی شارە گەورەکانی فەرەساو بەریتانیا و ئەڵمانیاو چەندین وڵاتی تر، لەلایەن چینی کرێکارو جەماوەری مەحرومەوە دەستیپێکردوە.
چینی بۆروازی کورد و حزبەکانی، کە لەسایەی حکومەتە میلیشیایی و مافیاییەکەیانەوە و بەپشتیوانی ئەمریکاو دەوڵەتانی ناوچەکە، بۆماوەی چەند دەیەیە دەسەڵاتیان بەسەر کۆمەلگادا داسەپاندووە، لەگەڵ ئەوەدا کە هەلومەرجێکی یەکجار سەختی کارو ژیانیان ڕووبەڕوی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش کردۆتەوە، هاوکات کۆمەڵگای کوردستانیان لەگێژواێکی سیاسی و پڕلەکێشەدا ڕاگرتووە. تەنانەت بەشێك لەو مافانەی کە کرێکارانی ووڵاتان لێی بەهرەمەندن، لە کرێکاری کوردستان زەوت کراون و وەکو یاساغ لەلایەن حکومەت و خاوەنکارو کۆمپانیاکانەوە چاویان لێدەکرێ. هەژاری و بێکاری لەڕادەبەدەر، کرێی کەم و بڕین لە کرێ و نەدانی هەقدەست و مووچە بۆماوەی چەندین مانگ، نەبوونی بیمە کۆمەڵایەتیەکان و هیچ هاوکاریەکی دەوڵەتی بۆ گەنجانی بێکار و کرێنشینان، نەمانی خزمەتگوزاریە گشتیەکان و سپاردنی پیداویستیە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەی خەڵك، لەوانە گازو سوتەمەنی و دەرمان و چارەسەری پزیشکی و نەبوونی کارەباو ئاوی خواردنەوەو رێگاوبانی سەلامەت و دەیان پێداویستی تر، کۆمەڵگای کوردستنیان بەرەو هەژاری و نەبونی و برسێتیەکی فراوان ڕاپێچکردوە. کاتێکیش خەڵکی نارازی داوای مافی بەرهەقی خۆیان بکەن، لەگەڵ سەرکوت و تەقەی هێزی چەکداری حکومەت وحزبە دەسەڵاتدارەکان ڕووبەڕوودەبنەوە… ئەمانە هەموویان گۆشەو لایەنەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانن.
بەڵام چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش، سەرباری ئەو هەموو رێگری و فشارو سەرکوتەی بۆرژوازی و دەسەڵاتەکەیان، بۆ بەرگری لە ژیان و گوزەران و ئایندەی خۆیان و بۆ ماف و ئازادیەکانی خۆیان ڕانەوەستاون و بەشێوازی جۆراوجۆر یەخەی دەسەڵات و خاوەنکار و کۆمپانیاکانیان گرتوە. کۆبونەوەی گشتی و مانگرتن و خۆپیشاندانیان بەڕێخستووەو ناڕەزایەتیان دەربڕیوە. لەو پیناوەشدا قوربانیان داوە، نانبڕاوکراون، تەقەیان لێکراوە و بریندارکراون …چینی کرێکاری کوردستان هەنگاو بەهەنگاو خەریکە جێگای شایستەی خۆی لە جەنگی چینایەتی لە کوردستاندا پەیدا دەکات. جموجوڵە کرێکاریەکان، هەنگاوێکی سەرەتای دەستپێکردنی ئەم جەنگە چینایەتیەن، کە ساڵانێکی زۆر بەهۆی پرسی نەتەوایەتی و پڕوپاگەندەی ناسیونالسیتی و نەتەوەچیتی و سیاسەتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کوردەوە هێزو توانای ئەم چینەی سسست کردبوو.
کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێویستی بە ڕابوونی چینی کرێکارە، پێویستی بەوەیە کە خۆی و مرۆڤایەتی لەم جەنگەڵستانەی بۆرژوازی رزگار بکەن. لە مەترسی جەنگ و سەپاندنی هەژاری و برسێتی بێمافی و ملهوڕی و زاڵبوونی کۆنەپەرستی هەوسارپچراوی بۆرژوازی و ئیمریالیستەکان رزگاربکەن.
کۆمەڵگای کوردستانیش پێویستی بە جموجوڵ و هاتنەمەیدانی چینی کرێکار هەیە. کرێکارانی کوردستان، دەبێ هەم بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خۆیان و بەهرەمەندبوون لە مافە سەرەتایی و خزمەتگوزاریە گشتیەکان و هەم بۆ رزگارکردنی خەڵکی کوردستان لەم دۆخە سەختە ئابوری و سیاسی و نائەمنیە و لەو گێژاوەی کە حزبە میلیشییاییە دەسەڵاتدارەکان بۆیان هەڵخستوون، پێویستی بە هاتنەمەیدان و نواندنی هێزی رێکخراوی هوشیارانە و یەکگرتووی چینایەتی خۆیان هەیە. پیویستی بەوەیە کە وەکو هێزێکی سیاسی کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسی و خەباتی گشتی جەماوەریدا دەربکەوێ و دەوری ڕابەری و پێشرەوانەی خۆی بۆ نەجاتدانی کۆمەڵگای کوردستان لەو میحنەتەی تێیکەوتوە بگێڕێ. کەوایە با ئایاری ئەمساڵ سەرەتای هەنگاونان بێت بەرەو ئەم ئامانجە.
بژی یەکی ئایار، رەمزی خەبات لەپێناو ئازادی و یەکسانیدا
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
نیسانی ٢٠٢٣