موحسین کەریم
١٧ی نیسانی ٢٠٢٣
تێبینی: نوسینی ناو کەوانەکان لە بەڵگەنامەکەو پێشەکی هاورێ موئەیەد ئەحمەد بۆ بەڵگەنامەکە وەرگیراوە.
ئەگەر بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگەنامەیە وەکو بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەیەک بوایە کە ئاستی گەشەو پێگەیشتوویی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستان لەدەورەیەکی دیاریکراودا بخستایەتەڕوو، کێشەیەکی تێدا نەبوو. ئەوکات بزوتنەوەکەمان لەڕووی سیاسی و فکریەوە ئەوەندە رێگامان بڕیبوو. بەراوردی بکەین بە ئێستا کە چەندە لەچاو ئەوکاتە بزوتنەوەکەمان لەڕووی سیاسی و فکری و میسۆدۆلۆژیەوە خاراوتر و بە ئەزمونترە. ڕەنگە ئەمە بۆ ئەو هەڵسوڕاوە کۆمۆنیست و کرێکاریانەی کە ئەو سەردەمەیان نەدیوە، ئەزمونێکی سودبەخش بوایە، بەڵام ئەوەی کە قەباعەتەو منی وا لێکرد کە ئەم چەند دێرە بنوسم، ئەوەیە کە هەندێ لەو هاورێیانەی ئەوکاتە پێکەوە بووین لەناو “ڕەوتی کۆمۆنیست” دا و ساڵانێکی زۆریش لەناو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا هەر پێکەوە هەڵسوڕانی سیاسیمان کردوە، بەڵام ئێستا ئەو هاورێیانەی چونەتە دەرەوەی حزب و لەناو رێکخراوێکی سیاسی دیکەدا کاردەکەن، کەوتونەتە تەقدیسکردنی بەڵگەنامەکەو وەکو“پـلاتـفـۆڕمـێـکـی ســیــاســی و دۆکیومێنتێکی مێژوویی پڕشنگدار” تەماشای دەکەن و ئەو بیرکردنەوەو خەتە سیاسیەشی ئەو بەڵگەنامەیەی نوسیوە ئێستاش هەر ” ترادسیۆن و خەتێکی زیندووە و خەباتکارانی دێرین و نوێی هەمان ئەم ترادسیۆن و خەتە پرۆلیتاری و مارکسیتیـیە بـە ئـەرکـی خۆیان ئەزانن ئەم ئەزموونە بگوێزنەوە بۆ سەردەمی ئەمڕۆ و کەڵکی لێوەربگرن لە بارودۆخی تازەی ئێستادا.”
بێگومان بەڵگەنامەی ” ئەرکە دەستبەجێکان” کە لە رۆژەکانی گەرمبوونی پڕوپاگەندەی جەنگی ئەمریکا دژی عێراق لەدوای داگیرکردنی کوەیتەوە لەلایەن ڕێکخراوی “ڕەوتی کۆمۆنیست” ە وە نوسراو و بڵاوکرایەوە، لەسەر بنەمای لێکدانەوەیەك نوسراوە کە گوایەهەلومەرجی سیاسی عێراق پێێناوەتە قۆناغی شۆرشگێڕانەو جەماوەر ئامادەسازی راپەڕین دەکەن. ڕیکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیستیش وەکو رێکخراوی سیاسی بەرنامەی خۆی بۆ ئەو هەلومەرجە دەخاتەروو، دەیەوێ هێزەکەی خۆی و ئەوەندەی بۆی بکرێ فەزای سیاسی بەو ئاقارەدا ئامادە بکات.
هەڵبەتە بەڵگەنامەکە بەوە دەست پێدەکات کە : ” سەرمایەدارانی ئەمریکا و عێراق و دەوڵەتەکانیان دەیــانــەوێــت بـمـانـخـەنـە دۆزەخـــــى يـەكـێـک لە كوشندەترین جەنگەکانی دنیای سەرمایەوە، دۆزەخـی جەنگی کیمیاوی و ئەتۆمی بـورژوازی. ئەمریکا بۆ پاراستنی مەوقعییەتی گەورەهێزیی خۆی لە جیهاندا و ڕژێمی بەعسی دڕندە و صەدامی خوێنڕێژیش بۆ جێگیرتر کردنەوەی حاکمییەتی ئیستبدادی و عەسکەرییان، هاتوونەتە سەر چنگ و بەسەدان هەزارمان لێ دەدەن بەکوشت.”
بەپێی لۆجیك دەبوایە بەڵگەنامەکە بەڵگەنامەیەکی دژی شەڕەکە بوایەو سیاسەتێکی عەمەلی دروستی دژ بە شەڕەکەو هەنگاوەکانی دژ وەستانەوەی شەڕ و بەرگرتن بە شەڕەکەی بخستایەتە بەردەم چینی کرێکارو زەحمەتکێشی عێراق… ئەگەرچی خودی لێکدانەوەکەش بۆ شەڕەکە نادروستە، چونکە لەو لێکدانەوەیەدا ئەمریکاو عێراق وەکو دوو لایەنی جەنگەکە کە هەریەکە بەشوێن ئامانجێکی سیاسیەوەیە ناو دەبات، لە کاتێکدا وەکو خودی بەڵگەنامەکەش ئاماژەی پێدەکات ئامانجی شەڕەکە بۆ ئەمریکا هیچ پەیوەندی بە عێراقەوە نەبوو، بەڵکو بۆ ڕاگرتنی هەژمونی و باڵادەستی ئەمریکا بوو بەسەر دنیادا دوای نەمانی بلۆکی رۆژهەڵات. ئەگەر ڕاستودروستی ئەم لێکدانەوەیە ئەوکات کەمێك گومانی هەڵگرتبێت! ئەوا روداوەکانی دوای جەنگ لە ئاستی جیهاندا تێگەیشتنی ئەو بۆچوونەی زۆر سادەو ئاسانتر کردوە بۆ هەر کەسێك، نەك بۆ هەڵسوڕاو و شیکەرەوەیەکی سیاسی و بەتایبەتی بۆ کۆمۆنیستێكی کرێکاری و کرێکارێکی هوشیار!
سەیر ئەوەیە ئەو هاوڕێیانەی ئەمرۆ گەڕاونەتەوە سەر ئەو لێکدانەوە نادروست و لنگەوقوچە بۆ شەڕی ١٩٩١ی ئەمریکا لە دژی عێراق، ماوەی نزیکەی سی ساڵ ئەو شەڕە و ئەو رەوەندە سیاسیانەی لەو شەرەوە سەریان هەلداوە، لە روانگەیەکی تەواو پێچەوانەی ئەو” ترادسیۆن و خەتە پرۆلیتاری و مارکسیتیـیە”وە لیکداوەتەوە کە بەڵگەنامەی “ئەرکە دەستبەجێکانمان”ی پێ نوسراوە. لەم بارەیەوە دەیان وتار و بڕیارنامە و بەلگەنامەیان نوسیوە، یان لانی کەم لە گەڵالەکردن و پەسەندکردنی ئەو ترادسیۆن و خەتە بەراستی پرۆلیتاریەدا بەشدارییان کردوە. سەرنوسەری ئۆرگانی فکری-سیاسی حزب و پۆستی سکرتێرو مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییان هەبووە، کەچی ئەمرۆ لە چاوتروکانێکدا بۆ بەخراپ کەڵک وەگرتنی مەحفەلیستی لە ناوبانگ و رۆڵی مێژوویی رێکخراوی رەوتی کۆمۆنیست، وەکو رێکخراوێکی پەیگیری سەر بە نەریت و بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کریکاری، تەواوی خەت و لێکدانەوە و بەلگەنامەکانی ئەم سی ساڵەی دواییان فەرامۆش کردوە و گەڕاونەتەوە سەر ئەو خەتەی کە رابەری مەشروع و راستەقینەی رەوت و کادرەکانی بەوپەڕی هوشیاریەوە رەخنەی قوڵ و ریشەییان لێگرت و تێیانپەڕاند. ئەمە نەک هەر خەباتی پرشانازی ئەم سێ دەیەی ئەخیری خۆیان دەدات بەدەم ئاوەوە، نەك هەموو مێژووی خۆشیان لەناو بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا یەکسان دەکات بە سفر، نەک هەر چەندین هەنگاو گەرانەوەیە بۆ دواوە، بەڵکو سەرتاپا ئۆپۆرتۆنیزمێکی سیاسیە.
خەت و ترادیسیۆنێکی رەخنەکراو و تێپەڕکراو، بەبێ ئەوەی بە بەڵگەی روون و دروست و مارکسیستی بەرگری لێ بکرێت، لە ئەرشیف دەرهێنراوە و باوەشێنی هەست و سۆزی مەحفەلیستی پێدەکرێت و ئومێد دەکەن هەستی هاوڕێیانیک بجوڵێنێ کە پێشتر لەم رێکخراوە کۆمۆنیستیە کرێکاریەدا کاریان کردوە. خودی ئەم باوەشێنی مەحفەلیزمە سەرتاپا ناکۆک و پێچەوانەیە بە ترادسیۆن و خەتی پرۆلیتاری و مارکسیستی. لەمەش زۆر زیاتر ئەم هەڵگەڕانەوە و دەستبردنە بۆ ئەرشیف و ئەو خەتە نامارکسیستیە، یەکێک لەم دوو لێکدانەوەیە زیاترمان پێناڵێت؛ یان ئەوەتا سی ساڵ لەمەوبەر، قبوڵکردنی رەخنەی مارکسیستی لەو رەوەندە و ترادسیۆن و خەتەی ئەو بەلگەنامەیەی پێنوسراوە، ئۆپۆرتۆنیستی بوە و ئەم هاورێیانە سێ دەیەیە لە ناو ئۆپۆرتۆنیزمدا پەلوپۆ دەکوتن، یان نەخێر دوای ئەوەی کە لە کۆمۆنیزمی کرێکاری و حزب بێئومێد بوون و لەباری سیاسیەوە هیچ ئاسۆیەك لەبەردەمی خۆیاندا نابینن، گەڕانەتەوەو بۆ شانازیەکانی کۆن، بۆیە پەنا دەبەن بۆ ئەو ئەرشیف و خەتە سیاسیەو بزواندنی هەستی ڕەوتگەرایی! باشترە ئەوە بۆ خودی ئەم هاورییانە جێبهێلێن بزانین کامیان هەلدەبژێرن!
بەڵام سەربەخۆ لەو لێکدانەوەیەی کە بەڵگەنامەکە بۆ شەڕەکە دەیکات، واتە ئەمریکاو عێراق دەخاتە تای یەك تەرزاوەوە، لەراستیدا بەڵگەنامەکە باسی ئەوە دەکات کە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە دەستی پێکردوەو لەسەر ئەو بنەمایەشەوە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئەرکی مێژووییان دەکەوێتە سەرشان و دەبێ جێبەجێی بکەن ” ئەم هەلومەرجەوەزعی شۆڕشگێرانەی لەسەرئاستی ووڵات هەرچی زیاتر پـەرەپـێـداوه. لـەم دەورەیــــەدا چینی کرێکار و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکار ڕووبەڕووی ئەرک و وەزیفەی مێژوویی بوونەتەوە.”
کەواتە جەوهەری بەڵگەنامەکە خۆئامادەکردنە لەناو جەرگەی هەلومەرجی شۆرشگێڕانەدا ” بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە”… و …”ڕاپەڕینی سەرتاسەری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش” و ” ڕابەریکردن و ڕێکخستنی خەباتی چینایەتی کرێکار بۆ دامەزراندنی حکومەتی کـرێـکـاری و سـۆشـیـالـیـزم”.
بەر لەهەموو شتێک ئەم روانگەیە بۆ هەلومەرجەکە نەک هەر هەڵەیە، بەڵکو هاوجیهەتیەکی ئاشکرایە لەگەل تاکتیکی ترادسیۆن و خەتی ناسیۆنالیستی ئەوکاتە، کە بە پشتبەستن بە سیاسەتی جەنگخوازانە و چاوبڕینە ملهوڕیی ئەمریکا، ئەو دۆخە تاریک و کارەساتبارەی بە شۆڕشگێرانە لێکدایەوە و لەسەر ئەم بنەمایەش تاکتیکی ڕاپەڕینی لێدەرکێشا. هەربۆیەش ئاکامی رەوەندەکە تراژیدیەکی گەورەی بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستاندا هێنا و بۆرژوا ناسیۆنالیزمی کوردیشی بەدەسەڵات گەیاند و بەگشتی رەوەندێکی تاریک و کۆنەپەرستانەی بەسەر کۆمەڵگا و تەنانەت ناوچەکە و جیهاندا داسەپاند.
بەڵام بەدەر لەمە ئەوەی ئەم هاورییانە شانازی پێوە دەکەن و دەیانەوێ وەکو شاکارێک نمایشی بکەن، تەنها کۆمەڵێك ئەرکی گشتگەرایە کە بۆ هەمووکاتێك و بۆ سەردەمی ناشۆڕشگێڕانەش دەگونجێت، دەستنیشان کراوە و گوایە بەر لەدەستپێکردنی ڕاپەڕین، ئەو ئەرک و داواکاریانە بەرنامەی کاری کۆمۆنیستەکان پێکدەهێنێ و کاتێکیش ڕاپەڕین روویدا ئەوا کۆمەڵێك ئەرکی دیکەی دەستنیشان کردوە و بێجگە لە ئەرکەکان کۆمەڵێك داواکاریشی خستۆتەڕوو کە ئینسان نازانێ ئەو داواکارایانە بۆ کێن و لەکێ دەکرێن!؟ ئەگەر هەلومەرجی شۆڕشگیڕانەیەو کرێکارو زەحمەتکێش راپەڕینیان ئەنجام داوە، دەبێ خەریکی دروستکردنی دەسەڵاتی خۆیان بن و بەرنامەی حکومەتەکەی خۆیان بخەنەڕوو نەك داواکاری! هەڵبەت بەشی زۆری داواکاری و ئەرکەکانیش ئەوە نیە کە بەرئەنجامی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنێکی خودی رێکخراوی رەوتی کۆمۆنیست بووبێت بۆ هەلومەرجەکە و ئەرکەکانی کۆمۆنیزم، بەڵکو تەنها کۆپیکردنی داخوازی و ئەرک و دروشمەکانی رەوتی کۆمۆنیزمی کریکاری بوو کە ئەوکات رابەرایەتی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانی دەکرد. واتە سەرچاوەی خودی ئەو بەڵگەنامەیەش، بەدەر لە لێکدانەوە هەڵەکەی بۆ بارودۆخی سیاسی و جەنگەکە، هەر هەمان ئەو نەریت و بزوتنەوەیە بوو کە رەوت خۆی سەر بە ئەو ئەزانی.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ڕابەری ڕەوتی کۆمۆنیست لەبەرئەوەی لێکدانەوەیەکی دروستی بۆ دۆخە سیاسیەکە و بۆ ئامانجەکانی شەڕەکەو ئاکامەکانی نەبوو. تووشی سەرەگێژەیەکی سیاسی و فکری هاتبوو. لەلایەکەوە لەژێر کاریگەری لێکدانەوەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری و مەنسوری حیکمەت لەسەر جەنگەکە، کە بەجەنگێکی ئیمپریالیستی دادەناو ئاکامە وێرانکاریەکانی لەسەر چینی کرێکارو مرۆڤایەتی بەشێوەیەکی گشتی خستبوە ڕوو، بۆیە دژی جەنگەکە بوو، بەڵام لەولاشەوە رەوتی کۆمۆنست خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەکرد کە جەنگ رووبدات و لەئاکامی جەنگەوە ڕاپەڕینی جەماوەری و گشتی ڕووبدات و سۆشیالیزم و حکومەتی کرێکاری وەکو ئاکامی ڕاپەرین دابمەزرێنێ! بەڵگەنامەی ” ئەرکە دەستبەجێکان” بۆ ئەوە نوسرا.
لێرەشەوە بەو ئەنجامە دەگەین کە یان سۆسیالیزم لەروانگەی رەوتی کۆمۆنیستەوە ئەوەندە هاتبوەخوارەوە کە دەکرا بەرئەنجامی راپەرینێک بوایە کە ئاسۆی ناسیۆنالیستی و ئومێدبەستنەوەی بەجەنگ و میلیتاریزمی ئەمریکا بەسەریدا زاڵ بوو، یان دەبوایە رەخنەیەکی سۆسیالیستی لە گشت رەوەندەکە بگرتایە و نەک تاکتیکی راپەرین، بەڵکو تاکتیکێکی بخستایەتە بەرنامەی کاری خۆیەوە کە کۆمەکی بکردایە بە بەرەوپێشچوونی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و هێنانەکایەی هیزهاوسەنگیەک کە بە قازانجی چینی کریکار بوایەت. بەڵام رەوتی کۆمۆنیست و سەرجەم ریکخراوە کۆمۆنیستیەکانی ئەوکات، بەگشتی نە لیکدانەوەیان بۆ دۆخەکە دروست بوو، نە ئەو تاکتیکەی گرتیانەبەر کۆمەکی کرد بە گۆڕینی هیزهاوسەنگی بە قازانجی کرێکار و کۆمۆنیزم. هەربۆیە بەکەمترین ئامادەییەوە چوونە ناو ئەو رەوەندەوەو کەمترین دەسکەوت و پێشرەویشیان بەدەست هێنا. کاتێك لە برگەیەکی تردا لەسەر خەتی سۆسیالیستی گیرسانەوە، تازە زۆر درەنگی کردبوو، هەر بۆیە گشت ئەو رەوەندە بە قازانجی راست و ناسیۆنالیزم چووە پێشەوە و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی تەنها لە سەنگەری ئۆپۆزیسیۆنیکی لاوازدا جیگەی گرت.
بێگومان لێکدانەوەی دواتری هەم ڕەوتی کۆمۆنیست و هەم حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کە ڕەوتی کۆمۆنیست یەکێك بوو لە هێزە پێکهێنەرە سەرەکیەکانی، لەسەر روداوەکانی ئەو سەردەمەی کە ئەرکە دەستبەجێکانی تێدا نوسراو، بەوجۆرە نەبوو کە هەلومەرجی شۆرشگێڕانە لەئارادا بوەو کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان لەژێر ئاسۆی سیاسی شۆرشگێڕانە و کۆمۆنیستیدا ڕاپەڕیوون، بەڵکو لەژێر ئاسۆی سیاسی ناسیۆنالیزمی کوردو لەچوارچێوەی ئەو جەنگە کۆنەپەرستانەیەی ئەمریکا لەناوچەکەدا راپەڕین. بۆیە ئەگەر بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لێکدانەوە و روانگەیەکی دروست و پرۆلیتاری بۆ دۆخ و رەوەندەکە هەبوایە، دەبوایە لەجیاتی راپەرین و هەڵواسینی ئومێد بە ئاڵای ئەمریکاوە، لەئاستی ناوخۆدا تاکتیکێکی دیکەی گونجاو لەگەل دۆخەکە و لەگەل هاوسەنگی هێزی چینایەتیدا بگرتایە پێش، لەئاستی گشتی جیهانیشدا لە پاڵ بەرەی ئازادیخوازی دنیا دژی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرەدا ڕابوەستن.
هەڵبەتە پرسی شورا کە لەو بەڵگەنامەیەدا باسی لێکراوەو دواتریش هەنگاوەکانی ڕەوتی کۆمۆنیست و رێکخراوە کۆمۆنیستیەکانی دیکەو هەڵسوڕاوانی کرێکاری و سۆشیالیستی بۆ بەڕێخستنی بزوتنەوەی شورایی و دامەزراندنی شوراکان خاڵێکی درەوشاوەی مێژووی سیاسی سەرجەم ئەو رێکخراو و کەسانەن کە نەخشیان تێیدا بینیوە، بەڵام ئەو بەلگەنامەیە کێشەی جدی تێدایە وەکو بەڵگەنامەیەکی کۆمۆنیستی و لێکدانەوەی دروستی چینایەتی بۆ دەورەیەکی سیاسی زۆر گرنگ و هەستیاری کۆمەڵگای عێراق و کوردستان و دەستنیشانکردنی سیاسەتی دروستی کۆمۆنیستی و ئەرک و هەنگاوە عەمەلیەکانی کۆمۆنیستەکان.
جێگای داخە کە هاورێیانێك دوای ٣٢ ساڵ و دوای ئەوەی کە لەناو خودی ڕەوتی کۆمۆنیستدا هەر ئەو دەمە رەخنە لەو بۆچوون و لێکدانەوەیە گیرا و خەتێکی سیاسی دیکەی جیاواز لەو خەتە سیاسیە گیرایە پێش، خودی ئەو هاورێیانەش هاوبەش بوون لەو رەخنەیەدا و ساڵانێکی دوورودرێژیش لەناو ئەو حزب و بزوتنەوەیەدا هەڵسوڕانی سیاسی و رێکخراوەیی خۆیان کرد کە ئەو جۆرە خەت و لێکدانەوەیەی جێهێشتبوو، کەچی تازە بە شانازیەوە دەگەڕێنەوە بۆسەر ئەو خەت و نەریتە سیاسی و فکریەی پێش ٣٢و ساڵ و خۆیان بە درێژەپێدەری ئەو خەت و نەریتە دەزانن! ئەو هاورێیانە بەمشێوەیە خەریکن و دەویانەوێت دوورکەوتنەوەو بێبەریبوونی خۆیان لە کۆمۆنیزمی کرێکاری نیشان بدەن. ئەمەش ئەو مەسەلە عەرەبیەمان وەبیر دێنێتەوە کە دەڵێت ” ئەگەر بازرگان مایەپووچ بوو، بە قەرزە کۆنەکانیدا دەچێتەوە!”
مەسەلەیەک کە پێویستە بە بیری ئەو هاورێیانەی بهێنینەوە و بەئاگاداری کەسانێکیشی بگەیەنین کە تازە ئەو بەڵگەنامەیە دەبینن، ئەوەیە کە دوای ئەوەی ئەو خەتە سیاسی و فکریەی کە ناوەرۆکی “ئەرکە دەستبەجێکان”ی رەوتی کۆمۆنیستی پێك دەهێنا کەوتە ناکۆکیەوە لەگەڵ بۆچوون و لێکدانەوەکانی هاورێ مەنسور حیکمەتدا لەسەر روداوەکانی ساڵی ١٩٩١ی کوردستانی عێراقدا، رەوتی کۆمۆنیست و زۆربەی رێکخراوە کۆمۆنستیەکانی دیکەش پێشوازییان لە لێکدانەوەکانی هاوڕێ مەنسور حیکمەت کرد و قبوڵیان کرد. ئەم مەسەلەیە بۆ رەوتی کۆمۆنست لە چەند لایەنێکەوە تایبەتمەندی خۆی هەبوو. رەوتی کۆمۆنیست کە بۆخۆی پێیوابوو لەباری فکری و سیاسیەوە لە تەواوی رێکخراوە کۆمۆنیستیەکانی تر نزیکترە لە خەتی فکری سیاسی کۆمۆنیزمی کرێکاریەوە، بۆیە بروای وابوو کە ڕەوتی کۆمۆنیست ئەو رێکخراوەیە کە شایستەی ئەوەیە ڕابەری پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بکات و رێکخراوەکانی دیکە پەیوەست بن بەو حزبەوە کە ڕەوتەی کۆمۆنیست دروستی دەکات. ئەم بۆچوونەی ڕابەری رەوتی کۆمۆنیست وایکرد کە لەگەڵ دەرکەوتنی جیاوازی و ناکۆکی خەتی سیاسی فکری ڕەوتی کۆمۆنیست لەگەڵ لێکدانەوەو بۆچوونەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری و مەنسوری حیکمەت تووشی سەرەگێژەبێت و کەوتە حاڵەتێکی سەرگەردانیەوە. هەربۆیە بڕیاری دا بەشێكی ڕابەریەکەی کە بریتی بوون لە هاورێیان( موئەیەد ئەحمەد، عوسمانی حاجی مارف و نادر عبدالحمید) بچنە دەرەوەی ووڵات و لە نزیک هاورێ مەنسور حیکمەتەوە کاری سیاسی بکەن.
بەپێچەوانەی ئەمەوە، ئەگەر بەپێی لێکدانەوەکانی ” ئەرکە دەستبەجێکان” بوایە، نەدەبوو ڕابەری ڕەوتی کۆمۆنیست کوردستان بەجێبهێڵن و بچنە دەرەوەی ووڵات، چونکە ئەرکە دەستبەجێکان پێیوابوو کە هەلومەرجی سیاسی عێراق لە دەورانی شۆرشگێڕانەدایە و ئەگەری ڕاپەڕینی گشتی و بەرپابوونی شۆرش هەیە، بۆیە دەبوایە ڕابەری ڕەوتی کۆمۆنیست لە کوردستان بمایاتەوەو سەرقاڵی سازدانی ڕاپەڕین و شۆرش بوایە!
هاورێیانێک لە ڕابەری رەوتی کۆمۆنیست کە ئێستا دوای ٣٢ ساڵ دەگەرێنەوە بۆ شانازیکردن بە بەڵگەنامەیەک کە نەک لەکاتی خۆیدا نەیتوانی دەورێکی پێشرەوانە ببینێت لە هەلومەرجی سیاسی و خەباتی چینایەتی و کۆمۆنیستی لە کوردستان، بەڵکو بۆ دەورەیەک بووە مایەی سەرەگێژی و سەرگەردانی بۆ خودی نوسەری بەڵگەنامەکەو رابەرەکانیشی، دەبێت لەئێستادا چ ئاسۆیەک بۆ هەڵسوڕانی سیاسیان پێشبینی بکرێ! ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو هاوڕێیانە بێ دەستمایەی سیاسین و گیرۆدەی سەرگەردانی فکری و سیاسین! بەڵام ئەوە هەڵبژاردنی خۆیانەو من خۆزگەم دەخواست ئەو هەڵبژاردنەیان نەکردایە!
Check Also
پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!
عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …