جه‌مال موحسین
٢٣ ی مارس، ٢٠٢٣
ئه‌م چه‌ند ڕۆژه یادی ’’ڕاپه‌ڕین‘‘ و ڕۆژانێكه كه ده‌زگاكانی به‌عس له شاره‌كانی كوردستان وه‌ده‌رنران. هاوكات یادی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌یه‌كه كه بۆ یه‌كه‌مجار پێی خسته گۆڕه‌پانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانه‌وه، كه ئه‌ویش بزووتنه‌وه‌ی شوراییه. له هه‌لومه‌رجێكدا كه له عێراق و كوردستاندا هاته‌پێشه‌وه و ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك شل بوو، ده‌رفه‌تێك هاته‌پێشه‌وه كه كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش، كۆمۆنیسته‌كان و كه‌سانی سۆشیالیست له‌نێو جه‌رگه‌ی ئه‌و دۆخه‌دا شێوازێكی تری به‌ڕێوه‌بردن، له ده‌سه‌ڵات، له ئیراده‌نواندنی خه‌ڵكی بێبه‌ش پیاده بكه‌ن. بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه هه‌ر له ساته‌كانی یه‌كه‌می خۆده‌رخستنیه‌وه كه‌وته به‌رانبه‌ركێ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حزابه‌كانی بۆرژوا_كوردایه‌تی. ئه‌مه‌ی دواییش هه‌ر زوو كه‌وته دژایه‌تی شوراكان, چونكه ئه‌یزانی سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشه و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانی ڕه‌تكردۆته‌وه و سه‌ر ئه‌نێ به جۆرێكی تر له ده‌سه‌ڵاته‌وه.
ئێستا دوای ٣٢ ساڵ له ئه‌زمونی كاره‌ساتباری كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان به‌ده‌ست ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه و دوای ئه‌وه‌ی كه به‌داخه‌وه بەنرخێكی زۆر گران و گیان له ده‌ستدانی هه‌زاره‌ها كه‌س له‌ژێر سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته و وێرانكردنی كۆمه‌ڵگه و برسی و هه‌ژاركردنی خه‌ڵك و هه‌ڵته‌كاندنی بنه‌ماكانی كۆمه‌ڵگه له خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و خوێندن و جاده‌وبان و گواستنه‌وه و پێداویستی ژیانی هاوچه‌رخ، ناوه‌ڕۆكی دژه خه‌ڵكی و پوچیی ’’ ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی‘‘ بۆته ڕاستیه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، بگره ده‌سه‌ڵات خۆی بووه بەبارێكی قورس به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه و ژیانی خه‌ڵكه‌وه. ئێستا كه به هه‌ر نرخێكه خه‌ڵك خۆی له‌ژێر باری خۆشباوه‌ڕی به ده‌سه‌ڵات و هاوبه‌شه ئیسلامی و ناسیۆنالیستیه‌كانیانه‌وه ده‌رباز كردووه و هیچ باوه‌ڕێكی به به‌ڵێنه فریوكارانه‌كانیان نه‌ماوه، ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ر له‌دژی ئه‌م سیستمه هه‌رجاره و به‌جۆرێك و له شوێنێك سه‌رهه‌ڵئه‌دات. به‌ڵام هێشتا یاری په‌لكێشكردنی خه‌ڵك بۆ سندوقه‌كانی ده‌نگدان چ له‌لایه‌ن حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه و چ له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه وه‌ك ڕێگه‌چاره‌ی ئه‌م دۆخه قه‌یراناوی و چه‌قبه‌ستووه له‌ئارادایه. ئه‌گه‌رچی خه‌ڵك گه‌یشتووه به‌و ڕاستیه‌ی كه نه گۆڕینی ده‌موچاوه‌كان و نه ده‌نگهێنانی ئه‌حزابێكی تر له به‌ناو هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هیچ له مه‌سه‌له‌ی ژیانی خه‌ڵك و كه‌مكردنه‌وه‌ی نه‌هامه‌تیه‌كانیان ناگۆڕێ. ئه‌وه بووه به ئه‌نجامێك بۆ خه‌ڵك كه به‌ده‌ستهێنانی ماف و داخوازیه‌كانیان به‌نده به ڕۆیشتنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه. ئه‌مه‌ش ته‌نها و ته‌نها به هاتنه‌مه‌یدانی بزووتنه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه بۆ وه‌لانانی ده‌سه‌ڵاتی بۆژروازی كورد و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێكی تری بنیاتنراو له‌سه‌ر ده‌وروده‌خاڵه‌تی ڕاسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش ئیمكانی هه‌یه.
ئه‌وه‌ی كه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه چۆن و له كوێ ده‌ست پێئه‌كات و له چ زۆنێك و له چ شارێك یان شارۆچكه‌یه‌كی زۆنێكه‌وه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ڕائه‌ماڵێ، په‌یوه‌سته به هێز و توانای ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری و هێزهاوسه‌نگیه‌ك كه له‌و شوێنه به ده‌ستی ئه‌هێنێ. بێگومان هه‌ر شوێنێكیش له ده‌سه‌ڵات پاك كرایه‌وه، پێویسته ده‌ستبه‌جێ ئۆرگانه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ری دابمه‌زرێ و له هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی ئه‌و شوێنه‌دا بێت و هاوكاتیش توانای به‌رگری له‌خۆكردن په‌یدا بكات. جه‌ماوه‌رێك كه خۆی له شوراكان، ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ریه‌كان، ده‌سته‌كان و ئه‌نجومه‌ن و كۆڕوكۆمه‌ڵه‌كاندا ڕێكخستبێ، توانای ئه‌وه‌ی ئه‌بێ كه له‌و شوێنه‌ی بۆشایی ده‌سه‌ڵات دروست ئه‌بێ، ده‌ستبه‌جێ ده‌سه‌ڵاتی خۆی دابمه‌زرێنێ. به‌جۆرێك ده‌سه‌ڵاتی دوو لایه‌نه‌یی بكاته ئه‌مری واقع و بیسه‌پێنێ، تاكو ئه‌م بزووتنه‌وه شۆڕشگێڕانه‌یه پێ به پێ سه‌راسه‌ریتر ئه‌بێته‌وه و ده‌سه‌ڵات به ته‌واوی ڕائه‌ماڵێ و ئه‌و شێوازه له ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ری دائه‌مه‌زرێنێ كه سه‌رئه‌نجام ئه‌گات به ’’كۆنگره‌ی سه‌راسه‌ری نوێنه‌ری شورا و ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ریه‌كان‘‘ وه‌ك شێوه و فۆڕمی نوێی ده‌سه‌ڵات له كوردستاندا. دیاره ئه‌مه جۆرێ له ده‌سه‌ڵات ئه‌بێت، كه به ته‌واوه‌تی و ڕاسته‌وخۆ پشت به‌ستووه به ده‌خاڵه‌ت و ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆی جه‌ماوه‌ری پێكهاتوو له كرێكاران و خه‌ڵكی بێبه‌ش و توێژه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه.
لێره‌دایه كه پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌زمونی شوراكانی ساڵی ١٩٩١، ئه‌و شورایانه‌ی كه بۆنیان كردبوو به ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌وه و به‌و ناونیشانه ده‌خه‌ڵاتیان له كۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌كرد. خه‌ڵكی مه‌حروم ئه‌توانن كه‌ڵك له‌و ئه‌زمونه وه‌ربگرن و خاڵه لاواز و كه‌موكورتیه‌كانی تێپه‌ڕێنن. پاشانیش به‌ڕاستی ئه‌زمونی ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ریه‌كانی كرێكاران و بێكاران و ژنان و مامۆستایان و لاوان به‌شێكی گرنگن له درێژه‌ی بزووتنه‌وه‌ی شوراییدا. ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری كرێكار و بێبه‌شدا ڕاوه‌ستابوون و له‌لایه‌ك پێداگرییان له مافی ژیانێكی تێروته‌سه‌ل و ئازاد و یه‌كسان ئه‌كرد و خه‌باتیان بۆ ئه‌كرد و له‌لایه‌كیشه‌وه پشت به‌ستو به نه‌ریتی كاری شورایی و شوراكانی ١٩٩١ له هه‌وڵی شێوازی ده‌ستبردن بۆ ده‌سه‌ڵاتی شوراییدا بوون. هه‌ر له ئێستاشدا ئه‌توانرێ ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ریه‌كان و هه‌ر شێوازێكی تری خۆڕێكخستن له‌ناو جه‌ماوه‌ردا ده‌ستی بۆ ببرێته‌وه و ببنه داینه‌مۆی خه‌باتێكی لێكهه‌ڵپێكراو و یه‌كگرتووانه له ڕاستای بزووتنه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه‌دا بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حزابه‌كانی كوردایه‌تی و ته‌زمینكردنی ده‌سه‌ڵاتی شورایی.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی كۆنگره‌ی سه‌راسه‌ری نوێنه‌ری شورا و ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ریه‌كان چۆن ئه‌بێ و چ جۆرێك له سیستمی به‌ڕێوه‌بردن پیاده‌ئه‌كات و چی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ئه‌نجام ئه‌دات، حزبی ئێمه له كۆنگره‌ی ٥ ی خۆیدا (كۆتاییه‌كانی ساڵی ٢٠٢١)، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی په‌سه‌ند كرد به ناوی (كۆنگره‌ی سه‌راسه‌ری نوێنه‌ری شوراكانی خه‌ڵك، به‌دیلی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی ئێستایه). له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات و كۆنترۆڵكردنی داهاتی كۆمه‌ڵگه و سه‌روه‌ت و سامانی به‌رپرسانی ئێستا كه به‌زه‌بری چه‌ك له خه‌ڵكیان دزیوه، دادگایی كردنی سه‌رانی ده‌سه‌ڵات كه ده‌ستیان له تاڵان و بڕۆیی و جه‌رده‌یی و عه‌زێتدانی خه‌ڵك و تیرۆر و ئه‌شكه‌نجه‌دایه، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی داموده‌زگاكانی ئه‌وان وه‌ك په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سیستمی دادوەری و جێگرتنه‌وه‌یان به ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵك و دادگای جه‌ماوه‌ری و هێزی چه‌كداری ڕێكخراو له شوراكانی خه‌ڵكدا، دابینكردنی ئازادی بێقه‌یدوبه‌ندی سیاسی و یه‌كسانی هه‌مه‌لایه‌نه له‌نێوان ژن و پیاودا و… چه‌ندین به‌ندی تری تێدا هاتووه وه‌ك بنه‌ما سه‌ره‌تاییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی شورایی جه‌ماوه‌ر. خوێنه‌رانی ئه‌م وتاره ئه‌توانن ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه له ماڵپه‌ڕی حزبدا به ده‌ست بهێنن. ئه‌جێندای ناو ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه بانگه‌وازه بۆ كۆمۆنیسته‌كان و كه‌سانی سۆشیالیست و هه‌ڵسوڕاوان و ڕابه‌رانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان كه ده‌ست بخه‌ینه ناو ده‌ستی یه‌كەوە له‌پێناو ڕزگاركردنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا، بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی شۆڕشگێڕانه به‌گه‌ڕبخه‌ین.