زیندانەکانی پارتی

موحسن کەریم

دیمەنی ئەو باوکەی کە لە میدیاکانەوە ڕایگەیاند کە کوڕە ١٩ ساڵەکەی لەزیندانەکانی پارتیدا ئەشکەنجە دراوەو بوتڵی پێهەڵگیراوە، تەنها لەبەرئەوەی گومانیان لێکردوە کە پشتیوانی لە داعش کردبێت، ویژدانی هەر کەسێكی هەژاند کە کەمێك بایەخ بۆ مرۆڤبوونی خۆی دابنێ.

وەکو باوکی گەنجەکە ووتی لەژێر ئەشکەنجەدا ناچاریان کردوە دان بە تۆمەتەکەدا بنێ کە بۆیان هەڵبەستوە، دەنا نە خۆی و نە کوڕەکەی نەك هەر ئیسلامی نین، بەڵکو سەردانی مزگەوتیشیان نەکردوەو بگرە خۆشیان بە مارکسی دەزانن!

بەڵام کێشەی پارتی ئەوە نیە کە کەسێكی سەر بە داعشی گرتوە و ئەشکەنجەی داوەو حوکمی زیندانی بەسەردا سەپاندوە. ڕەنگە ئەو ژینگە گشتیەی کە لەکوردستان و ناوچەکەو دنیادا هەیە دژی داعش و تاوانەکانی بەرامبەر بە خەڵکی عێراق و سوریا بەگشتی و بەرامبەر بە هاوڵاتیانی یەزیدی و مەسیحی بەتایبەتی، بەلێکدانەوەی پارتی ئەو کارە قێزەونەیان پاکانەبکات! ئەگەرچی لەڕوانگەی بنەماکانی مافی مرۆڤەوە ئەشکەنجەدانی زیندانی و دەرکێشانی دانپیانان بەزۆرو لەژێر ئەشکەنجەدا بەتاوان هەژمار دەکرێ و قەدەغەیە، بەڵام مەسەلەکە هەرئەوەندە نیەو زیندانەکانی پارتی و شێوازی مامەڵەی پارتی لەگەڵ هەڵسوڕاوانی سیاسی و لایەنگرانی گروپ و لایەنە سیاسیەکانی نەیاری خۆی هەمیشە نمونەیەك بوون لە زیندان و ئەشکەنجەی رژێمە سەرکوتگەرەکان لەبابەتی رژێمی شای ئێران و جمهوری ئیسلامی و رژێمی بەعس!

پارتی ئەوکاتەشی کە وەکو هێزێکی ئۆپۆزیسۆنی رژێمی عێراق و بەعس کاری کردوە، خاوەنی زیندانە بەدناوەکانی پاراستن و نمونەی قێزەونیان زیندانی ڕایات بوو. کەم نەبوون ئەو کەسانەی کە بەتۆمەتی جۆراوجۆر لەلایەن دەزگای پاراستنەوە زیندانی و ئەشکەنجە دران و بگرە لەناوبران! تیرۆر و کوشتن و سوتاندنی شیوعیەکان لە ساڵانی شەستەکاندا و دواتریش، لە جەرگەی شەڕی خۆی لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکەدا لە کۆتایی هەفتاکان و هەشتاکاندا، تاوانی گەورەی بەرامبەر بە دیلەکانی یەکێتی و نەیارەکانی ئەنجام داوە. لە ماوەی دەسەڵاتیشیدا دوای ساڵی ١٩٩١ لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتیدا، تاوانی بێوێنەی دژی سەرجەم هەڵسوڕاوانی سیاسی نەیاری خۆی و دژ بەلایەنە سیاسیە نەیارەکان ئەنجام داوە. ئەشکەنجەو زیندانیکردن تادەگات بە تیرۆرکردن هەمیشە بەشێك بووە و بەشێکە لە کارنامەی سیاسی ئەو حزبەو چالاکی دەزگا سەرکوتگەرو جاسوسیەکەی پاراستن و دەزگاکانی ئاسایشی پارتی.

تاوانەکانی دەزگای پاراستن و پارتی بەرامبەر بە خەلكی ناڕازی کوردستان و نەیاران و هەڵسوڕاوانی سیاسی، لەهیچ کەس شاراوە نیە، تەنانەت لە خودی پارتیەکانیش، بەڵام ئەوان بەپێی عادەت واراهاتوون کە پاکانەی هەموو کارێکی قێزەونی سەرانی پارتی و دەزگا سیخوڕیە ناوزڕاوەکەی و بنەماڵەی بارزانی بکەن. ئەوە بەشێکە لە مێژووی ئەو حزبەو  کەلتور و نەریتە سیاسیەکەی. بەڵام بێمنەتیی پارتی لەو کارانەی دەزگا جاسوسی و سەرکوتگەریەکانی لەیەك دوو ساڵی ڕابروودا پێێ هەستاون؛ هەر لە زیندانیکردنی هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لە هەولێرو بادینان و دروستکردنی کەیسی جاسوسی بۆیان تا دادگاییکردنی قەرەقوشیانەیان و سەرەنجام ئەم تاوانە قێزەونەی دواییش بەرامبەر بەو مێردمناڵە کردویانە، هەموویان بەشێكن لەو سیاسەتەی کە پارتی دەیەوێ پێبەپێ حکومی بنەماڵەیی سەرکوتگەری کوردایەتی لەسایەی زاڵبوونی بەسەر هەموو هێزە مونافیسەکانیدا لەناو خێزانی کوردایەتیدا، دابمەزرێنێ و هەلومەجێكی سیاسی و ئەمنی بسەپێنێ بەسەر خەڵکی کوردستاندا، کە چ لەئەگەری ئەوەی خۆی ببێتە حاکمی تاقانەی کوردستان یاخود لەئەگەری گەڕانەوەی بۆ باوەشی بەغدا، ئەوا زەمینەی سەرکوتی سیاسی لە کوردستان بۆ خۆی و بۆ دەسەڵاتی ناوەند مسۆگەر کردبێت.

پارتی دەیەوێ هەموو پەراوێزێکی ئازادی کە بەرهەمی قوربانی و خوێنی خەڵکی کوردستان بووە لەماوەی دەیان ساڵی ڕابروودا نەهێڵێ. پارتی بەشێکە لە مەنزومەی دەسەڵاتێکی سیاسی سەرکوتگەر و دژە ئازادی و خەسڵەت و پێکهاتەی هێزەکەشی بەوجۆرە بارهاتوون. بۆیە ئەگەر خەڵکی کوردستان رێی لێنەگرن، ئەوا دەبێ چاوەڕوانی دەسەڵاتێکی لەبابەتی بەعس و جمهوری ئیسلامی و دەوڵەتی تورکیا و ئۆردگان بکەن لەفۆرم و جلوبەرگی کوردیدا! ئەو تاوانەی دژی مێردمناڵەکەی هەولێر بەسە بۆئەوەی خەڵكی کوردستان بڕیاری هەڵپێچانی بارگەوبنە و دەسەڵاتی ئەم حزبە سەرکوتگەر و ستەمگەر و دژە ئازادیە بدەن. تا ئەم بڕیارە درەنگ بکەوێ، ژمارەی قوربانیەکانی ئەم حزبە و دەسەڵاتە ملهوڕو سەرکوتگەرەکەی زیاتر دەبێت.

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …