٨ی مارس، ڕۆژی ڕاوەستانەوەیە بەدژی جیاکاری و ژنئازاری، ڕۆژی توندکردنەوەی خەباتە بۆ ئازادی و یەکسانی! 

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی نیزامی سەرمایەداری، دروستکردن و پەرەدانە بەجیاکاری و ناکۆکی لەنێوان ئینسانەکاندا. هێشتنەوە و قوڵکردنەوەی جیاکاری جنسی لەنێوان ژن و پیاودا لەبواری ئابوری و سیاسی و یاسایی و فەرهەنگی و تاد. یەکێك لەو مەیدانانەی جیاکاریە کە لەلایەک بۆ پارچەپارچەکردنی ڕیزەکانی کرێکاران و لەلایەکیتریشەوە بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی و کەڵەکەی سەرمایە دەستی بۆدەبرێت.

بۆژوازی کوردیش وەکو بەشێکی لێکهەڵپێکراو لەگەڵ بۆرژوازی جیهانیدا، جیاکاری نێوان ئینسانەکان بەگشتی و جیاکاری ڕەگەزی نێوان ژن و پیاو بەتایبەتی، کردۆتە یەکێک لەپایەکانی دەسەڵات و سیستەمەکەی. بۆ ئەم مەبەستەش نەک هەر ژنانی کوردستانی لەگەڵ بێمافی وسەرکوت وستەمگەری بەرەوڕوو کردۆتەوە، بەڵکو لەڕیگای دەمەزەردکردنەوەی بیروباوەڕی خێڵەکی وپیاوسالاری و تێکەڵکردنی دین لەگەڵ یاساکاندا و شۆڕکردنەوەی بۆناو ژیانی ئابوری  و  سیاسی و کۆمەڵایەتی، ڕەشەکوژی ژنان و ناچارکردنیان بەخۆسوتاندن و خۆکوژی کردۆتە دیاردەیەکی قێزەون و باوی نێوکۆمەڵگا.

لەسایەی دەسەڵاتی چەند دەیەی ڕابردووی حزبە بۆرژوا ناسیونالیستەکانی کورددا، سەرەڕای ئەو توندوتیژی وسوکایەتی و بەکەم سەیرکردن وهەڕەشەیەی کە بەئاشکرا لەمیدیاکانەوە دەکرێتە سەریان، گرانی و بێکاری و هەژاری لەو هەلومەرجە سەختە ئابوریەدا بۆتە هۆی ئەوەی باندەکان و بازرگانەکانی سێکس بکەونە ڕاوکردنی ژنانێك کە ناچارن بۆ تێرکردنی سکی خۆیان و مناڵەکانیان پەنا بۆ لەشفرۆشی بەرن، یاخود ئەو ژن و کچانەی دۆخی شەڕو نائارامی بێکەس و بێسەرپەرشتی کردوون، ڕاپێچی کاری لەشفرۆشی بکەن. کە بەشی هەرەزۆری ئەو باندانە دەستیان لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکاندا تێکەڵە.

لەلایەکی ترەوە ژنانی کوردستان بەگشتی نەک لەکاری ناوماڵ و لەدەورانی دایکایەتیدا، هیچ بیمەیەکیان پێنادرێ و کاری خۆڕاییان بەسەردا دەسەپێندرێ، بەڵکو ژنانێک کە کاردەکەن، لەئاستی کرێ و بەدەستهێنانی کارو پسپۆڕیدا، جیاکاریان لەگەڵ دەکرێ و لەبچوکترین ماف و ئیمتیازات بێبەری دەکرێن. لەمانەش زیاتر، حزبەکانی نێو دەسەڵات هەرکاتێک لەگەڵ قەیران و تەنگژەو ناکۆکی نێوانیان بەرەوڕووبونەتەوە، دەستیان بۆ ڕەوتە ئیسلامیەکان درێژکردەو فرسەتی ئەوەیان پێداون تا هێزی کۆنەپەرستانەو پیاوسالاریان بۆسەر ژنان و مافە فەردی و مەدەنیەکان لەکۆمەلگادا وەگەڕبخەن و فەزای کۆنەپەرستی لەدژی ژنان و ڕێکخراوەکانیان هەڵخڕێنن.

بەڵام ژنانی کوردستان ئەمساڵ، لەکاتێکدا خۆیان بۆ پێشوازی لە ٨ی مارس ئامادە دەکەن، کەبزوتنەوەیەکی جەماوەری شۆڕشگێرانە لەشارەکانی ئێران پێیناوەتە مەیدانەوەو ئەوە ژنانن کە لەڕیزی پێشەوە ئاڵای ڕزگارکاردنی ژنانی لەکۆتوبەندی کۆنەپەرستی و پیاوسالاری و دەسەلاتی ئیسلامی سەرمایە، بەرزکردۆتەوە. بزوتنەوەیەکی ئاوا کە ڕاستەوخۆ قەڵای کۆنەپەرستی لەناوچەکدا لەرزاندوە، بەدڵنیایەوە کاریگەریەکی قوڵ لەسەر بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانی کوردستان و خەبات بۆ پاشەکشەپێکردن بەڕەوتە ئیسلامیەکان دادەنێت. ئەو شۆڕشەی کە کرێکاران و لاوان و ژنانی ئێران، بروسکەیان لێداوە، فرسەتی کردۆتەوە بۆ ژنان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی لە کوردستان تا خەباتی خۆیان چڕبکەنەوە بۆ گەیشتن بەماف و ئازادییە فەردی و مەدەنیەکانیان. هاوکات دەرگاش بەڕووی کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی بۆژوازی کورد و پاشەکشەپێکردن بەکۆنەپەرستی، بخەنەسەرپشت. ٨ی مارسی ئەمساڵ، جێگایەکی تایبەتی هەیە لەڕاوەستانەوە بەڕووی سیاسەتی دژەژن و پیاوسالاری دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و کەنارخستنی رەوتە ئیسلامیەکان و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو یاساو ڕێسایانەی کە بۆتە ناسنامەی دژە ئازادی و دژە ژنی کە بەسەر کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردستاندا داسەپێندراوە.

ژنان و پیاوانی ئازادیخواز!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، کەرزگاری و یەکسانیی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان بە بەشیک لەخەباتی دانەبڕاوی چینی کرێکار بۆ گەیشتن بەئازادی و یەکسانی و کۆمەلگایەکی خۆشگوزەران، دەزانێت و بۆی تێدەکۆشیت. هاوکات حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەئێستادا دیفاع لەماف و ئازادیە فەردی و مەدەنیەکانی ژنان و هێنانەکایەوەی سیستەمێکی سکولاری نادینی و ناقەومی، کە یەکسانی هەمەلایەنەی نیوان ژن و پیاو بکاتە بنەمای بەڕیوەبردنی کۆمەڵگا، بەبەشێک لەخەباتی جەماوەری ناڕازی کوردستان بۆ کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی ئەحزابی بۆرژوازی کورد دەزانێ و لەڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتەدا بەتەواوی توانایەوە ڕادەوەستێت. دەبا لە٨ی مارسی ئەمساڵدا ژنان و بزوتنەوە یەکسانیخوازەکەی وەک بەشێک لەنارەزایەتیە جەماوەریەکان بۆ ئازادی و باشبژێوی، بەپێکهێنانی دەستەکانی ژنانی ناڕازی و بەخواستی خۆیانەوە پێبنێنە مەیدانەوە. با ٨ی مارسی ئەمساڵ بکەینە ڕۆژێک بۆ خەباتی یەکگرتوانەی ژنان و پیاوان، لەدژی ژنئازاری وکۆنەپەرستی، باچیتر ڕیگا نەدەین دەستی پیاوسالاران و کۆنەپەرستان و دەسەڵاتداران بۆسەر ژیان و کەسایەتی و حورمەتی ئینسانی ژن درێژ بێت، با ٨ی مارس ڕۆژێک بێت بۆ شەکاندنەوەی ئاڵای ئازادی و یەکسانی.

بژی ٨ مارس، بژی یەکسانیی هەمەلایەنەی ژن و پیاو!

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

مارسی ٢٠٢٣

 

 

 

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …