موحسین کەریم
٨ ی مارس وەکو بۆنەیەکی خەباتکارانەی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز بوەتە بەشێك لەمێژووی هەڵسوڕان و نەریتێکی سیاسی و جەماوەری بزوتنەوەی یەکسانیخوازی لە کوردستان. لەهەمانکاتیشدا بوەتە ئامانجێکی هێرش و پەلاماری ڕەوتە کۆنەپەرستیە دینی و ناسیۆنالیستیەکان. دژایەتی ئەوان بۆ ٨ی مارس، دژایەتیکردنیانە بۆ مافە سەرەتاییەکانی ژنان و بۆ هێشتنەوەی نایەکسانی و پلەدوویی ژنان و کۆتوبەندکردنی ئازادیەکانی ژنان.
مێژووی تازەی کوردستان، لە گۆشەیەکیدا بەرامبەرکێی نێوان ئەو دوو ڕەوت و ئاڕاستەیە بووە. هەمیشە ڕەوتە ئیسلامیەکان و بەپاڵپشتی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتی، هەوڵیان داوە فەزای کۆمەڵگا دژی ژنان ئالودە بکەن. هەرجۆرە ماف و ئازادیەکی ژنیان بە بەرەڵایی و بەدڕەوشتی ناوزەدکردوە. خواستی یەکسانی ژنیان بەکوفر و پێچەوانەی دەقە ئاینیەکانی ئیسلام لێکداوەتەوەو دژی وەستاونەتەوە. دژایەتی هەر جموجوڵێك و بزوتنەوەیەكیان کردوە کە بەرگری لە ئازادی و یەکسانی ژنان کردوە. سڵیان لە بەخشینەوەی بۆگەنترین تۆمەت و پڕوپاگەندەی چەواشەکارانە دژی ئەو کەس و لایەنانە نەکردۆتەوە کە باسی مافەکانی ژنانیان کردوە بەمەبەستی هەڵخڕاندنی فەزای کۆنەپەرستی ناو کۆمەڵگا لە دژیان. پەنایان بۆ توندوتیژی و تیرۆری هەڵسوڕاوان بردوە و تاد… بەڵام بەرامبەر بەو هێرشە هەمەلایەن و هاوبەشەی کۆنەپەرستانی ئیسلامی و ئەحزابی دەسەڵاتدار، بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و هەڵسوڕاوان و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز سەرسەختانە بەرگریان لە خۆیان و ئامانجەکانیان کردوە. ئەم ململانێیەی نێوان ئەو دوو ڕەوتە لە قۆناغی جیاوازدا هەورازو نشێوی بەخۆوە بینیوە، بەڵام وەکو جەنگێکی بەردەوام لە کۆمەڵگای کوردستان بەردەوام بوە.
ئەحزابی دەسەڵاتداری کوردایەتی، ئەگەرچی خۆیان لەجەوهەردا دژە ژن و کۆنەپەرست و دواکەوتوون، بەڵام بەردەوام لەپێناو بەرژەوەندی سیاسی خۆیاندا لەسەر حسابی ژنان و ماف و ئازادیەکانیان و هەر دەنگێکی یەکسانیخواز و ئازادیخوازی کۆمەڵگای کوردستان، ئیمتیازاتیان داوە بە رەوتە ئیسلامیەکان و ئەوانیش لەسایەی ئەم دەرفەتەی پێیاندراوە دژایەتی خۆیان بە ئاشکراو بەشێوەیەکی فراوانتر بۆ هەرچی شتێك ڕاگەیاندوە کە بۆنی مەدەنیەت و پێشکەوتن و ئازادیی ژنانی لێدێت.
لەماوەی ڕابردوودا، لەسایەی ئەم هاوکاریەی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە، ڕەوتە ئیسلامیەکان دەستیان دایە هێرش و پەلامارێکی بەبەرنامە بۆسەر ژنان و مافەکانیان و بگرە بۆ شکاندنی کەسایەتی ژنان. ئەو ڕەوتانە بەئاشکرا پڕوپاگەندەی فرە ژنی دەکەن، دەیانەوێ ڕەواج بە زەواجی مسیار و موتعە بدەن و ژنان و کچانی کوردستان وەکو کاڵایەکی سێکسی دەستاودەست پێکراو مامەڵە دەکەن! حەملەیەکیان دژی پرسی یەکسانیی جێندەری بەڕێخست و هەرچی درۆو قسەی پووچ بوو دژی هەڵسوڕاوانی ئەو مەیدانە هەڵیانڕشت. تەنانەت لە هەندێ زانکۆ رێگایان گرت لە پێشکەشکردنی هەرباسێك تایبەت بێت بەو مەسەلەیە! دەسەڵاتیش وەکو چاودێرێکی بێلایەن تەماشای ئەم روداوەی دەکرد! لەوەش واوەتر، بافڵ تاڵەبانی، بکوژوببڕی یەکێتی، حەملەیەکی ئیمانی هاوشێوەی ئەوەی بەعسی ڕاگەیاندو پاشانیش کەوتە ماچکردنی لاملی شێخی سەلەفی و دەروێش و مەلا دەمشڕەکان و دەستئاوەڵاکردنیان لە هێرش و پەلامارەکانیان بۆسەر ئەو تروسکاییەی مەدەنیەت و ئازادیخوازیەی کە لە کوردستان و بەتایبەتی لەسلێمانی ماوەتەوە!
هەڵبەتە ئەم هێرشەی ئیسلامیەکان و ئەم لامل ماچکردنەی سەرانی ڕەوتە ئیسلامیەکان لەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە، نیشاندەری یەك ڕاستیە، ئەویش پەلەقاژەی نزیکبونەوەیانە لە کۆتایی ژیانی سیاسی و دەسەڵاتیان، بەهۆکاری کاریگەری ئەو بزوتنەوە شۆرشگێڕانەیەی ئێستا لەئێراندا لەلایەن ژنان و گەنجان و کرێکارانەوە بۆ روخانی رژێمی ئیسلامی ئێران و دژ بە بەهاو یاساو نەریتە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان بەڕێکەوتوە. بزوتنەوەی یەکسانیخوازی لە ئێراندا هەمیشە کاریگەری لەسەر ئەو بزوتنەوەیە لە کوردستانی عێراق و بگرە عێراقدا هەبوەو هەیە. هەروەکو چۆن سەربەرزکردنەوەی رەوتە ئیسلامیەکانی کوردستان بەرهەمی هاتنەسەر دەسەڵاتی رژێمی ئیسلامی ئێران بوون، ئاواش شکستی ئەو رژێمە مانای کۆتایی ئەم ڕەوتە ئیسلامیانەو هەروەها سەرگەردانی و سەرلێشێواوی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیە، بەتایبەتی یەکێتی کە ساڵانێکی زۆرە لەئێرانەوە سەرکردایەتی دەکرێ!
کەواتە ٨ ی مارس ئەمساڵ لە هەلومەرجێکی تایبەتیدا یاد دەکەینەوە کە لەلایەکەوە کۆنەپەرستی ئیسلامی و کوردایەتی هەوڵەکانی خۆیان چرکردۆتەوە بۆ هێرشکردنە سەر ژنان و مافەکانیان و بۆ سەر بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و لەلایەکی دیکەشەوە شۆڕشی ژنان و کچان و گەنجانی ئێران کە پاڵپشتێکی گەورەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی کوردستانە و دەتوانێ مایەی هێزو توانا بەخشین بێت پێی!
بەوجۆرەی کە ڕەوتە ئیسلامیەکان و ئەحزابی کوردایەتی دەسەڵاتدار هەموو هەوڵەکانیان بەڕێخستوە بۆ پاشەکشەکردن و بەشکستکێشانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی بەگشتی و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بەتایبەتی، و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیش دەستی بەعەبای ئیسلامەوە گرتوە، پێویست دەکات کە ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازو ئازادیخوازیش کەمەری خۆیان توندبکەنەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی پێچەوانە! دەبێ کۆنەپەرستانی ئیسلامی و ناسیۆنالیست لەسەر جێگای خۆیان دابنرێنەوە! دەبێ هیچ مەلایەکی دەمپیس جورئەت نەکات باسی فرەژنی و بەکەمزانینی ژنان و زەواجی مسیار و موتعە بکات. دەبێ هیچ کۆنەپەرستێکی دژە ژن جورئەت نەکات تۆمەت بۆ خوێندکارانی کچ هەڵبەستێت و پێوانەی ئەخلاقی ئیسلامی بکاتە باڵای کەسایەتی ژان و کچانی کوردستان! نابێ هیچ کۆنەپەرستێکی ئیسلامی تۆمەت ئاراستەی هەڵسوڕاوانی ژنان بکاتو هەڕەشەیان لێبکەن! نابێ لە دەسەڵاتدارانی کوردایەتی قبوڵ بکرێ کە مامەڵە بە ماف و ئازادیەکانی ژنانەوە بکات! ئەم کارە ئێستا لەتوانادا هەیە، چونکە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان ئەزمونی پێشتری هەیەو گۆڕانکاریەکانی ئێرانیش دوژمنەکانیان لاوازدەکات و پشتیوانەیەکی بەهێزیش بۆ ئەمان دابین دەکات.