ڕۆژانی ١٠ و ١١ی شوبات/ فێبریوەری ٢٠٢٣، کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە بەشداری زوربەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بە ئامادەبوون وەفدێک لە ڕابەریی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و بە بەشداری ژمارەیەك لە کادرانی رێکخستنەکانی حزب، پلینۆمی ئاسایی خۆی بەست.
پلینۆم بە سرودی ئینەرناسیۆناڵ و خولەکێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لەیادی گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و سۆشیالیزم دەستی پێکرد و دواتر وتاری دەستپێكی پلنیۆم لەلایەن عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیەوە پێشکەش کرا.
دەستوری یەکەمی پلنیۆم تایبەت بوو بە ڕاپۆرتی مەکتەبی سیاسی و سەرجەم ئۆرگان و کۆمیسیۆن و کۆمیتە سەرەکیەکانی حزب… سەرەتا سەرۆکی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی ئۆرگان و کۆمیسیۆنەکان بە شێوەیەکی هەمەلایەنە دەربارەی کاری کۆمیسیۆن و ئۆرگانەکان و لایەنە بەهێز و لاوازەکان، قسەوباسیان کرد و کاری هەر کام لە کۆمیسیۆن و ئۆرگانە حزبیەکانیان هەڵسەنگاند. بەدوای بەشداری و سەرنجەکانی بەشداربووان، پلنیۆم توانی چەند بڕیارێکی پێویست لەڕاستای بەرەوپێشبردنی مەیدانەکانی کاری حزب و هەر کام لە ئۆرگان و کۆمیسیۆنەکان بدات.
بەدوای قسەوباسی تێروتەسەل لەسەر ڕاپۆرتەکان، پلنیۆم لە دەستورێکی ترد اچووە سەر باسێك کە تایبەت بوو بە دۆخی سیاسی کوردستان. سەرەتاش هاوڕێ موحسین کەریم باسەکەی کردەوە و تیایدا ئاماژەی بەو فاکتەر و ئاڵوگۆڕە تازانە کرد کە لەم چەند مانگەی دواییدا لە دۆخی عێراق و کوردستاندا هاتۆتە کایەوە، دواتریش ئامادەبوان بە دەخالەت وسەرنجدان باسەکەیان دەوڵەمەند کرد و لەئاکامدا بڕیار درا مەکتەبی سیاسی بە لەبەرچاوگرتنی ئەم باسە هەنگاوی پێویست بخاتە دەستوری کاری حزبەوە.
دەستورێکی تری پلنیۆم باسێک بوو سەبارەت بە “پاراستنی ڕیزی سەربەخۆی چینایەتی و ئیتحاد عەمەل” کە لەلایەن هاوڕی رێبوار ئەحمەدەوە پێشکەشکرا. لەم باسەدا هاوڕێیانی ئامادەبووی پلنیۆم بەشێوەیەکی هەمە لایەنە قسەوباسان کرد و هەموان پێداگریان لەسەر پایە بنەڕەتیەکانی سەربەخۆیی سیاسی چینایەتی و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کردەوە. هاوکات تەئکید لە کاری هاوبەش و ئیتحاد عەمەلی حزب لەگەڵ ڕەوتە جیاجیاکانی نێو بزوتنەوەی کرێکاری و ئەو حزب و لایەنانەی کە داکۆکی لە ئازادی وخواستەکانی جەماوەری ستهمدیدە دەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی پاراستنی ڕیزی سەربەخۆی چینایەتی و پابەند بوون بە بنەماکانی ئەم سەربەخۆییە، کرا. جێگای ئاماژەیە بەشداربووانی پلنیۆم چالاکانە بەشداری باسەکەیان کرد و لەئەنجامدا دوو بریار لەوبارەیەوە پەسەند کرا.
بابەتێکی دیکەی بەرنامەی کاری پلینۆمی ٢٦ بڕگەی بڕیارەکان بوو، کە چەند بڕیاری پێویست سەبارەت بە بردنەپێشەوەی کارەکانی حزب پەسەندکران.
بەشی کۆتایی کارەکانی پلینۆم بریتی بوو لە هەڵبژاردنی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی. سەرەتا بەتێكرای دەنگی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، ئامادەبووی پلنیۆم، هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف وەکو سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و هاوکات هەریەک لە هاوڕێیان” دەشتی جەمال، رێبوار عارف، عهبدوڵا محمود، فوئاد صادق، جەمال موحسین، ئالان مەعروف، مههدی ڕهسوڵ و خەسرەو سایە“ی وەکو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژارد.
پلینۆم بە وتەی کۆتایی عوسمانی حاجی مارف و یەك خولەك بێدەنگی و بەسرودی ئینتەرناسیۆنال کۆتایی بەکارەکانی هێنا.
دوو ڕۆژ دوای کۆتایی هاتنی پلنیۆم، مەکتەبی سیاسی یەکەمین کۆبونەوەی خۆی بە بەشداری زۆربەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و بەشداری چەند هاوڕێ لە کۆمیتە ناوەندی، بەست و تیایدا هاوڕێ خەسرەو سایەی بەتێکڕای دەنگ بە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرا وهاوکات مەکتەبی سیاسی بۆڕاپەراندنی کاروبارەکانی حزب، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی ڕاسپراد بەپێکهێنانی تیمێکی کارگێڕی.
کۆمیتەی ناوەندی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٢ ی شوبات\فێبریوهری ٢٠٢٣