موحسین کەریم
کارەساتی بومەلەرزەکەی چەند رۆژی ڕابردووی تورکیاو سوریا، کە هەزاران کەسی لەژێر دارو پەردووی بیناو تەلارەکاندا زیندەبەچاڵ کرد، جارێکی دیکە ئەو راستیەی دووپات کردەوە کە کارەساتە سروشتیەکان، لەسەردەمی باڵادەستیی سیستەمی سەرمایەداریدا، بەتەنها هۆکاری وێرانکردن و کاولکردن و کوشتاری بەکۆمەڵی مرۆڤەکان نین، بەڵکو نایەکسانی چینایەتی و بەرژەوەندخوازی و چاوچنۆکی سەرمایەداران و ڕاکردنیان بەدوای قازانجی خەیاڵیدا و پاشانیش بێدەربەستی دەوڵەت و حکومەتە بۆرژواییەکان بەرامبەر بەژیانی لێقەوماوان و کارەساتبارەکان، فاکتەرێکی گرنگ و کاریگەرن لە بەرینبوونەوەو کاریگەری وێرانکارانەی ئەو کارەساتە سروشتیانە.
پێشگرتن بە رودانی کارەساتە سروشتیە لە سەردەمی کۆندا یاخود کەمکردنەوەی زیانەکانی کارێك بوو کە لەتوانای مرۆڤ بەدەربووە، هەربۆیە تا ئاستی پەرستن لەبەردەمیدا دەستەوەستان بوەو کڕنوشی بۆ بردوە! بەڵام گەشەو پێشکەوتنە سەرسوڕهێنەرە تەکنۆلۆژیەکان لە سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا ئەو ئیمکانەی بە مرۆڤایەتی داوە کە بتوانێ زۆر دیاردەی سروشتی کۆنترۆل بکات و بگرە هەندێجار بە قازانجی خۆی بەکاربهێنێ! بۆنمونە دروستکردنی بەنداوەکان کە لەلایەکەوە بەر بە کارەساتە وێرانکاریەکانی لافاو دەگرێت، بۆ کۆکردنەوەی ئاوو بەکارهێنانی لەبواری بەرهەمهێنانی کارەباو بۆ کشتوکاڵ و گەشتیاری و تاد… بەکاربهێنێ! یان سیستەمی کەشناسی پێشکەوتوو کە بەر لە رودانی لافاو هەنگاوە پێویستەکان بۆ پاراستنی ژیانی هاولاتیان دەستنیشان دەکات…. تاد.
گومان لەوەدا نیە کە بومەلەرزە یەکێکە لەو دیاردە سروشتیانەی بەپێی ئاستی تائێستای زانست، ئیمکانی ئەوە نیە پێش بەرودانی بگیرێ، بەڵام دەکرێ پێش بە وێرانکاریەکانی بگیرێت. ئەگەرچی تائێستا هیچ بەڵگەیەکی زانستی نەخراوەتەروو سەبارەت بەوەی کە دەتوانرێ بەماوەیەکی زۆر پێش رودانی، پێشبینی رودانی بومەلەرزە بکرێ، بەڵام ناوچەکان و هێڵەکانی رودانی بومەلەرزە و هۆکارەکانی رودانی بەتەواوی ئاشکرایە و زانستی جیولۆجی و زەویناسی ئەوەی روونکردۆتەوە. بۆیە دەبێت سیستەمی بیناسازی و تەلارسازی لەو ناوچانەی کە دەکەونە سەر هێڵی بومەلەرزە، بەجۆرێك بێت و بیناکان بەجۆرێك دروست بکرێن کە کاریگەری بومەلەرزە بۆ کەمترین ئاست کەم بکەنەوە.
یابان یەکێکە لەو ووڵاتانەی کە دەکەوێتە سەر هێڵی رودانی بومەلەرزە، بەڵام سیستەمی تەلارسازی و رێکارە زانستیەکانی سەلامەتی بۆ پاراستن و کەمکردنەوەی زیانەکانی بومەلەرزە بەشێوەیەکی باش ڕەچاوکراوە. بۆیە بە بەراورد بە ووڵاتانێکی وەکو تورکیاو ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەهەر روداوێکی بومەلەرزەدا بەهەمان پلە و توندی، کەمترین زیانی مادی و گیانی دەبێت. ئەگەر سەرمایە کەمێك لە چاوچنۆکی و قازانجەپەرستیەکەی کەم بکاتەوە، کۆنترۆڵکردنی بوومەلەرزە سەخت نیە!
بەڵام ئەوەی کە لە سوریاو تورکیا روویدا، بە سەدان تەلارو بینا روخان و هەزاران کەس گیانیان لەدەست داو هەزارانیش بریندارو ڕەنگە رێژەی مردنەکان بەرزتریش بێتەوە، بەوەی کە هێشتا ژمارەیەك خەڵك لەژێر بینا روخاوەکاندان، هۆکارەکەی ئەوەیە کە چ لەرووی تەلارسازیەوەو چ لە رووی هەنگاو و ڕێکارە زانستیەکانی پاراستن و خۆپاراستن لەکاتی رودانی بومەلەرزەوداو هەروەها فریاکەوتنی لێقەوماوان…لەئاستێکی یەجگار خراپدا بوون. دیمەنەکان ئەوە نیشان دەدەن کە لەناو ریزێك تەلارو بینای روخاوو تەختبوو لەگەڵ زەویدا، چەند بیناو تەلاری دیکە بەسەلامەتی ماونەتەوە. ئەوە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە بەکارهێنانی کەرەستەی گونجاو لە دروستکردنی بیناکاندا هۆکارێکی پاراستنی ئەو بینایانە بوون لە روخان! بەوجۆرە ئەوەی روونە ئەوەیە کە چاوچنۆکی سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکانی تەلارسازی لە بەکارهێنانی کەرەستەی خراپ بۆ دروستکردنی ئەو بینایانە هۆکارێکی ڕاستەوخۆی ئەو هەموو قوربانیەیە.
لەلایەکی دیکەوە، نەبوونی رێکاری زانستی بۆ تەلارسازی لەو ناوچانەدا کە لەسەر هێڵی بومەلەرزەن لەلایەن دەوڵەتەوە، نەبوونی هیچ جۆرە ئامادەکارییەك بۆ پاراستنی هاوڵاتیان، نەبوونی هیچ جۆرە رێنمایەك بۆ مامەمەڵکردن لەگەڵ بومەلەرزەدا لەکاتی رودانیدا، نەبوونی هیچ پەناگەیەك و تیمی ڕاهێنراوی پێویست بۆ فریاکەوتنی قوربانیەکانی بومەلەرزە لەلایەن دەوڵەتەوە، بێدەربەستی رژێمە سەرمایەداریەکانی ئەو دوو ووڵاتە بەرامبەر بەژیانی ئەو خێزانانە نیشان دەدات، کە زۆربەیان لە چینی کرێکار و کەمدەرامەت و هەژاری ئەو دوو ووڵاتەن! گومانی تێدانە نیە ئەو بینا و شوقە کواڵێتی خراپانە جێگای نیشتەجێبوونی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکیش و کەمدەرامەتی ئەو دوو وڵاتەیە، بۆیە زۆربەی قوربانیەکان لەوانن. کاتێکیش رەگەزپەرستی و شۆڤێنیزمی بۆرژوازی تێکەڵ بەپرۆسەی فریاکەوتنی لێقەوماوان دەبێت، لەبەرئەوەی زۆربەی ناوچە کارەساتبارەکان کوردزمانن، ئیتر بۆگەنبوونی سیستەمی چینایەتی مێشکی مرۆڤ کاس دەکات!
بەوجۆرە، ئەو بومەلەرزەیەی کە بە ڕواڵەت وەک کارەساتێکی سروشتی دەردەکەوێ کە مرۆڤ لە بەرامبەریدا دەستەوەستانە، بەشێکە لە کارەساتەکانی سیستەمی سەرمایەداری بۆ مرۆڤی کرێکارو زەحمەتکێش!