بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە”پرسی جێندەر” بڕیارێکی سەرکوتگەرانەو  دژ بەئازادییە!

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نوسراوێکی ئاراستەی دەزگاو دامەزراوەکانی سنوری سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین کردوەو داوایان لێ دەکات کەڕێگا نەدەن هیچ جۆرە چالاکیەك سەبارەت بە پرسی جێندەر بەڕێوەببرێت!. بێگومان بڕیارێکی ئاواش نەک هەر پێچەوانەیە لەگەڵ ئازادی دەربڕین چالاکی سیاسی، بەڵکو تووندکردنەوەی سەرکوت وسەپاندنی قەدەغەی هەڵسوڕان وچالاکیەکانی ڕێکخراوەکانی ژنانو لایەنگرانی پرسی جێندەرە. ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی پارێزگا هەنگاوێکی کۆنەپەرستانەیەوئاو دەکاتە ئاشی ڕەوتگەلێکی کۆنەپەرستو دژبەژنان وڕێکخراوەکانی، کەماوەیەکە لەدژی ژنان وئازادیەکانیان کەوتونەتە پەلەقاژەوە. هاوکات ڕاگەیاندنی بەڕەسمی چوونی دەسەڵاتی شاری سلێمانیە بۆ پاڵ ئەو هەوڵەی ئیسلامیەکان و موجامەلەکردنیان و هەروەها موجامەلە کردنی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانە. ئەنجومەنی پارێزگا، بەم بڕیارەی دەیەوێت نەک هەر ئازادیەکان سنوردابکات ، بەڵکو فەزایەکی کۆنەپەرستانەی ئیسلامی لە ناوچەی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین داسەپێنی و ڕێگالەهەموو دەنگێکی پێشکەوتنخواز و دژە کۆنەپەرستی لەم ناوچەیەدا بگرێت ولەمڕیگایەشەوە ڕوخساری گەندەڵی و نایەکسانی و ئەو بێمافیەی کەدەسەڵاتداران بەسەر خەڵكی هەژارو کەمدەرامەتدا دایان سەپاندووە ،  داپۆشێت.

ئێمە لە کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بەتووندی ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی پارێزگای  سلێمانی سەرکۆنە دەکەین و بە پێشێلکردنی ئازادی بیروبۆچوون و ئازادی ویژدان و سەپاندنی بیروبۆچوونی ڕەوتێکی کۆنەپەرست و دژە ژن و دژە مافە سەرەتاییەکانی ژنان و مافی مرۆڤ بەگشتی دەیناسێنین. بەدڵنیایشەوە دانیشتوانی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین کە سەدان قوربانیان لەپێناو ئازادیدا داوە ئەم هەوڵە لەدەسەڵاتدارانی هەلپەرستی سلێمانی قبوڵ ناکەن..

ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازو ئازادیخواز و سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان و هەموو ئەوانەی بەرگری لە سیمای مەدەنی و شارستانی شاری سلێمانی و ناوچەکە دەکەن، نابێت ئەم کۆنەپەرستی و سەرکوتگەریە قبوڵ بکەن. دەبێت بەهەموو ڕێگایەکی کارامەوگونجاو دژی سەرکوتگەری و هەوڵەکانی دەسەڵاتداران بۆ بەئیسلامی کردنی کوردستان و ناوچەی سلێمانی بوەستینەوە.

کۆمیتەی سلێمانی

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢/٢/٢٠٢٣

 

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …