ماوەی چوار رۆژە خەڵکی شارۆچکەی پێنجوێن دژی کەمکردنەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەباو دابەشنەکردنی سوتەمەنی پێویست، دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و شەوانیش لەگەرمای ژێر سفردا لەناو خێمەو لەسەر شەقام درێژە بە نارەزایەتیەکەیان دەدەن، وەکو نیشانەی پێداگری لەسەر خواستەکانیان ئامادەنین بەشەوو رۆژ شەقام چۆڵ بکەن.
خۆپیشاندەران دەڵێن شارۆچکەکەیان دوو مەرزی سەرەکی لەسەرە کە مانگانە سەدان ملیۆن دۆلار داهات بۆ حکومەت و دەسەڵاتداران دەستەبەر دەکات، بەڵام لەلایەن حکومەتەوە پەراوێزخراون و کەمترین خزمەتگوزاریان پێشکەش کراوە. هەروەها لەکاتێکدا شارۆچکەکە ساردترین ناوچەی کوردستانە، بەڵام سوتەمەنی پێویستیان بەنرخی گونجاو بۆ دابین ناکرێ و سەدان خێزانی زەحمەتکێش و کەمدەرامەت بەهۆی سەرماوە هەڵدەلەرزن و تەنانەت سوتەمەنی پێویست بۆ خوێندنگاکان دەستەبەر نەکراوەو مناڵان دەبێ لەسەر پۆلی ساردو سڕدا بخوێنن!
لەپاڵ بەشداری فراوانی خەڵکدا لە خۆپیشاندان و هەروەها مانەوەی شەوانەی سەدان گەنج لەناو خێمەکاندا، دوکاندار و کاسبکارەکانیش دەرگای دوکانەکانیان داخستوەو بەوجۆرە سەرجەم دانیشتیوانی شارۆچکەکە لە مانگرتنی گشتیدان. خۆپیشاندەران ڕایانگەیاندوە کە تا جێبەجێبوونی خواستەکانیان ئامادەنین کۆتایی بە خۆپیشاندان و مانگرتنەکەیان بهێنن. رۆژانەش لەنێوان نوێنەران و رێکخەرانی خۆپیشاندەراندا سەبارەت بە ئامانجەکان و چۆنیەتی بەرەوپێشبردن و بەردەوام بوونی نارەزایەتیەکەیان و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتدا گفتوگۆ دەکرێت و لەلایەن جەماوەرەوە بڕیار لەسەر هەنگاوەکان دەدرێت و نەریتی کۆبونەوەی گشتی بوەتە نەریتێکی جێکەوتووی خەڵکی ناڕازی شارۆچکەکە.
ئێمە لە کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان پشتیوانی بێدرێغی خۆمان بۆ نارەزایەتی و خواستەکانی دانیشتوانی شارۆچکەی پێنجوێن ڕادەگەیەنین و بە ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتدارانی دەزانین کە دەستبەجێ و بێ ئەملاولا خواستەکانیان لە دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاژێری و دابەشکردنی نەوت و سوتەمەنی پێویست جێبەجێ بکات. هاوکات داواش لە خەڵکی ناڕازی شارەکانی دیکەی کوردستان دەکەین کە پشتیوانی لە خواستی ڕەوای خەڵکی پێنجوێن بکەن و خۆشیان سود لەئەزمونی خەڵكی پێنجوێن وەربگرن بۆ داواکردنی خواستەکانیان و ناچارکردنی دەسەڵاتداران بە جێنبەجێکردنیان..پەیامیشمان بۆ خەڵکی شارۆچکەی پێنجوێن و خۆپیشاندەران ئەوەیە کە رێگانەدەن هیچ هێزو لایەنێك لە بەرژەوەندی سیاسی خۆی نارەزایەتی و خەبات وماندووبوونیان بەکاربهێنێ، چونکە ئەزمونی ڕابردوو ئەوەی نیشانداوە کە کۆمەڵێك هێزی سیاسی بەناو ئۆپۆزیسیۆن تەنها هەوڵیان ئەوە بووە لەسەر حسابی رەنج و خەبات و قوربانی ئەوان و خەڵکی ناڕازی کوردستان ژمارەی کورسیەکانی خۆیان لەپەرلەماندا زیادبکەن! ئێوە بەجیاوازیە فکری و سیاسیەکانتانەوە بۆ خواستی خزمەتگوزاری و کارەبو سوتەمەنی پێویست بەم سەرمای زستانە بەشەوو رۆژ شەقام بەرنادەن! ئەو رێگایەشی هەڵتان بژاردوە بۆ بەدیهێنانی خواستەکانتان رێگایەکی دروستە و ئەو شێوازەشی گرتوتەنەتەپێش بۆ بەڕێوەبردنی نارەزایەتیەکەتان شێوازێکی دروست و بەرهەقە.
کۆمیتەی سلێمانی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٤ی کانونی دووەم ٢٠٢٣