خەسرەو سایە
لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ڕوداودا، دایکێکی خاوەن سێ مناڵی ئۆتیزم، لەخیزانێکی کرێکاری، لەبەرامبەر بەرپرسێکی وەزارەتی کارودەستەبەری کۆمەلایەتی حکومەتی هەرێمدا وتی: “ئاخر ژیان چۆن بەخێرخوازان بەڕێوەدەچێت”!. ئەم قسەیەش تەنها دەربڕینی دەردوحەسرەتی دایکێکی گیرۆدە بەنەبونی و بێدەرەتانی ژیانی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردستان، نیە، بەڵکو نمونەیەکە لەنارەزایەتی و تورەیی هەزاران خێزانی کرێکاری، کەڕۆژانە بەروی دەسەڵات و سیستەمێکدا، دەتەقێتەوە، کە سی ساڵە ژیانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش دەهاڕێ. دەسەڵات و سیستەمێک کە لەپێناو کۆکردنەوەی سەرمایەو پڕکردنی گیرفانی بەرپرسانی حزبی و حکومی و خاوەن کۆمپانیاکاندا، دۆخێکی ئەوپەڕی مەینەتباری بەسەر کۆمەڵگادا داسەپاندووە.
“لیقاء” دایکی سێ مناڵە ئۆتیزمەکە دەڵێت:” دۆخمان زۆر خراپە، زۆر ماندووین لەگەڵ منداڵەکان، ئێمە کرێچین، لەبەر ئەو منداڵانە هەر شەش حەوت مانگێك جارێک لە خانوو دەردەکرێم، چونکە دراوسێکان بە جووڵە و دەنگەدەنگی منداڵەکان بێزار دەبن، ئێستا ئاگادارکراومەتەوە کە دەبێ مانگی شەشی داهاتوو باربکەم.” لیقاء هەستەکانی خۆیی بۆ کۆنترۆڵنەکرا و بەگریانەوە درێژەی بەقسەکانی داو گوتی، “باوکی منداڵەکانم کرێکاری فڕنە و نەخۆشی دڵی هەیە و هیچ مووچەیەکمان نییە، تەنها ئەوە نەبێت ڕۆژانە بە ٢٥ هەزار دینار کاردەکات. مانگانەش دەبێ٣٥٠ هەزار دینار کرێی خانوو بدەین و حکومەتیش هیچ کۆمەکێکمان پێناکات. سەرەڕای ئەوەی چەندینجار سەردانی بەڕیوەبەرایەتیەکان و سەنتەرەکانی ئۆتیزممان کردوە.. من نازانم حکومەت چ کارەیە؟ ئاخر چۆن دەبێ حکومەت ئاوابێت؟ ئاخر تاکەی چاو لەدەستی خێرخواز بین؟ هیچ نەبێ با مناڵەکانم وەک مناڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتی حسابیان بۆ بکرێت، تەنانەت بە شێت هەژماریان بکەن. ئەم گریانەم بۆ حاڵی خۆم نییە بەتەنیا، بۆ هەموو ئەو خێزانانەمە کە وەکو ئێمە وان.”
بەهەمانشێوە کرێکارێکی ژینگەپارێزێکی دیکە لە حاجیاوا کە ئەویش خاوەنی سێ منداڵی ئۆتیزمە دەڵێت: ژیانمان لەوپەڕی سەختیدایە، ئەگەر هاوکاری خێرخوازان نەبێت بەڕێوەناچین، مووچەکەشم ٣٣٥ هەزار دینارە و بەشی هیچ ناکات. منداڵەکانم دەبێت بەردەوام دایبییان پێوەبێت، خۆیان پیس دەکەن، پارچەیەک دایبی بە١٣ هەزارە و دەبێت زوو زوو بیکڕم. ”
قسەکانی ئەم دایک و باوکە، ئاماژەیەکی ڕۆشنە بۆئەوەی سیستەمێك لەکوردستاندا لەسەرکارە، کەهیچ بەرپرسیارێتیەکی بەرامبەر بەژیانی هاولاتیانی خۆی لەئەستۆ نەگرتوە. تەنانەت حکومەت و وەزارەتەکانی تا ئەو جێگایە بونیان هەیە کەچۆن باری گرانی و نەبوونی بەسەر شانی خێزانە کرێکاریەکاندا بشکێنیتەوەو زەمینەکانی کاری هەرزان لەبەردەم سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکاندا، دابین بکەن، تا هەرچی زۆرترە، لەسەرحسابی حەسرەوت و بێدەرەتانی ئەم چینە تاڵانچیە سەرمایە کەڵەکە بکەن.
بۆ سەلماندنی ئەم راستیانەش با سەرنجێک لەو ئامارانە بدەین کە لەدەمی بەرپرسانی وەزارەتی کار خۆیەوە داکەوتوە:
بریکاری وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی ئاشکرا کردوە کە “ئامارەکانی منالانی گیرۆدە بە ئۆتیزم، تائیستا نازانرێت، بەڵام تائێستا ١٥٠٠ مناڵی ئۆتیزم لەبەڕێوەبەرایەتیەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراوە”. ئەمە لەکاتێکدایە تەنها لە شاری دهۆک لەیەکێک لەسەنتەرەکانی ئۆتیزمدا هەزار و لەدەڤەری ڕاپەڕینیش ٢٠٥ مناڵی ئۆتیزم تۆمارکراوە، بەمجۆرەش بێت ژمارەی مناڵانی ئۆتیزم لەئاستی هەرێمی کوردستاندا زیاتر لەدووهەزار تێدەپەڕێنی.
لەبەرامبەر ئەم ژمارەیەدا بریکارەکەی وەزارەتی کار، ڕایگەیاند کە: “لە هەرێمی کوردستاندا ٢٨ سەنتەری تایبەت بەراهێنانی منداڵانی ئۆتیزم هەن، کە ٢٥ یان کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بەڕێوەی دەبەن و تەنها سێ دانەیان حکومین و لەهەریەک لەشارەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی دەستبەکارن”. ئەمە لەکاتێکدایە کە سەنتەرە ئەهلیەکان ساڵانە بۆ هەر منداڵیک سێ ملیۆن دینار وەردەگرن و لەسەنتەرە حکومیەکانیشدا، کە ژمارەیەکی زۆر لەمناڵانی ئۆتیزمیان تێدا کۆکراونەتەوە، لەگەڵ گرفتی نەبوونی کارمەندو بیناوجێگەی گونجاو و پێداویستیەکانی ڕاگەیشتن بەو مناڵانەی کە لە هەرسێ سەنتەرە حکومیەکەدا هەن، وایکردوە کەهەم خزمەتێکی پێویست بەمناڵەکان نەکرێ و دایکان و باوکانیشیان ناچار ببن کە مناڵەکانیان ببەنەوە ماڵەوەو ئەرکو زەحمەت و مەسرەفی مناڵەکانیان بگرنە ئەستۆ، وەیا بەناچاری ڕوو لەسەنتەرە ئەهلیەکان بکەن!
کاتێکیش کە”لیقاء” دایکی سێ مناڵە ئۆتیزمکە یەخەی بریکارەکەی وەزارەتی کاری گرت و پێی وت:” کە بۆ موچەو هاوکاریەکمان ناکەن، بۆچی سەتنەر بۆ مناڵەکانمان ناکەنەوەو خزمەتیان پێشکەش ناکەن، ئاخر خۆئێمە خوازیاری ئەم دۆخەنین و ئەی حکومەت کاری چیە؟” لەوەلامدا ئەو بەرپرسەی دەسەڵات وتی: ” حاڵەتەکانی ئۆتیزم لەکوردستان تازەیەو ئێمە کارمەندی پسپۆڕمان نیە و ناتوانین سەنتەر بکەینەوە”، هەروەها وتی:” حکومەت بودجەی لەبەردەستدا نیەو بەهۆی قەیرانی دارییەوە پارەی تەرخانکراو بۆ ئەم بوارە ناتوانێ دابین بکات و هەربەم هۆیەشەوە ناتوانین مانگانە پشتیوانی دارایی بەخێزانەکانیان بدەین”..
ئەم پاساوەی بریکارەکەی وەزارەتی کار، بەئەقڵی هیچ ئینسانێکی سادەدا ناچیت، ئاخر بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی ئەهلی دەتوانن لە٢٨ سەنتەر ٢٥ی بکەنەوە و ساڵانە بۆ هەر مندالێکی ئۆتیزم پارە وەربگرن! بۆ دەتوانن بیناو پێویستیەکانی کارەکانیان بەکواڵتیەکی گونجاو دابین بکەن، تەنانەت بۆ سەنتەرێکی ئەهلی بتوانێت کارمەندی پسپۆڕ لەئەردەن و تورکیاو ولاتانی ئەوروپیەوە بهێننە کوردستان و کاریان پێبکەن، بەلام حکومەتێک کەسی ساڵە داهاتی ئەم ولاتە هەڵدەلوشێت، نەتوانێ وەک ئەوان هەنگاو بنێ! لەمەش زیاتر هەرئێستا لەکوردستان چەندین زانکۆ هەیە و بەدەیانهەزار دەرچوی بوارەکانی پزیشکی، کۆمەلناسی، دەرونناسی و پسۆڕ لەبوارە جیاجیاکاندا، زانکۆ و پەیمانگاکانیان تەواکردوەو بێکار لەماڵەوە راگیراون، بۆ ناکرێ ئەم هیزە گەنج و خوێندەوارو ئامادەبەکارە ڕاهینانیان پێ بکرێ و ئامادەبکرین تا ئەو بۆ شایەی کە لەنەبونی کارمەندی شارەزادا هەیە پێی پڕ بکرێتەوە!. بۆ ناکرێ ئەم ئینسانانە هەم لەبێکاری دەربکێشرێن و هەم بخرێنە خزمەتی مناڵانی ئۆتیزمەوەو باری خێزانەکانیان لانی کەم سوک بکرێتەوە!. لەکاتێکدا ئەوە ئەرکی هەر حکومەتێکە کە بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر هاوڵاتیانی ژیردەستیدا لەئەستۆ بگرێ.
تا ئەوجێگەیەی بە نەبونی داهات و بودجەش دەگەڕیتەوە، بریکارەکەی وەزارەتی کارودەستەبەری کۆمەلایەتی، درۆیەکی شاخدار دەکاو تەنها بۆ ڕاییکردنی ئەو رەخنانەیە کەخەڵکی نارازی کوردستان ڕۆژانە لەسەر مەسەلەکانی ژیان و بژیوی و خزمەتگوزاریەکان ڕووبەڕووی دەسەلاتدارانی دەکەنەوە. ئەگەر دەڵین بودجە لەبەردەستدا نیە، ئەی بۆچی کۆمپانیاکان و سەرمایەداران و خاوەن پڕۆژەکان، کە بەشی هەرەزۆریان لەبەرپرسانی حزبی و حکومی پێکهاتوە، ڕۆژانە خەریکی گیرفان پڕکردنن و بۆ یەک چرکەش کاریان رانەوەستاوە؟. تەنانەت ئەگەر بودجە لەبەردەست حکومەت نیە ئەی داهاتی نەوت و گومرگەکان و ئەو هەموو باجگیریەی لەسەر خەڵک دانراوە بۆکوێ دەچیت؟ ئەی پارەی ئەو سێ سەد ملیۆننەرەی پارتی و یەکیەتی و گۆران وەک سێ حزبەکەی ناودەسەڵات، وەک مەلابەختیار ئاماژەی پێداوە، لەکوێوە بەدەستهاتوە!؟ لەمەش زیاتر مەسروفاتی دەزگا میدیاییە زەبەلاحەکەنی ئەم حزبانەو هێزی چەکدار و هەمو ئەو تەخشانو پەخشانەی کە بەناوی نەسریەوە، سەرۆکایەتیەکانی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانتاران بەچی و لە چ داهاتێک دابین دەکرێ!؟
ڕاستیەکەی ئەوەیە کەقسەی بەرپرسان “لەنەبونی بودجە بەهۆی قەیرانی دارایەوە”، تەنها بۆ خۆدزینەوەیە لە وەلامدانەوە بە خواستەکانی خەڵکی هەژارو کەمدەرامەت و پاساوێکە بۆ راگرتنی خێزانە کرێکاری و زەحمەتکێشەکان لەنەبونی و بێکاریدا، ئەگینا ئابوری کوردستان گیرۆدە نیە بەکەمی سەرمایە، بەڵکو ئەوە حکومەت و دەسەڵاتە، وەک هەر دەسەڵاتێکی تر کە لەخزمەتی چینی سەرمایەدارو خاوەن کۆمپانیاکاندایە، بیانو دەهێنێتەوە، تا هەژاری و نەداری وەک سیاسەتێکی بەردەوام داسەپێنێ و ئاسەوارەکانی “قەیرانی دارایی” بەسەر شانی هاوڵاتیاندا بشکێنێتەوە.
بەڵام ئەم دۆخە بۆ وایە؟
ئەحزابی بۆرژوازی کورد بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە هەرهەمویان لەسەر ئەوە هاوڕان کە بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری، مۆدێلێکی گونجاوە بۆ بەڕیوەبردنی کۆمەڵگا و بۆ ئەمەش سیستەمێکی ئابوری وایان دامەزارندووە، کەوەزیفەی سەرەکی ئەوەبێت، هەلومەرجی گونجاو بۆ کۆکردنەوەی قازانجی سەرمایەداران لەسەر حسابی چەوسانەوەی هەرچی زۆرتری هیزی کاری کرێکاران و ڕەنجی زەحمەتکێشان دابین بکەن، هەڵتۆقینی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی و پێدانی مافی تەواو پێیان کەچۆن بخوازن ئاوا کرێکاران و هێزی ئامادەبەکار بخەنە بەرکارەوە، بەبێ ئەوەی کەمترین مافو ئیمتیازاتیان بۆ بەرەسمی بناسێنن، ئامانجی سەرەکی ئەم سیستەمەیە. حکومەتیش ئەرکە سەرەکیەکەی ئەوەیە کە چۆن بتوانێت هاوکاری کۆمپانیاکان و سەرمایەداران بکەن تا بەئارەزوی خۆیان کرێکاران بڕەتێنن.
لەلایەکی تریشەوە سیاسەتی بەتایبەتیکردن و باجگیری حکومەت و هەڕاجکردنی کەرتی خزمەتگوزاریەکان، لەبەردەم کۆمپانیاکاندا، نەک هەر ئەرکەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان، لەوانەش خزمەتگوزاری تەندروستی، هەنگاو بەهەنگاو هەڵوەشاندۆتەوەو تاهاتووە خۆی لێدەدزێتەوە، بگرە حکومەت خۆی لەژێرناوی سیاسەتی باجگیریدا، بەهەزارویەک شێوە دەستی بۆ راوڕوت بردوەو چاویشی بڕیوەتە سفرەی خاڵی خیزانە کرێکاری و کەمدەرامەتەکان، تا بەیەکجاری هەڵی لوشیت. هەڵوەشانەوەی دامەزارندنی مەرکەزی، سەپاندنی سیستەمی پەیمانکاری و کاری موەقەت، فرۆشتنی خزمەتگوزاریەکانی تەندروستی و نەخۆشخانەکان، کارەبا، پەروەردەو زانکۆکان، ئاو، بازرگانی مەوادی خۆراکی، هاتوچۆ وگەیاندن و..هیتر بەکۆمپانیاکانی کەرتی ئەهلی، نەدانی موچەی ناچیز بەخاوەن پێداویستیەکان و گەلێک هەنگاوی تر بەرئەنجامی ئەوسیاسەتە چاکسازیەیە کەحکومەتی هەرێم بۆ ڕەتاندنی خەڵکی کەم دەرامەت و داشکانەوەی قەیرانی ئابوری بەسەر هاوڵاتیاندا گرتویەتیەبەر.
لەکۆمەلگای کوردستاندا کە لەسەر دەریای نەوت خەوتووە و ڕۆژانە بەسەدان ملێۆن دولار لە ناردنەدەرەوەی نەوتدا کۆ دەبێتەوە، هاوکات لەداهاتێکدا کە لەبازرگانی و گۆمرگەکان و باجەکانەوە بەدەستدێت، دەتوانرێت، نەک هەر مانگانە کۆمەکی ١٥٠ هەزار دینار بۆ خێزانەکانی مناڵانی ئۆتیزم دابین بکرێ، و لەسەنتەرەکانی ئۆتیزمدا ڕاهینان بکرێن و چارەسەر وەربگرن، بەلکو دەکرێ و لەتوانادایە، کەسانێک لەخێزانەکانیان وەک چاودێرو سەرپەرشتیار بەکارمەند دابمەزرێنرێن، تەنانەت دەکرێ لەو داهاتە زۆروزەبەندەی کە دەکەوێتە دەستی مشتێک لەخاوەن کۆمپانیاو بەرپرسانی حزب و حکومەتەوە، کارمەندی پسپۆڕ لەولاتانی ترەوە بهێنرێن و کادری ناوخۆ لەو سەدان هەزارە لەدەرچوانی زانکۆ وپەیمانگاکانی پێ ڕابهێنرێ و بۆ خزمەتکردنی منداڵانی ئۆتیزم بخرێنە خزمەتەوە.
بەلام دیارە لەحکومەتی سەرمایەداران و کۆمپانیا چاوچنۆک وتالانچیەکان، هەرئەوە ڕەچاودەکرێ کە ئامارەکان پێیان نیشانداین، هەربۆیە دەبێ بەخەبات و تێکۆشانی خیزانە کرێکاریەکان، بەتایبەتی ئەو خێزانانەی منالانی ئۆتیزمیان هەیە، ئەم دۆخە پێچەوانە بکرێتەوەو سنورێک بۆ ئەو حەسرەتو زەحمەتەی لەسەر شانیانە دابنرێت. کۆبوونەوەی خیزانە کرێکاریەکان و هەموو ئەوانەی کە منالانی ئۆتیزمیان هەیە لەدەوری یەکترو پاشان گەڵاڵەکردنەوەی داخوازیەکانیان و ڕاوەستان لەپاڵ جولانەوەی جەماوەری بۆ بەدەستهێنانی نان و کارو خزمەتگوزاری ئەتوانێ هێزیكی گەورە بێت دەسەڵاتداران ناچار بکات بەملدان بەداخوازیەکانیان.
حکومەتی هەرێم حکومەتی سەرمایەدارانە و هیچ چاوەڕوانیەکی لێناکرێت لەوەی دەیکات و کردویەتی، بۆیە خەباتی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بەم دەسەڵات و سیستەمە، تەنها ڕیگای ئاڵوگۆرپێدانی ڕیشەیی ئەم دۆخەیە. ڕێگایەکە کە دەسەڵات و داهاتی کۆمەلگا بخاتە نێودەستی جەماوەرەوەو بۆخزمەتی هاولاتیان بخرێتە کارەوە و ئیتر دایکانی ئۆتیزم و هەموو ئەوانەی کەبەدەست بیکاری و گرانی و نەبونی خزمەتگوزاریەکانەوە دەناڵێنن چیتر بەحەسرەتی ڕۆڵەکانیانەوە بەدیار خێرو سەدەقەی دەوڵەمەندانەوە ژیان نەکەن. ٩/١/٢٠٢٣