هێرش بۆسەر ژنان و ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان، ناسنامەی ئیسلام و ئیسلامی سیاسییە

ئێوارەی دوێنی بەرواری ٣٠ دیسەمبەر، لە نزیک گەڕەکی هوانەی شاری سلێمانی، کۆمەڵە گەنجێک هێرشێکی دڕندانە دەکەنە سەر کچێک کە بۆ بەشداری لە دیمەنی پیشبرکێی ماتۆڕسواری ئامادە بوو بوو.. دەڵێن هۆکاری هێرش بۆ سەر ئەو کچە شێوازی پۆشاک و جلوبەرگەکەی بووە، بەڵام ئەوە درۆیەکی شاخداری ئەو خێڵە لە کۆنەپەرستانی ئیسلامی و نەخشە داڕێژەرانی سازکردنی ئەم سیناریۆ قێزەون و شەرماوەرانەیەیە، تا ڕاستی پلانە چەپەڵەکانیان بشارنەوە. ئەگینا کەس نیە نەزانێت، چەقۆکێشی و جنێوفرۆشی و هۆهاکێشان و بەردەباران کردن، لە سونەت و ڕەوشتە سەرەکیەکانی فاشیزمی ئیسلامیە، لەبەرامبەر مەدەنیەتی کۆمەڵگەدا، کە داعش تا ئاستی سەربڕین و ئینسان سوتاندن برەوی پێدا. هەربۆیە ئەوەی دوێنی ڕوویدا هەوڵی ئاشکرای دەستەوتاقمی هەوسارپچراوی ئیسلامیە، کە لە فەزای سیاسی کوردستاندا، لەلایەن ئەحزابی دەسەڵاتدارەوە بواریان پێدراوە، تا بەم شێوازە داعش ئاسا و دڕندانەیە پەلاماری ژنان و کچان بدەن و دەستی کۆنەپەرستی و فاشیزمانەیان بەسەر کۆمەڵگەدا درێژ بکەن.
ڕوداوەکەی گەڕەکی هوانە و ئەو هێرشەی کرایە سەر ئەو کچە، لەدریژەی ئەو کەمپینەدایە کە ماوەیەکە ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان و بانگخوازە دەمپیسەکانیان، بۆسەر ژنان و مافەکانیان و مەدەنیەتی کۆمەڵگەی کوردستان، دەستیان بۆ بردوە و بەتایبەتیش بەدوای ئەو حەملە ئیمانیەدا دێت کە سەرۆکی یەکیەتی نیشتمانی لەژێر ناوی “داکۆکیکردن لە ئەخلاق و ڕەوشتی کوردەواریدا” بە داخستنی چەند یانەیەک لە ناوچەی گەشتیاری سەرچنار بەڕێیخست و لەلایەن سەلەفی و ئیسلامیەکانەوە پێشوازی گەرمی لێکرا. حەملەیەکی ئیمانی تا پشتگیری ڕەوتە ئیسلامیەکان وەک کارتێکی سیاسی، لەسەرحسابی ماف و ئازادیەکانی ژنان و مەدەنیەتی کۆمەڵگا، لەبەرامبەر پارتی و بۆ هەڵسانەوەی باری لاری حزبەکەی بەکاریبهێنێ.
بە دڵنیایەوە کارنامەی ڕەش و ئینسانکوژی ئیسلامی سیاسی و ڕەوتەکانی و فاشیزمێک کە لەبەرامبەر ژنان و مەدەنیەتی کۆمەڵگادا دەستیان بۆ بردووە، هەرگیز لەلایەن خەڵکی شارنشینی و ئازادیخواز و سکولاریزمی کۆمەڵگای کوردستانەوە، قەبوڵکراو نیە و جێگای نەفرەت و توڕەییە.
وجود و کاروکردەوەی ئیسلامیەکان و چەقۆکێش و دەمپیسەکانیان، دیمەنی نامۆ و پێچەوانەیە لەگەڵ دەیان و سەدان دیمەنی ڕۆژانەی مەدەنیانەی خەڵکی کوردستاندا. پێشوازی جەماوەری دەیان هەزار کەسی بەبۆنەی پشوی سەری ساڵەوە لە شارەکانی کوردستاندا، ئەو راستیە دەخاتە روو، کە ئەم هەوڵە نامۆیانەی ئیسلامیەکان و بەرەی کۆنەپەرستی کۆمەڵگە، ناتوانێت ئاراستەی ژیان و هەڵس و کەوتی مەدەنی خەڵکی کوردستان پاشەکشە پێبکا و بیخاتە ژیرسایەی داعشەکانەوە. هێرش بۆسەر ژنان و هەڵسوڕاوانی و مافە فەردی و مەدەنیەکان و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان تا دەگاتە فتوا یەک لەدوای یەکەکانی ئیسلامی و سەلەفیەکان، هەراس و نیگەرانییە لە مەدەنیەتی کۆمەڵگەی کوردستان و سیما سەردەمیەکانی، هاوکات هەراس و نیگەرانی و پەلەقاژەی مەرگیانە لەبەرامبەر بە شەپۆلی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران، کە خەریکە قەڵا و سەرچاوەی ئیسلامیەکان و سەلەفی و دەسەڵاتە نۆکەر پیشەکانیان، بە مێژووی پڕ تاوانکارانەیان، دەسپێرێت.
کرێکاران لاوان و ژنان و ئازادیخوازان!
ئیسلامی سیاسی و فەرهەنگ و شەریعەتەکەی لەزگەیەکە بە هەوڵی دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی، بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی هەژار و بێکار، لکاندویانە بە سیستەم و دەسەڵاتێکی شکستخواردوە و هەرجارە بۆ ڕاستکردنەوەی لاسەنگی هێزی نیوانیان، لەدژی ماف و ئازادیەکانی ژنان و مەدەنیەتی کۆمەڵگا بەکاری دەهێنن. پەرلەمانە کارتۆنیەکەی ئەم حزبانە، بە شەریعەتە ئیسلامیەکەی و یاسای فرەژنیەکەیەوە، حکومەتە شەق و پەقەکەیان بە وەزارەتی ئەوقاف و زانایانی ئیسلامیەکەیەوە، بەهێزی میلیشیاو دەزاغانی راگەیاندنیانەوە، کەڕۆڵی پۆلیسی ئەخلاق دەگێرن، هەرهەمووی بۆ ئەوەیە کە فەرهەنگی ئیسلامی بەسەر سەری کۆمەڵگەوە ڕابگرن و ڕەوتی ئازادیخوازی و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری کە خواستی نان و ئازادی و خۆشگوزەرانی هەڵبڕیەوە و کۆتایی هێنان بەو دەسەڵات و سیستەمەی کە چوار دەهەیە ژیانی خەڵکی کرێکار و ژنان و لاوان دەهاڕێ کردۆتە ئامانج.. کەوایە نابێ ڕێگا بدرێ دەستی کۆنەپەرستی ئیسلامی بەسەرکۆمەلگاوە درێژ بێت، نابێ ڕێگا بدرێت بە ئیسلامیەکان ژیانی ژنان و کچان ولاوانی کوردستان، لە بێحورمەتی و سوکایەتی و هێرش و پەلامارە قیزەونەکانی خۆیاندا بخنکێنن. لاوانی ئازادیخواز و خەڵکی مەدەنی کوردستان دەبێ بەرامبەر بەم کارو کردەوە وەحشیگەریەی ئیسلامیەکان و داعشەکانیان ڕاوەستن و بیانگێڕەنەوە نێو خەڵوەتەکانیان. دەبێ بەرەی ئازادیخوازانو مەدەنیەتی کۆمەلگایە، ژنانو لاوانو کرێکاران وجەماوەری نارازی کوردستان بەخەباتی یەکگرتوانەو لەمەیداندا مانەوەیان، لەدژی دەسەڵات ویاریە سیاسیەکانی حزبەکانی بوەستنەوە و ڕێگا نەدەن لەسەر حسابی کەرامەت و ئیسنانیەت و مافە مەدەنیەکانیان حساباتی خۆیان لەدژی یەک بەرنەپێشەوە.
دەستکۆتاکردنی کۆنەپەرستی و دورخستنەوەی دەستی ئیسلامیەکان لەسەر ژنان و کۆمەڵگە، بە خەبات بۆ وەلانانی دەسەڵاتی ئێستا و کۆتایی هێنانی هەژمونی ئەحزابەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەسەر ژیانی کۆمەڵگە و جێگرتنەوەیەتی بە دەسەڵاتێکی جەماوەری ڕێکخراو لە شوراکاندا گرێی خواردوە. دەسەڵاتێک کە زمانی ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزانی بۆ هەموان دابین بکات.
حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان
٣١/١٢/٢٠٢٢

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …