لەماوەی ڕابردوودا جموجوڵێك بۆ ڕاکیشانی پشتیوانی سەندیکا کرێکاریەکان و کەسایەتیە سۆشیالیست و ئازادیخوازەکانی بەریتانیان بۆ خرۆشانی جەماوەری کرێکاران و ژنان و لاوانی ئێران لە بەریتانیا لەلایەن ئێوەوە دەستی پێکردوە.. چەند کۆبونەوە و بگرە چالاکی بەو ئاقارەدا ئەنجام دراوە. کەسایەتی وەکو جۆن ماکدۆنێڵ ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا کە پێگەیەکی گرنگی لەناو بزوتنەوەی کرێکاری بەریتانیادا هەیەو هەروەها نوێنەرانی سەندیکای کرێکاری شەمەندەفەری ژێرزەوی(RMT) و کرێکارانی بەشی خزمەتگوزاری گشتی و بازرگانی(PCS) ئامادەیی خۆیان بۆ کارکردن لەو بوارەدا نیشانداوە کۆمیتەیەکیش بۆ سەروکاری ئەو پرۆژەیە پێكهاتوە. دەکرێ سەبارەت بە پێکهاتەی کۆمیتەکەو ئامانجەکەی و بەرنامەی کارەکانی داهاتووی روونکردنەوەمان بۆبدەی؟
دەشتی جەمال: کۆمیتەی هاوپشتی لەگەل جولانەوەی کریکاریی ئیران لە کۆبوونەوەیەکدا لەپەرلەمانی بەریتانیا لەلایەن ئیمەوە راگەیەنرا و لەلایەن جۆن مەلۆنی جێگری سکرتێری گەورەترین سەندیکای کریکاریی بەریتانیاوە پیشنیار کرا و داوای لە جۆن ماکدۆنێڵ ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا کرد کە نفوزێکی زۆری لەناو بزوتنەوەی کرێکاری بەریتانیادا هەیە، کە سەرۆکایەتی کۆمیتەکە وەربگرێت. ئەوەبوو جۆن ماکدۆنێڵ پێشنیارەکەی قبوڵ کردو کۆمیتەکە بەوناوەوە پێکهات و بڕیار درا ماوەی ١٠ رۆژی دابنێین بۆ ئامادەسازی و دوای ئەوە کۆبونەوەیەکی دیکە ئەنجام بدەین بۆ بەرنامەی چیکردن و ئامادەکردنی بەرنامەی کاری هاوپشتی لەگەڵ خرۆشانی نارەزایەتی جەماوەری خەڵکی ئێراندا. ئەم کۆمیتەیە فۆکەس دەکاتە سەر ڕاکێشانی پشتیوانی بزوتنەوەی کرێکاری و رێکخراوو کەسایەتیە چەپ و مرۆڤدۆست و پێشکەوتنخوازەکانی بەریتانیا بۆ خرۆشانی جەماوەری و بزوتنەوەی کرێکاری لە بەرامبەر سەرکوتگەری رژێمی ئیسلامی ئێران و پەلاماری درندانەی ئەو رژێمە بۆسەر ژنان ولاوان و خۆپیشاندەران. ئەم کۆمیتەیە تیشك دەخاتە سەر پرسەکانی ژنان و دژایەتیکردنی ئاپارتایدی جێندەری لە ئێران، دژ بەگرتن و سزادانی هەلسوراوانی سیاسی و سزای لە سێدارەدان بۆ خۆپیشاندەران هەوڵی توندکردنەوەی فشارەکان دەکات لەسەر رژێمی ئیسلامی ئێران. ئەم کۆمیتەیە پێداگری لەسەر ئازادی بڕیاری خەڵك بۆ دیاریکردنی ئایندەی سیاسی خۆیان دەکات. هاوکات ئەم کۆمیتەییە لە نزیکەوە چاودێری ناڕەزاییە نەپچڕاوەکان و مانگرتنی بەردەوامی کرێکارانی ئێران دەکات لەوانە پیشەسازی نەوت و گاز و پترۆکیمیایی و کارگەی تواندنەوەی ئاسن و پیشەسازی شەکری هەفت تەپە و کارمەندان و مامۆستایان و پەرستارەکان و هتد. هاوکات کۆمیتەکە باوەری وایە کە هاودەنگی نێودەوڵەتی لەگەڵ خەباتی چینی کرێکار بۆ ئازادی بنەمایەکی سەرەکی بزووتنەوەی کرێکارییە…
ئەم کۆمیتەیە خواستی دەرکردنی سەفارەتخانەی جمهوری ئیسلامی ئێران، تەریکردنەوەی لەڕووی دیپلۆماسیەوە، ئیدانەکردنی لەسەر کوشتاری خۆپیشاندەران و فشارخستنەسەری بۆ دەستبەجێ ئازادکردنی خۆپیشاندەران و کۆتایهێنان بە تەقەکردن و توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران و میلیتاریزەکردن و گەمارۆی شارو شارۆچکەکان و سزادانی هەموو ئەوانەی خۆپیشاندەرانیان کوشتوە دەخاتە بەردەم پەرلەمانی بەریتانیا تا لەڕیگای پەرلەمانەوە بدرێ بە حکومەتی بەریتانیا. هاوکات کاردەکات تا لەسەر ئاستی گشتی و جەماوەریدا پشتیوانی بۆ ئەو مەسەلەیە بەدەستبهێنرێ کە ئایندەی خەڵکی ئێران بدرێتە دەستی خەڵکی ئێران خۆیان و رێگا نەدرێ هێزو دەوڵەتەکان دەخالەت لە چارەنوسی سیاسی ئەواندا نەکەن لەرێگای داتاشینی بەدیلێکی سیاسی کۆنەپەرستانە بۆ دەسەڵاتی رژێمی ئیسلامی ئێران.
شایەنی باسە ئەم کۆمیتەیە لەدواین کۆبوونەوەی خۆیدا نامەیەکی ئامادەکردوە کە لەنزیکترین کاتدا ئاراستەی سەرجەم یەکیتیە کریکاریەکانی بەریتانیای دەکات بۆئەوەی کە رۆژێکی هاوپشتی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاریی ئێران و خرۆشانی جەماوەریدا بەڕێبخەن و بریاریشە رۆژی ٨/٢/٢٠٢٣ خۆپیشاندانی نارەزایەتی ببرێتە بەردەم پەرلەمانی بەریتانیاو هەمان رۆژیش لە پەرلەمانی بەریتانیا کۆبوونەوەیەکی دیکە ڕیكبخات لەپیناو ئەو ئامانجانەی کەلەسەرەوە رامان گەیاندوە. جگە لەزۆر کاری تر لەبواری سوشیال میدیادا..
جێگەی ئاماژەیە لە نامەکەماندا بۆ سەندیکاو نەقابە کرێکاریەکان بەمەبەستی ڕاکێشانی پشتیوانی لە بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران داوامان کردوە کە نامەکە بەسەر ئەندامەکانیاندا بڵاوبکەنەوە و قسەکەرێکیش لە کۆمیتەکە بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوویان بانگێشت بکەن بۆئەوەی لەسەر ئەم پرسە، واتە پشتیوانی لە بزوتنەوەی کرێکاری و خۆپیشاندانی پشتیوانی رۆژی ٨/٢/٢٠٢٣ قسەوباسیان لەگەڵ بکەن و هانیان بدەن بۆ بەشداریکردن لەو خۆپیشاندانەدا.