لایەنە ئیسلامیەکان لەم هەلومەرجەدا بێدەنگ بن باشترە.!

عوسمان حاجی مارف

پیادەکردنی “جیایی دین لە دەوڵەت و پەروەردە” لە هەر ووڵات و کۆمەڵگایەکدا چەسپابێت، بۆخۆی دەبێتە مەرجێکی گرنگ بۆ دابینبونی ئازادی بیروباوەڕ، بە پێچەوانەشەوە داسەپاندن و پیرۆزکردنی هەر ئایدۆلۆژیەک ئەو بەڵاو دەردیسەریەی ژیانی تەواوی کۆمەڵگایە کە ئینسانەکان دەخاتە ناو دۆزەخی ناچاری و بێئومێدیەکەوە، مافی هەناسەی ئازادی دەکاتە مەحاڵ و ژیانێکی تاڵ و ئەوپەڕی دۆخی نائینسانی و دەبێتە دیاریەکی ناحەز و تەوق بۆ دانیشتوانی ئەو کۆمەڵگەیە. گەربەشێکی زۆر لە بەشەریەت لەڕێڕەوی خەباتی جەماوەری بۆ ئازادی وەک دەستکەوتێک ڕزگاریان بوبێت لە جۆری دۆزەخی داسەپاندنی هەر ئایدۆلۆژیایەک، بەڵام ئەم داگیرکاریەی کە بەڵای زاڵکردنی ئایدۆلۆژیایە، تائێستا کابوسێکی گەورەیە بەسەر بەشێکی زۆری تر لە جیهاندا، بە تایبەتی بەڵای ئیسلامی سیاسی بە هەر شێوازو جۆرێکەوە لە مەیداندا بێت ناجۆرترین و نەرێنیترین نمونەی بێئیرادەکردن و تۆقاندنی بەشەریەتە. رەوتەکانی ئیسلامی سیاسی لە بەکارهێنانی ئاینی ئیسلامدا وەک هەر ئایدۆلۆژیایەکی تری زهنگەرایی  پێش هەموشتێك بۆ پارێزەری سەرسەختی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریە، بەمانایەک ئەوە ڕاگرتنی  پەیوەندی کارو سەرمایەیە کە لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا پێویستی بە هێزو نفوزی ئیسلامی سیاسیە، تا فرسەتی کاری هەرزان بەردەوام بەرفراون کاتەوە. پێداویستی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریە کە دوای تێپەڕبونی هەزارو چوارسەد ساڵ لە مێژووی ئیسلام،  پێویستی بەدەسەڵات و بەکارهێنانی  شەریعەی ئیسلامیە، تا کرێکاران و زەحمەتکێشان ناچار بە قەبوڵکردنی ژیانێکی نابوت و ناشایستە بکات.

ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگایانەی دەرگیرن لە گەڵ ئیسلامی سیاسیدا، لەسەرهەڵدانی هەر شۆرشێکی کۆمەڵایەتیدا، ئەرکێکی گرنگی ئەو شۆرشە سەنگەرگرتنی جدیە لەبەرامبەر ئیسلامی سیاسیدا بۆ چەسپاندنی ئازادی بیروڕا، کە خۆشبەختانە خرۆشانی جەماوەری ئێران و وەستانەوەی لەبەرامبەر ئیسلامی سیاسیدا خەسڵەتێکی پێشڕەوانەو سەنگەرگرتنێکە بەرەو شۆرشێك هەنگاو دەنێت کە تەواوی ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست و ئەولاتریش، لە ئیسلامی سیاسی پاکدەکاتەوەو ناوچەکە دەخاتە ژێر هێژمۆنی دابینکردن و مسۆگەرکردنی “جیایی دین لە دەوڵەت و پەروەردە”

و ئاینیش وەک باوەڕی کەسەکان پارێزراو دەبێت. ئەنجامگیری لەم واقعیەتەی ڕاپەرینی جەماوەری ناڕازی ئێران پێشبینیەکی ڕۆشن دەخاتە بەرچاومان کەچی ڕوئەدات و چ ئاڵوگۆڕێک پێکدێت، کە خودی هەڵسوراوان و ڕێکخراوو هێزە ئیسلامیەکانیش زۆر باش درکی پێدەکەن  کە شۆرشی ئێران چۆن ئایندەی ئیسلامی سیاسی تەواو دەخاتە ژێر پرسیارو لێپرسینەوەوە، بۆیە هەر لە ئێستاوە بانگەوازی شەڕی مان ونەمان لەگەڵدا دەکەن و بەرگریەکی تەواو قێزەوەنی دژی ئینسانی لە خۆیان دەکەن.

ئەو کەمپینانەی لایەنە ئیسلامیەکان ئێستا لەبەرامبەر مەسەلەی ژنان و جەندەرو ئازادی بیروراو هەر مەسەلەیەکی تردا، خۆیان پێوە سەرقاڵ کردووەو هەرایان لەسەر سازکردووە، هەوڵدانە بۆ هەڵخڕاندنی کۆمەڵگە بۆ بەرگرتن بەو ڕەوتانەی لە بەردەم بڕیاری ئاڵوگۆڕی ڕیشەیدا خۆیان ناساندووەو کاری لەسەر دەکەن، لایەنە ئیسلامیەکان ئارامیان وەها لێ بڕاوە بەرلەوەی کۆتایی رۆڵی سیاسیان بەرجەستە بێتەوە، خەریکن پێش وەخت تۆڵە دەکەنەوەو دۆخی شەرخوازی گەرم دەکەن، تا ئەو ئاستەی جگە لە دروستکردنی پەروەندەی بێماناو شکستخواردو لە دادگادا، لەهەمانکاتدا خەریکن جۆرێک لە هەرەشەو تۆقاندنشیان کردۆتە داردەستێک بۆ ئەو شەرەی کە دەیانەوێت پارێزگاری لە مانەوەو نفوزی سیاسی خۆیان بکەن. بەڵام پێویستە واقعیەتی ئەو هاوکێشەیەمان بۆ رۆشن بێت کە بارودۆخی ئیستا، دەورانی ئاوابونی ئیسلامی سیاسیە و شۆرشی جەماوەری رادیکاڵی ئێران زوو یا درەنگ ئەو ئەرکەیان خستۆتە سەر شان و یەکلایی دەکەنەوە.

چارەنوسی ئەوانەش کە دڕندانە و شەرەنگێزانە بەرگری لە کۆماری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی دەکەن، حەتمیە دەبن بە ژێر دەستوپێی لێشاوی ئەو شۆرشەوە، بۆیە پاراستنی ئارامی و بێدەنگی و دانیشتن بە قازانجیانە و پارێزراو دەبن، نەک ئەم پەلەقاژێ و هەراو هوریایەی دەستیان داوەتێ.

هەروەها پێویستە ئەوە بەهەند وەرگرین کە بەجیا لەوەی پێویستە تەواوی کەمپین و هەراوهوریاکانی ئیسلامی سیاسی جەسورانە پوچەڵ کەینەوەو لە شوێنی خۆیدا وەڵام وەرگرنەوە، لەهەمانکاتدا هەر هەوڵێکیان لە خولقاندنی مەترسی و تۆقاندن پوچەڵ کرێتەوەو بەزیادەوە بەرپەرچیان بدەینەوە، ئێمە هەوڵئەدەین و دەمانەوێت کۆمەڵگەیەکی ئازاد و خۆشگوزەران و یەکسان بەدەست بهێنین لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی ئارام و ئاسایشدا، گەر لایەنە ئیسلامیەکان و هەر لایەنێک ئەمە بەڕەواو شایان و مافی کرێکاران و زەحمەتکێشان نازانن و بەری پێدەگرن، ئەوە ڕاگەیاندنی شەڕە لەگەڵ بەرەی ئازادیخوازو یەکسانیخوازی و ئینساندۆستی و بزوتنتەوەی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاواندا، هەڵبەتە ئێمەش ئامادەین بۆ ئەو شەڕەو شکستیش هەر بۆ ئەوانە،  چونکە لە ئاکامدا بەرامبەر شەپۆلەکانی شۆرش بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی خۆیان دەبیننەوە.

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …