جه‌مال موحسین
١٠ ی دیسێمبه‌ری ٢٠٢٢
به‌بۆنه‌ی بڕیاری كۆنه‌په‌رستانه و دژی ژنانه‌ی دادگای فیدراڵی عێراقه‌وه كه گوایه ئه‌گه‌ر ژنێك ژنی دووه‌می به‌سه‌ر هێنرا مافی داواكردنی جیابوونه‌وه‌ی نییه، مشتومڕێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دروست بووه. له‌لایه‌ك لایه‌نگرانی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی و بێگومان بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی پێداگری له‌سه‌ر فره‌ژنی ئه‌كه‌ن و له‌لایه‌كیشه‌وه ئازادیخوازان تا ئه‌وپه‌ڕی ڕاده فره‌ژنی ڕه‌ت ئه‌كه‌نه‌وه كه به دیارده‌ی له‌شفرۆشی ئه‌چوێنن. من له به‌ره‌ی دووه‌مم! من لاموایه نه‌ك ته‌نها فره‌ژنی، یانی ڕیزكردنی چه‌ند ژنێك له‌لایه‌ن پیاوێكه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی پاره و سه‌رمایه‌ی هه‌یه، دیارده‌یه‌كی دژ به مرۆڤدۆستی و یه‌كسانی مرۆڤه‌كانه، خودی هاوسه‌رگیری له‌سه‌ر بنه‌مای ئیسلامی ڕیشه‌یه‌كی ئه‌چێته‌وه سه‌ر له‌شفرۆشی به‌مانای كڕین و فرۆشتن، به‌مانای بوونی كۆنتراكتێكی نرخ و به‌ها دانان به‌رامبه‌ر به كاڵایه‌ك، كه له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ژنه!
فره‌ژنی یانی فره موڵكی. له ڕوئیا و دونیابینی ئیسلامی‌دا ژن موڵكی پیاوه، موڵكی خێزانه. خێزان پیرۆزه لای ئیسلام به‌مانای یه‌كه‌یه‌كی پێكهاتوو له ده‌سه‌ڵات كه ئه‌میش هی ڕه‌گه‌زی نێره، پیاوه. پیاوی باڵاده‌ست كه باوكی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته و كه‌سی یه‌كه‌مه، نانئاوه‌ری سه‌ره‌كی ماڵ و خێزانه به‌و مانایه‌ش خاوه‌نی ئه‌ندامه‌كانیه‌تی. كاتێك مه‌سه‌له‌ی هاوسه‌رگیری دێتەپێشهوه جا چ بڕێك ئاره‌زوومه‌ندانه بێت یاخود زۆره‌ملێ، ئه‌و هۆكاری موڵكایهتیه دووباره دێته‌وه پێشه‌وه، ئه‌مجار وه‌رچه‌رخان له باوكه‌وه بۆ مێرد. له خێزانی ماڵه باوكه‌وه بۆ خێزانی خۆ، به گۆڕینی خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه، كه پیاوه و ده‌سه‌ڵاتداره له‌و دونیابینیه‌دا. له‌م سیستمی پیاوسالاریه‌دا پیاو ته‌نها له خێزاندا سه‌روه‌ر نییه بگره له كۆمه‌ڵگه‌شدا ئه‌بێ ئه‌و پێگه‌یه‌ی هه‌بێ، وه‌ك له مه‌قاماتی ده‌سه‌ڵات و هه‌تا جومگه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی كۆمه‌ڵگه.
فره‌ژنی هێنده دیارده‌یه‌كی ناپه‌سه‌نده به هیچ پاساوێك ناتوانرێ وه‌ك نۆرمێكی ئاسایی و پهیڕهولێكراو به كۆمه‌ڵگه بقهبڵێنرێ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات و یاسا به ته‌واوه‌تی له پشتی نه‌بێ. بوونی پاساوی له‌چه‌شنی نه‌بوونی و ناچاری ئابوری یاخود ڕێژه‌ی زیاتری مێینه زۆر له‌وه پوچتره ئه‌و مافه بدات به پیاو بۆ ئاره‌زووه‌كانی خۆی سیان و چوار ژن ڕیز بكات (هه‌رچه‌نده بیانوی زۆریی ژماره‌ی مێینه زۆر له‌وه بێناوهڕۆكتره كه ته‌نانه‌ت به ئاماریش بسه‌لمێنرێ). ئه‌و به‌ندانه‌ی نێو ئایه‌ته‌كان و ئه‌و سونهتانهش كه ڕه‌وایه‌تی به‌مه ئه‌ده‌ن بەغهیری خۆجووتكردن له‌گه‌ڵ دامركاندنه‌وه‌ی ئه‌م ئاره‌زووه سێكسیهدا هیچی تر نییه كه ئاكامه‌كه‌ی ژێرده‌سته‌یی و ژێرچهپۆكیه بۆ ژنان. تا ئێره له‌سه‌ر دیارده‌ی فره‌ژنی با به‌س بێت و بچینه سه‌ر خودی هاوسه‌رگیری له‌سه‌ر بنه‌مای ئاینی ئیسلام (كه له ڕاستیدا له به‌شێك له ئاینه ئاسمانیه‌كاندا له‌مه باشتر نییه).
یه‌كێك له پایه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی هاوسه‌رگیری له بنه‌ماكانی ئیسلامدا ماره‌ییه. كراوه به ئه‌ركێكی سه‌پێندراو و له‌ڕاستیدا مه‌رجێكی شه‌رعی و یاساییش كه ژن و پیاو گرێبه‌ستێك بكه‌ن وه ئه‌بێ له‌و گرێبه‌سته‌دا باسی ماره‌یی، چ پێشه‌كی و چ پاشه‌كی، به ڕۆشنی بكرێت. له‌ژێر هه‌ر ناوێك‌دا بێت و هه‌ر پاساوێكی بۆ بهێنرێته‌وه كه گوایه ئه‌مه به قازانجی ژنه تاكو گوایه ئه‌گه‌ر له پیاوه‌كه‌ی جیابۆوه و بێسه‌رپه‌رشت بوو، پاره‌ی خۆی هه‌بێت وه گوایه ئه‌مه نرخ نییه له‌به‌رامبه‌ر ژنه‌كه‌دا. له كاتێكدا هه‌مووان ئه‌زانن ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌وه بۆ به‌ستنه‌وه‌ی پیاوه‌كه‌ش و ژنهكهشه به سزایه‌ك كه له‌سه‌ر ڕه‌فه دانراوه و ساز و ئاماده‌یه. جا پیاوه‌كه بۆئه‌وه‌ی ئه‌و سزایه نه‌یگرێته‌وه ئه‌گه‌ر شه‌ق و لێدان و سوكایه‌تی و ده‌ستدرێژیش بكاته سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی، ژنه‌كه وا ئاسان ناتوانێ بچێته به‌رده‌م دادگا و داوای جیابوونه‌وه بكات، ئه‌گینا ئه‌و نرخه‌ی كه له‌به‌رامبه‌ر ’’خه‌ساره‌ت لێكهوتندا‘‘ بۆی دانراوه له ده‌ستی ئه‌دات! ئه‌م گرێبه‌سته وه‌ك هه‌ر گرێبه‌ستێكی تر به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ردوو لایه‌نه به مه‌رجێكی ئابوری، مه‌رجی ئابوری نێو هه‌ر گرێبه‌ستێكیش یانی كڕین و فرۆشتن. بۆ پیاو وا ئه‌كه‌وێته‌وه كه خزمه‌تگوزاریه‌كی سێكسی كڕیبێ و وه‌ك عامیی وتنه‌ی ’’شاباشی خۆی داوه و قنج هه‌ڵئه‌په‌ڕێ‘‘! بۆ ژنه‌كه‌ش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و خزمه‌ته‌دا كه پێشكه‌شی ئه‌كات نرخه‌كه‌ی، واته ماره‌یی، بۆ دانراوه. ئایا ئه‌م ساتوسه‌ودا و مامه‌ڵه‌یه چ جیاوازیه‌كی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه له كاتی له‌شفرۆشتن و لهشكڕیندا ئه‌كرێت؟! ماره‌یی دانانی نرخه، كه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نییه ئه‌و دوو كه‌سه چه‌نده به خۆشه‌ویست و ڕێز یه‌كیان هه‌ڵبژاردووه یان نا، بگره نرخێكه له خودا و ئاسمان و شه‌رعه‌وه دانراوه و مه‌لا و دادوه‌ره‌كانیش ئیمزاكه‌ی ئه‌كه‌ن و ڕۆڵی نێوهندیگهر (ده‌ڵاڵ) ئه‌بینن.
هاوسه‌رگیری له‌سه‌ر بنه‌مای ئیسلام و مه‌رجداركردنی به گرێبه‌ست و ماره‌ییه‌وه، مامه‌ڵه و ساتوسهودایهكه كه دووره له هه‌ست و ڕێزی مرۆڤه‌كانه‌وه. سه‌پاندنی ئه‌م مه‌رجانه كه بۆته یاسا و كه‌لتور و فه‌رهه‌نگ و نۆرمی باوی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه، واتای سه‌پاندنی مه‌رجه‌كانی كڕین و فرۆشتنی خزمه‌تگوزاری سێكسی، بۆچی ئه‌بێ قبوڵ بكرێ و وه‌ك شتێكی ئاسایی له قه‌ڵه‌م بدرێ؟
بەبڕوای من هه‌رجۆره مامه‌ڵه‌كردن و سه‌ودایه‌ك له هاوسه‌رگیریدا وه‌ك ماره‌یی (وه هه‌تا شیربایی و جیازی هه‌رچه‌نده كه‌میش بووبێته‌وه) پێویسته هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و قه‌ده‌غه‌بكرێت. ئه‌وه‌ی دوو كه‌س خۆیان پێكه‌وه ئازادانه بڕیاری ژیانی هاوبه‌ش بده‌ن ته‌نها تۆماركردنی له سجلی فه‌ڕمی ده‌وڵه‌تیدا وه‌ك هاوسه‌ر و هاوژینی كافیه و نابێ هیچ جۆره فشارێكی ئه‌خلاقی و ئاینی و شه‌ریعه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر هیچ لایه‌كیان هه‌بێت.
ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی به یاسا مافی فره‌ژنی به پیاو ئه‌دات و مافی جیابوونه‌وه‌ش له كه‌سێك ئه‌سه‌نێته‌وه كه ژنی دووه‌می به‌سه‌ردا دێت و ده‌سه‌ڵاتی كوردستانیش بێورتهیه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا و ئیسلامیه‌كانیش كه‌وتوونه‌ته شلكردنه‌وه‌ی به‌نه‌خوێنی پیاوان، دهستدرێژیهكی ئاشكرایه بۆ سه‌ر شكۆی ژنان و كۆمه‌ڵگه‌ش به‌گشتی و به هیچ جۆرێك نابێ قبوڵ بكرێ. نه‌ك هه‌ر ته‌نها فره‌ژنی، بگره خودی هاوسه‌رگیری ئیسلامیش پێویسته هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و ژنان و كۆمه‌ڵگه له‌به‌رامبه‌ریاندا بپارێزرێن. ئه‌ركی هه‌ر كه‌سێك، سه‌ر به هه‌ر ڕه‌وت و بۆچوونێكی فیمینیستی بێت، هه‌ر ئازادیخواز و یهكسانیخوازێكه هێرشی به‌رامبه‌ر ده‌ست پێبكات و له دژی هاوسه‌رگیری ئیسلامی خه‌بات و تێكۆشان ده‌ست پێبكات. ئه‌وكات فره‌ژنی پێش هه‌ر شتێك ههڵئهپێچرێ و ناهێڵرێ.
ده‌سه‌ڵاتیش مافی نییه مینبه‌ر و داموده‌زگا بخاته به‌رده‌م و ده‌ستی ئیسلامیه‌كان و ئه‌و یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی و بانگخوازانه‌ی بەئاشكرا بانگه‌شه بۆ ئه‌م ده‌ستدرێژیه بۆ سه‌ر ژنان و كۆمه‌ڵگه ئه‌كه‌ن. به‌رپرسی ڕاسته‌وخۆ ده‌سه‌ڵاته كه ئه‌وان جورئه‌تی ئه‌م هێرشانه‌یان په‌یدا كردووه.