موحسین کەریم
هێرشە مووشەکی و چەکداریە بەردەوامەکانی تورکیاو ئێران بۆسەر کوردستانی عێراق لەلایەك و دانانی دەیان بنکەی سەربازی تورکیا و کردنەوەی دەیان بنکەی جاسوسی میتی تورکی و ئیتلاعاتی ئێرانی و باقی دەزگا جاسوسیەکانی دەوڵەتانی دیکە لەناو هەرێمی کوردستاندا، بارودۆخی سیاسی و ئەمنی کوردستانی عێراق و ژیان و گوزەران و ئایندەی سیاسی دانیشتوانەکەی لەبەردەم هەڕەشەیەکی بەردەوام و ئایندەیەکی نادیار و لێڵدا ڕاگرتوە. هاوکاریی و خزمەتکاریی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بۆ ئەو دەوڵەتانە ئەوەندەی دیکە هەلومەرجەکەی بۆ خەڵکی کوردستان سەختتر کردوە و توانا و ئامادەییەکانی ئەوانی بۆ هەرجۆرە بەرەنگاری و بەرگریەک بۆ دەستکۆتاکردنی ئەو دەوڵەتانە لە دەستێوەردان لەکاروباری سیاسی و ئەمنی کوردستاندا لاوازو بێکاریگەر کردوە!
ئەگەر ئەم دەست ئاوەڵاییەی ئەو دەوڵەتە بۆرژواییە کۆنەپەرستانە لە کاروباری کوردستانی عێراقدا بەردەوام مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست کردوەو تائێستا دەیان کەس بوونەتە قوربانی هێرشە مووشەکی و سەربازیەکانیان و دانیشتوانی ناوچە سنوریەکان بەردەوام لەبەردەم بۆرودمان و هێرشی سەربازیدا ژیاون، هاوکات بوونی دەیان دەزگای جاسوسی ئەو دەوڵەتانە، خەڵکی خستۆتە ناو مەترسی پێکدادانی بەرژەوەندیەکانی ئەو دەوڵەتانە، کە هەندێکیان لەسەر حسابی ژیان و چارەنوسی سیاسی و ئەمنیەتی خەڵکی کوردستان تەواوبوون. سەرەڕای ئەوانە، مەترسی تێكچوونی بارودۆخی سیاسی گشتی کوردستان لەئاکامی دەستێوەردانی ئەو دەوڵەتانە لە ململانێێ نێوان حزبە دەسەڵاتدارەکان و باقی هێزە میلیشیاییەکانی کرێگرتەی خۆیان، هەمیشە لەئارادا بوەو بەسەر سەری خەڵکی کوردستانەوە دێت و دەچێت!
بەردەوامبوونی ئەو دۆخە بەوجۆرەی ئیستا، سەرباری مەترسی و زیانە مادی و مرۆییە جۆرواجۆرەکانی، مەترسیەکی زۆر گەورەتر لەسەر ئایندە و بڕیاری سیاسی خەڵکی کوردستانی عێراق دادەنێت. ئامادەبوونی بەردەوامی هێزو سوپا و دەزگای جاسوسی ئەو دەوڵەتە بۆرژواییە کۆنەپەرستانە لە کوردستان، رێگریەکی گەورەو خەتەرناك دەبێت لەبەردەم خەبات و تێکۆشانی خەڵكدا بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە ژیان و گوزەران و ئایندەی سیاسی خۆیاندا. مەترسی جدین لەسەر هەرجۆرە بزوتنەوەیەکی شۆرشگێڕانەو کرێکاری و یەکسانیخوازی و ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان و پایەیەکی بەهێزی هێشتنەوە و پەرەدان بە دواکەوتوویی و کۆنەپەرستی سیاسی و زاڵکردنی فەرهەنگ و بیروباوەڕی کۆنەپەرستانە و بەها دژە مرۆییەکان و کۆمەكکردن بە بزوتنەوە سیاسیە کۆنەپەرستە دینی و قەومیەکان. بوونی ئەم هێزانە مانای پێشێلێکردنی هەرجۆرە ئیرادەیەکی سەربەخۆ و شۆرشگێڕانەی خەڵکی کوردستانە بۆئەوەی دەورو نەخشیان هەبێت لە بەڕێوەبردنی کارورباری ژیان و سیاسەت و دەسەڵاتدا. بێجگە لەوەی کە ئەو دەوڵەتانە بەپێی بەرژەوەندی خۆیان لەپاڵ حزبە دەسەڵاتدارەکانی خزمەتکاری خۆیاندا رادەوەستن دژ بە هەوڵەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتكێشی کوردستان بۆ باشکردنی هەلومەرجی ژیان و گوزەران و دەستراگەیشتن بە ماف و ئازادیەکانیان.
بەمجۆرە، بەشێك لە ئەرکی خەباتکارانەی هەر هێزێکی سیاسی کۆمۆنیستی و کرێکاری و هەر بزوتنەوەیەکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست و هەروەها ئەرکی سەرشانی خەڵکی کوردستانە کە بەرامبەر مەترسیەکانی بوونی سیاسی و سەربازی و ئەمنی ئەو دەوڵەتانە لە هەرێمی کوردستان هەستیاربن و بەرپرسانە مامەڵە بکەن. هەرجۆرە خەمساردی و بێدەربەستیەك بەرامبەر بەو مەسەلەیە باجەکەی لەدوارۆژدا گرانتر و چارەسەرکردنەکەشی ئاڵۆزتر دەبێت. دەبێت خەڵکی کوردستان خۆیان دەسەڵاتی تەواویان هەبێت بەسەر بڕیاردان لەسەر شێوازی ژیان و گوزەران و ئایندەی سیاسی و شێوازی دەسەڵاتی سیاسی کوردستاندا. دەبێ دەستی هەموو دەوڵەتەکان و دەزگا جاسوسیەکانیان لە هەرێمی کوردستان کۆتابکرێت. دەبێ داخستنی بنکەی جاسوسی دەولەتەکان، چوونەدەرەوەی پایەگای سەربازی و چەکدارییان، دەستێوەردانیان لەکاروباری سیاسی و ئەمنی کوردستانی عێراقدا، ببێتە بەشێک لە خواستەکانی خەڵکی کوردستان لەپاڵ خواستەکانی دیکەیان بۆ باشبوونی ژیان و گوزەران و ماف و ئازادیەکانیان. بەڵام گومان لەوەدا نیە کە هەرجۆرە خەباتێك بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی ئەو دەوڵەتانە لە هەرێمی کوردستان، بەندە بە توندکردنەوەی خەباتی خەڵك دژ بە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و تەریکردنەوەی ئەو هێزو لایەنە کۆنەپەرستانەی دیکە کە ڕاستەوخۆ گرێدراون بە بەرژەوەندی و ئەجێندای سیاسی و ئەمنی ئەو دەولەتانەوە. بۆیە خەباتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ژنان و لاوانی کوردستان دژ بە دەسەڵاتی خۆماڵی بۆرژوازی بۆ گۆڕانکاری و بەدەستەوەگرتنی ئیرادەی سیاسی لەگەڵ خەبات بۆ کردنەدەرەوەی نفوزی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی بۆرژوایی ناوچەیی و جیهانی پێکەوە گرێدراون و لێکدانەبڕاون.