کۆبوونەوەی دوکان!

موحسین کەریم

دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی لە شەراکەتی دەسەڵاتی لەگەڵ پارتیدا بەهۆی فشارەکانی پارتیەوە بۆ پەڕوباڵکردنی یەکێتی و تەسلیمکردنی بەتەواوەتی بە باڵادەستی پارتی بەسەر دەسەلاتی سیاسی کوردستاندا، نائومێد مایەوەو قوبادی برای وەکو جێگری مەسرور بارزانی ئامادەی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران نەبوو، هەروەها دوای ئەوەی دادگای پارتی بڕیاری دەستگیرکردنی بافڵ و قوبادی دەرکرد، بە تاوانبارکردنیان بەتێوەگلان لە تیرۆری ئەندامێکی باڵای دەزگای زانیاری کە چووبوە لای پارتی، و دوای ئەوەی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی سلێمانی بەتەواوی تووشی شپرزەیی و لێکترازان چووە، بەکردەوە و بەدانپێنانی خودی قوباد و بافڵ تاڵەبانی، هەرێم بەواقعی بووە بە دوو ئیدارەو یەکێتی بەدەست ئیدارەدانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، بەو هەموو کێشەو گرفتانەوە گیرۆدە بووە، رێگایەکی بۆنەماوەتە لەبەرامبەر پارتیدا، یان دەبێ تەسلیمی بێت، یان دەبێ بەرەنگاری بێتەوەو رێگای خۆی لەگەڵ پارتی لە دەسەڵاتی هەرێمدا جیابکاتەوە، بەرەسمی دوو ئیدارەیی ڕابگەیەنن و بەشێوەی رەسمی و یاسایی شتێك لە حکومەتی هەرێم، کە لەڕاستیدا تەنها کاریکاتۆرێكی حکومەتی هاوبەشی هەرێم بوو،  نەمێنێ. ڕاستەوخۆ ناوچەکانی ژێر نفوز و دەسەڵاتی یەکێتی بە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیەوە گرێ بدرێتەوە.

ئەم سیاسەتە لە ئێستادا، کە پرۆژەی ئابوری سەربەخۆ و سەربەخۆیی سیاسی دەسەڵاتدارێتی ناسیۆنالیزمی کورد بەهۆی روداوەکانی دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەرو گۆڕانکاریە سیاسیەکانی جیهان و ناوچەکەوە کە کاریگەرییان لەسەر ئاراستەی ئایندە سیاسی عێراق داناوە، تووشی شکست و بنبەست بووەو کۆتایی هاتوە، بەناچاری ئایندەی سیاسی و دەسەڵاتی کوردستانی بەستۆتەوە بە دەسەڵاتی سیاسی لە ناوەند و هەموو بنەماکانی دەسەڵاتی هاوبەشی ئەو دوو حزبەی لەئیستادا لەنێوبردوە. پارتی کە خۆی وەکو هێزێکی خاوەن پێگەی سیاسی و ئابوری دەزانێ، خۆی وەکو نوێنەری بزوتنەوەی کوردایەتی و بۆرژوازی کورد لەپەیوەند بەهەر ئەگەرێکی سیاسی لە ئایندەی کوردستان و عێراقدا دەناسێنێ. یەکێتی نیشتمانی لە پێگەیەکی لاوازو خوارتر لە پارتی بەهرەمەندەو هەرلەئێستاوە بەشوێن ئەوەدا دەگەڕێ کە پێگەی سیاسی خۆی لە ئایندەی سیاسی عێراقدا زامن بکات. مەیلی گەڕانەوەو رێکەوتن لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە پرسە سیاسی و ئابوریەکان و مەسەلەی چاکسازی لەژیان و گوزەرانی خەڵكدا کە سەرانی یەکێتی بانگەشەی بۆدەکەن، لەلایەن یەکێتیەوە وەکو رێگاچارەیەكی پێشوەختە بۆ ئەو لاسەنگەیەی لەبەرامبەر پارتیدا تەماشادەکرێت.

بەڵام کۆکردنەوەی سەرانی حزبەکانی کوردایەتی بە ئیسلامی و ناسیۆنالیستیەوە لەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە، بەبێ بەشداربوونی پارتی، بۆئەوەیە کە ڕایەکی گشتی سیاسی بەرامبەر پارتی دروست بکات، بەتایبەتی کە بەشێکی بەرچاو لەو حزبانە گلەیی و گازەندەیان بەرامبەر بە پارتی و هەوڵەکانی تاكڕەوی پارتی هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان! تا بتوانێ لەئەگەری ملنەدانی پارتی بەو پێشنیارە، ئەوا لەسەر رێگای گەڕانەوە بۆ بەغدا هاوخەت و ئاڕاستەیان بکات لەدەوری سیاسەتی یەکێتی! بەڵام ئەوەی کە ئەو حزبانە چەندە بەو پێشنیارە سیاسیەی یەکێتی ڕازی دەبن، ئەگەرێکی دوورە. بەتایبەتی کە لەپرسی دروستکردنی “ئەنجومەنی باڵای سیاسی” هاوشێوەی بەرەی کوردستانیدا کە لەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە پێشنیار کراوە، لایەنەکانی دیکە داوایان کردوە کە پارتیشی تێدابێت! چونکە ئەو ئەنجومەنە کە کارەکەی بریتی دەبێت لە بڕیاردان لەسەر پرس و مەسەلە سیاسیەکانی کوردستان، لەجیاتی حزبەکان، کۆتایی بەو پێگەیە دەهێنێ کە ئێستا پارتی هەیەتی وەکو مەرجەعی سەرەکی بڕیاردانی سیاسی لەسەر ئاستی دەسەلات و ئایندەی سیاسی کوردستانی عێراق. ئەو حزبانە نایانەوێ بە تەریكخستنەوەی پارتی بەتەواوی بکەونە بەرەی دژ بە پارتیەوە. هەم ئەم سیاسەتەش سەرەنجام بەوە دەگات کە دوو ئیدارەیی لەڕووی سیاسی و یاساییەوە ڕەسمیەتی پێبدرێ و ئاراستەی گەڕانەوەی زۆنی سەوز بۆ لای حکومەتی ناوەندی وەکو دواچارەسەر بخرێتەڕوو! ئەو حزبانەش نایانەوێ مۆری تەئید بدەن لە سیاسەتێك کە رەنگە پارتی بە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم تاوانباریان بکات! ئەوە بێجگە لەوەی نازانن تاچ ڕادەیەك بەرژەوەندیەکانی خۆیان لەو گەمە سیاسیەدا مسۆگەر دەبێت.

ئەوەی ئایا یەکێتی نیشتمانی خۆی سەربەخۆ دەچێتە ناو ئەو قومارە سیاسیەوە، ئەوەش گرێیەکی دیکەی بەردەم جێبەجێبوونی ئەم سیاسەتەی یەکێتیە، بەتایبەتی کە ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی عێراقیش بەهۆی روداوە سیاسیەکانی ئێران، کە دەوری راستەوخۆی هەیە لە دۆخی سیاسی عێرقدا، لەئاکامی بەرپابوونی شۆرش لە ئێراندا ئایندەی رژێمی ئەو وڵاتەی لەبەردەم نادیاریدا راگرتوە!

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …