خەسرەو سایە
پەرەگرتن وتوندبوونەوەی خۆپیشاندان وناڕەزایەتیەکانی شارەکانی ئێران بەگشتی وشارەکانی کوردستان بەتایبەتی، لەسێ ڕۆژەی ساڵیادی سەرکوتە خوێناویەکەی ڕاپەڕینی “ئابانماهی ٢٠١٩”دا، ڕەوتی پێشڕەوی خرۆشانە جەماوەریەکەی بردە قۆناغێکی تازەوە و لەئاکامدا هێزە سەرکوتگەریەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانی ناچارکردوە کەبەرەو قۆناغێکی تازە لەسیاسەتی سەرکوتگەری بەرێ. بەتایبەتی دوای ئەوەی کە ناڕەزایەتیەکانی شارەکانی کوردستان بوە سەنتەری ڕووبەڕووبونەوەی ڕاستەوخۆی خرۆشانە جەماوەریەکان لەسەراسەری ئێراندا، بەرامبەر بەهێزەکانی ڕژێم. سوتاندنی چەند بنکەو بارەگاو پاشەکشەپێکردن و پەکخستنی توانای سەرکوتگەری هێزەکانی ڕژێم، تاشەڕی کۆڵان و شەقامەکان، لەشارەکانی وەک مهاباد وجوانڕۆ وهەندێ شوێنیتر. هەڵکشانی ژمارەی قوربانیەکان لەم سێ ڕۆژەو ڕۆژانی دواتردا بۆ زیاتر لەسەد کەس و هاوکات دەستبردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کۆکردنەوەو بزواندنی سوپا و هێزەکانی بۆسەر شارەکانی کوردستان و داسەپاندنی فەزای میلیتاریزم بەسەریاندا، لەکەنار ئەمانەشەوە بۆردومانکردنی لایەنە نەیارەکانی نیشتەجی لەهەرێمی کوردستانی عێراق وکۆکردنەوەی هێز لەسەر سنورەکان و هەڕەشەی هێزبزواندن بەرەو خاکی هەرێم.. ئەمانە نیشانە سەرەکیەکانی ئەم قۆناغە تازەیەیە لەسەرکوتگەریەکانی ڕژێم.
بەڵام بۆ ڕۆشنکردنەوەی زیاتری ئەم قۆناغە تازەیە و ئاشکراکردنی ئامانجەکانی ڕژێم لێی، پێویست دەکەت ئاوڕێکی خێرا لە شێوازو تاکتیکەکانی ڕژێم بدەینەوە کەلەسەرەتای هەڵگیرسانی ناڕەزایەتیەکانەوە پەیڕەوی لێکردووە:
لەمانگی یەکەم و چەند هەفتەی مانگی دووەمی خۆپیشاندانەکاندا، ڕژێمی ئیسلامی بەدەستبردن بۆ تاکتیکەکانی ناردنی تێکەڵەیەک لەهێزەکانی “پەسیج” و پۆلیسی ئیرشادو هێزە ئەمنیەکان بەبەرگی مەدەنیەوە، لێدان بەگازی فرمێسکڕژێن و هەندێکجار کوشتنی کەسانێک لەخۆپیشاندەران و پاشان هەوڵدان بۆ دەستنیشانکردنی هەڵسوڕاوان و دەستگیرکردنیان، هەروەها هەوڵەکانی ڕژێم بۆ سازدانی خۆپیشاندانی پێچەوانە لەلایەن لایەنگرانیەوە و دەستبردن بۆ زیادکردنی لە٢٠٪ی موچە، بەمەبەستی دابڕاندنی بەشێک لەجەماوەرو خاوکردنەوەی خۆپیشاندانەکان.. ئەمانە بەگشتی ئەو شێوازانەبووە کەڕژێم بۆ سەرکوتی خرۆشانە جەماوەریەکان لەسەرەتاوە گرتویتەبەر، کەزیاتر ڕووی لەسیاسەتی بەرگریکردن لەخۆی بوە وهەوڵی نەداوە، سوپا وەک ئامرازێکی سەرەکی بجوڵێنێ و بیخاتە جەنگی خەڵکەوە. چونکە ڕژێم دەیزانی بەمکارە دەکەوێتە جەنگی ئاخرەوەو ئەگەر نەتوانێ خۆپیشاندانەکان بەیەکجاری سەرکوتکات، ئەوا تەمەنی ڕوخانی نزیکتر دەکاتەوە.
بەڵام کاتێک کەدەڵێین ناڕەزایەتیەکان لەساڵیادی خرۆشانی “ئابانماهی ٢٠١٩دا، تەوژمێکی تازەی بەو بزوتنەوە جەماوەریە شۆڕشگێرانەیە بەخشیوە کە لەمەیداندایە، بەمانای ئەوەدێت کە گۆڕانکاریەکی گەورەی لەهاوکێشەی هێزی سەرکوتگەری ڕژێم و جەماوەردا پێکهێناوە و کۆماری ئیسلامی ئێرانی خستۆتە جێگەیەکی تازەوەو ناچاری کرد بەکۆکردنەوەی هێزی سوپاو ڕاکێشانی بۆسەر شارەکانی کوردستان و میلیتاریزەکردنی، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ڕژێم ئیتر بەشێوازەکانی پێشوو، هەروەها بەوەی کە هەر بەسیاسەتی بەرگریکردن لەخۆ و ئەو ئامرازانەی لەدەستیدابوو ڕوبەڕووی جەماوەری ناڕازی ببێتەوە. بۆیە ناچاربووە بەگرتنەبەری سیاسەتێکی تازە. سیاسەتێک کە بزواندنی هێز وسوپا، میلیتاریزمەکردنی شارەکان و ڕاگەیاندنی ڕژێمێکی سەربازی.. لەئێستادا بۆتە لایەنە سەرەکیەکانی ئەم قۆناغە تازەیە، لە سەرکوتگەریەکانی ڕژێم.
بێگومان دەوڵەت لەسەردەمانی شۆڕشگێریدا، تایبەتمەندی خۆی هەیە. تواناییەکانی ڕژێم بۆ سەرکوتکردن و شێوەکانی هاتنەمەیدانی جەماوەر و ناسینەوەی کەناڵەکانی پێشڕەوی جەماوەر بۆ پەکخستنی هێزەکانی ڕژێم لەیەک جەنگی چینایەتیدا، سەرەکیترین یاسایە کە سەرکەوتن و شکستی هەر بزوتنەوەیەکی جەماوەری دیاریدەکات. هاوکات لەدەورانی شۆڕشگێرانەدا کە دۆخەکە بەوەگەیشتبێت، خواستی ڕوخانی ڕژێم بەکردەوە دەرهاتوەو بۆتە سەنتەری درێژەکێشانی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، ئەوا ڕژێم ئیتر ناتوانێ بەشێوازو ئامرازەکانی پێشووترەوە ڕووبەڕووی جەماوەری ڕاپەریوو ببێتەوە و لەئاکامدا دەزگای سەرکوت وەک تاکە ئامڕاز وتوانا لەدەستی ڕژێمدا دەمێنیتەوە و هەوڵدەدات جەماوەری خرۆشاو کەهێشتا توانا و ئامادەیی کافیان بۆ دەستبردن بۆ چەک و شەڕی ئاخر بەئاراستەی ڕوخانی ڕژێمدا بەدەست نەهێناوە، ڕایانکێشێتە جەنگێکی پێشوەختەوە و حسابی خۆی بەسەرکوتی خۆێناوی لەگەڵ جەماوەری ڕاپەڕیودا یەکلایی بکاتەوە. لەم ڕوانگەیەوە سیاسەتی ئێستای جمهوری ئیسلامی پشتی بەستووە بەبزواندن و کۆکردنەوەی هێزی سوپا و میلیتاریزمەکردنی شارەکانی کوردستان، تا ڕەوتی سەرکوتگەریەکانی بەرەو ئەو خاڵە بەرێت کە خۆپیشاندان و مانگرتنە جەماوەریەکان، بەرەو “شەڕیکی چەکداری پێشوەختەو نا ئامادەی جەماوەر” بەرێت و پاساوی لەخوێن هەڵکێشان و شکستپیدانی بکەوێتە دەست. دروست بەهەمانشێوە کە ڕژێمی بەشار ئەسەد، لەکاتێکدا کەجوڵانەوەی جەماوەری توانای کافی بۆ پەلاماردانی چەکداری بەدەستنەهێنابوو، لەگەڵ دەرکەوتنی هێزە چەکدارەکانی “سوپای سوریای ئازاد” دا، پاساوی جەنگێکی خوێناوی کەوتە دەست و لەئاکامدا، خرۆشانی جەماوەری لەخوین و کاوڵکاریدا، خنکاند و وێنای “شۆڕشی سوریا”ی لەڕوی هێزەوە، بەرەو جەنگێکی ناوخۆی نێوان ڕژێم و دەستەو تاقمە چەکدارە ئیسلامی و قەومیەکان گۆڕی و بەیەکجاری هاوکێشەیەکی تر بەزیانی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان شوێنی گرت.
بەمجۆرە ئەگەر لەڕوانگەی هێزو تواناکانی جەماوەرو ڕژێم لەئێستادا، بڕوانین ئەوا ڕژێم حسابی لەسەر ئەوە کردووە کە لەڕێگای هێزبزواندن و میلیتاریزمەکردنی شارەکانی کوردستانەوە، بزوتنەوەکە ڕاکێشێت بۆ دەستبردنی پێشوەختە بۆ چەک، وەیا هێزە ناسوینالسیتەکانی کورد کە لەهەرێمدا نیشتەجێن، بەناردنی هێزی چەکداریان بۆشارەکانی کوردستان، بەهانەیەک بەدەست بهێنێ بۆ پەلاماری ڕاستەوخۆی خەڵک و لەخوێن هەڵکێشانی.. ئەمەش لەئێستادا مەترسیدارترین مەسەلەیە کەبۆتە هەڕەشە بەسەر ئەو بزوتنەوە شۆڕشگێریە جەماوەریەوە کەلە مەیداندایە. بەتایبەتی کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەک ئەو ڕاستیە باش دەزانێت کە خرۆشانی خەڵکی شارەکانی ئێران، بزوتنەوەیەکی شارییە و هێزی خۆی لەخۆپیشاندانی ژنان و لاوان و مامۆستاو خوێندکارانی زانکۆ و جەماوەری زەحمەتکێش و مانگرتنی کرێکاران وەرگرتوە و تائێستا ئەوتوانایەی چەسپاندووە، کە بەرگری لەخۆی بکاو لەمەیدانی شارەکاندا بمێنێتەوە. وە هەر بەم پێیەش ئەو ڕاستیەی جێگیرکردوە، کە بەئاسانی و لەکورتماوەدا، دانامرکێتەوە. لەلایەکی ترەوە هەڵبژاردنی شارەکانی کوردستان بۆ پەلامارێکی سەراسەری ناڕەزایەتیەکان، بەو هۆیەوەیە کە هێزگەلێکی ناسیونالیستی چەکدار لەئارادایەو زەمینەو پاساوێکی ئەوەی لەدەستدایە کە لەگەڵ هەر سیاسەتێکی چەوت و نابەرپرسیارانەی ئەم هێزانەدا دۆخێکی وا پێکبێت، کەڕووبەڕوبوونەوەی چەکداری پێشوەختە بەسەر بزوتنەوەکەدا داسەپێنێ ولێرەشەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لەئاستی سەراسەری ئێراندا، لەڕێگای ڕاستەوخۆی سوپاو هێزە سەرکوتگەریەکانەوە، لەخوێن هەڵکێشێ وسەرکوتی بکات.
لەچوارچێوەی ئەم دۆخە تازەیەدا پرسیارێکی سەرەکی کەڕووبەروی ڕابەران و هەڵسوڕاوان ئەحزابی دەخاڵەتگەر لەم خرۆشانە جەماوەریەدا دەکاتەوە، ئەوەیەکە بەچ شیوازێک دەتوانرێ درێژەکێشانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەکان زامن بکرێ و سیاسەتی ئەم قۆناغەی ڕژێمی ئیسلامی ناکام بکرێتەوە، بەبێ ئەوەی پێشوەختە دەست بۆچەک ببرێت؟ بەواتایەکی تر تا کەی و بەچ ئاستێک ناڕەزایەتیەکانی ئێستا بەبێ چەک دڕێژەی دەبێ؟. فاکتۆری سەرەکی بۆ پەلاماری ئاخری ڕژێم کامەیە؟
بێگومان ئامانج لەهەر جەنگێکدا سەرکەوتنە. پێشڕەوی و سەرکەوتنی هەر بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێرانەی جەماوەریش پێویستی بەپاشەکشە پێکردن بەهێزی بەرامبەرە. تاکتیکەکانی ڕابەرانی هەر بزوتنەوەیەکی جەماوەری بۆ پاشەکشە پێکردن و ناکامکردنەوەی توانای هێزی سەرکوتگەری ڕژێم، هەرچیەک بێت، نابێ لەوە کەمکاتەوە کە ئەوە هاتنەمەیدانی فراوانی بەشەکانی خەڵکی ناڕازی و لێکهەڵپێکانی شێوەکانی ناڕەزایەتیە، کە توانا لەڕژێمەکان دەسێنێ، نەک بەتەنها دەستبردن بۆچەک. واتە چەکی سەرەکی جەماوەری خرۆشاو، هاتنە مەیدانیانە بەفراوانی لە شێۆەکانی کۆبوونەوەی جەماوەری لەناوەندی شارەکان و گەرەک وکارگەو زانکۆ و بەرێوەبەرایەتیەکان، مانگرتنی سەراسەری و ناوچەیی، دەست لەکارکێشانەوەو ڕاگرتنی کار و مانگرتنە کرێکاریەکان.. ئەمانە بنەمای سەرەکی ماندوکردن و پەکخستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و هێزو توانا سەرکوتگەریەکانی ڕژێمە. دەستبردن بۆچەک ئیستسنایەو تەنها کاتێک مەترەحە کە جوڵانەوەی جەماوەری لە هێزهاوسەنگیەکی گونجاودا بەرامبەر بەڕژێم قەراری گرتبێ و ئەو توانایانەی بەدەستهێنابێت کە دوا گورزی خۆی بۆ ڕوخاندن و هەڵپێچانی ڕژێم بەدەست هێنابێت. لەم نێوەدا دابینکردنی ڕێکخراوبوون و ڕابەری جەسورو خاوەن ئاسۆی ڕۆشن کە هێزهاوسەنگی دەرک کردوەو بەشێوەیەکی واقعی پەی بەتواناکانی جوڵانەوە و دوژمن بردوە، فاکتۆرێکی گرنگە بۆ گەیشتن بەئامانجی سەرکەوتنی کۆتایی. بەپێچەوانەی ئەمەوە، یاریکردن بەشۆڕش و ڕاپەڕین و مامەڵەی نابەرپرسانەی لایەنە دەرگیرەکان، جگە لە شکست و بەلاڕێدابردن و سەرەنجام بەهانەدان بەدوژمن شتێکی تری بەدواوەنابێت.
لێنین لەوتاری دەرسەکانی ڕاپەڕینی مۆسکۆدا، لێکترازان و هەڵوەشانەوەی ڕیزەکانی سوپاو هێزە سەرکوتگەریەکانی ڕژێم، لەژێر کاریگەریەکانی فراوانبوونەوەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکاندا، بەفاکتۆرێکی جەوهەری دادەنێت، تا خرۆشانی جەماوەری بتوانێ دەستببات بۆ شەری ئاخرو وەشاندنی گورزی کۆتایی لەدوژمن… کەوایە لەهاوکێشەی هێزی ئێستای نێوان خەڵکی خرۆشاو وهێزە سەرکوتگەریەکانی ڕژێمی ئیسلامیدا، لەکاتێکدا کە هێشتا نەجەماوەر ئامادەیە بۆ شەڕی ئاخرو نەهێزەکانیش لەگەڵ حاڵەتی لێکترازان و پەرتبوندان، وەڵامی دروست بۆ پێشڕەوی و زاڵبوون بەسەر سیاسەتی میلیتاریزمەکردنی شارەکانی کوردستان و هێزبزواندنی ڕژێمدا، شتێکی تر نیە جگە لەوەی کە جوڵانەوەی جەماوەری فراوان و فراوانتر بکرێتەوەو ناوەندی شارە گەورەکان بکرێتە مەیدانی خۆپیشاندان و هاتنەمەیدانی یەکگرتوانە و ڕیکخراوی خەڵکی ناڕازی. مانگرتنی سەراسەری کرێکارانی ناوەندە پیشەسازیەکان و کارمەندانی ناوەندە خزمەتگوزاریەکانی وەک گەیاندن، ئاو و کارەبا و ئیداراتی دەوڵەتی.. وەک پشتیوانیەک بۆ شارەکانی کوردستان، ئەتوانێ دەستی ڕژێم لەبزواندنی هێزەکانی ببەستێت، هاوکات جوڵانەوەکەش لەخەتەری “دەستبردنی پێشوەختانە بۆچەک” دوربخاتەوە.
بێگومان ناکامکردنەوەی ڕۆڵی ئەحزابی ناسیونالسیتی کورد لەداسەپاندنی “دەستبردنی پێشوەختە بۆچەک”، لەئێستدا کە بزوتنەوەکە ئامادەنیە، لەگەڵ ئەوەدا شارەکانی کوردستان بۆ جەنگێکی ناوخۆ ڕاپێچدەکات و هاوکێشەیەکی نابەرابەر بەقازانجی هێزە سەرکوتگەریەکانی ڕژێم دادەسەپێنێ، ئەرکێکە کەدەبێ هەلسوڕاوان و ڕابەرانی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بەوریایەوە مامەڵەی لەگەڵدابکەن.
٢٠/١١/٢٠٢٢